چاوپۆشینێك لە ئێستا و تراجیدیایەك بۆ سبەی / 3
هەژێن
سەرنجداندنێکی ڕەخنەیی له پەرتووکۆکەی “نیگایەك لە ئێستا و خەونێك بۆ سبەی”ی مه‌ریوان وریا، ئاراس فه‌تاح، به‌ختیار عه‌لی، ڕێبین هه‌ردی
بەشی سێیەم
مه‌ترسی قوڵی دونیای دوای ڕاپه‌ڕین له‌وه‌دایه که سیاسییه‌کانی کورد، به‌تایبه‌ت ئه‌و نوخبه‌یه‌ی له‌سه‌ری سه‌ره‌وه‌ی هه‌ره‌می سیاسیدایه، کێشه‌کانی ئه‌و دونیایه نابینن‌و ناناسن که خۆیان دروستیانکردوه….، زمانێکیان نییه بۆ قسه‌کردن له‌سه‌ر ئه‌و دونیایه‌و دونیابینییه‌کیش شکنابه‌ن قوڵیی ئه‌و کێشانه نیشانبدات ل٨
وەها تێگەییشتنێك، ئەگەر خۆشباوەڕکردنی خەڵك نەبێت، ئەوا تێنەگەییشتنە لە ئامانج و بنۆسی هەڵپەی ڕامیاران بۆ گەییشتن بە دەسەڵات و بەشداربوون لە کایەکانی پارلەمان. ئەگەر ئەمە هەوڵێك نەبێت بۆ گێڕانەوەی خۆشباوەڕیی خەڵك بە سیستەمی نوێنەرایەتی، ئەوا دەبێت بڵێین، هەش بەسەر ئەو ڕامیارانەی کورد، کە ئەم نووسەرانە دەکەنە ڕاوێژکاری خۆیان. من لەوە دڵنیام، چ ئامانجدارانە یا لە ڕێی خودادا بێت، نووسەران خەریکی ئاودانی گیاکەڵەی ئایدیۆلۆجیای ناسیونالیستین، ئایدیۆلۆجیایەك، کە هەردەم دەخوازێت قەوارەیەك لە بەرژەوەندی هاوبەش و یەکسان و تەبا و هاوخوێنی تاکەکانی کۆمەڵێکی هاوزمان یا هاوجوگرافیا لە خۆشباوەڕیی و دەستەمۆیی خەڵکدا چێ بکات و لەوێشەوە هەر کات خەڵك ناڕەزای بوو، نادادوەرییەکانی سیستەمی دەوڵەتیی و فەرمانڕەوایی بۆ نەزانی و گەمژەیی سەرکردەکان بگێڕێتەوە و لە خولێکی هەڵبژرادن و سەرۆکایەتییەوە بۆ خولێکی تر خەڵک چاوەڕوان ڕابگرێت.
