گفتوگۆی سایتی A las barricadas له‌ته‌ك سه‌کۆی ئه‌نارکیستانی کوردستان KAF
خوێنه‌رانی هێژا، ئه‌مه وه‌رگێردراوی کۆمه‌ڵه پرسیار و وه‌ڵامێکه، که ماڵپه‌ڕی ئه‌نارکیستی (A las barricadas )، ئاراسته‌ی سه‌کۆی ئه‌نارکیستانی کوردستان (KAF)ی کردن. وه‌ڵامی پرسیاره‌کان به زمانی ئیسپانی و ئینگلیزی و ئاڵمانی بلاوبووه‌وه و له زۆربه‌ی سایته ئه‌نارکییه‌کاندا به زمانی ئینگلیزی دانراوه. هیوادارین خوێنه‌رانی هێژا و هاوڕێیانی سۆشیالیست سه‌رنج و ڕه‌خنه و بۆچوونی خۆیان چ وه‌ك سه‌رنج (کۆمێنت) له په‌راوێزی بابه‌ته‌که‌دا یا وه‌ك تێکست بۆ ئیمه‌یل ئه‌دره‌سی (سه‌کۆی) بنێرن، تاوه‌کو فره‌تر له‌و باره‌وه قسه‌وباس بکه‌ین و بۆچوون و زانیارییه‌کانمان بگۆڕینه‌وه و ئه‌زموون و ئایدیاکانمان به‌یه‌کتر ببه‌خشین و ده‌رگه له‌سه‌ر پرسیاره به‌ندکراوه‌کان بکه‌ینه‌وه، تا گۆمی مه‌نگکراوی هزری سۆشیالیستی له‌ناو کۆمه‌ڵگه‌ی کوردستاندا چ له باکوور و باشوور، چ له خۆرهه‌ڵات و خۆراوا بشله‌قێنین و جێ به خۆبه‌ڕابه‌رزان و مامۆستازانانی پڕۆلیتاریا له بزووتنه‌وه‌که‌دا له‌ق بکه‌ین، وه‌ك پڕۆدۆن ده‌لێت “با جارێکی تر بگه‌ڕێنه‌وه سه‌ر ئه‌و پرسیارانه‌ی که پێمانوایه وه‌لام دراونه‌وه‌ته‌وه و سه‌رله‌نوێ وه‌ڵامه‌کان نۆژه‌ن بکه‌ینه‌وه و ته‌پوتۆزی ئایدیۆلۆژیایان لێبته‌کێنین و له‌بری هه‌زارباره‌کردنه‌وه‌ی وه‌ڵامه ئاماده‌کراوه‌کان، له‌بری ئه‌وه‌ی ئۆتوریته‌ی مامۆستابوون و ڕابه‌ربوون (شوانه‌ی ڕامیاریی) بۆخۆمان بسازین، پرسیار لای خوێنه‌ر به‌جێبهێڵین و ڕێگه بۆ به‌شدارییکردنیان له وه‌ڵامدانه‌وه و مشتومڕی په‌یگیرانه‌یان بۆ بڕه‌خسێنین. له‌بری وتنه‌وه‌ی وانه‌ی گوێڕایه‌ڵی و ملکه‌چبووون بۆ ده‌سه‌لاتداران و ده‌سه‌ڵاتخوازان، هاوڕێیانمان، هاوه‌ڵانمان، هاوده‌رد و هاوچینه‌کانمان بۆ یاخیبوون و خۆبیرکردنه‌وه، خۆئازادکردن، خۆبڕیاردان، خۆبه‌ڕێوه‌به‌رایه‌تی، هه‌ڵخڕێنین و تف و نه‌فره‌ت له خۆبه‌رابه‌رزان و ڕامیاره مفته‌خۆره‌کان بکه‌ین. له‌بری چاوه‌ڕوانی له که‌سانیتر تاکو دونیامان بۆ بگۆڕن، به‌خۆمان هه‌ر که‌سه و له‌جێی خۆیه‌وه ده‌ست به گۆڕان له خودی خۆمان و ده‌وروبه‌ری خۆماندا بکه‌ین و ژیانی که‌سیی خۆمان، خێزان و کۆمیونێتییه‌کانمان، شوێنی کار و په‌یوه‌ندییه‌کانی کارمان، گوند و شار و هه‌رێم و وڵات و کیشوه‌ره‌کان له سه‌ر بنه‌مای خۆبه‌ڕێوه‌به‌رایه‌تی کۆمیونێتییه ئازاده‌کان، کۆمونه‌کان، ئه‌نجوومه‌نه‌کان، سه‌ندیکاکان، هه‌ره‌وه‌زییه‌کانی ڕێکخراو له فیدراسیۆنه‌کان و کۆنفیدراسیۆنه‌کاندا، له خواره‌وه‌ڕا بۆ سه‌ره‌وه ڕێکبخینه‌وه و شوێنپێی ئه‌و هێز و ئاراسته ڕیفۆرمیست و ده‌سه‌ڵاتخوازانه‌ی که به‌سه‌ر نه‌ته‌وه و ئایین و نه‌ژاد و ڕه‌گه‌ز و ڕه‌نگی جیاوازدا دابه‌شمان ده‌که‌ن، له ژیانی ڕۆژانه‌ماندا بسڕینه‌وه، کۆمه‌ڵگه‌یه‌ك له‌سه‌ر بنه‌مای ئازادی، یه‌کسانی، دادپه‌روه‌ری و خۆشه‌ویستی بنیات بنێین، کۆمه‌ڵگه‌یه‌کی بێ‌چین و بێسه‌روه‌ر! بۆ ئه‌مه‌ش پێویسته ئه‌م وته هه‌زاران ساڵه‌یه‌ی ئازادیخوازان “بجوڵێ، بگۆڕێ، بۆ ئه‌وه‌ی شتێکیش له‌ته‌ك تۆدا بکه‌وێته جوڵان و گۆران” بکه‌ینه‌وه سه‌ردێڕی کاری ڕۆژانه‌مان.
