چاوپۆشینێك لە ئێستا و تراجیدیایەك بۆ سبەی/٢٠
هەژێن
سەرنجداندنێکی ڕەخنەیی له پەرتووکۆکەی “نیگایەك لە ئێستا و خەونێك بۆ سبەی”ی مه‌ریوان وریا، ئاراس فه‌تاح، به‌ختیار عه‌لی، ڕێبین هه‌ردی/ بەشی بیسته‌م
چواره‌م: پێداچوونه‌وه به ڕۆڵی حیزبداوه‌ك یه‌که‌یه‌کی سه‌ره‌کی سیاستکردن
١– حیزب چی بێت و چۆن بێت؟
حیزب ئه‌گه‌ر کۆڵه‌که‌ی هه‌ره سه‌ره‌کی ژیانی سیاسی نه‌بێت، ئه‌وا یه‌کێکه له کۆڵه‌که هه‌ره‌سه‌ره‌کییه‌کانی. به‌ڵام حیزب کاتێك ده‌بێته کۆڵه‌که‌ی سه‌رکی ژیانی سیاسی که هێزیکی چالاک‌و کاریگه‌ربێت، دونیای خۆی بناسێت‌و ئه‌و ناسینه‌ی کردبێته به‌رنامه‌و پلان بۆ وه‌ڵامدانه‌وه‌ی پێداویستی‌و قه‌یران‌و چاوه‌ڕوانییه‌کانی ئه‌و دونیایه. ل٦١
ئه‌گه‌ر سه‌رنجی ئه‌و ڕێوشوێنه که نووسه‌ران به پارتی ده‌به‌خشن، بده‌ین، ده‌بینین، که پارت ڕۆڵی که‌نیسه ده‌بینێت، که نوێنه‌رایه‌تی خوا له‌سه‌ر زه‌وی ده‌کات. چونکه به‌بێ که‌نیسه ناتوانرێت ده‌سه‌ڵاتی پاشاکان وه‌ك ده‌سه‌ڵاتی خوا، پیرۆز بکرێت. نوسه‌رانیش به‌پێی هاوکێشه‌یه‌کی له‌و جۆره و به هه‌مان پێوانه پارت ده‌که‌نه کۆڵه‌که‌ی پارستنی ده‌سه‌ڵاتی چینایه‌تی له‌ژێر پیرۆزکردنی به دێوجامه‌ی به‌رژه‌وه‌ندی نه‌ته‌وه‌یی و نوێنه‌رایه‌تی نه‌ته‌وه. به‌ڵێ پارت که‌نیسه‌یه‌که، که ئه‌ندامانی ملکه‌چی ده‌سه‌ڵاتی که‌مایه‌تییه‌ك ده‌کات و هه‌تاییبوون به ده‌سه‌ڵاتی بۆرجوازی ده‌به‌خشێت. له‌م سه‌ر تا ئه‌و سه‌ری دونیا پارت هه‌روه‌ك که‌نیسه خۆی به نوێنه‌ری ڕاسته‌قینه (خوا– نه‌ته‌وه– چین) داده‌نێت و پیرۆزی به ده‌سه‌ڵاتی که‌مایه‌تییه‌ك به‌نێوی نوێنه‌ری خوا له‌سه‌ر زه‌وی یا نه‌ته‌وه و چین له پارله‌مان و ده‌ره‌وه‌یدا ده‌به‌خشێت، به‌م جۆره له سه‌رده‌می پێش–مۆدێرن و مۆدێرن و تا پۆست–مۆدێرنیزمه‌که‌ی نووسه‌ران، ئه‌فسانه ئایینییه‌کان له ئاسمانه‌وه بۆ زه‌وی داده‌گێردرێن و پۆشاکی ژیرانی (عه‌قلانی)یان به‌به‌ردا ده‌کرێت.
