چاوپۆشینێك لە ئێستا و تراجیدیایەك بۆ سبەی /١
نووسینی: هەژێن
سەرنجداندنێکی ڕەخنەیی له پەرتووکۆکەی “نیگایەك لە ئێستا و خەونێك بۆ سبەی”ی مه‌ریوان وریا، ئاراس فه‌تاح، به‌ختیار عه‌لی، ڕێبین هه‌ردی
بەشی یەکەم
بەرایی
خوێنه‌رانی هێژا، ئه‌وه‌ی لێره‌دا ده‌یخوێننه‌وه، سه‌رنجدانێکی ڕه‌خنه‌ییه له په‌رتووکۆکه‌ی گیرفانی “نیگایه‌ك له ئێستا خه‌ونێك بۆ سبه‌ی” نووسینی ( مه‌ریوان وریا، ئاراس فه‌تاح، به‌ختیار عه‌لی، ڕێبین هه‌ردی)، پاشکۆی ڕۆژنامه‌ی ئاوێنه، چاپخانه‌ی ئاوێنه، چاپی یه‌که‌م– ٢٠٠٩.
له‌وانه‌یه ئه‌م پرسیاره بۆ خوێنه‌ری هێژا بێته پێشه‌وه: ئه‌م سه‌رنجدانه پاش ماوه‌یه‌کی زۆر، بۆ له ئێستادا و ئامانج له‌م کاره چییه؟
ڕاستییه‌که‌ی، پارساڵ هاوه‌ڵێکم زه‌نگی دا و هه‌واڵی بڵاوبوونه‌وه‌ی ئه‌م په‌رتووکۆکه گیرفانییهی پێڕاگه‌یاندم و وتی من پهرتووکۆکهکهم بۆ هاتووه و له‌م ڕۆژانه‌دا له خوێندنه‌وه‌ی ده‌بمه‌وه، به ڕای من خراپ نییه بیخوێنیته‌وه! منیش له‌به‌ر ئه‌وه‌ی که له سه‌روبه‌ری هه‌ڵبژاردنه‌کاندا بوو و له‌لایه‌ن چوار نووسه‌ره‌وه نووسرابوو، ده‌ستم به خوێندنه‌وه‌ی کرد و پاش خوێندنه‌وه‌ی، گه‌یشتمه ئه‌و بڕوایه‌ی لەبەرئەوەی هەم جیهانبینی و هەم تەواوی پێکهاتەی هزری نووسەران دەخاتە ڕوو، بە پێویستم زانی شتێکی له‌سه‌ر بنووسم. بۆ ئه‌م مه‌به‌سته که‌وتمه هه‌وڵی په‌یداکردنی پهرتووکۆکهکه به شێوه‌ی فایلی ئینته‌رنێتی، ئه‌وه‌ش له‌به‌ر دوو هۆ: یه‌که‌م، گواستنه‌وه‌ی به‌شه ڕه‌خنه لێگیراوه‌کان وه‌ك خۆیان، دووه‌م، دیاریکردنی هه‌ژماری دووباره‌وه‌بووی هه‌ڵه زمانه‌وانییه‌کان. بۆ ئه‌و مه‌به‌سته داوام له کۆمه‌ڵێك هاوه‌ڵ کرد، به‌ڵکو له شێوه‌ی فایلی ئینته‌رنێتی (Word, HTML, PDF) بۆم په‌یدا بکه‌ن، به‌ڵام به‌داخه‌وه، ئه‌نجامێکی چاوه‌ڕوانکراوم به‌ده‌ست نه‌هێنا و پاش چاوه‌ڕوانییه‌کی زۆر، دواجار له ئۆگوستی ئه‌م ساڵ ٢٠١٠ پاش نا‌ئومێد بوونم لە دەستکەوتنی نووسینەکە بەو شێوەیە، بڕیاری ده‌ستبه‌کاربوونم دا و ئه‌م بابه‌ته دوورودرێژه‌ی لێکه‌وته‌وه. ڕاستییەکەی ناچار بوونم بە نووسینەوەی ڕسته و پهرهگرافگهلێك، که له‌ڕووی زمانه‌وانه‌وه، هه‌ڵه‌یان تێدا ببینم، زۆر ئازارم دەدات و لە لای من لە بێگاری گەلێك سەختترە، هەر ئەوەش بووە هۆی دواکەوتنی ئەم بابەتەی بەردەست.