A las barricadas: ئێوه له کوێن و بنکه‌تان له کوێیه؟ مه‌به‌ستمان ئه‌وه‌یه له کوردستان ده‌ژین یا له دوورخراوگه یا له شوێنیکی تری تورکیه یا له ده‌ره‌وه ده‌ژین؟
سه‌كۆ: ئێمه به زۆری نیشته‌جێی چه‌ند وڵاتێكی ئه‌وروپین، له‌وانه: بریتانیا، ئه‌ڵمانیا، فه‌ره‌نسه و سوید. ئێمه كوردی عیراقین نه‌ك توركیا. له وه‌ختی جیاجیادا هاتووینه‌ته ئه‌وروپا، به‌ڵام به هه‌مان هۆی ڕامیارییه‌وه بووه.
A las barricadas: چۆن ئه‌نارکیزمتان پێگه‌یشتووه؟ ئایا ئه‌نارکیستی تری کورد هه‌ن؟ ئه‌نارکیزم له‌ناو کوردا پێشینه‌ی هه‌یه؟ ئایا ئێوه به کرده‌وه یه‌کێك له ئاراسته ئه‌نارکییه‌کاندا [ئه‌نارکۆ کۆمونیزم، ئه‌نارکیزمی یاخی، ئه‌نارکۆ– سه‌ندیکالیزم، ئه‌نارکیزمی ژینگه‌پارێز، … تد] گرتووه‌ته‌به‌ر؟
سه‌كۆ: ئێمه له ڕێكخراوی جیا جیاوه هاتووین ، له‌وانه : هه‌ردوو به‌شه‌كه‌ی پارتی كۆمۆنیسیتی عیراقی سه‌ر به ڕوسیا و سه‌ر به چین، ڕێكخراوی تر له چه‌شنی پارته به‌لشه‌فه‌كیه‌كان. سه‌رئه‌نجام گه‌یشتنمان به ئایدیای ئه‌ناركیستی له ڕێگه‌یه‌كی دوورودرێژ و سه‌خته‌وه بووه، كه له پارت و ڕێكخراوه‌ی جیاجیای ماویستی و ستالینیستی و لێنینیستی و ماركسیستییه‌وه هاتووین، به‌م شێوه‌یه ئایدیا و چالاكیمان له‌ناو ئه‌و بزوتنه‌وانه‌دا پله به پله (ته‌دریج) گۆڕاوه. كاتێك ئه‌و جۆره تێكۆشانانه‌ی كه پێشتر شکستیان هێنا، گه‌یشتینه ئه‌و سه‌رئه‌نجامه‌ی كه دووی ئاسۆیه‌كی تر بكه‌وین. دواجار به‌وه گه‌یشتین كه ئه‌ناركیزم ته‌نیا ڕێگه‌یه‌كه كه ته‌واوی ئازادییه‌كانی مرۆڤی تێدا به‌ده‌ست بهێنرێت. له‌به‌ر ئه‌وه‌یه كه ده‌ڵێین ئێمه به سه‌ختی یا زۆری خایاند كه ببینه ئه‌ناركیست.
ئه‌وه‌ندی كه ئێمه بزانین له کوردستان گروپی ئه‌ناركیستی، یا ڕێكخراوێك به‌ناوی ئه‌ناركیستییه‌وه نییه. به‌ڵام ئه‌مه ئه‌وه ناگه‌یه‌نێت، كه كه‌سانێك یا تاك له‌ناو کۆمه‌ڵگه‌ی کوردستان نییه و نین، كه ئه‌ناركست بن. با ئه‌وه‌ش له‌یاد نه‌كرێت، كه کۆمه‌ڵگه‌ی ئه‌و سه‌رده‌مه‌ی عیراق بۆ تاكه‌كانی وه‌كو به‌ندیخانه‌یكی داخراو وابوو، سه‌رتاپای کۆمه‌ڵگه‌كه‌ش له‌لایه‌ن ڕژێمه‌وه خامۆش و سه‌كوت كرابوو. ته‌نیا زانیاری و په‌رتووکگه‌لێكی ڕامیارییانه، كه له‌و سه‌رده‌مه‌دا هه‌بوون و له‌به‌رده‌ستدا بوون، ئه‌وانه بوون كه له‌ڕێگه‌ی پارتی کۆمونیستی عیراقی(حشع) سه‌ر به ڕوساوه له ڕوسیاوه ده‌هێندران. هه‌ر وه‌كو ده‌زانن ئه‌و جۆره تێڕوانین و ده‌ربڕینانه‌ی كه له‌و په‌رتووكانه‌دا هه‌بوون، هه‌موو پڕبوون له ئایدیا و پڕوپاگه‌نده دژ به ئه‌ناركیزم و ئه‌ناركیسته‌کان. ئه‌وه‌نده‌ی كه ئێمه بزانین په‌رتووكگه‌لی وا له‌مه‌ڕ ئه‌نه‌ركیزم له عیراقدا نه‌بوون، جگه له په‌رتوكێك كه له‌لایه‌ن (جۆزیف پرۆدۆ‌ن)ه‌وه نوسرابوو. ئه‌مه‌ش بۆیه ده‌ست ده‌كه‌وت، له‌به‌ر ئه‌وه بوو، كه (كارل ماركس) په‌رتووكێكی له ژێر تایتڵی “هه‌ژاری فه‌لسه‌فه” دژی پڕۆدۆن ده‌ر‌كرد بوو، تاكو ڕه‌هه‌نده فه‌لسه‌فیی و ڕامیاریی و ئابورییه‌كه‌ی پڕۆدۆن‌ی تێدا پوچ بكاته‌وه.