نووسەران، کە لە نێوەندی ڕۆشنبیریدا وەك سەرتۆپی هوشیاریی و دانشمەندان قسە دەکەن، کەچی لەم سەردەمەی شۆڕشی زانیارییەکاندا، هاوکات دەوێرن قسە لەوە بکەن، کە ڕامیارانی وڵاتەکەیان، کێشەکان نابینن! من نازانم لە کوێی دونیادا کێشەی بێ دژەبزاڤ هەیە و لە کوێدا بزاڤی بەرهەڵستکار هەیە و سەروەر نایبینێت و نایناسێت؟ تۆ بڵێی سەروەرانی کوردستان لە خۆڕایی ئەو هەمووە لەشکر و پۆلیس و دەزگە سیخوڕی و تیرۆرستانە دروست بکەن؟ بڵێی ئەوانە پڕۆژەی چاکەخوازی بن و بۆ بەگەڕخستنی بێکارانی کوردستان دروستیان کردبن؟سەیر لەوەدایە کەسێك خۆی بە هوشیار بزانێت و بوێرێت بڵێت ڕامیارانی کوردستان زمانێکیان بۆ قسەکردن نییە. ئەی ئەو هەمووە لە سێدارەدان و زیندانیکردن و تیرۆر و ڕاونانە چییە، مەگەر ئەوە زمانی سەروەران نییە، کە بۆیان بلوێت بەکاری دەبەن و هەر کاتێکیش بۆیان نەلوێت ڕۆشنبیرانی فریودەر لە بری ئەو دەزگانە دەخەنە گەڕ؟
له هه‌مووی سه‌یرتر ئه‌وه‌یە قسه له سه‌روه‌رانی کۆمه‌ڵگه‌یه‌ك بکه‌ی، که‌١٨ ساڵه ته‌ڕاتێن ده‌که‌ن و جیهانی سه‌رمایه‌داری لە ناوچەکەدا به پێشڕەوی دێمۆکراسییان داده‌نێت، کەچی تۆ بێیت و بڵێت جیهانبینیان نییە! ده‌کرێت کۆمڵێك چه‌ته و ڕێگر هه‌بن و هه‌ریه‌که‌یان بکوتێته سه‌ر دێهاتێك و بڵێی جێهانبینی نییه، به‌ڵام فه‌رمانڕه‌واییه‌کی هه‌رێمی، که جێی ئومیدی بازارئازاد و نئیۆلیبرالیزم بێت و بڵیی جیهانبینی نییه، ئەمەیان ئاوەز پەسەندی ناکات. ئایا ده‌کرێت نووسه‌ران پێمان بڵێن، جیهانبینی چییه، چ جادوویه‌که، که ئێمه (خوێنەر) و سه‌روه‌رانیش نایزانین و لێی تێناگه‌ین؟
گەمەکردنێکی وا بە ئاوەز و ئارەزووەکانی تاکی کۆمەڵگە، شتێکی تازە نییە، لەوەتەی دەوڵەتە بۆرجوازییە بەناو نەتەوەییەکان پێکهاتوون و سیستەمی نوێنەرایەتی سەراپاگیر بووە، وەها پاگەندەگەلێك بەردەوام لەلایەن نووسەرانی دەسەڵاتخوازەوە بەردەوام پەرەی پێدەدرێت، گەمەیەك کە ئامانجی ڕاگرتنی ناهوشیاریی تاك و مانەوەی سەروەرە لە بەردەوامییەکی نەبڕواوەدا.
سیاسییه‌کانی کورد له دوای ڕاپه‌ڕینه‌وه، ڕێک وه‌ک سیاسی ناو سیستمه هه‌ره قه‌یراناوییه‌کانی دونیا، له باتی ده‌رککردن به مه‌ترسییه‌کان، سه‌رگه‌رمی ژماردن‌و ئه‌زبه‌رکردن‌و باسکردنی ئه‌و شته بچووکانه‌ن که وه‌ک ده‌سکه‌وت‌و ئینجازات دیانناسێنن. ل٨
ئه‌م ده‌سته‌واژه‌یه به‌و سه‌رئه‌نجامه‌مان ده‌گه‌یێنێت، که نووسه‌ران ده‌رکیان له سه‌روه‌ری و ڕۆڵی ڕامیاران ڕۆشن نییه و پێیانوایه ده‌سه‌ڵاتدارانی کورد، ده‌توانن پێچه‌وانه‌ی سیسته‌مه چینایه‌تییه‌که‌یان، دژی به‌رژه‌وه‌ندی گشتیی سه‌رمایه‌داری و پێچه‌وانه‌ی ئایدیۆلۆجیای ناسیونالیزم و ده‌سه‌ڵاتخوازی بجووڵێنه‌وه. ئیتر ئه‌مه کاره‌ساته، که وه‌ها چاوه‌ڕوانییه‌کت هه‌بێت