بەڵام نووسەران لە دڵنیانەبوون لە هەرەسەرەکیبوونی پارت وەك کۆڵەکەی ژیانی ڕامیارییەوە بە یەکێكبوون لە کۆڵەکە هەرەسەکییەکانی ژیانی ڕامیاریی دەگەن و پاشان قسە لە کاتێك دەکەن، کە ده‌سه‌ڵات دەبێتە کۆڵەکەی سەرەکی ژیانی ڕامیاریی. مەرجیشیان بۆ ئەوە چالاک‌بوون و ناسینی دونیای خۆی و بە پلان و بەرنامەکردنی ئەو ناسینە بۆ وەڵامدانەوە بە پێداویستی و قەیران و چاوەڕوانییەکانی ئەو دونیایەیە. کامە دونیا؟
مەگەر پارتەکانی بۆرجوازی کورد، بە دیاریکراوی دەسەڵاتدارەکانیان، کۆڵەکەی سەرەکی نەك تەنیا ئەوەی نووسەران دەیخوازن، بەڵکو ماڵ و ڕەشماڵی کۆچەرەکانی کوردیش پێکناهێنن؟ مەگەر هەر ئەوەی نەکردووە، کە نووسەران دەیخوازن؛ پلانڕێژکردن و بەرنامەکردنی خودناسینی بۆ وەڵامدانەوە بە پێداویستی سیستەمی سەرمایەداری جیهانی و قەیرانەکانی و چاوەڕوانییەکانی ئەو دونیا چینایەتییە؟ ئیتر گلەییان لە چییە و پارتەکان و دەسەڵاتی بۆرجوازی کورد کامە کار و ئەرکی ڕاپەڕاندووە، کە تۆزقاڵیك لە بەرژەوەندی چینایەتی بۆرجوازی لایدابێت و لە بەرژەوەندی زۆرینەی کۆمەڵگە(زۆرینەی نابۆرجوازی)دا بووبێت و بێت؟ من لەوە دڵنیام، کە ئەگەر خودی نووسەران لە بری ئەوانەی ئێستا سەرۆك و شالیار بوونایە، بە دڵنیاییەوە ئەگەر خراپتریان نەکردایە، باشتریان نەدەکرد، لەبەرئەوەی کە ئەوانیش خوازیاری ده‌سه‌ڵات و بەرتەری و دەستەبژێریی و ناو و ناوبانگن و هیچ لارییەکیان لە دونیای چینایەتی نییە و خوازیاری “نایەکسانی یاسایی“ن، ئه‌و کۆڵه‌که‌ی سه‌ره‌کییه که سیسته‌مه‌که‌ی ڕاگرتووه؟
سه‌ره‌ڕای ئه‌مانه حیزب ده‌بێت ببێته ئه‌و ئه‌ڵقه‌یه‌کی له‌ڕێگایه‌وه هاوڵاتییان به حکومه‌ته‌وه گرێده‌دات، ل٦٢
هه‌رچه‌نده نووسه‌ران له‌و ده‌ربڕینه‌دا ئامانجێکی تریان هه‌یه، کە خۆشباوەڕترکردنی هەرچی زیاتری تاکەکان “هاووڵاتییان” و کەمکردنەوەی ناڕەزایەتییە بەرامبەر دەسەڵات لە ڕێگەی پارتییکردنی خەڵکەوە. به‌لام ئه‌مه‌یان ڕاستگۆیانه‌ترین دانپێدانانه به ڕۆڵی دێماگۆگیانه‌ی پارتدا، که له فریودانی خه‌ڵك له ژێر نێوی “نه‌ته‌وه“، “نیشتمان“، “ئایین” و “چینی کرێکار“دا، تاکه‌کان به‌وه خۆشباوه‌ڕ ده‌کات که ده‌سه‌ڵاتی ڕێکخراوی ده‌وڵه‌ت و میری بریتییه له ویست و خواستی ئه‌وان. به واتایه‌کی دیکه پارت ئه‌و دێوجامه‌یه، که به‌هۆیه‌وه تاکه‌کان بۆ ده‌سه‌ڵاتی چینایه‌تی که‌مایه‌تییه‌ك به (ڕامیاری) بۆرجوازی (ڕام) ده‌کات. پارت هەر ئەوەیە و پارتە بۆرجوازییەکانی کوردیش هەر ئەوەیان کردووە و ئەگەر نووسەران هێشتا گلەییان لەوە هەیە، دەبێت ئێمەی ژێردەست سوپاسگوزار بین بەوەی نووسەران داخوازییان هەیەو هانا بۆ دروستکردنی پارتی نابەن و بەو جۆرە مشەخۆرێکی دیکه و تاڵانچییەکی دیکه قوت ناکه‌نەوە!