وه‌ها ناچاربوونێك بۆ خۆی به‌رهه‌می قۆرخکردن و ده‌ستکۆتاکردنی خوێنه‌ر و ڕه‌خنه‌گره، که نووسه‌ران به‌گشتی له‌به‌ر دوو هۆ په‌نای بۆ ده‌به‌ن: یه‌که‌م، قۆرخکردن به مه‌به‌ستی دارایی واته فرۆشتنی فره‌تری به‌رهه‌مه‌که، دووه‌م، به‌مه‌به‌ستی ڕێگری له ڕه‌خنه و سه‌رنج، که ئه‌وڕۆکه دونیای ئینته‌رنێت یه‌کێکه له مه‌یدانه به‌رچاوه‌کانی ئه‌و بواره و که‌سانێك که له ڕه‌خنه ده‌ترسن، هه‌وڵی به‌رگرتن له بڵاوبوونه‌وه‌ی به‌رهه‌مه‌کانیان له ئینتێرنێتدا ده‌ده‌ن، به‌ڵام به پێچه‌وانه‌وه به خۆیان و که‌سانی ده‌وروبه‌ریان بۆ پیاهه‌ڵدانی به‌رهه‌مه‌کانیان له ئینته‌رنێتدا هانده‌ده‌ن و ئه‌مه‌ش بووه‌ته یه‌کێ له نه‌خۆشییه دیاره‌کانی سایت و بلاگه کوردییه‌کان؛ پیاهه‌ڵدان و شوێنکه‌وتنی قه‌ره‌باڵخی، که زۆرێك به‌بێ خوێنده‌وه‌ی بابه‌تی نووسه‌رێك، ته‌نیا له‌به‌ر قه‌به‌یی ناوه‌که‌ی له ماسمیدیای کوردی‌دا، ده‌روێشئاسا ده‌که‌ونه جوینه‌وه‌ی وشه ههزاربارهوهبووەکانی و نووسەرەکە و شاگردەکانی.
له وه‌ها بارێک‌دا ناچار بووم و ده‌ستم به نووسینه‌وه‌ی سه‌رنج و ڕه‌خنه‌کانم له دوو به‌شدا: (به‌شی ناوهڕؤك، به‌شی زمانه‌وانی وەك پاشکۆ). هه‌رچه‌نده سه‌رنج و ڕه‌خنه‌کانی من دوورودرێژن، به‌ڵام به مه‌بەستی شکاندن و ناچارکردنی قۆرخگهران، هه‌وڵ ده‌ده‌م له ئینته‌رنێتدا به‌ش به‌ش بیانخه‌مه به‌رچاوی خوێنه‌ران و هیوادارم خوێنه‌رانی هێژا به‌سه‌ر هه‌ڵه و لاوازییه‌کانی مندا تێنه‌په‌ڕن و زوو ئاگادارم بکه‌نه‌وه. هەروەها لێره‌وه ده‌خوازم به خوێنه‌رانی هێژا بڵێم، ئامانجی من له‌م کاره وروژاندنی قسه‌وباسه له‌سه‌ر بابه‌تگه‌لێك که به‌داخه‌وه له‌ژێر کارایی هه‌ڵای ماسمیدیا و پاشماوه‌ی خۆشباوه‌ڕی به هێزگه‌لێك [چ ئه‌وانه‌ی که دوێنێ به‌رهه‌ڵستکار بوون و ئه‌وڕۆ قۆرخگهری ده‌سه‌ڵاتن، چ ئه‌وانه‌ی ئه‌وڕۆ به فریودانی خه‌ڵکی ناڕازی ده‌یانه‌وێت بگه‌نه پارله‌مان و پله‌وپایه‌کانی دهسەڵاتداری و به‌ده‌ستهێنانی به‌شێك له تاڵانی و گه‌نده‌ڵی] له پانتایی ڕۆشنبیری کوردی‌دا نه‌بوونه‌ته جێی مشت‌ومڕ و له‌به‌ر ڕۆشنایی خواست و به‌رژه‌وه‌ندی چین و توێژه کۆمه‌ڵایه‌تییه‌کاندا هه‌مه‌لایه‌نه لێیاننهکۆڵدراوهتهوه و شینه‌کراونه‌ته‌وه.
