چاوپۆشینێك لە ئێستا و تراجیدیایەك بۆ سبەی/٥
هەژێن
سەرنجداندنێکی ڕەخنەیی له پەرتووکۆکەی “نیگایەك لە ئێستا و خەونێك بۆ سبەی”ی مه‌ریوان وریا، ئاراس فه‌تاح، به‌ختیار عه‌لی، ڕێبین هه‌ردی
بەشی پێنجەم
یه‌که‌م: داکۆکیکردن له مافه‌کانی ئینسانی کورد‌و هه‌وڵدان بۆ گۆرانی وێنه‌کان
١– ئه‌زموونی سیاسی کوردی له ئه‌زموونی شۆڕشگێرانه‌وه بۆ ئه‌زموونی گه‌نده‌ڵکاران ل.١١
کامه شۆڕشگێڕی، شۆڕشگێڕیی لای نووسه‌ران چ واتایه‌ك ده‌به‌خشێت؟
ئه‌ی مافه‌کانی مرۆڤه ناکورده‌کانی هه‌رێم چی؟ ئایا ئه‌مه ناسیونالیزمێکی په‌لهاویشتوو بۆ شۆڤێنیزم نییه؟
وه‌ك ده‌زانین کۆمه‌ڵگه‌ی کوردستان (هه‌رێم) له کۆمه‌لێك پێکهاته‌ی نه‌ته‌وه‌یی و ئایینی جیاواز پێکهاتووه و هه‌ژمارێکی ناکورد ده‌گرێته خۆی و له ئێستا و سبه‌ینێشدا هه‌زاران و ملیۆنان که‌س چ بۆ کارکردن و ژیان چ بۆ گه‌شتوگوزار و پرۆژه‌ی دیکە ڕوو له‌م ده‌ڤه‌ره ده‌نێن، ئایا ئه‌وانه مافی خوارتر له کوردانیان ده‌بێت؟ کاتێك نووسه‌ران قسه له‌سه‌ر ماف ده‌که‌ن، زۆر به دیایکراوی باس له مافه مرۆییه‌کان (مافه بنه‌ڕه‌تییه‌کان، مافه گشتی و هاوبه‌شه‌کانی مرۆڤ) ده‌که‌ن، نه‌ك له مافه نه‌ته‌وه‌ییه‌کان. ئیتر لێره‌دا هیچ بوارێك بۆ پاساو و خۆده‌رکێشان له‌ژێر ساباتی ناسیونالیزم وه‌ك ئایدیلۆژیای ده‌وڵه‌ت نامێنێته‌وه. لێره‌دا زۆر به زاقی ناسیونالیزمی په‌لهاویشتوو بۆ شۆڤێنیزم و هه‌ڵاواردنی مرۆڤه ناکورده‌کانی کۆمه‌ڵگه‌ی کوردستان یا هه‌رێم له مافه بنه‌ڕه‌تییه‌کان، خۆ نێشان ده‌دا و له‌ته‌ك ده‌سه‌ڵاتدا چاوشاركێ ده‌کات. ئه‌وه‌ی له عیراق، به‌تایبه‌ت له هه‌رێمدا ژیابێت، باش ئه‌وه ده‌زانێت، که له سایه‌ی ده‌وڵه‌تی بۆرجوازی عیراقیی پشتبه‌ستوو به‌ناسیونالیزمی عه‌ره‌بی په‌لهاویشتوو به‌ره‌و شۆڤێنیزم، ته‌نیا تاکی کورد له مافه بنه‌ڕه‌تیی و نه‌ته‌وه‌یی و کولتوورییه‌کانی بێبه‌ش نه‌بووه، به‌ڵکو تورکمان و کلدانی و ئاشوورییه‌کانیش به هه‌مان شێوه بێبه‌شبوون و ئه‌و که‌مه‌نه‌ته‌وانه که‌وتوونه‌ته سنووری جوگرافی هه‌رێمی کوردستان و نووسه‌ران ده‌خوازن له‌و چوارچێوه‌دا مافی مرۆیی کورد داکۆکی لێبکرێت! پرسیار ئه‌وه‌یه، بڕیاره له به‌رامبه‌ر کێ و کامه ده‌سه‌ڵاتدا داکۆکی لێبکرێت، مه‌گه‌ر له‌و سنووره‌دا خودی بۆرجوازی کورد سەروەر نییه، که ده‌سه‌ڵاتداره؟
ئایا ئه‌مه بۆ خۆی به‌ڵگه‌ی ئه‌وه نییه، که ده‌سه‌ڵات هه‌ر شوناسێکی هه‌بێت و هه‌ر پۆشاکێکی به‌به‌ردا بکرێت، هێشتا هه‌ر چه‌وسێنه‌ری ئه‌و تاکانه ده‌مێنێته‌وه، که پاگه‌نده‌ی نوێنه‌رایه‌تیان ده‌کات؟ئەگەر دەسەڵات و دەوڵەتی نەتەوەیی، دەسەڵات و ویستی هەموو تاکە پێکهێنەرەکانی نەتەوە بێت، ئیتر داواکردنی مافی مرۆیی بۆ تاکەکانی ئەو نەتەوەیە لە کێ و لەپێناو چی؟ یا ئەوەتا داواکەی نووسەران نابەجێیە یا ئەوەتا دەوڵەت و دەسەڵاتی نەتەوەیی دێوجامەیەکە بۆ فریودانی ئەو تاکانەی کە نووسەران بە ڕواڵەت داوای مافی مرۆییان بۆ دەکەن؟ ئەگەر ئەو دوو ئەگەرەش نەبن، ئەوا تەنیا یەك ئەگەر دەمێنێتەوە، کە ڕووی ڕاستەقینەی مافی مرۆییە لای ناسیونالیستەکان، کە ئەویش خواستی دەوڵەت و دەسەڵاتی کەمایەتی بۆرجواکانە لەژێر پەردەی مافی نەتەوەیی و مافی مرۆیی تاکەکانی ئەو نەتەوەیە!
