نه دیموکراته‌کان، نه دیکتاتۆره‌کان، به‌ڵکو ئه‌نارکیسته‌کان
ئێریکۆ مالا‌تێستا
ئه‌پریلی 1926
و. له‌عه‌ره‌بیه‌وه:سه‌لام عارف
له ڕووی تیۆرییه‌وه ، دیموکراتیه‌ت واته میرایه‌تی گه‌ل، میرایه‌تی گشتی له به‌رژه‌وه‌ندی گشت تاکه‌کان له ڕێگه‌ی تێکۆشانی هه‌مووانه‌وه. له دیموکراتیه‌تدا پێویسته گه‌ل بتوانێت، چی ده‌وێت، بیڵێت و بتوانێت ئه‌وکه‌سانه دیاری بکات، که حه‌ز و ئاره‌زووه‌کانی جێبه‌جێ ده‌که‌ن. هه‌روا بتوانێت چاودێری کاروبار و هه‌ڵسوکه‌وتیان بکات و له کاتی پێویستیشدا به جۆرێکی ئاسایی لایان ببات، هه‌موو ئه‌و تاکانه، که گه‌لیان لێ پێک دێت، ده‌بێت بتوانن بیروڕا ده‌رباره‌ی ئه‌و پرس و بابه‌تانه که له لایان گرنگن، گه‌ڵاڵه بکه‌ن و بتوانن ده‌ریان ببڕن، واته له‌ڕوی ڕامیاری و ئابوورییه‌وه سه‌ربه‌ست بن و هیچ زیندوویه‌ک نه‌توانێت به ملکه‌چی و کڕنوشبردن بۆ که‌سانی تر ناچاریان بکات.
گه‌ر چینه‌کان و تاکه‌کان له هۆیه‌کانی به‌رهه‌مهێنان بێبه‌شبوون و ناچاربون بۆ ژیان پشت به‌که‌سانی تر، ئه‌وانه‌ی هۆیه‌کانی به‌رهه‌مهێنانیان داگیرکردوه، ببه‌ستن، ئه‌وا ئه‌وه‌ی پێی ده‌وترێت رژێمی دیموکراتی له درۆ زیاتر هیچی تر نییه و بۆ هه‌ڵخه‌ڵه‌تاندنی جه‌ماوه‌ر و به ملکه‌چی هێشتنه‌وه‌ی له روخسارێکی به‌ڕێزدا به‌سوده، که له ڕاستیدا فه‌رمانڕه‌وایی چینی خاوه‌ن ئیمتیاز و ده‌سه‌ڵاتداری پێ ڕزگار ده‌کرێت، دیموکراتیه‌ت وه‌هایه و به‌رده‌وام له پێکهاته‌ی سه‌رمایه‌داریشدا هه‌روا بووه. جا ئیتر چ شێوه‌یه‌کی وه‌رگرتبێت هه‌ر له پاشایه‌تی ده‌ستورییه‌وه تا ده‌گات به‌وه‌ی که ناوی فه‌رمانڕه‌وایی راسته‌وخۆی لێنراوه، بوونی دیموکراسی، میرایه‌تی گه‌ل له‌و جۆره که باسمان کرد، ئه‌سته‌مه له ڕژێمی سۆسیالیستی‌دا نه‌بێت، ئه‌و کاته‌ی هۆییه‌کانی به‌رهه‌مهێنان و ژیانی کۆمه‌کی مافی هه‌موو تاکێک له ده‌ستوه‌ردانی کارگێڕیی کاروباری گشتییه‌وه به‌و مه‌رجه‌ی سه‌ربه‌خۆیی ئابووری هه‌موو تاکێک دابین بێت، له بارێکی ئاوادا رژێمی دیموکراتی باشترینه بۆدابینکردنی دادپه‌روه‌ری و گونجاندنی سه‌ربه‌خۆیی تاک له‌ته‌ك پێویستییه‌کانی ژیان له گۆمه‌ڵگه‌دا، وا ده‌ستی پێکردوه به‌روونی و ئاشکرایی لای ئه‌و که‌سانه که له قۆناغی مه‌له‌کییه ڕه‌هاکاندا جه‌نگاون، که ژیانێکی سه‌ختیان به‌سه‌ربردوه و له پێناوی ئازادی‌دا مردون، به‌ڵام گه‌ر سه‌یری شته‌کان خۆیان بکه‌ین، که له که‌تواردا چۆنن، بۆمان ده‌رده‌که‌وێت