و پێتوابێت له جیهانی سه‌رمایه‌داریدا سیسته‌می بێقه‌یران هه‌یه و ده‌وڵه‌تێك یا فه‌رمانڕوایه‌ك هەیە، کە بتوانێت خۆی له قه‌یرانه‌کانی سیستەمەکە، له شێوازی کارکرد و به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تی بازاڕئازاد و نیئۆلیبرالیزم دابڕاو بکات. ئه‌وان هێشتا له‌وه نه‌گه‌یشتوون، که ده‌وڵه‌تی ناسیونالیستی دابڕاو له قیبلەی سەرمایداری، دیکتاتۆری وه‌ك چاڤێز و کاسترۆ و ئه‌حمه‌دی نه‌ژاد دروستده‌کات و له باشترین باردا فه‌رمانڕه‌وایی بۆرجوازی پشتبه‌ستوو بە بەرنامەڕێژی ناسیوناڵی، واته دیکتاتۆری تا‌کپارتی و لە بەرامبەردا فه‌رمانڕه‌وایی بۆرجوازی پشتبه‌ستوو بە ڕەوتی نیئۆلیبرالیزم، دەکاتە ئەوەی لە کوردستاندا هەیە. ئەوا ئه‌وه‌یان له‌بیرچووه یا ده‌رکی ناکه‌ن، که ئابووری ناسه‌ربه‌خۆ، قه‌واره‌ی ناسه‌ربه‌خۆ ده‌خوازێت و ئه‌وی واژۆیه‌کی خسته سه‌ر ڕێککه‌وتننامه‌یه‌کی سندوقی دراوی نێوده‌وله‌تی و بانکی جیهانی و ئیمپریالیزمی ئه‌مه‌ریکی، بێچه‌ندوچوون ده‌بێت ده‌رگه‌ی پارله‌مانه‌که‌ی وه‌ك ده‌رگه‌ی (خان) بۆ ڕامیارییەکانی نیئۆلیبرالیزم ئاوه‌ڵا بێت!
لێره‌دا دیسانه‌وه ناچارم بپرسمه‌وه، ئه‌گه‌ر ده‌سه‌ڵاتدارانی کوردستان ئه‌و کارانه نه‌که‌ن، ئه‌دی چۆن خه‌ڵکیان پێڕاده‌گیرێت و چی بکه‌ن؛ بڵێن خه‌ڵکینه ئێمه سته‌مکاری ئێوه‌ین، ئێمه کۆمه‌لێك مشه‌خۆر و خوێنمژی ئێوه‌ین و له‌سه‌ر ته‌ختی ناهوشیاری ئێوه فه‌رمانڕه‌وایی ده‌که‌ین؟! ئایا په‌رده‌لادان له‌سه‌ر ئه‌و ڕاستییانه، ئه‌رکی نووسه‌رانی ئازادیخوازه یا ده‌سه‌لاتداران؟
هەروەها ئەو مەترسییانە کامانەن، کە نووسەران لە ترسی ڕوودانیان مامەخەمەیی بۆ سەروەری بۆرجوازی کورد دەکەن؟ وەك لەم پەیوەندەدا دیارە، مەبەستی نووسەران دەوڵەتانی ناوچەکە و زلهێزەکان نین، چونکە دەسەڵاتی بۆرجوازی کورد لە ناوچەکەدا برابچووك و تەواوگەری ئەو هێزانەن. ئەدی مەترسییەکانی سیستەمە قەیراناوییەکانی چین و لە کوێوە سەرهەڵدەدەن؟
ئه‌وه‌ی ئێمه لێره‌دا ده‌یڵێین‌و ده‌ینوسین هه‌وڵدانێکه بۆده‌رچوون له‌م بێزمانی‌و بێوێنه‌یی‌و بێجیهانبینییه ل٨
ئه‌گه‌ر ده‌سته‌واژه‌کانی پێشوو و ئه‌مانه‌ی ئێستا له‌یه‌ك بده‌ین، ته‌نیا خه‌مخۆری ڕۆشنبیرانی ورده‌بۆرجوا بۆ ده‌سه‌ڵاتداران ده‌رده‌که‌وێت، که له‌تاو سه‌رهه‌ڵدان و هێزگرتنی بزاڤه کۆمه‌ڵایه‌تییه ناڕازییه‌کان هه‌راسان بوون و خه‌می نه‌مانی نانه‌چه‌وره‌ی سایه‌ی ده‌سه‌لاتدارانیان لێنیشتووه. ئه‌وه‌تا به‌زمانی خۆیان ده‌ڵێن ده‌سه‌ڵاتداران و ڕامیاران له بێ‌زمانی قوتار ده‌که‌ین و جیهانبینییان بۆ داده‌ڕێژین. هه‌رچه‌نده ئه‌رکی یه‌که‌میان له‌جێی خۆیدایه، به‌ڵام ئه‌رکی دووه‌میان خۆخه‌ڵه‌تاندنه یا فریودانی خوێنەرە، وه‌ك پێشتر ڕۆشناییم خسته‌سه‌ر.