با به جۆرێکی دیکە له‌م شته بڕوانین، ئه‌گه‌ر که‌سێك یا گروپیك له ١٩٢٠–١٩٥٨ بانگه‌وازێکی له‌و جۆره‌ی هه‌بووایه و ته‌نیا خوازیاری داکۆکیکردن بووبێت له مافی مرۆیی عه‌ره‌ب له عیراقدا و کورد و تورکمان و کلدان و ئاشوورییه‌کانی فه‌رامۆش کردبێت، ئه‌وڕۆکه چۆنی ده‌بینین؟ ئایا ئه‌وه هیچ جیاوازییه‌کی له‌ته‌ك بانگه‌وازه‌که‌ی نووسه‌ران هه‌یه؟
کامه ئه‌زموونی شۆڕشگێڕانه؟ به کامه پێناسه و پێوه‌ر ئه‌زموونی به‌رهه‌لستکاری چه‌کدارانه‌ی بۆرجوازی کورد ده‌چێته خانه‌ی شۆڕشگێڕییه‌وه، که ئاوا ئه‌م نووسه‌رانه هیچ گومانێکیان له‌و شۆڕشگڕییه نییه؟
لای هه‌مووان ئاشکرایه که بوونی واژه‌گەلی جیاوازی وه‌ك هه‌ڵچوون، ڕاپه‌ڕین، کوده‌تا، شۆڕش بۆ بوونی جیاوازی ئامانج و ستراتیژێك، که ئه‌و چه‌مکانه هه‌ڵگری ده‌بن، ده‌گه‌ڕێته‌وه. تا ئه‌وه‌نده‌ی ده‌گه‌ڕێته‌وه سه‌ر شۆڕش، به واتای ڕه‌تکردنه‌وه‌ی بارودۆخ یا سیسته‌می ڕامیاریی و ئابووریی و کارگێریی چ به گۆڕینی درێژماوه‌یی چ به له‌ناوبردنی ده‌ستوبردی، دێت.
پێش ئه‌وه‌ی بێمه سه‌ر ئه‌م به‌راورده، باشتروایه سه‌رنجی بزاڤی چه‌کدارانه‌ی ناسیونالیزمی کورد بده‌ین، که به‌داخه‌وه زۆرێکمان له‌و پێناوه‌دا قوربانیمان داوه و زۆرێك له هاوه‌ڵان و هاوڕێ و ئازیزانمان له‌و پێناوه‌دا له‌ده‌ستداون.