ناو و تێرمۆنۆلۆجی بۆ ئێمه بایاخدار نییه. ئه‌وه‌ی كه لای ئێمه گرنگه دروست بوون و پێكهێنانی گروپه خه‌باتکاره‌کانن له‌ناو گه‌ڕه‌كه‌كان و ناوجه‌رگه‌ی كۆمۆنێتییه‌كاندا و دروستكردنی په‌یوه‌ندییه له‌ته‌ك سه‌رجه‌می گروپه‌كانی تردا له‌سه‌ر ئاستی سه‌رتاسه‌ری “نیشتمانی” و نێونه‌ته‌وه‌یی “جیهانی“. ئێمه پێمانخۆشه و ئه‌وه‌شمان ده‌وێت، كه په‌یوه‌ندیمان له‌ته‌ك سه‌رجه‌می گروپه ئه‌ناركیسته‌كاندا هه‌بێت چ وه‌ك تاك و چ وه‌ك گروپ، ئه‌وکاته‌ی كه سه‌ربه‌خۆیی كاروبار و خه‌بات و تێكۆشانمان دژی سیسته‌می سه‌رمایه‌داری و پێکهێنه‌ره‌كانی: ده‌وڵه‌ت و كۆمپانیا گه‌وره‌كان، پارێزراوبێت. با ئه‌وه‌ش بڵێن كه ئێمه له ئه‌نارکۆ–کۆمونیسته‌کان و ئه‌ناركۆ–سندیكالیستهكانهوه نزیكین.
A las barricadas: ئایا هاوپشتی ڕزگاری نه‌ته‌وه‌یی/ خودموختاری خه‌ڵکی کورد ده‌که‌ن؟ [مه‌به‌ستی ئێمه ئه‌وه نییه که ئایا ئێوه هاوپستی دروستکردنی ده‌وڵه‌تی کوردی ده‌که‌ن]
سه‌كۆ: ئێمه بۆ دادوه‌رێتی كۆمه‌ڵایه‌تی تێده‌كۆشین، دژایه‌تی هه‌موو جۆره‌كانی سته‌م و جیاوازیكردن ده‌كه‌ین، له‌وانه: جیاوازی جێنده‌ر (سێكس)، ڕایسیزم و هه‌موو جۆره‌كانی به‌هره‌کێشی و چه‌وساندنه‌وه جا ئیدی له‌هه‌ر کێوه بێت و به‌هه‌ر هۆیه‌ك سه‌ری هه‌ڵدابیت و سه‌ر هه‌ڵبدات، له‌وانه هه‌ر چه‌وساندنه‌وه‌یه‌ك: له‌سه‌ر بناخه‌ی نه‌ته‌وه‌یی بێت، جینده‌ر، ئایین و ڕه‌نگ و نه‌ژاد… هتد. ئێمه له پێناو به‌دیهێنانی کۆمه‌ڵگه‌یه‌كی ئه‌ناركی خه‌بات ده‌كه‌ین، كه ڕووت و به‌ده‌ر بێت له هه‌موو جۆره‌كانی به‌هره‌کێشی و چه‌وساندنه‌وه تاكو هه‌موو هاووڵاتییه‌كانی چێژی ته‌واو له ته‌واوی سه‌ربه‌ستیكانیان و ئه‌ركه‌كانیان، وه‌ربگرن.
به‌گشتی ئێمه سه‌پۆرتی هیچ جۆره ده‌وڵه‌تێك ناكه‌ین و به‌شداریش له هیچ جۆره چالاكیه‌كدا ناكه‌ین، كه ئایدیاكه‌ی خولقاندنی جۆرێك له جۆره‌كانی ده‌وڵه‌ت بێت، به‌ڵام ئێمه له‌ته‌ك لاوازکردن و لێكترازاندنی مۆنۆپڵکردنی یا سێنتراڵیزه‌كردنی ده‌وڵه‌تداین.
A las barricadas: په‌یوه‌ندیتان له‌ته‌ك ئه‌نارکیسته تورکه‌کان چییه؟ ئایا له هیچ گروپێکی مه‌یدانیی (کرده‌کار)ه‌وه نزیکن؟
سه‌كۆ: ئێمه په‌یوه‌ندیمان له‌ته‌ك یه‌كێك له گروپه ئه‌ناركسته توركزمانه‌كاندا هه‌یه، كه له سویسرا چالاکن و چالاکانی فره‌تر توركزمان و کوردزمان و سویسرین؛ به ناوی (karakok Autonom ) هه‌یه، که له زویریخ ڕادیۆیه‌كیان هه‌یه‌وه له‌و ڕیگه‌یه‌وه ده‌نگ و ئایدیای خۆیان په‌خش ده‌كه‌ن. هه‌روه‌ها په‌یوه‌ندیشمان له‌ته‌ك گروپێكی ئه‌ناركیستی كوردزمانی تورکیه هه‌یه كه زیاتر ئه‌ناركۆ–کۆمونیستن.
به‌جیا له‌مانه‌ش پیوه‌ندیمان له‌ته‌ك گرۆپێكی ئه‌ناركیستی ئوردونی به ناوی (ئه‌ناركیسته‌كانی ئه‌رده‌ن) هه‌یه و هه‌ره‌وها گروپێكی ئه‌ناركیستی ئێرانی، به‌ناوی(ڏصدای آنارشیزم) هه‌یه به‌ڵام له پراكتیکدا له‌به‌ر چه‌ند هۆیه‌ك له‌وانه دووری جوگرافی له‌ته‌ك هه‌ندێکیان زۆر له‌یه‌كه‌وه نزیك نین.
A las barricadas: ئایا په‌یوه‌ندیتان له‌ته‌ك گروپی تری ده‌ره‌کی [ئا‌ڵمانیا، یۆنان، ئه‌مه‌ریکا، …تد] هه‌یه؟
سه‌كۆ: به‌ڵێ، په‌یوه‌ندیمان له‌ته‌ك گروپه ئه‌ناركیسته‌كانی ئه‌وروپاشدا هه‌یه ، له‌وانه: له بریتانیا له‌ته‌ك گروپی هارینگه‌ی سۆڵیدارێتی ( Haringey Solidarity Group)، له ئه‌ڵمانیا فۆرومی ئه‌نارکیستی کۆڵن (anarchistische Forum Köln), له فه‌ره‌نسه له‌ته‌ك (cnt-ait)، په‌یگیرانه له‌و فۆڕوم و گروپانه‌دا ڕۆژانه چالاکی ده‌که‌ین.