حیزب له کوردستاندا نوێنه‌ری کۆمه‌ڵگا نییه، به‌ڵکو سه‌روه‌ری کۆمه‌ڵگایه، به‌ناوی ئه‌وه‌وه قسه ده‌کات، ل٦٣
ئیتر لێره‌وه دانپێدانانه‌که‌ی نووسه‌ران به ڕۆڵی له‌یه‌ك ماره‌گه‌رانه‌ی پارت (ماره‌کردنی چین و توێژه بنده‌سته‌کانی کۆمه‌ڵگه له ده‌سه‌ڵاتی که‌مایه‌تی سه‌روه‌ر) به‌ره‌و چێ‌کردنی دوورگه‌ی “واق واق“ له هۆشمه‌ندی تاكدا ملده‌نێت. ئه‌وان ده‌خوازن به بنده‌ستانی کوردستان بڵێن، له شوێنێکی دیکه هه‌ر له سایه‌ی سیسته‌می سه‌رمایه‌داریدا پارت هه‌یه، که نوێنه‌ری سه‌راپای کۆمه‌ڵگه‌یه و کاتێك که به کورسییه‌کانی ده‌سه‌ڵات ده‌گات، نابێته سه‌روه‌ر، به‌ڵکو ده‌بێته خزمه‌تکاری کۆمه‌ڵگه و وەك پارته خه‌وناوییه‌که‌ی نووسه‌ران به‌نێوی کۆمه‌ڵگه‌وه قسه ناکات! ئایا سه‌یروسه‌مه‌ره‌ی وا له دونیای که‌تواریدا بوونی هه‌یه؟
من لە خوێنەری هێژا دەپرسم، ئایا ئێوە لەم سەر تا ئەو سەری دونیا، لە پارتی لیبراڵەوە تا کۆنەپارێز، لە کۆمونیستەوە تا ئیسلامی، پارتێك شك دەبەن کە سەروەر نه‌بێت/ نەبووبێت و خزمەتگەری کۆمەڵگە بێت/ بووبێت؟ ئەی قسەگەرانی نیئۆلیبرالیزم ئەم سەرسووڕهێنەرە کەسنەدیتووەیان لە کوێ دۆزیوەتەوە، کەوا ئێمەی “مێگەل” لێی نائاگاین؟
کۆمه‌ڵگای ئێمه به‌ر له هه‌ر هه‌ره‌سێکی گه‌وره، پێویستی به‌وه‌یه زۆر به خێرایی له‌م دیکتاتۆرییه‌تی حیزبیه ده‌رچێت، چونکه ئه‌م دیکتاتۆرییه‌ته ڕووبه‌ڕووی به‌ره‌نگارییه کۆمه‌ڵایه‌تی‌و ئه‌خڵاقی ئیجگار گه‌وره ده‌بێته‌وه‌و حیزب خۆشی ده‌بێته یه‌کێک له قوربانییه گه‌وره‌کانی. ل٦٣
له‌وێوه که نووسه‌ران هه‌ر له سه‌ره‌تاوه ده‌که‌ونه هه‌وڵی په‌رده‌پۆشکردنی هۆکاری سه‌ره‌کی نایه‌کسانی و نادادوه‌ری کۆمه‌ڵایه‌تی، ئه‌وه‌ش ده‌که‌نه پێپلیکانه‌ی سه‌رکه‌وتن به‌ره‌و ئه‌نجامدانی کاری دواتر، که خۆشباوه‌ڕکردنی خه‌ڵکه به ده‌سه‌ڵاتی باش و دواجار گه‌ییشتن به ده‌سه‌ڵاتی باشیش پێویستی به کۆکردنه‌وه‌ی هه‌مووانه له ده‌وری ده‌سته‌بژێرێکی ژیر و