وه‌ك دۆکومێنتەکانی، که‌س و ده‌وڵه‌ته ده‌سه‌ندکار و هاوکاره‌کانی بزاڤی ناسیونالیستی کورد نیشانی ده‌ده‌ن، بزاڤی چه‌کداری هه‌ر له سه‌ره‌تاوه خۆرسك نه‌بووه و له پای پرسی سته‌می نه‌ته‌وایه‌تی نه‌هاتووه‌ته بوون. ئه‌مه بێجگه له‌وه‌ی که ناسیونالیزم وه‌ك ئایدیۆلۆجیای سه‌راپاگیر یا گشتخوازی بۆرجوازی هیچ په‌یوه‌ندی به سته‌می نه‌ته‌وه‌یی و ڕزگاربوون له ده‌ست داگیرگه‌ر وئیمپریالیزم نییه. بۆ ده‌رکه‌وتنی ئه‌مه، ته‌نیا به‌سه سه‌رنجی هودنه و گفتوگۆ و سازشه‌کان له‌ته‌ك ڕژێمه نه‌یاره‌کان و به‌ستینی هاوپه‌یمانی له‌ته‌کیان و شه‌ڕه ناوخۆییه‌کان له‌سه‌ر قۆرخکردنی ناوچه‌کان و هاوسه‌نگه‌ری و به‌رله‌شکری و سیخوڕی بۆ داگیرگه‌رانی به‌شه‌کانی دیکەی کوردستان و نه‌یارانی کاتی ڕژێمی داگیرگه‌ری ئه‌م به‌شه‌ی هه‌رێم بده‌ین، باشترین به‌ڵگه‌ی جیایی و دووری ئامانجی تاکی ڕزگاریخوازی نه‌ته‌وه‌یه‌ك، که زۆربه‌ی کات کرێکاران و جوتیاران زۆرینه‌ی سوته‌مه‌نی بزاڤه‌کان پێکده‌هێنن، له‌ته‌ك ئامانجی ده‌سته‌بژێری ڕامکار و ڕۆشنبیری ده‌سه‌لاتخواز، که هه‌رده‌م بێ زیان و ده‌ردیسه‌ری له نه‌هامه‌تییه‌کانی جه‌نگی ڕزگاریدا هاتووه‌ته ده‌ر. بزاڤی چه‌کداری ناسیونالیزمی کورد به‌شی باشوور له ١٩٦١– ١٩٧٥ به‌ڵگه‌نه‌ویسته که ده‌ستکرد و دنه‌دراوی ساواك و ئیسرائیل بووه و زۆربه‌مان هێشتا نێو و ڕوخساری ساواکییه‌کانمان به پۆشاکی کوردییه‌وه له هۆشدا ماوه و قوربانییه‌کانیش بوونه‌ته سووته‌مه‌نی ئامانجی ئه‌و ده‌وڵه‌تانه. کاتێکیش که به‌رژه‌وه‌ندییان له دنه‌دانی کوردان نه‌ما و ئامانجه‌کانیان به‌ده‌ستهاتن، ئه‌و بزاڤه گه‌وره‌یان وه‌ك چه‌پکه‌گولێك له‌سه‌ر مێزی ڕێکه‌وتنی به‌رژه‌وه‌ندییه‌کانیان له ریکه‌وتنی ١٩٧٥ی (جه‌زائیر)دا دانا.
خولی دووه‌می بزاڤی چه‌کداری ناسیونالیزمی کورد به‌شی باشوور (نیئۆجه‌لالیزم)، وه‌ك به‌ڵگه‌نامه‌کان نیشانی ده‌ده‌ن و تاڵه‌بانی خۆی دانی پێداناوه، “له‌به‌ر خاتری برا به‌عسییه ده‌سه‌لاتداره‌کانی سوریه، هه‌ڵیانگیرساندووه” و له‌ولاشه‌وه بۆ داگیرکردنەوەی مه‌یدانه‌که، هێنانه‌وه‌ی نه‌یاره‌کانیان (قیاده موه‌قه‌ته) له‌لایه‌ن ده‌وڵه‌تی ئێرانه‌وه دێتە پێشەوە، کە سه‌ره‌کیترین ئه‌رکیان، سه‌رکوتی ئازادیخوازان و ڕزگاریخوازانی خۆرهه‌ڵاتی کوردستان بوو.
به‌کورتی ڕۆڵ و ئامانجی بزاڤه چه‌کدارییه‌کان، له‌باربردن و قۆستنه‌وه‌ی ناڕه‌زایه‌تی تاکی سته‌ملێکراوی کورد بووه له‌لایه‌ن سه‌رۆکهۆز و ورده‌بۆرجوازییه‌وه له پێناو هێنانه‌دی ئامانج و به‌رژه‌وه‌ندییه هاوبه‌شه‌کانی ده‌وڵه‌تانی ناوچه‌که و ده‌سه‌ڵاتخوازانی بورژوازی کورد بووه و ناڕاسته‌وخۆش دابینکردنی بەرژەوەندییەکانی ئیمپریالیزم و دەوڵەتەکانی ناوچەکە.
تا ئه‌وه‌نده‌ی ده‌گه‌ڕێته‌وه سه‌ر هه‌ڵچوونه به‌راییه‌کانی کورد، به‌هه‌مان شێوه ناڕایه‌تی جوتیار و زه‌حمه‌تکێشی کورد له‌لایه‌ن ده‌ره‌به‌گ و شێخ و مه‌لاوه بۆ جێگرتنه‌وه‌ی سته‌مکار قۆستراوه‌ته‌وه.
لێره‌دا له نووسه‌ران ده‌پرسم، کامه شۆڕشگێڕی؟ نه‌ك ته‌نیا له بزاڤی نه‌ته‌وه‌یی کورددا، به‌ڵکو له سه‌رتاسه‌ری دونیادا یه‌ك نموونه له شۆڕشگێڕی ده‌سه‌ڵاتخوازان بخه‌نه به‌رده‌ست. ڕاسته تاکی کرێکار و زه‌حمه‌تکێشی کورد به مه‌به‌ستی ئازادی و ڕزگاری و سه‌ربه‌ستی گیانی خۆی فیداکردووه، به‌ڵام هیچ کات به‌و ئاراسته خه‌باتییان نه‌ڕۆیشتووه و دواجاریش ئه‌گه‌ر ڕاپه‌ڕینی خودی جه‌ماوه‌ری خه‌ڵك نه‌بووایه، ئه‌و پارتانه‌ی که نووسه‌ران شوناسنامه‌ی شۆڕشگێڕیی له بەرۆکیان ده‌ده‌ن، ئێشتاش هه‌ر په‌نابه‌ری ئه‌ودیو سنووره‌کان ده‌بوون!