لێرەدا دەستی نووسەران کە سەرەتا وەك خەمخۆری زۆرینە و نەتەوە و تاك خۆیان دەناسێنن، دەردەکەوێت و هەموو خەم و ترسیان لەوەدا چڕ دەکەنەوە، کە زۆردارانی ئێستا لە قەیران و تێکشکان ڕزگار بکەن. ئەمە ڕێك پێچەوانەوەی ئەرکی نووسەری ئازادیخوازەیە، کە پێویستە هەموو تواناییەکانی بۆ هوشیاربوونەوەی تاك و شکاندنەوەی تەرازووی هیز بەلای ئازادی و سەربەخۆیی تاککدا بخاتە گەڕ.
ڕاشمان وایه‌وه‌ک کۆمه‌لێک ڕۆشنبیری بێلایه‌ن که له‌سه‌ره‌تای ڕاپه‌ڕینه‌وه له سه‌ر ئه‌م کێشانه دواوین، دوور له هه‌ر گیانێکی تاقمگه‌راو حیزبگه‌را، ئه‌رکێکی ئه‌خلاقی‌و مێژوویی ئێمه‌و ڕۆشنبیرانی دیکه‌شه له پێناسه‌کردنی ئه‌م قه‌یرانه‌و له ناونان‌و پشکنینیدا به‌شداربین. ل٨
ئه‌گه‌ر له‌م ده‌سته‌واژانه وردبینه‌وه، ئه‌وا به ئاسانی ده‌توانین شێوه‌نی هه‌ریسه‌که ببینین. ڕاسته ئه‌وان له پاش ڕاپه‌ڕینه‌وه له (فەرماندەیەکی سەربازی) باشتر به‌رژه‌وه‌ندی گشتی بۆرجوازی کوردیان دیوه، ئه‌مه نکۆلی لێناکرێت و ئه‌وان هه‌رده‌م خوازیاری یه‌کگرتنەوەی فەرماندەکانی شەڕی ناوخۆ بوون، له چۆنییه‌تی فه‌رمانڕه‌وایی (فەرمانبەسەرداکراوان)دا. ئه‌وان هه‌میشه به زمانی بۆرجوازی نه‌ته‌وه‌یی دواون و سه‌نگه‌رگرتنیشیان له‌و ڕوانگه و ئامانجه‌وه بووه. ئه‌وان له بری ئاودیوی کارگه‌کان و سه‌ده‌کان، خوازیاری دەستبەسەرداگرتنیان بوون وه‌ك کۆڵه‌که‌ی ژێرخانی ئابووریی سیسته‌می بۆرجوازی، به‌ڵام ئه‌وه‌ی ده‌رکیان نه‌بووه یا نه‌بووه‌ته هۆی جیاوازی تێڕوانینان له‌ته‌ك ئاودیگه‌رانی کارخانه‌کان، یه‌ك شته، ئه‌ویش نه‌بوونی ده‌رکی ڕۆشنیان بووه له ڕۆڵی ده‌وڵه‌ته ناوچه‌ییه‌کان به‌گشتی له سیسته‌می سه‌رمایه‌داری یه‌ك بلۆکدا، که ته‌نیا ڕۆڵی کۆمه‌ڵێك فه‌رمانبه‌ری