A las barricadas: هه‌روه‌ها له‌مه‌ڕ بزاڤی کوردییه‌وه، ده‌توانن بارودۆخی هه‌نووکه‌یی ئه‌و ناوچه‌یه باس بکه‌ن؟ ئایا له‌وێنده‌رێ هیچ سه‌رکوتێکی [که‌ڵچه‌ری / ڕه‌چه‌له‌کی /ڕامیاری] له ئارادا هه‌یه؟
سه‌كۆ: پرسیاره‌كه‌تان ڕوون نییه، كه ئایا مه‌به‌ستان له کوردانی به‌شی عیراق ، سوریه ، ئێران یا توركییه‌یه. گه‌ر مه‌به‌ستان له بزوتنه‌وه‌ی كوردی له توركییه بێت، ئه‌وا چه‌ند ڕێكخراوێكی كوردی له‌وێدا هه‌ن، به‌ڵام له نێو ئه‌وانه‌شدا په‌كه‌كه له‌ڕووی چه‌کدارییه‌وه هه‌ره چالاك و گه‌وره‌ترین پارتیانه. به هه‌رحاڵ له‌و كاته‌وه‌ی كه سه‌رۆكه‌كه‌یان گیراوه تاكتیك و ستراتیجیه‌كانیان گۆڕاون. له هه‌نووكه‌دا كه‌رت كه‌رت و به‌ش به‌ش، بوون به 4 ڕێكخراو: كوردستانی عیراق، كوردستانی ئێران، كوردستانی سوریه و كوردستانی توركییه. له هه‌ر یه‌كێكیاندا پارتی خۆیان هه‌یه و پێشمه‌رگه‌ی خۆیان هه‌یه. له ئێستادا له توركییه‌دا په‌كه‌كه جه‌نگی سه‌ربازی خۆی له‌ته‌ك ده‌وڵه‌تی توركییه‌دا ڕاگرتوه و له هه‌ڵوێسته‌ی نه‌شه‌ڕ و نه ئاشتیدایه. له وه‌ڵامی پرسیاره‌كه‌تاندا قسه و لێدوان زۆره بكرێت، كه له ڕاستیدا لێره‌دا بوار نییه.
A las barricadas: ئایا ئه‌نارکیستی کورد هه‌ن که له زینداندا بن؟ له‌سه‌ر چی؟ ئایا کوردانێك هه‌ن که له‌ناو زینداندا ئه‌نارکیزمیان پێگه‌یشتبێت؟
سه‌كۆ: له‌كاتێكدا هیچ زانیارییه‌كمان له‌سه‌ر ئه‌وه نییه ، ئێمه ناتوانین وه‌ڵامی ئه‌م پرسیاره بده‌ینه‌وه.
A las barricadas: له ئیسپانیا، ئێمه په‌که‌که ده‌ناسین، له‌به‌ر ئه‌وه‌ی ناسیونالیسته باسکه‌کان په‌یوه‌ندییان له‌ته‌کیان هه‌یه. ئایا ئێوه ده‌توانن له‌باره‌ی ئه‌و ڕێکخراوه ڕامیارییه‌وه چیمان پێڕابگه‌یێنن؟ چه‌ند گه‌وره یا گرنگه؟ ئایا هێشتاکه گه‌ریلا هه‌ن که بجه‌نگن؟ ئایا له‌وێنده‌رێ ماویسته‌کان هه‌ن؟
سه‌كۆ: له وه‌ڵامی پرسیارێكی پێشترتاندا ڕۆشناییمان خسته سه‌ر ئه‌وه. باوه‌ڕمان وایه، كه په‌كه‌كه ڕێكخراوێكی ستالینیستی، ماویستی تیرۆریستانه‌یه و له بارودۆخێكی تیرۆریستیانه‌دا خولقاوه یا چاوی هه‌ڵهێناوه، كه سه‌ركوتكردن و به‌كارهێنانی زه‌بروزه‌نگ تێیدا باو بووه. هێزی سه‌ربازی توركی له پاڵ ده‌وڵه‌ته فاشیستی و ڕایسیسته‌كه‌یدا هه‌لومه‌رجێكی وای خولقاند و زیاتر پاڵی پێوه‌نا تا کار گه‌یشته بانگێشه‌ی له دایكبوونی ڕێكخراوێكی ڕادیكالی پۆپۆلیستی، به‌ڵام خۆكوژی (ئینییحاری) وه‌ك په‌كه‌كه. به بۆچوونی ئیمه ئه‌مان (په‌كه‌كه) نه‌خزمه‌تی ئه‌وه‌ی كه پاگه‌نده‌ی بۆ ده‌که‌ن و نه چینی كرێكاریش ده‌كه‌ن. له ڕاستیدا ئه‌وه‌ی كه له چالاكیه‌كانیاندا ده‌یبینین و به كرده‌وه ده‌یكه‌ن، بیانوو ده‌ده‌نه ده‌ست هێزی سه‌ربازی و حكومه‌تی توركی، تاپرسی سته‌می نه‌ته‌وه‌یی كورد له توركیه‌دا زه‌ره‌رمه‌ند بكه‌ن چ له‌سه‌ر ئاستی نه‌ته‌وه‌یی و چ له‌سه‌ر ئاستی جیهانی. ئه‌وان، په‌كه‌كه‌و حكومه‌تی توركی به‌هه‌ردوو لایان بوونه هۆی وێرانكردنی زۆر له دێهاته‌کان و هه‌ندێك له شارۆچكه‌كانی کوردستانی توركییه، وێڕای له‌شوێنهه‌ڵكه‌ندرانی به ملیوێن خه‌ڵك و كوشتنی ژماره‌یه‌كی زۆر له خه‌ڵكانی بێ‌تاوانیش.
سیسته‌می داپڵۆسێنه‌رانه‌ی ده‌وڵه‌تی توركی و شێوازی به‌ره‌نگاری په‌كه‌كه ته‌واوكه‌ری یه‌كتری و یارمه‌تیده‌ری یه‌كترین. په‌كه‌كه به ڕۆڵی خۆی ده‌وڵه‌تی توركی به‌هێزتر ده‌كات و چینی كرێكار و پرسه‌کانی لاواز تر. له هه‌مان كاتیش‌دا میریی (حکومه‌تی) توركی به‌و شێواز و ڕێگه‌یه‌ی كه له چاره‌سه‌ركردنی كێشه‌ی كوردیدا گرتوویه‌تیه‌به‌ر په‌كه‌كه‌ی به‌هێز تر كردوه، به‌لایه‌نی كه‌مه‌وه له هه‌ندێك به‌شی کوردستان.