که “میری گه‌ل” بوونی نه‌بووه و نییه. تاکه‌کان که گه‌ل پێکده‌هێنن هه‌ر یه‌که‌یان بیروڕا و حه‌ز و ئاره‌زووی جیاوازیان هه‌یه، هه‌ر له‌به‌ر ئه‌وه، گریمان دانه‌یه‌ك ”میری گه‌ل”یش هه‌یه، ئه‌و میرییه له ئه‌وپه‌ری باشیدا میری زۆرینه‌یه و به‌س له‌مه‌دا دیموکراته‌کان جا سۆسیالیست بن یا نا له‌ته‌كمان هاوبیرن. به‌ڵام ئه‌وه زیاد ده‌که‌ن و ده‌ڵێن ئه‌وه راسته، مرۆڤ ده‌بێت رێزی مافی که‌مینه‌کان بگرێت، له‌به‌ر ئه‌وه‌ی که زۆرینه بڕیار ده‌دات، ئه‌و مافانه کامانه‌ن،سه‌ره‌نجام که‌مینه‌کان ته‌نیا مافی ئه‌وه‌یان هه‌یه، ئه‌وه بکه‌ن، که زۆرینه ڕێگه‌ی پێداون، ئه‌و کاته به‌رگری که‌مینه، ئه‌و به‌رگریه‌یه، که ناسراو و خوی باوه، ده‌بێته تاکه ته‌وقه له‌سه‌ر کارگێڕیی زۆرینه، ئه‌مه‌ش ئه‌وه ده‌گه‌یه‌نێت، که هێشتا ململانێیه‌کی کۆمه‌ڵایه‌تی له ئارادایه و تیایدا هه‌ندێک گه‌رچی زۆرینه‌شن، ده‌توانن ویستی خۆیان به‌سه‌ر ئه‌وانی تردا بسه‌پێنن و تواناکانی هه‌مووان به‌کاربهێنن و بۆ مه‌به‌سته‌کانی خۆیان سوودیان لێ ده‌گرن. من لێره‌دا که‌مێک له بابه‌ته‌که ده‌ر ده‌چم، بۆ ئه‌وه‌ی به لۆجیکێک که ڕوداوه ڕابوردووه‌کان و ڕوداوه‌کانی ئێستا پشتگیری ده‌که‌ن و ده‌یسه‌لمێنن، ئه‌ویش ئه‌وه‌یه که تا میری به واتایه‌کی تر تا ده‌سه‌ڵاتێک هه‌بێت، ئه‌گه‌ر چی ئه‌و ده‌سه‌ڵاته‌ش به ده‌ست زۆرینه‌شه‌وه بێت، هه‌موو دیموکراتییه‌کان ته‌نیا ده‌سه‌ڵاتێکی “ ئۆلیگاریشی”ن واته میری ده‌سه‌ڵاتی که‌مینه‌یه. له‌به‌ر ئه‌م وتاره وای به‌باش ده‌زانم، ببمه لایه‌نگیری دیموکراته‌کان و وای دابنێم به راستی میرییه‌کی زۆرینه‌یی راسته‌قینه هه‌یه و ڕاستگۆیه، واته میرییه‌کی ڕه‌وا هه‌یه و مافی ئه‌وه‌ی هه‌یه، یاساکان دابنێت و به‌سه‌ر هه‌موکه‌سێکدا به‌هێز بیان سه‌پێنێت، به‌بێ هێزی پۆلیس، هیچ میرییه‌ک بوونی نییه، جا باشه له وه‌ها بارێک‌دا کۆمه‌ڵگه ده‌توانێت به سه‌لامه‌تی پێش بکه‌وێت، ده‌توانێت خۆی بگونجێنێت، هێدی هێدی خۆی له‌ته‌ك ئه‌و بارودۆخه که به‌بێ وچان له گۆڕاندایه بگونجێنێت. گه‌ر زۆرینه‌یه‌ک ماف و ئامرازی ئه‌وه‌ی پێ بوو، ویستی خۆی به هێز به‌سه‌ر که‌مینه‌ه‌کاندا بسه‌پێنێت، ئه‌وا ئه‌و کاته پێناسه‌ی ئه‌و زۆرینه‌یه له هزر و کرداردا ده‌بێته کۆنه‌پارێز، دژه نوێ، گه‌لحۆ و نه‌زان، له هه‌مان کاتدا چاوچنۆک، له‌رزۆک به هه‌موو خورپه‌یه‌ک، سانا له‌ده‌مارگیریدا، دروستکه‌ری مه‌ترسی نه‌فامانه.