خوێنده‌وار، که ئامرازێکی پێویسته و ئه‌و ئامرازه‌ش تا هه‌نووکه له پاش که‌مڕه‌نگبوونه‌وه‌ی ڕۆڵی په‌ره‌ستگه‌کان و کۆنبوونی پۆشاکی پیاوخوادیی ده‌سه‌ڵاتداران، ته‌نیا توانیویه‌تی پارتێکی ڕامیار بێت و به ڕاست و چه‌پی پارته‌وه چه‌ند سه‌ده‌یه له پاش هه‌ر بازدانێکی تاك به‌ره‌و هوشیاربوونه‌وه و ده‌ربازبوون له داوه‌کانی ئه‌ندامه‌تی پارت، دەستەبژێرەکانی سەرووی پارت، خه‌ونی پارتێکی تری سه‌روو هه‌ڵه ده‌که‌نه تۆری گێڕانه‌وه و ڕاوکردنی تاکه یاخیبووه‌کان. پاش ئه‌وه‌ی که ده‌ستی ڕامیاران و سه‌رانی پارت ده‌رده‌که‌وێت، ئیتر ڕۆڵی نووسه‌ران و ڕۆشنبیرانی ورده‌گیر ده‌رده‌که‌وێت و خۆشباوه‌ڕکردنی تاك به‌وه‌ی که ده‌سه‌ڵات ده‌توانێت باش بێت و پارت ده‌کرێت نوێنه‌ری به‌رژه‌وه‌ندی کۆمه‌ڵگه و کۆڵه‌که‌ی سه‌ره‌کی ژیان بێت، دەبێتە ئەرکی سەرەکییان!
ئه‌گه‌ر ئه‌مه پڕوپاگه‌نده‌ی ورده‌بۆرجوازی ده‌سه‌ڵاتخواز و هاوخوانی ده‌سه‌ڵاتداران نه‌بیت، ئه‌وا تێنه‌گه‌ییشتن و که‌چبینینی ڕووی ڕاسته‌قینه‌ی ده‌سه‌ڵات و ڕۆڵی پارته له کۆپیکردنه‌وه و کۆمه‌ڵایه‌تیکردنه‌وه‌ی سه‌روه‌ریدا. به‌ڵام نووسه‌ران زۆر باش بۆ ئه‌وه چوون، که ئه‌وه توانای جادووگه‌رانه‌ی پارته توانیویه‌تی وه‌ك په‌رستگه‌کان تاك ملکه‌چی میرایه‌تی که‌سانێکی دیکه بکات.
نووسه‌ران وه‌ك خه‌مخۆری پارت دێن و سه‌رانی پارت ئاگادار ده‌که‌نه‌وه، ها ئه‌گه‌ر دیکتاتۆری پارته‌کان نه‌که‌نه دیکتاتۆری میری، ئه‌وا به‌م زووانه جامی ڕقی خه‌ڵکی پڕده‌بێت و به‌ره‌نگاری کۆمه‌ڵایه‌تی ڕووبه‌ڕووتان ده‌بێته‌وه و به‌خۆشتان ده‌بنه قوربانی “قوربانی!!!“. به‌ڵام ئه‌گه‌ر ده‌ستێك به ئاراییشی ڕێکخستن و چۆنیه‌تی به‌ڕێوه‌بردنی کۆمه‌ڵگه و جڵه‌و بۆ که‌سانی دیکه شل بکه‌نه‌وه، به‌دڵنیاییه‌وه ده‌توانن بۆ سه‌رده‌مێکی دوورودرێژتر قوربانییه‌کانی ڕۆڵی پارت و سه‌روه‌رمانه‌وه‌ی چینێك، که پارت ئامرازی له ده‌سه‌ڵاتمانه‌وه‌یدایه، کۆیله و ناهوشیار ڕابگرن.