کامه شۆڕشگێڕی، بێجگه له دژه‌خونی له خه‌ڵك و به‌قوربانیدانی خه‌ڵك بۆ ئامانجی هاوبه‌شیان له‌ته‌ك ڕژێمه‌کانی ئێران و تورکیه و سوریه و عیراق؟ کامه شۆڕشگێڕی بێجگه له سه‌رکوتی ئۆپۆزسیۆنی ڕژێمه‌کانی ئێران و تورکیه و سوریه و فرۆشتنی هه‌ڵه‌بجه و هۆرامان، به‌کامه پێوه‌ر ئه‌و پارتانه کرده‌وه‌یه‌کی شۆڕشگێڕانه‌یان لێوه‌شاته‌وه، تاکو ئێستاکە جێی ئەفسوس و ئاخهەڵکێشان بێت؟
مافی ڕامیاریی تاکی کورد یا مافی ده‌سه‌ڵاتداریی بۆرجوازی کورد؟ لێره‌دا مه‌به‌ستی نووسه‌ران له مافی ڕامیاریی کورد، ئازادی چالاکی ڕامیاریی بۆ تاك و گروپ و چین و توێژه کۆمه‌ڵایه‌تییه‌کان نییه، به‌ڵکو مافی سه‌روه‌ری ڕامیاریی و ده‌سه‌ڵاتییه، که نوێنه‌رانی بۆرجوازی کورد له تێکشکانی ڕاپه‌ڕینی ئازاری١٩٩١دا توانییان بۆخۆیان قۆرخی بکه‌ن، واته سه‌پاندنی ویستی که‌مایه‌تییه‌کی هه‌لپه‌رستی کورد به سه‌ر زۆرینه‌ی جه‌ماوه‌ری ڕاپه‌ڕیوی کورددا. هه‌ر ئه‌و مافه، که هه‌رده‌م ئامانجی ورده‌بۆرجوازی یا ڕۆشنبیرانی ناسیونالیزمی کوردبووه و له به‌رامبه‌ر ئامانجی زۆرینه‌دا، که ئازادی و یه‌کسانی و دادپه‌روه‌ری کۆمه‌ڵایه‌تی بووه و هه‌نووکه‌ش وه‌ك سه‌رده‌می پێش ڕاپه‌ڕین، تاکی کورد وێڵی ئه‌و ڕێگه‌یه، که به‌و ئامانجانه‌ی ده‌گه‌یێنێت. هه‌وێنی خۆپیشاندان و ڕاپه‌ڕینه‌وه‌کانی پاش ڕاپه‌رین، هه‌ر ئه‌م ئامانجه سه‌ره‌کییانه‌ی تاکی کوردن، وه‌ك هه‌ر مرۆڤێکی چه‌وساوه له‌م سه‌ر تا ئه‌و سه‌ری دونیادا.
به‌ڵام ئه‌وه‌ی لێره‌دا، که خه‌می نووسه‌رانه، میکیاجکردنه‌وه‌ی ناوه‌ڕۆکی وێنه ناشیرینه ئاشکرابووه‌کانی ده‌سه‌ڵاتی بۆرجوازی کورده، به ڕه‌نگ و ڕوخساری مافه خوازراوه‌کانی تاکی کورد. ئه‌م هه‌وڵه ده‌یه‌وێت، بۆ ماوه‌یه‌کی دوورودرێژتر خه‌ڵك له خۆشباوه‌ڕی و چاوه‌ڕوانیدا بهێلێته‌وه و به پۆشینی به‌رگێکیبه باڵای دێوه‌زمه‌ی بۆرجوازی کورددا، هه‌ر وه‌ك چۆن پاش ئاشبه‌تاڵی ١٩٧٥، نیئۆجه‌لالیزم له به‌رگی کۆمه‌ڵه‌ی ڕه‌نجده‌ران و چه‌پێتیدا، وه‌ك مۆدێلی ئه‌و سه‌رده‌مه به باڵای جه‌لالیزمی ١٩٩٦دا پۆشی. ئه‌مه ته‌واوگه‌ری هه‌وڵه مه‌یدانییه‌کانی باڵه جیاواز و پێشبرکێگه‌ره‌کانه بۆ به‌ده‌سه‌ڵاتگه‌یشتن.