چالاكییه‌کانی هه‌ردوولایان بزوتنه‌وه‌ی چینی كرێكار و ئه‌ناركستی لاواز و لاوازتر كردوه.
A las barricadas: ئایا له کوردستان گروپی تر وه‌ك به‌شێك له په‌که‌که هه‌ن، که دژی سوپا/ ده‌وڵه‌تی تورکیه بجه‌نگن؟
سه‌كۆ: به‌دڵنیاییه‌وه گروپی تری چالاك دژی حكومه‌تی توركی هه‌ن، به‌ڵام ئه‌مانه ڕێگه‌ی جه‌نگی گه‌ریلایی یا ئه‌و تاكتیكه‌یان نه‌گرتوه‌ته‌به‌ر. بۆ دژایه‌تیكردنی میه‌ریی توركی باوه‌ڕیان به ڕێگه‌ی ئاشتیانه هه‌یه. ئه‌وان هه‌موو چه‌شنێكی تێكۆشان به‌كار ده‌هێنن، كه خزمه‌تی كێشه‌كه‌یان بكات. به‌ڵام خۆیان له به‌رگری یا تێكۆشانی چه‌كداریانه ده‌پارێزن. ئێمه دڵنیا نین له‌وه‌ی كه جگه له په‌كه‌كه گروپێك یا ڕێكخراوێكی تر هه‌بێت كه خه‌باتی چه‌كدارانه له دژی ده‌وڵه‌تی توركی بكات.
A las barricadas: ئایا په‌یوه‌ندیتان له‌ته‌ك چه‌په‌کانی تر چییه؟
سه‌كۆ: هیچ په‌یوه‌ندییه‌كمان له‌ته‌ك گروپه چه‌په‌كاندا نییه.
A las barricadas: کاراییه‌کانی جه‌نگی عیراق له‌سه‌ر تورکییه و کوردستان چی بوون؟ ئایا سه‌رکوتی ڕامیاریی هاتووه‌ته ئاراوه؟ ئایا خودموختاری کورده‌کان له عیراق [کارگێریی سه‌ربه‌خۆ] ویستی سه‌ربه‌خۆیی کورده‌کانی له تورکییه بردووه‌ته سه‌ر؟
سه‌كۆ: ئه‌و شه‌ڕه‌ی دژی عیراق كرا، پێمانوایه كاتێكی باش نه‌بوو بۆ په‌كه‌كه. له‌و كاته تایبه‌تیه‌دا هه‌موو دوژمنه‌كانی په‌كه‌كه به ئه‌مه‌ریكا و ده‌وڵه‌تانی ڕؤژئاوایی و دوو هێزه گه‌وره‌كه‌ی هه‌رێمی كوردستانی عیراق: یه‌كێتی نیشتمانی کوردستان و پارتی دیمۆكراتی کوردستان و هێزه‌كانیان، له‌سه‌ر كۆنترۆڵكردنی ناوچه‌كه یه‌كیان گرتبوو و خۆشحاڵیش بوون كه شه‌ڕی په‌كه‌كه بكه‌ن، گه‌ر پێویستی بكردایه. له ڕاستیدا په‌كه‌كه به‌و هێزانه‌ی كه له سه‌ره‌وه ناومان هێنان ئابڵۆقه درابوو. هه‌ر له‌و كاته‌شدا توركییه له بارێكی باش‌دا بوو، كه شه‌ڕ دژی په‌كه‌كه بكات، بێ ئه‌وه‌ی ترسی له ئه‌مه‌ریكا هه‌بێت و ئه‌مه‌ریكاش شادومان بوو به‌وه‌ی كه پشتیوانی ئه‌و جه‌نگه پۆخڵه‌ی ده‌وڵه‌تی توركییه دژی په‌كه‌كه‌ی بكات و چاو له هه‌موو قوربانییه‌كانی بنوقێنێت یا بپۆشێت، هه‌ر ئه‌وه‌نده‌ی كه توركییه لێبگه‌ڕێت، زلهێزه‌كان خاكه‌كه‌ی وه‌كو بنكه‌یه‌ك بۆ داگیركردنی عیراق به‌كار بهێنن.
باوه‌ڕمان وانییه، كه كوشتن و بڕین و سه‌ركوتكردن له‌چاو سه‌رده‌می جه‌نگه‌كه‌ی داگیركردنی عیراق، له‌و ئاسته یا باره ئاساییه‌كه‌ی خۆی تێپه‌ڕی كردبێت. ئه‌مه‌ش له‌به‌ر ئه‌وه‌ی كه په‌كه‌كه چالاكییه‌كانی خۆی كه‌م كردبووه‌وه و له هه‌ستان به هێرشی گه‌وره وه‌ستا بوو.
له‌وانه‌یه به دامه‌زراندنی میریی هه‌رێمی کوردستان، گیان و سروشی مافی چاره‌یخۆنووسی له لای كورده‌كانی عیراق په‌ره‌ی سه‌ندبێت، به‌ڵام ئه‌مه یارمه‌تی پرسی یا كێشه‌ی كوردی توركییه‌ی نه‌دا، ئه‌ویش له‌به‌ر دوو هۆ:
یه‌كه‌م: میریی هه‌رێمی کوردستان هه‌ر وه‌ك پێشتری له‌ته‌ك ده‌وڵه‌تی توركیدا هه‌ڵوێستێكی سازشكاریی هه‌بووه، ئه‌مه‌ش بۆ هۆی ڕامیاریی و ڕه‌ده‌ڵوبه‌ده‌ڵ و مامه‌ڵه‌ی بازرگانانه و كێشه‌ی ئابووریی ده‌گه‌ریته‌وه. هه‌ر له‌به‌ر ئه‌وه ئاماده‌بوون له‌به‌ر خاتری مانه‌وه‌ی خۆیان، هه‌موو كورده‌کانی ئه‌وێ و كێشه‌كه‌شیان بکه‌نه قوربانی.