مەگەر هەر ئەو هۆیە نییە، کە خه‌مخۆری نووسه‌ران بۆ پاراستنی پارته‌کان له مردن، ناچار به ئامۆژگاریکردنی ئه‌وانه‌یان ده‌کات، که زۆر جار به دێوه‌زمه نێویان بردوون؟
٢– حیزبه بچووکه‌کان له نێوان لاڵ بوونی سیاسی و بێخه‌ونی‌و بێپڕۆژه‌یی کۆمه‌ڵایه‌تیدا ل٦٤
لێره‌دا ناگه‌ڕێمه‌وه سه‌ر لێدوان له‌سه‌ر ئۆپۆزسیۆنبوونی پارت و لایه‌نه‌کانی تر، یا قۆرخکردنی مه‌یدانه‌که ته‌نیا بۆ دوو پارت. چونکه له نزیکه‌ی ته‌واوی دونیادا هه‌روایه، که هێزه گه‌وره‌کان، هێزه گچکه‌کان که‌ناره‌گیر ده‌که‌ن. له ئه‌مه‌ریکاش هه‌روایه و کۆماری و دێمۆکرات وه‌ك (ینک) و (پ‌د‌ک) پارله‌مان و میرایه‌تی قۆرخ ده‌که‌ن. هاوکات ئه‌وه دوو هۆکارن، که لایه‌ن یا پارته گچکه‌کان ده‌هێننه مه‌یدان:
یه‌که‌م، خۆشباوه‌ڕی تاکی ده‌نگه‌ده‌ر به‌وه‌ی ئه‌و گچکانه ده‌توانن باشتربن، ئه‌وه‌ی که نووسه‌ران خه‌ریکن باڵیکی جیاوه‌بوو (کۆمپانیای وشه) له پارتی دایك (ینک) بکه‌نه ئۆپۆزسیۆن و خه‌ڵکی پێ خۆشباوه‌ڕ بکه‌ن.
دووه‌م، هه‌ڵکه‌وت و پێداویستی ڕامیاریی و ئابووریی سیسته‌مه جیهانییه‌که له ناوچه‌که‌دا، که تا هه‌نووکه ڕووبه‌ڕووی مه‌ترسییه‌کی وه‌ها نه‌بووه‌ته‌وه، تاوه‌کو ناچار به ڕۆڵبه‌خشین به‌و پارتانه بێت. ئه‌گه‌رچی له ناوچه‌یه‌کی بچووك یا شارێکدا ئه‌مه ڕوویدا یا ڕوو دەدات، به‌ڵام به‌گشتی هێشتا مه‌ترسی خنكێنه‌ر سه‌ریهه‌ڵنه‌داوه. بۆ نموونه ئه‌گه‌ر له عیراقدا کرێکارانی نه‌وت سه‌ربه‌خۆ خۆیان ڕێكبخه‌ن و وه‌ك ئه‌ڵته‌رناتیڤی خۆته‌قاندنه‌وه‌ی ئیسلامییه‌کان، مانگرتنی گشتی و کت‌وپڕ و درێژماوه و سه‌رتاسه‌ری ڕابگه‌یێنن، ئه‌گه‌ر ڕیزی یه‌کگرتووی جوتیاران و خوێندکاران و فه‌رمانبه‌ران و خانه‌نشینان و که‌مئه‌ندامان و ئاواره‌کان له بزاڤه کۆمه‌ڵایه‌تییه سه‌ربه‌خۆکاندا ڕۆژانه شه‌قامی شاره‌کان داگیر بکه‌ن، ئه‌وا هه‌م پارته ده‌سه‌ڵاتداره‌کان ده‌که‌ونه خۆ و ده‌ست له هه‌ندێك شت هه‌ڵده‌گرن و هه‌م پارته گچکه‌کانیش ده‌که‌ونه خۆ و هه‌م کۆمپانییه جیهانلووشه‌کان و