من له نووسه‌ران ده‌پرسم؛ ئه‌گه‌ر گوتاری هاوبه‌شیی نه‌ته‌وه‌یی و نیشتمانی دروست و که‌توارییه، چۆن ده‌کرێت کوردێکی باکوور و خۆرهه‌ڵات و خۆرئاوای کوردستان له ماڵ (نیشتمان)ی خۆیاندا په‌نابه‌ر و میوان بن؟ چۆن ده‌کرێت قۆڵبه‌ست بکرێن و وه‌ك چه‌پکه‌گوڵ له‌سه‌ر مێزی (اطلاعات)ی ئێران، (میت)ی تورکیه و (استخبارات)ی سوریه دابنرن؟ ده‌کرێت بزانین، به‌ته‌مان که‌تواری وێنه ڕاسته‌قینه‌کانی ده‌سه‌ڵاتی بۆرجوازی کورد، چۆن بگۆڕن و چۆن ئاراییشیان ده‌که‌ن، له کاتێکدا که مافی یه‌کسان به تاکی هاونه‌ته‌وه‌ی خۆتان ڕه‌وا نابینن و تاکه ڕۆژێك و بۆ یه‌کجاریش دژ به سه‌رکوت و تێرۆر و فرۆشتنیان و ئاودیوکردنه‌وه‌یان نه‌هاتوونه‌ته قسه و پرسیارتان له هۆکاری “بانێکه و دوو هه‌وای” نه‌ته‌وایه‌تی و مافی تاکەکانی نەتەوە نه‌کردووه؟
به ڕای من، وێنه‌ی تاکی ئازادیخوازی کورد، هه‌نووکه‌ش هه‌مان وێنه‌ی جارانه و بگره جوانتر، چونکه تاکی کورد هوشیار بووه‌ته‌وه و به‌ئاسانی کڵاوه نه‌ته‌وه‌ییه ده‌ستکرده‌کانی بۆرجوازی و ورده‌بۆرجوازی پورتوبۆڵه‌گه‌ری ناچێته سه‌ر، هه‌روه‌ك چۆن وێنه‌ی ده‌سه‌ڵاتخوازانی کوردیش هه‌مان وێنه‌ی جارانه و ته‌نیا له هۆشی نووسه‌ران و هاوبیرانیاندا گۆڕاوه، چونکه هه‌روه‌ك ئه‌وڕۆ گه‌نده‌ڵ و پێشێڵگه‌ر و سته‌مکارن، دوێنێش هه‌روا بوون، به‌ڵام ئه‌وه خۆشباوه‌ڕی نووسه‌رانه له دوێنێدا، وایلێکردوون، که هه‌نووکه‌ش ئه‌و پاشه‌ڵە بۆگەنەی بۆرجوازی کورد به شۆڕشگێریی ببینن. ئه‌گه‌ر مه‌به‌ستیان له دونیای ده‌ره‌وه و دۆستانی کورد، ئیمپریالیزم و ده‌وڵه‌ته ناوچه‌ییه‌کانن، ئه‌وا ئه‌وان به خۆیان ئه‌ندازیاری هه‌موو گه‌نده‌ڵی و سته‌مکارییه‌کن، کە چ لەلایەن داگیرگەرانه‌وه یا له‌لایه‌ن بۆرجوازی کوردەوە به‌سه‌ر تاکی کورددا هاتوون و دێن و بەردووامیش دەبن و دێنەوە.
نووسه‌ران هه‌ر له یه‌که‌م ده‌سته‌واژه‌ی پاش پێشه‌کییه‌که‌یاندا چاویلکه‌ی خه‌مخۆریی و میرزایەتی ده‌سه‌ڵاتیان له چاو کردووه و به چاوی ئه‌وەوە کورد و سته‌م له کورد و مافی نه‌ته‌وه‌یی کورد و دۆست و دوژمنی کورد ده‌خوێننه‌وه. به‌و جۆره درێژه به خۆشباوه‌ڕکردنی تاکی کورد به شۆڕشگێڕیی بۆرجوازی کورد ده‌ده‌ن و پێیانوایه بۆرجوازی ده‌توانێت به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تی مرۆیی و ناگه‌نده‌ڵ و ته‌ندروست بگرێته خۆی و ئه‌وه‌ی ئێستا له ئارادایه، له نه‌زانییه‌وه سه‌رچاوه ده‌گرێت!
ئه‌ز لێیان ده‌پرسم، گه‌نده‌ڵی کابینه‌که‌ی هێلمۆت کۆل له پێش ١٩٩٨دا و گه‌نده‌ڵی (له‌یبه‌ر پارتی) له پارساڵدا و کڕین و فرۆشتنه‌کانی پۆستی سه‌رۆککۆماری ئه‌مه‌ریکا له سه‌ره‌تای هه‌زاره‌ی سێیه‌مدا، بۆ چی ده‌گه‌رێنه‌وه؟ مه‌گه‌ر دێمۆکراتیترینی ئه‌و دێمۆکراسییه نین، که نووسه‌ران خه‌ریکن له تاکی کوردی ده‌که‌ن به به‌هه‌شت؟ مه‌گه‌ر ئه‌وان ئۆلگوی خه‌ونه‌کانی نووسه‌ران نین و خه‌ون به دێمۆکراسییه‌که‌ی بریتانیا و ئا‌ڵمانیا و ئه‌مه‌ریکاوه نابینن؟ ئه‌گه‌ر نا، با نووسه‌ران ئه‌و چاکه‌یه‌مان له‌ته‌کدا بکه‌ن و ببنه چاوساخمان و سیسته‌مێکی بۆرجوازی ناگه‌نده‌ڵ و ته‌با له‌ته‌ك مافی مرۆیی تاك و کۆمه‌ڵ بۆ ئێمه‌ی “مێگه‌ل*” لەم سەر تا ئەو سەری دونیا دەستنیشان بکه‌ن؟!