له کۆتاییدا پێویسته ئه‌و تێبینییه به خوێنه‌رانی هێژا بده‌م، هه‌ڵه‌ی ناو ئه‌و تێکستانه‌ی هێڵیان به‌ژێردا هاتووه، وه‌ك ده‌ستپاکی به‌رامبه‌ر ده‌قی لێوه‌رگیراو و وه‌ك نیشاندانی کڵۆڵی نوسه‌ران له کوردینووسیندا، هه‌وڵمداوه و خۆم ناچار کردووه، که ئه‌و به‌شانه‌ی وه‌رمگرتوون، وه‌ك خۆیان به‌هه‌ڵه بیاننووسمه‌وه، واته ئه‌و کاره‌ی که زۆرم به‌لاوه سه‌خت بوو و نووسینی سه‌رنج و ڕه‌خنه‌کانمی له (پار)ەوە بۆ ئه‌مساڵ دواخست.
هەروەها پێش ئەوەی کەسانێك ئاگاهانە یا نائاگاهانە بێن و بکەونە شێواندنی بۆچوونەکانی من، پێویستە ئەوە بزانن، کە ڕەخنەی من لە جیهانبینی نووسەران لە ڕوانگەی سۆشیالیستی ئازادیخواز (ئەنارکیزم)ەوەیە، وەك دژەدەسەڵاتێك، دەسەڵات بە گشتی لە ژێر هەر ناوێک‌دا بێت، پارلەمان هەر کەس تێیدا نوێنەر بێت، دەستەبژێریی و ئۆتۆریتەگەری و سکتاریزم هەر کەس خوازیاریان بێت، ڕەتدەکەمەوە و لە بەرامبەردا خەبات بۆ کۆمەڵگەیەکی ناچینایەتی ئازاد لەسەر بنەمای هەرەوەزی و یەکگرتنی خۆخواستانەی تاکەکانی کۆمەڵگە دەکەم. لای من، تاك و ئازادی تاك لە کۆتوبەندە ئابووریی و ڕامیاریی و کۆمەڵایەتییەکان پێوەر و بنەمان بۆ بوونی یەکسانی هەمەلایەنەی تاکەکان و هاتنەدی دادپەروەری کۆمەڵایەتی بۆ هەمووان. بۆیە تاکو دەسەڵات و دەستەبژێریی و بەرتەری ئابووریی و کۆمەڵایەتی و سەروەری چینایەتی لە ئارادا بن، بەدیهاتنی کۆمەڵگەیەکی ئازادی وا ئەستەمە. هاتنەدی کۆمەڵگەی سۆشیالیستی (ئەنارکی) بەبێ شۆڕشی کۆمەڵایەتی و لەناوبردنی پایە ئابوورییەکانی کۆیلەتی مرۆڤ [خاوەندارێتی تایبەتی و کاریکرێگرتە]، دەچێتە خانەی دژەشۆڕشەوە. شۆڕش لای من کاتژێری سفر و بانگەوازی خۆبەڕابەرزانان و تەقوهوڕی چەکدارانە نییە، بەڵکو پیادەکردنی ئەڵتەرناتیڤە سۆشیالیستییەکان و لێدانی هەر ڕۆژەیە لە پایە کۆمەڵایەتییەکانی سەروەری و پەروەردەکردن و هەڵخرانی هێزی ئازادیخوازان و هەڵچنینی خشت بە خشتی کۆمەڵگەیە لە خوارەوەرا بەپیادەکردنی دێمۆکراتی ڕاستەخۆ و بنکۆڵکردنی سیستەمی چینایەتییە وەك ئاماەکردنێك بۆ خاڵی تەقینەوەی شۆڕش و لە گۆڕنانی یەکجارەکی سیستەمی چینایەتی.
ڕەخنەی من لە بۆچوونەکانی نووسەران بۆ ئەم بنەڕەتە دەگەڕێتەوە، هیوادارم ڕەخنەگران، لەسەر بنەمای تێڕوانین و بۆچوونەکانی نێو ئەم دەقە، وەبەر ڕەخنەم بدەن و سەرنجەکانیان بنووسنەوە و پەنا نەبەنە بەر تۆمەت و تڕۆهاتی ئایدیلۆجی و ڕامیاریی.
Be the first to comment.