سه‌رله‌شکره‌کانی داگیرگه‌ر ناچار به کشانه‌وه ده‌بن و هه‌م ده‌سته تێرۆریسته ئیسلامییه‌کان و ده‌وڵه‌تییه‌کان ناچار به گرتنه‌به‌ری شێوازی دیکه ده‌بن، به واتایه‌کی دیکه له‌وانه‌یه باشترین نموونه ئه‌وه بێت، که پرسیار له خودی نووسه‌ران بکرێت؛ بۆچ له (١٠ ، ١٢ ، ١٤ ، ١٦ ، ١٨) ساڵی ڕابوردوودا ئێوه ئاوه‌زتان به داڕشتنی وه‌ها مانیفێستێك نه‌شکا؟ وه‌ڵامه‌که‌ش زۆر ئاشکرایه، چونکه ده‌سه‌ڵات به‌قه‌د ئێستا له مه‌ترسی هه‌ڵگه‌ڕانه‌وه‌ی خه‌ڵکیدا نه‌بوو و مه‌ترسی بێنرخبوونی پارت و نه‌ته‌وه‌په‌رستی له ساڵانی ڕابوردوودا وه‌ك ئێستا نه‌بوو. به‌ڵام هه‌موو ئه‌م هه‌وڵه بێژنگییانه ناتوانن به‌ری خۆری هۆشیاربوونەوەی تاکی کورد بگرن، له ئه‌وروپا و ئه‌مه‌ریکا و ئوسترالیا له دڵی دێمۆکراسییه بۆرجوازییه‌که‌ی نووسه‌راندا، وێڕای ئه‌و ڕیفۆرمه خواستراوه‌ی ئه‌وان، که‌چی ڕۆژ به‌ڕۆژ ژماره‌ی نائومێدان له پارت و به‌ئاگاهاتووان له چینایه‌تیبوونی ده‌سه‌ڵات و نۆکه‌ری یاسا و سه‌روه‌ری بۆ سه‌رمایه له زیادبووندایه و ڕیزی ده‌نگده‌ران له کورتبوونه‌وه‌دایه!
دووباره بنیاتنانه‌وه‌ی چه‌مکی “ئۆپۆزسیۆن بوون” له‌ناو سیاسه‌تدا، به مانای بوونی ئیراده‌ی گۆڕانی ڕیشه‌یی‌و رێکخراوو به‌رنامه‌کاری مۆدێرن‌و دیموکراسی‌و خه‌ونی بنیاتنانی کۆمه‌ڵگایه‌کی دادپه‌روه‌رانه. ل ٦٨
ئه‌گه‌ر واز له واژه‌کانی ویستی گۆڕانی ڕیشه‌یی و بنیاتنانی کۆمه‌ڵگه‌ی دادپه‌روه‌ر بهێنین، کە بێجگە لە دێوجامەیەك بۆ شاردنەوەی خواستەکانی وردەبورجوازی بۆ ڕیفۆرم و بەشداری ده‌سه‌ڵات شتێکی دیکە نین، ئه‌وا ئه‌وه‌نده به‌سه بڵێین، ئه‌گه‌ر بێده‌نگی چین و توێژه کۆمه‌ڵایه‌تییه بنده‌سته‌کان، به چۆڵه‌وانی بچوێنین، ئه‌وا ده‌سه‌ڵاتی جێگیر بۆ فڕین و خۆڕزگارکردن پێویستی به باڵگرتن نییه. به‌ڵام کاتێك که تاکه‌کانی کۆمه‌ڵگه له خه‌و و بێده‌نگی ڕاده‌چله‌کێن، ئیتر پارته ده‌سه‌ڵاتداره‌کان پێویستیان به فڕینه بۆ شوێنیك، که ده‌ستی توڕه‌یی جه‌ماوه‌رییان پێ نه‌گات، بۆ ئه‌وه‌ش باڵده‌رکردن