نووسه‌ران هه‌ر له سه‌ره‌تاوه، ده‌یانه‌وێت ئه‌و که‌مه مافه بنه‌ڕه‌تییانه‌ی که تاکی ئه‌وروپی و ئه‌مه‌ریکی و ئوستراڵی و که‌نه‌دی له درێژه‌ی خه‌باتی چه‌ند سه‌ده‌ییدا به قوربانی نه‌وه له دوای نه‌وه به‌ده‌ستی هێناون، بکه‌نه نیشانه‌ی جوانی دێمۆکراتی نوێنه‌رایه‌تی! ده‌کرێت بزانین، بۆ خه‌ریکه له سایه‌ی ئه‌و دێمۆکراتیییه‌دا [که ئه‌وان خه‌ریکن له ئێمه‌ی بکه‌ن به ناگه‌نده‌ڵ] ڕێکخراوه‌ی جه‌ماوه‌ری و خۆپیشاندان و مانگرتنی گشتی و هاوخه‌باتی چینایه‌تی له نێوان کرێکارانی وڵاتانی ته‌نانه‌ت ئه‌وروپای یه‌کگرتووه‌که‌شیاندا یاساخ ده‌کرێن و کرێ و پشووی ساڵانه و خانه‌نشینی و خزمه‌تگوزارییه‌کان و ئاوه‌دانکردنه‌وه و په‌روه‌رده و فێرکردن که‌م ده‌کرێنه‌وه و لە بەرامبەردا بوار بۆ قازانج و مشەخۆری و بەهرەکێشی زیاتر دەڕەخسێنن؟ ئایا ده‌کرێت پێمان بڵێن، بۆ له ئا‌ڵمانیا هێشتاکه به‌پێی یاساکه‌ی سه‌رده‌می هیتله‌ر مانگرتنی گشتی [وه‌ك مافی چین و توێژه بنده‌سته‌کان بۆ بەرگرتن لە هێرشی سەرمایەدارەکان بۆ سەر دەستکەوتەکانیان] یاساخه؟ ئه‌مه له کاتێکدا که توانا مادیی و ته‌کنۆلۆژییه‌کانی کۆمه‌ڵگه و ڕاده‌ی به‌رهه‌مهێنان له هیچ سه‌رده‌مێکدا به قه‌د ئێستا به‌رز و فراوان نه‌بوون! بۆچی له وه‌ها بارێک‌دا مرۆڤی سه‌ره‌تای هه‌زاره‌ی سێیه‌م له‌چاو نیوسه‌ده پێشووتردا تینووتر و برسیتر و نه‌خۆشتر و قوربانیتر و چه‌وساوه‌تر و بێمافتره و ڕۆژانه نوێنه‌رانی بازارئازاده‌که‌ی نیئۆلیبرالیزم له پارله‌مانه‌کان و له ڕیزی پێشه‌وەی میلیشیاکانیاندا هێرشی به‌رده‌وام ده‌که‌نه سه‌ر ده‌ستکه‌وتگه‌لێك که به خه‌بات و قوربانی دوو سه‌ده زیاتر به‌ده‌ستهاتوون؟
نووسه‌ران پێیانوایه که ئه‌رکی ڕامیار‌کاران، خه‌مخواردنه له مافی مرۆڤ و خۆشگوزه‌رانی کۆمه‌ڵگه. ئه‌مه دیوی ڕاستەقینەی مرۆڤگه‌لێكە که خه‌ڵك بە “مێگه‌ل[٢]” دادەنێن و خۆیان به ڕێنمایگه‌ری ده‌سه‌لاتداران دەزانن. به ڕاستی به‌دبه‌ختییه، که ئاوه‌زی مرۆڤ له ئاستی ده‌رکی ڕاستییه هه‌زارباربووه‌کانی مێژووی سیسته‌می سه‌رمایه‌داریدا هێنده گیرۆدە بێت. به‌ڵام هه‌روه‌ك چۆن پێموانییه، که ده‌سه‌لاتداران نه‌زان و گێل بن، هه‌رواش پێموانییه، که “که‌ڵه نووسه‌ران“ی بۆرجوازی کورد، ده‌رکی ئه‌و ڕاستییه نه‌که‌ن، که چۆن فرۆشیارێك له خه‌می مافی کڕیاره‌کانیدا نییه، چۆن تلیاکفرۆشێك له خه‌می قوربانییه‌کانی مامه‌ڵه‌که‌یدا نییه، هه‌رواش ئه‌ندامانی سه‌رکردایه‌تی پارتێك، ئه‌ندامانی پارله‌مانێك، کارگێڕانی میرییه‌ك و سه‌رانی ده‌وڵه‌تێك له خه‌می مافی مرۆیی تاکه‌کانی کۆمه‌ڵ و کۆمه‌ڵگه نین و ئه‌و ڕۆژه‌ی که بڕیاره له‌سه‌ر ڕێنوێنی نووسه‌ران، بکه‌ونه خه‌می مافی مرۆڤ و کۆمه‌ڵگه، ئەوا ئه‌و ڕۆژه‌یه، که دەسەلاتداران ویژدانیان هانیان دەدا و به ویستی خۆیان و به‌پێی خۆیان دەچنه قه‌فه‌زی دادگه‌ی خه‌ڵكی ئازاد و ویژدان دەیانهێنێته پای درکاندنی ڕێکه‌وتن و مامه‌ڵه و لیستی کاره دژه‌مرۆییه‌کانیان. ئه‌مه‌ش خه‌ونی فیله به فڕینه‌وه و بڕواناکه‌م مرۆڤێکی هوشیار و ئاوه‌زته‌ندروست و ویژدان زیندوو و به ئه‌زموون هەبێت، کە خه‌ون به که‌تواریبوونه‌وه‌ی وه‌ها ئه‌فسانه‌یه‌كه‌وه ببینێت!