ناله‌شکرییه و ئه‌و کۆمه‌ڵگه‌یه‌ش، که پاسه‌وانی ده‌که‌ن، ته‌نیا ده‌توانن ساخکه‌ره‌وه‌ی کاڵای کۆمپانییه جیهانلوشه‌کان و دابینگه‌ری که‌ره‌سته‌ی خاو بۆ ئه‌و کۆمپانیانە بن. به‌م جۆره ده‌بینین، سه‌رتیپێکی ئاودیوگه‌ری کارگه‌یه‌ك یا به‌نداوێك ده‌رکی له ده‌رکی ئه‌م به‌ڕێزانه جیهانیتر بووه و زانیویه‌تی که کوردستان له سایه‌ی ئیمپریالیزم و بازارئازاددا ده‌ڵاڵخانه‌یه نه‌ك کۆمه‌ڵگه‌ی به‌رهه‌مهێن و بڕیارده‌ر!
پاشان پله‌وپایه به‌خشێنه‌وه و داگیرکردنی پله و خۆناونووسکردن بۆ ڕیزی یه‌که‌می ده‌ربازگه‌رانی که‌شتییه‌که‌ی نوح (دەسەڵاتی بۆرجوازی)، دیسانه‌وه هاوتای پاگه‌نده‌کانی ده‌سه‌ڵاته، که به‌خه‌ڵك ده‌ڵێت، کانییه‌کمان هه‌ڵداوه‌ته‌وه و ده‌ك منه‌ت بتانگرێت، ئه‌گینا (ڕوانینی ئێمه …. و به‌شدارین….. ) چ جیاوازییه‌کی له‌ته‌ك به‌شداواکردنه‌که‌ی نه‌وشیروان موسته‌فا و هه‌واڵی قیرتاوکردنی جاده و هه‌ڵدانه‌وه‌ی لاپه‌ڕه‌ی شه‌وه ناشۆڕشگێڕییه‌کانی ینک و پ‌د‌ک و ئه‌وانی‌چییه؟
پاشان نووسەران نەك تەنیا خۆیان بە پێشڕەوی دەسەڵات دەزانن، بەڵکو خۆشیان لەوانە جیادەکەنەوە کە بە “ڕۆشنبیر”یان ناو دەبەن. ئەگینا “ئه‌رکێکی ئه‌خلاقی‌و مێژوویی ئێمه‌و ڕۆشنبیرانی دیکه‌شه” چی دەگەیێنێت؟ ئەگەر ئەوانیش وەك ئەوانی دیکە ڕۆشبیرن و پایەیەکی ئاسایی ئەو ڕۆشنبیرانەی دیکە بە خۆیان دەدەن، بۆچ خۆیان جیادەکەنەوە؟ “ڕۆشنبیران”ی دیکە کێن، بۆچ لە دەرەوەی کایەکەی ئەمانن و جیاوازییان چییە؟
بە پێچەوانەی پاگەندەی نا دەستەگەربوون، کە نووسەران دەیکەن. کاتێك کە لە دەرەوەی ئەوان “ڕۆشنبیران”ی دیکە هەبن، کەواتە ئەمانی دەستپێگەر، داخراو و دەستەگەربوون، بۆیە بە ناچاری لە دەرەوەی ئەمان “ڕۆشنبیران” دیکە هەن یا کۆبوونەوەتەوە!