گه‌ر بێت و بیروبۆچونێک لای که‌سێکه‌وه یا چه‌ند که‌سێکه‌وه بێ و ئاوه‌زپه‌سه‌ند بێت و هێزی ژیانی تیادا بێت، زۆرینه ده‌یقۆزێته‌وه و پاشان به هزر له‌به‌ر ڕۆشنایی گۆڕانه‌کاندا مامه‌له‌ی له‌ته‌ك ده‌کات، تا له‌ته‌ك دوباره‌کردنه‌وه‌یدا به به‌رده‌وامی تاوای لێ ده‌کات، گیانه‌که‌ی ده‌مرێنێت و پوچه‌ڵی ده‌کات، جا ئه‌مه ئه‌و واتایه ده‌گه‌یه‌نێت، که ئێمه میری که‌مینه ده‌خوازین، بێگومان نه‌خێر. گه‌ر سته‌می زۆرینه، که‌مینه بتۆقێنێت و ئازاری بدات و ببێته به‌ربه‌ستی پێشکه‌وتن، ده‌بێته مایه‌ی وروژاندنی رکوکینه‌ی که‌مینه‌کان و به‌رهه‌ڵستکه‌ران، ته‌نیا له‌به‌ر ئه‌وه‌ی کارێکی سه‌پێنراوه. ده‌بێت ئه‌وه‌مان له‌بیر نه‌چێت، که که‌مینه‌کان هه‌مه‌جۆرن، که‌مینه هه‌ن خۆپه‌رست و دڕنده و شه‌ڕانین، هه‌ن ده‌مارگیرن و وا ده‌زانن ڕاستی ڕه‌ها هه‌ر لای ئه‌وان ده‌سده‌که‌وێ، ئه‌وه‌ش له‌وێوه سه‌رچاوه ده‌گرێت، كه بڕوای ته‌واویان هه‌یه و ده‌یانه‌وێت به‌سه‌ر هه‌مواندا بیسه‌پێنن، له‌به‌ر ئه‌وه‌ی ئه‌وه به تاکه ڕێگه‌ی ڕزگاربوون ده‌زانن، گه‌رچی ئه‌وه‌ش بێسه‌نگه. که‌مینه هه‌ن کۆنه‌په‌رستن و ده‌یانه‌وێت چرکه‌ژمێری کاتژمێر بۆ دواوه بگه‌ڕێننه‌وه. ئه‌مانه جه‌منین و پارچه پارچه‌ن و له‌سه‌ر ڕێباز و سنووره‌کانی کۆنه‌په‌رستی ڕێک ناکه‌ون. هه‌روا که‌مینه تریش هه‌ن، شۆڕشگێڕن ئه‌مانه‌ش که‌رت که‌رتن و له‌سه‌ر ئامرازه‌کان و ئامانجه‌کانی شۆرش و ئه‌و ئاڕاسته که پێویسته پێشکه‌وتنی کۆمه‌ڵایه‌تی بیگرێته به‌ر، پێکه‌وه نایانکرێت. جا کام که‌مینه سه‌روه‌ربێت بێگومان ئه‌وه که خاوه‌نی هێز و کاری هه‌ڵخه‌ڵه‌تانده، ئه‌وه‌ی که بۆ خزمه‌تکردنی گشتی، سه‌رکه‌وتن له ڕیزی پێشه‌وه داده‌نێت، ئه‌وانه‌ی ده‌سه‌ڵاتخوازن و هه‌موو خاسیه‌تێکیان تیایه؛ ئه‌و ده‌سه‌ڵاتخوازانه که‌وا عه‌وداڵی وه‌رگرتنی ده‌سه‌ڵاتن، پێویستیان به هه‌موو خاسیه‌ت و تایبه‌تمه‌ندیه‌کانه. بێگومان ئه‌و خاسیه‌ت و تایبه‌تمه‌ندییانه نه‌بێت، که له دنیادا ده‌بنه مایه‌ی دابینکردنی دادپه‌روه‌ری و خێری گشتی. ده‌بێت ئه‌و