دووهه‌م: به‌دامه‌زراندنی میریی هه‌رێمی كوردستان له باکووری عیراقدا، واته نزیكبوونه‌وه‌ی زیاتری ده‌وڵه‌تانی ئێران و سوریه و توركییه له یه‌كتری به‌پێی هه‌بوونی كه‌مایه‌تی كوردی له‌و وڵاتانه‌دا. به نزیكبونه‌وه‌ی ئه‌م ده‌وڵه‌تانه له‌یه‌كتری و هاوپه‌یمانێتییان، په‌كه‌كه بووه‌ته دوژمنێكی سه‌ره‌كیان. ئه‌مه‌ش ئه‌وه‌نده‌ی تر بزووتنی په‌كه‌كه‌ی له توركیا خسته ژێر فشاره‌وه. له‌مه‌ش زیاتر توركییه توانی سه‌ركرده‌كانی میریی هه‌رێمی کوردستان به هاریکاریكردن له ته‌كیدا له شه‌ڕكردن دژی په‌كه‌كه‌دا ڕازی بكات، گه‌رچی زۆر کات ئه‌وان به ته‌نیا به‌خۆیان جه‌نگیان دژی په‌كه‌که به‌یارمه‌تی هێزی ئاسمانی توركی، واته فڕۆكه جه‌نگیه‌كانیان، به‌ڕێخستووه.
A las barricadas: باری ئابووری له‌و ناوچه‌یه چۆنه؟ ئایا هیچ جۆره به‌رگرییه‌کی کرێکاری / یه‌کێتیگه‌رایی ڕادیکاڵ له کوردستان هه‌یه؟
سه‌كۆ: هه‌لومه‌رجی ژیان له هه‌رێمی کوردستان له پێش جه‌نگه‌كه زۆر خراپ بوو، به‌ڵام له دوای ڕوخانی رژێمی «سه‌دام حسه‌ین»ه‌وه زۆر باشتر بووه. ئه‌مه‌ریكا پاره‌یه‌كی زۆری له‌وێ هه‌ڵڕێژاوه، وه‌كو به‌رتیلدان به خه‌ڵكه‌كه‌ی هه‌م بۆ شۆره و ناوبانگی خۆیی و هه‌م بۆ په‌راوێزخستنی گروپه ئیسلامییه تیرۆریستییه‌كان و هه‌م په‌كه‌كه.
دوای ڕاپه‌ڕینی ساڵی 1991 زۆر ڕێكخراو و گروپی جیا جیا دروست بوون، هه‌ر له یه‌کێتی بێکاران و ڕێکخراوی سه‌ربه‌خۆی ئافره‌تانه‌وه بگره تا سه‌ندیکای کارگه‌کان، ڕێكخراوی سه‌ربه‌خۆ و شۆرشگێڕیی قوتابیان، ئه‌مانه هه‌وڵی یه‌كگرتن و نزیكبونه‌وه‌یان ده‌دا. به‌جیا له‌مانه‌ش بزوتنه‌وه‌یه‌كی به‌هێزی كرێكاران له سه‌ر ئاستی كارگه‌كان كه خۆیان ڕێكخستبوو، سه‌ریهه‌ڵدا. هه‌روه‌ها په‌یوه‌ندییه‌كی باشیش له نێوانی ئه‌وان و ڕێكخراوی بێكارانیشدا ( یه‌کێتی بێكاران له كوردستان ) هه‌بوو. ئه‌م گروپانه‌ش قه‌ت نه‌یانتوانی له ژێر كاریگه‌ری چه‌په‌كان قورتار ببن، ڕێڕه‌وی خه‌باتیان و به‌ڕێكردنی تاكتیك و ستراتیجیه‌كانیان ده‌قاوده‌ق هه‌مان شتی پارته بۆلشه‌ڤیکی و سۆشیال دیمۆكراته‌كان بوو، بۆیه دواتر هێدی هێدی بچووك بونه‌وه‌وه تا به ته‌وای له‌به‌رچاوان نه‌مان و پوكانه‌وه.
A las barricadas: قسه‌تان له‌سه‌ر ڕاپه‌ڕینی 1991 کرد. ده‌توانن له‌و باره‌وه زانیاریی فره‌ترمان پێبه‌خشن، که چۆن ڕوویدا و چی تێیدا ڕوویدا؟
سه‌كۆ: بۆ وه‌ڵام دانه‌وه‌ی ئه‌م پرسیاره پێویست ده‌كات گه‌ر به كورتیش بێت شرۆڤه‌یه‌كی بارودۆخی عیراق له پێش ڕاپه‌ڕینه‌كه به‌گشتی و کوردستان به‌تایبه‌تی بكه‌ین. گومان له‌وه‌دا نه‌بوو كه جه‌نگی عیراق و ئێران كاره‌ساتێكی گه‌وره‌ی به‌سه‌ر خه‌ڵكی عێرا ق و ئێران‌دا هێنا، له هه‌مان كاتیش‌دا ڕژێمی عیراقی لاواز كرد. هه‌ردوو حكومه‌ته‌كه‌ی عیراق و ئێران له هه‌ڵگیرسانی شه‌ڕدا بیانووی خۆیان هه‌بوو و هۆو بیانووه‌كانیشیان جیاواز بوون ، له‌كاتێكدا هه‌ردووكیشیان له قه‌یرانێكی گه‌وره‌دا ده‌ژیان.