… به‌راده‌یه‌ک ئه‌مڕۆ کوردستان بۆته میوانێکی به‌رده‌وامی لیستی ئه‌و وڵاتانه‌ی به‌شێوه‌یه‌کی به‌رفراوان مافی مرۆڤیان تیا پێسێل ده‌کرێت …. یه‌کێکه له‌و گۆرانه ترسناکانه‌ی تاراده‌یه‌کی زۆر په‌رده له‌سه‌ر هه‌ڵه‌و که‌موکوڕییه بنیادییه‌کانی ئه‌م سیسته‌مه سیاسی‌و کۆمه‌لایه‌تییه هه‌ڵده‌ماڵێ که له دوای ڕاپه‌ڕینه‌وه له‌کوردستاندا باڵاده‌سته. ل.١٢
نووسه‌ران له سه‌راپای مانیفێست(په‌رتووکۆکه)که‌یاندا، له هه‌وڵی یه‌ك شتدان، ئه‌وه له تاکی کورد ئاڵۆز و لێڵ بکه‌ن و بشارنەوە، که کوردستان و ئه‌فگانستان و سعودیه و کۆشکی سپی، یه‌که‌ی پێکهێنه‌ری یه‌ك سیسته‌من و شه‌قه‌زلله‌یه‌ك که پۆلیسێك له‌به‌رده‌رکی سه‌رای سلێمانی ده‌یسره‌وێنێته بناگوێی ژورنالیستێك، پێشتر به ده‌ستی جه‌نڕاڵێکی ئه‌مه‌ریکی یا بریتانی، بناگویی تاڵه‌بانی وەك سەرۆککۆماری عیراق ته‌زاندووه!
نووسه‌ران دوو ئه‌رك، که ته‌واوگه‌ری یه‌کترن، له ئه‌ستۆ ده‌گرن؛ یه‌که‌م، پاراستنی سه‌روه‌ری بۆرجوازی کورد له ڕه‌خنه و داگرتنی تاوانه‌کان تا ئاستی تاکه کارگێره‌کانی ده‌سه‌لات.
دووه‌م، پاراستی سه‌راپای سیسته‌می جیهانی سه‌رمایه‌داری و شانخاڵیکیردنی له گه‌نده‌ڵکارییه‌کانی به تاوانبارکردنی ئه‌م یا ئه‌و کابینه‌ی میرایه‌تی. ئه‌مه کڕۆکی ئه‌رك و ئایدیای نیئۆلیبرالیزم و ماسمیدیایه و له کوردستاندا ئه‌م نووسه‌ره به‌رجه‌سته‌کراوانه نوێنه‌رایه‌تی ده‌که‌ن و ڕایده‌په‌ڕێنن.
ئه‌گه‌ر که‌سێكی نه‌شاره‌زا له ئه‌ستێره‌یه‌کی تره‌وه بێت، واده‌زانێت سیسته‌می جێگیر له کوردستاندا له ده‌ریای دێمۆکراسی پارله‌مانیدا پێچه‌وانه‌ی سیسته‌مه جیهانییه‌که سه‌وڵ لێده‌دات، یا پاشماوه‌ی بلۆکی هه‌ره‌سکردووی (ڕوسیا)یە!
ئه‌وه‌ی وه‌ك به‌ره‌نجامی شکستی ڕاپه‌ڕینی ئازاری١٩٩١، ئه‌و دوو پارته سه‌ره‌کییه و به‌ره‌ی کوردستانی ده‌خاته سه‌رته‌ختی فه‌رمانڕه‌وایی، ئه‌مه‌ریکا و هاوپه‌یمانه‌کانین له جیهان و ناوچه‌که‌دا. ئه‌گه‌ر له‌ته‌ك خۆمان ڕاستگۆ بین، ئه‌وا ئه‌و دوو پارته چ به شه‌ڕ و چ به ئاشتی و چ به فیفتی– فیفتی و چ بە دوو پارله‌مانی و دوو میرایه‌تی، ته‌نیا به‌نده‌ی جێبه‌جێگه‌ر “عبدالمأمور” و ڕاپه‌ڕێنه‌ری نه‌خشه‌کانی ئه‌وانن. به‌ڵام ئه‌وه‌ی که له‌ناو کارگێرانی ناوه‌نده جیهانییه‌کاندا که‌سانێك په‌یدا ده‌بن، که هه‌ندێك ورده‌گله‌یی دەنووسنه‌وه یا ئه‌وه‌ی چه‌ند که‌سایه‌تییه‌کی فه‌رمانڕه‌وای دوێنێ له پارته‌کانیان دێنه‌ده‌ر و به‌ره‌یه‌کی به ڕواڵه‌ت– ناکۆك دروست ده‌که‌ن، کاردانه‌وه‌یه به‌رامبه‌ر به هه‌ڵچوون و خۆپیشاندانی جه‌ماوه‌ری هه‌ڵه‌بجه و که‌لار و ڕانییه و سۆران و ناوچه‌کانی تر، تەنیا بۆ ڕێگرتنه له هوشیاربوونه‌وه‌ی زیاتری خه‌ڵك!
کاتێك که ده‌نگی ناڕه‌زایه‌تی دیواری حه‌وشه‌ی ماڵان ده‌بڕێت و ده‌بێته ده‌نگدانه‌وه‌ی شه‌قامه‌کان، ئیتر فریادڕه‌سانی سیسته‌مه‌که له ناوخۆ و ده‌ره‌وه‌دا ده‌که‌ونه ئاماده‌کردنی ئه‌ڵته‌رناتیڤی گونجاو بۆ کاتی پێویست [وه‌ك پاره‌ی سپی بۆ ڕۆژی ڕه‌ش]. ئه‌و به‌رنامه‌یه، ئەو ئامانجه و ئەو به‌ره‌یه، که ئه‌م مانیفێسته‌ی بۆ نووسراوه، به‌شێکە له‌و هه‌وڵه دژه‌خونانه له به‌ره‌ی ناڕه‌زایه‌تی جه‌ماوه‌ر. گه‌نده‌ڵی و ناڕه‌زایه‌تی به‌رامبه‌ر به گه‌نده‌ڵی خۆڕسکانه له منداڵدانی سیسته‌مه جیهانییه‌که‌دا په‌روه‌رده ده‌بن. ئه‌گه‌ر واژه‌ی (بۆرجوازی) وه‌رگێڕینه سه‌ر کوردی ده‌بێته (مشه‌خۆر) و به‌بێ گه‌نده‌ڵی یا گه‌نده‌ڵخۆری، مشه‌خۆر په‌روه‌رده و گه‌وره نابێت و ناتوانێت درێژه به ژیان بدات. کاتێك که نووسه‌ران خوازیاری نایه‌کسانی یاسایی و فه‌رمین، هه‌رواش ده‌بێت و پێویستیشه خوازیاری گه‌نده‌ڵی بن، تاوه‌کو بۆرجوازی کورد ببێته خاوه‌نی 20 ملیاردلێر له شارێکی وه‌ك سلێمانیدا که بێجگه له هه‌راجخانه‌ی که‌ره‌سته ئێکسپایه‌ر و بێکه‌ڵکه‌کانی ئێران و تورکیه و سوریه و چین، هیچی دیکە نییه!
گه‌نده‌ڵی دیارده‌یه‌کی جیهانیی سیسته‌می سه‌رمایه‌دارییه و تایبه‌تمه‌ندی کوردستان و میرایه‌تی تاڵه‌بان و بازران نییه، به‌ڵكو له قیبله‌گاکانی سه‌رمایه‌داریدا له‌دایك ده‌بێت و له کوردستان و فلیپین و باشووری ئه‌فریکا و ئه‌رژه‌نتین په‌لوپۆ ده‌کات و ته‌شه‌نه ده‌کات!
بۆ خوێندنەوەی بەشەکانی تر کلیکی ئێرە بکە
په‌راوێز:
[٢]. “مێگه‌ل” یه‌کێکه له‌و داهێنانه‌ی که نووسه‌ران له ساڵانی ڕابوردوودا کردیانه شوناسی زۆرینه‌ی خه‌ڵك [نه‌خوێنده‌وار و ڕه‌شوڕوتی کۆمه‌ڵ] و ده‌روێشه‌کانیان ڕۆژی هه‌زارجار وه‌ك بنێشی هه‌ڵبزرکاوی ده‌می ئه‌وان ده‌یجونه‌وه.
Be the first to comment.