که‌مینه‌انه‌ی تریش بخه‌مه خانه‌ی گومان و ئه‌گه‌ره‌کانه‌وه. گه‌ر من که‌مینه‌یه‌کم په‌سه‌ند و له لا باش بێت، هه‌ڵبه‌ت له‌به‌ر بیروبۆچوون و پێشنیاره‌کانیه‌تی، له‌وانه بۆ نموونه سۆسیالیسته‌کان هه‌تا ئه‌نارکییه‌کان، پرسی گرنگ ده‌سه‌ڵات وه‌رگرتن نییه، له‌و گرنگتر ئه‌وه‌یه، چۆ پارێزگاری ده‌کرێت و له ده‌ست نادرێت، له بارێکی وه‌هادا گرنگیپێدانێکی هاوبه‌شی تازه به کاروباری گشتی دروست ده‌بێت، که خۆی له خۆیدا په‌یوه‌ندیه‌ک له‌ته‌ك ئه‌وانه که میرییان به‌ده‌سته‌وه‌یه دروست ده‌کات، واته چینی تازه‌ی خاوه‌ن ئیمتیاز که کاری بۆته داپڵۆسینی هه‌موو به‌رگریه‌ک و به‌رهه‌ڵستکه‌ر به هه‌موو شێواز و ئامرازێک، به‌ناوی پارێزگاری په‌رژه‌وه‌ندییه‌کانی هه‌مووانه‌وه، که کارێک له‌و جۆره له سه‌ر ئازادی زۆر ده‌که‌وێت و ئازادی زه‌وت ده‌کات و ده‌یپڵیشێنێته‌وه، هه‌موو میریێک دامه‌زراوه‌یه‌کی نێگه‌تیڤی زۆرینه‌ی خاوه‌ن هێزه، دوور نییه که‌مێک له ئازادی بدات، که بزانێت له مه‌ترسیدانییه، به‌ڵام میری که‌مینه به‌پێویست پابه‌ندی ڕاونان و داپڵۆسینه؛ که‌سێک، مرۆڤ پێویستی به‌وه‌یه بزانێت سۆسیالیسته‌کان،کۆمونیسته‌کان کاتێک ده‌سه‌ڵاتیان گرته ده‌ست، چۆن دژه‌خونییان له بیروباوه‌ر و هاوڕێکانی خۆیانکرد، چۆن ڕه‌نگی خۆیان گۆڕی به سۆسیالیزم و کۆمۆنیزم، له‌به‌ر ئه‌وه ئێمه هاوشان و ته‌بانین نه له‌ته‌ك زۆرینه نه له‌ته‌ك كه‌مینه، واته نه له‌ته‌ك دیموکراتی نه له‌ته‌ك دیکتاتۆری. ئێمه له‌ته‌ك هه‌ڵواشاندنه‌وه و لابردنی پاسه‌وانانین، لایه‌نگری ئازادی هه‌مووانین، له‌ته‌ك هاوپه‌یمانی ئازادانه‌ین، که ئازادی بۆ هه‌مووان مسۆگه‌ر ده‌کات، کاتێک که بۆ چه‌وسانه‌وه‌ی که‌سانی تر، هیچ ئامرازێک به‌ده‌ست هیچ كه‌سێکه‌وه نامێنێت، هه‌موو که‌سه‌کان خزاونه‌ته‌کارگێڕیی تازه‌ی هه‌ره‌وه‌زی کۆمه‌ڵگه‌وه، ئێمه له‌ته‌ك ئه‌نارکییه‌کانداین.
سه‌رچاوه‌ی لێوه‌رگیراو: http://www.dctcrs.org/s4646.htm
سه‌رچاوه‌ی سه‌ره‌کی: http://www.prole.info/texts/malatesta_democrats.html
Be the first to comment.