له‌سه‌رده‌می جه‌نگه‌كه‌دا هه‌ستێكی وا دروست بوو بوو كه ڕژێمی عیراقی ده‌سه‌ڵاتی خۆی به‌سه‌ر خه‌ڵكه‌كه‌یدا له‌ده‌ست داوه. ئه‌مه تا ڕاده‌یه‌ك ڕاست بوو، له كاتێكدا خه‌ڵك له عیراقدا ئه‌وه‌ی ده‌بینی ژیان به‌ره‌و خراپی ده‌ڕوات، شتومه‌ك و پێداویستیه‌كانی ژیان زۆر گرانتر بوون، خه‌ڵك ده‌بووایه له‌سه‌ره‌یه‌كی دوورودرێژدا بووایه تاكو شتومه‌كی پێویستی ده‌ست بكه‌وتایه. ڕۆژانه به سه‌دان و زیاتریش کوژراو له‌به‌ره‌کانی جه‌نگه‌وه ده‌هێنرانه‌وه بۆ بنه‌ماڵه‌کانیان، قوتابخانه‌كان ، خه‌سته‌خانه‌كان ، سه‌رجه‌می فه‌رمانگه‌كان ، كارگه و كارخانه‌كان له‌ته‌ك گه‌لێكی تری کارگێرییه‌کاندا به‌ره‌و به‌تاڵی ده‌ڕۆیشتن، هه‌م به‌هۆی بانگكردنیانه‌وه بۆ سه‌ربازی و سوپای گه‌لی یاخود زۆربه‌یان نه‌یانده‌ویست ئه‌وه بكه‌ن و به ناچاری یا خۆیان ده‌شارده‌وه یا هه‌ڵده‌هاتن، هه‌ندێكیش ڕاكێشده‌كران بۆ پارێزگاری كردن له شه‌قامه‌كان و شوێنه گشتییه‌كان، نه‌كا سه‌رپێچی و هه‌ڵگه‌ڕانه‌وه و ڕاپه‌ڕین ڕوو بدات. له‌مه‌ش زیاتر خه‌ڵكی زۆر به‌باشی له ماشێنی پڕوپاگه‌نده سه‌باره‌ت به جه‌نگه‌كه به ئاگابوون، ئامانجی جه‌نگه‌كه و داهاتووی جه‌نگه‌كه كه سه‌راپای درۆیه‌كی ئاشكرابوو.
له‌لایه‌كی تره‌وه ڕژێم له هه‌وڵی به‌رتیلداندا بوو به‌و خێزانانه‌ی كه كه‌سێكیان له‌و جه‌نگه‌دا له ده‌ست دابوو. له‌لایه‌كی تریشه‌وه ڕژێم به شێوه‌یه‌كی دڕندانه ئاماده‌ی سه‌ركوتكردنی هه‌ر كه‌سێك و هه‌ر ده‌نگێك بوو، كه ده‌نگ و ڕه‌نگی هه‌بووایه.
له کوردستان، سه‌ره‌رای هه‌بوونی بزووتنه‌وه‌ی چه‌کدارانه‌ی هێزه کوردییه‌کان، ڕژێم له‌به‌كار‌هێنانی چه‌ند تاكتیكی جیاواز له‌وانه‌ی كه پێشتر له ناوه‌ڕاست و باشووری عیراقدا به‌كاری هێنابوو، وه‌ك گواستنه‌وه‌ی هه‌موو گونده دوورده‌سته‌كان بۆ ئوردووگه زۆره‌ملێییه‌كان و وێرانكردنی گونده‌كانیان و له‌ناوبردنی مه‌ڕوماڵاتیان، به‌كورتییه‌كه‌ی هه‌ر‌چییه‌ك که هه‌یانبوو، پاشان به‌كارهێنانی چه‌كی كیمیاوی، كه‌مپه‌ینی ئه‌نفال.
بارودۆخه‌كه له باشووری عیراق و باکووریدا كه کوردستانه، له‌وه ده‌ر‌چوو كه ئیدی نه‌توانرێت ملی پێبدرێت، ئه‌م بارودۆخه پاڵی به‌خه‌ڵكه‌وه نا تاكو به ئاشكرا بكه‌ونه گله‌ییكردن له بارودۆخه‌که، هه‌ستان به ناڕه‌زایی بچووك بچووك له شوێنی جیاجیادا.
كاتێك كه جه‌نگ ته‌واو بوو ، ڕژێم له عیراقدا به‌ره‌و لاوازی زیاتر ده‌ڕۆیشت، قه‌یرانه‌كانی قوڵتر ده‌بوونه‌وه. بۆ ئه‌مه‌ش سه‌دام حوسه‌ین هه‌وڵیدا تا ڕێگه‌یه‌ك بدۆزێته‌وه بۆ ئه‌وه‌ی له قه‌یرانه‌کانی پاش شه‌ڕ قورتاری ببێت. ته‌نیا ڕێگه‌یه‌كیش بۆ ڕزگاربوون له‌وه‌ش هه‌ڵگیرساندنی جه‌نگێك بوو له كه‌نادودا. ئه‌وه‌ش به‌دڵنیاییه‌وه به ڕه‌زامه‌ندی و یارمه‌تی سیا(CIA) ئه‌مه‌ریكی بوو. سه‌ره‌نجامی جه‌نگه‌كه‌ش كاره‌سات بوو، به هه‌زاران سه‌رباز و خه‌ڵكانی ئاسایی كوژران و بارودۆخه‌كه‌ی وا لێ‌كرد، كه به‌رگه‌گرتنی زۆر سه‌خت بێت.
كاتێك كه جه‌نگ كۆتایی هات، بارودۆخه‌كه بۆ سه‌رهه‌ڵدان و ده‌ركه‌وتنی گه‌لێك ڕێكخراو له باشوور و ناوه‌ڕاست و باکووری عیراق كه کوردستانه، بكه‌ونه دژایه‌تی ڕژێم، به‌تایبه‌ت له کوردستان. هێزه سه‌ربازییه‌كانی عیراق زۆر جێگه‌یان به‌جێهێڵابوون، هه‌روه‌ها كۆنترۆڵیشی له هه‌ندێك له شوێنه دوورده‌سته‌كاندا، كه له ناوه‌ندی پاریزگاکانه‌وه دوور بوون، له ده‌ست دابوو. ئاله‌م كاته‌شدا ته‌واوی بزووتنه‌وه‌ی چه‌کداریی كوردی زۆر لاواز بوو بوو، تا ئه‌و ڕاده‌یه‌ی كه خه‌ریك بوو ئاشبه‌تاڵی له ته‌واوی خه‌باتی چه‌كداریانه‌ی ده‌كرد.