پێویسته و ئۆپۆزسیۆن باڵی دووه‌می ئه‌و داڵه‌که‌رخۆره‌یه، که ١٨ ساڵه له‌سه‌ر خوان و ژیانی خه‌ڵکی ده‌له‌وه‌ڕێت. ئۆپۆزسیۆن و ڕۆڵپه‌یداکردنی به‌چکه پارته‌کان له‌وه‌دایه و بۆ ئه‌وه سه‌رهه‌ڵده‌دات، که سواری شه‌پۆلی ناڕه‌زایه‌تی خه‌ڵك ببێت و له خشته‌ی به‌رێت، هه‌روه‌ك لیستی کۆمپانیای وشه به هه‌ڵگرتنی نێوی “گؤران” پێیهه‌ستا، که به‌رنامه‌نووسه‌کانی ڕۆشنبیرانی له جۆری نووسه‌رانی “نیگایه‌ك له ئێستا و خه‌ونێك بۆ سبه‌ی“ن و ئه‌م نامیلکه‌یه‌ش هه‌ر بۆ ئه‌و مه‌به‌سته نووسراوه.
ئەزموونەکانی مێژوو ئەوەمان نیشان دەدەن، کە ده‌سه‌ڵاتداران لە هەموو قۆناخەکانی سەروەری و سیستەمەکانیدا، بە ئاگر و ئاسن و زیندان و سێدارە هەوڵیانداوە و دەدەن بەر بە ویستی گۆڕانی ڕیشەیی، کە هەڵگێڕانەوەی کۆمەڵگەی چینایەتییە، بگرن. هەروەها کۆمەڵگەی دادپەروەر تەنیا کاتێك بوونی دەبێت یا دەەبێتە کەتوار، کە لە سەرووی ئەندامانی کۆمەڵگەوە کەس سەروەر نەبێت و شتێك بەنێوی دەوڵەت و بەرژەوەندی نەتەوەیی و خوا و نیشتمان نەبێت. کاتێك کە هەمووان ئازاد و هەمووان یەکسان و هەمووان بەهرەمەند لە دادپەروەری کۆمەڵایەتی، دادپەروەرییەك، کە مێژوو سەلماندوویەتی بەبێ ئازادی یەکجاری لە بەڕێوەبەرایەتی چینایەتی و یەکسانی هەموو ئەندامانی کۆمەڵگە لە ماف و ئەرك و بەرهەم و داهات و سامانی کۆمەلگە، بوونی ئەستەمە. ئاڵوگۆڕێکی ڕیشه‌یی ئاوا، پێویستی به شۆڕشی کۆمه‌لایه‌تی هه‌یه‌و شۆڕشی کۆمه‌ڵایه‌تیش به‌بێ لێدان له پایه ئابوورییه‌کانی ده‌سته‌مۆیی و نایه‌کسانی و نادادوه‌ری کۆمه‌ڵایه‌تی و له‌ناوبردنی پێکهاته‌ی سه‌روه‌ری چینایه‌تی له گشت شێوه‌کانیدا، خێزانی –خێڵه‌کی – پارتیی – ده‌وڵه‌تی، هاتنه دی و مه‌یسه‌ربوونی ئه‌سته‌مه! ئایا گۆڕینی فڵانه سه‌رتیپ به فڵانه ئه‌کادێمیست، گۆڕینی پ‌د‌ک به کۆمپانیای وشه، مه‌لا به قه‌شه، پۆلیس به پێشمه‌رگه، عه‌گال به جامه‌دانی، گۆڕانی ڕیشه‌یی دروست ده‌کات؟
بۆ خوێندنەوەی بەشەکانی تر کلیکی ئێرە بکە
٦٤
Be the first to comment.