کاتێك کە “ڕۆشنبیران” لەسەر بنەمای دەستەبژێریی لە کۆمەڵگەدا بەرتەرییان پێدەدرێت، ئایا تاکە “ڕۆشنبیر”ەکایش وەك تاکی نەتەوە و توێژ و چینەکانی تر، هاوبەرژەوەندیی و هاوخەمیی و هاوئەرکیی و هاوئامانجییان هەیە؟ ئەگەر هەیە، بۆ نووسەران خۆیان جیا دەکەنەوە؟ ئەگەر نییە، کەواتە شتێك لەیەك جیایان دەکاتەوە. ئەی ئەو شتە چییە؟ سەر بە پارتبوون، سەر بە چین و توێژی کۆمەلایەتیبوون، هەبوونی تێڕوانینی جیاواز بۆ گۆڕینی دونیای نائازاد و نایەکسان و نادادوەر؟ ئەگەر یەكێك لەمانە بێت، ئەی ئەمە بەڵگەی بوونی چین و توێژی بەرژەوەندی ناکۆك لەناو کۆمەڵدا نییە؟ ئەگەر ئەوەیە، ئەدی پاگەندەی هاوبەرژەوەندیی نەتەوەیی لەپای چییە؟
پێشمان وایه به‌شێکی هه‌ره گرنگی قه‌یرانی سیاسی له کوردستاندا ده‌گه‌رێته‌وه بۆ ئه‌و چاره‌سه‌رییه نیوه‌ناچڵانه که له تێگه‌یشتنی نیوه‌ناچڵی کێشه‌کانه‌وه هاتوون. سیاسییه‌کانی کورد به ته‌نیا ناتوانن قووڵیی‌و فراوانیی‌و گه‌وره‌یی قه‌یرانه‌که ببینن، له‌به‌رئه‌وه ناشتوانن به‌ته‌نیا چاره‌سه‌ریبکه‌ن. ل٨
ئه‌گه‌ر سه‌رنجی ئه‌م به‌شه بده‌ین، ده‌بینین، که نووسه‌ران داوای به‌شداربوون له بڕیاردان و ده‌سه‌ڵاتدا ده‌که‌ن و ده‌ڵێن ڕامیارانی کورد ته‌نیا ناتوانن گرفت و کێشه‌کان چاره‌سه‌ری یه‌کجاره‌کی بکه‌ن. پاشان درێژه به ناڕۆشنی دروستکردن له ڕۆڵی ڕامکاراندا ده‌ده‌ن و ده‌یانه‌وێت به‌ئاگایان بهێننه‌وه یا مانگرتنه خه‌یاڵییه‌که‌یان پێبشکێنن.
لێره‌دا ئه‌وه بۆ من پرسیاره؛ ئه‌و نووسه‌رانه‌ی که ئه‌م نووسه‌رانه مه‌به‌ستیانن، کامانه‌ن، که ته‌واوکاریی ده‌سه‌ڵات ده‌که‌ن و کاریان له کاری خودی ئه‌مان جیاوازتره؟ هه‌روه‌ها ئه‌و جیاوازییه کامه‌یه و تاچه‌نده ناوه‌ڕۆکییه؟
به بڕوای من، جیاوازی ته‌نیا له ڕواڵه‌تدایه، که نووسه‌رانی فه‌رمی ده‌سه‌ڵات، کار بۆ خۆشباوه‌ڕکردنی خه‌ڵك به ده‌سه‌ڵاتدارانی ینک یا ینک + پ‌د‌ک ده‌که‌ن و ئه‌م نوسه‌رانه‌ش کار بۆ هه‌میشه‌ییکردنی سه‌روه‌ری چینایه‌تی ینک و پ‌د‌ک و نەمرکردنی سەرمایەداری ده‌که‌ن! له کۆتایی ئه‌م ده‌ربڕینه‌دا دێنه سه‌ر دیاریکردنی ئه‌وانیتر، که پێویسته له بڕیاردان و چاره‌سه‌رکردندا ڕۆڵیان هه‌بێت، که هه‌ر ده‌کاته‌وه خودی خۆیان و دیسانه‌وه شیوه‌نی هه‌ریسه‌که‌یه.
Be the first to comment.