به‌هاتنی ساڵی1991 وه‌ختی ڕاپه‌ڕین هاتبوو. چه‌ند مانگێك پێش مانگی ئازاری 1991 چه‌ند دانه‌یه‌ك له ڕێكخراوه چه‌په‌كان له خۆئاماده‌كردندا بوون بۆ هه‌ستان به چالاكی، به په‌یوه‌ندیكردن به ڕێكخراوه‌كان و تاكه که‌سه‌كانی تری ناو کۆمه‌ڵگه‌وه، كه په‌یوه‌ندیان به هیچ ڕێكخراوێكه‌وه نه‌بوو. خه‌ریكی كۆكردنه‌وه‌ی چه‌ك و گواستنه‌وه‌ی بۆ ناو شاره سه‌ره‌كییه‌كان، بڵاوكردنه‌وه‌ی به‌یاننامه و بڵاوكراوه‌ی تر، هه‌روه‌ها دانانی خاڵ و ڕۆژی ده‌ستپێكردن. سه‌ره‌نجام ڕاپه‌ڕین ده‌ستی پێكرد و هه‌ركه‌سێكیش ده‌ستی داروبه‌ردی بگرتایه به‌شداری تێدا كرد. له ماوه‌ی دوو ڕۆژدا زۆربه‌ی شاره بچووكه‌كان و دووان له شاره گه‌وره‌كان كه‌وته ژێر كۆنتۆڵی خه‌ڵك. خه‌ڵكی كه‌وته تۆڵه‌سه‌ندنه‌وه له پیاوانی ڕژێم به‌شێوه‌یه‌كی ڏدڕندانه به كوشتن و سه‌رپانكردنه‌وه‌ی زۆر له‌وانه‌ی كه گومانیان لێده‌کرا، كه په‌یه‌وه‌ندیان له‌گه‌ڵ میرییدا هه‌بووبێت و ده‌ستیان به‌خوێنی خه‌ڵك سوور بووبێت، به‌بێ دادگایی كردن و لێپرسینه‌وه‌یان.
كاتێك كه خه‌ڵك بۆی ده‌ركه‌وت ئیدی هێزه‌كانی ڕژێم به ته‌واوی به‌زیون، ئه‌نجومه‌نه‌کان (شوراكان) له گه‌ڕه‌كه‌كاندا، قوتابخانه‌كاندا، خه‌سته‌خانه‌كاندا، له زۆر شوێنی تردا دروست بوون، ئیدی خه‌ڵكی به كرێكار و قوتابی و بێكار و ئه‌ندامانی ڕێكخراوه چه‌په‌كان، کۆمونیسته‌كان، ده‌ستیان كرد به ڕاپه‌ڕاندنی پێداویسی و كاره پێویسته‌كانی ناو گه‌ڕه‌ك و شاره‌كان. بارودوخه‌كه بووه شتێكی په‌یگیری مه‌ترسیدار بۆ چینی سه‌ره‌وه و ده‌وڵه‌مه‌ندان، چونكه له هه‌موو شوێنێك له كوردووستاندا ئه‌م ئه‌زموونه له ته‌شه‌نه‌كردن و بڵاوبوونه‌وه‌دا بوو. ئه‌مه‌ریكا و به‌ریتانیا و ده‌وڵه‌ته‌كانی ناوچه‌كه به‌تایبه‌ت دراوسێكان، زۆر له نزیكه‌وه چاودێریان ده‌كرد و بارودۆخ و ڕوداوه‌كانیان هه‌ڵده‌سه‌نگاند، له هه‌وڵی له‌باربردنی ڕاپه‌ڕیندا بوون، پێش ئه‌وه‌ی سه‌ركه‌وتنی ته‌واوی به‌ده‌ست بهێنێت و له شوێنه‌كانی تریشدا خۆی بسه‌پێنێت. بۆ ئه‌مه‌ش هه‌نگاوی یه‌كه‌میان ژیاندنه‌وه‌ی ده‌ستوپه‌یوه‌نده‌كانیان بوون له کوردستاندا به‌نزیكبونه‌وه له‌و پارت و ڕێکخراوانه‌ی كه له بزوتنه‌وه‌ی چه‌کداری كوردیدا ده‌ستیان هه‌بوو. ئه‌و هێزانه‌ش له سه‌رده‌می ڕاپه‌ڕین و پێش ڕاپه‌ڕینیش له‌به‌رچاو ون بووبوون، به‌تایبه‌ت له شێوه‌ی چه‌كدارییاندا. دواتر به‌راسته‌وخۆ ده‌ستیان له كاروباره‌كان وه‌رده‌دا به ناردنی پیاوان و سیخوڕه‌كانیان، تاكو ڕێنمایی ئه‌و هێزانه بكه‌ن، كه ده‌ستیان كردبوو به دژایه‌تی ڕاپه‌ڕین. چونكه چیدی خه‌ڵكی باوه‌ڕیان پێیان نه‌مابوو و له ناو خه‌ڵكدا كۆنترۆلیشیان له‌ده‌ست دابوو. زۆربه‌ی ئه‌وانه‌ی كه ماوه‌یه‌ك بوو كوردستانیان به‌جێهێشتبوو، هێدی هێدی به هاوكاری CIA و MI5 ی به‌ریتانی گه‌ڕانه‌وه و كۆنترۆڵی نزیكه‌ی هه‌موو ئیداره‌كانیان كرده‌وه. له‌هه‌مان كاتیش‌دا زه‌مینه‌یه‌كی وایان دروستكرد و خه‌ڵكیان هانده‌دا، كه هه‌رچی شتومه‌كێكی به‌هادار هه‌یه هه‌تا كه‌ره‌سه‌ه‌كانی ناو خه‌سته‌خانه‌كان، قوتابخانه‌كان، زانكۆكان له‌ته‌ك سه‌رجه‌می شتومه‌كی ناو ئۆفیس و بیناكانی ده‌وڵه‌تی، تاڵان بكرێن. وه‌ستانی ئه‌م ڕاووڕووته بیانووی ