سڵاو ئازیزانم لە مەیدانی ئازادی
دەسەڵات بە زۆر سەپاوە و تەنیا بە زۆریش لەناو دەبرێت. بەڵام دەبێت ئەوە لەلامان ڕۆشن بێت، کە زۆر تەنیا تەقە و زیندان نییە، بەڵکو پێش هەموو شت کارایی ئابووری و ڕەهەندی کۆمەڵایەتیبوونەوەی زۆرە وەك پێداویستی پاراستنی کۆمەڵگەی نایەکسان. بۆیە زۆری جەماوەر ناتوانێت گارەگاری ئەندامپارلەمانەکانی لیستی-گۆڕان و تەقاندنەوەی چەند نارنجۆکێك بێت، بەڵکو لێدانە لە شادەماری زۆری دەسەڵات، کە ئابوورییە، ئەمەش مانگرتنی گشتی و خەباتی ئابووریی دەخوازێت، هەروا ڕێکخستنەوەی کۆمەڵگە لە ڕێکخراوەی ئازاد و سەربەخۆی جەماوەریی چین و توێژەکانیدا، کە ڕەهەندی کۆمەڵایەتیی دەسەڵات و زۆر لاواز و پوچەڵ دەکاتەوە. بۆیە تەنیا بە زۆری خەباتی ئابووریی و تێکشکاندنی کۆمەڵایەتیبوونی دەسەڵات، دەتوانین کۆتایی بە زۆرداری و ملکەچیی و نایەکسانی و ناداپەروەری بهینین..
وا یەکی ئایار بەرێوەیە و ڕۆڵی مانگرتنی سەرتاسەری جەماوەری و مانگرتنی کرێکاران یەکلاگەرەوەیە، شێوازێك لە خەبات، کە هیچ هێزێكی سەربازیی و پۆلیسی ناتوانێت بەری پێبگرێت…
جارێکی دیکە دەستتان دەگوشم و مێژووی راستەقینەی ئەم ڕۆژانە، هەنگاوە پەیگیرانەکانی ئێوە دەینووسنەوە…
Be the first to comment.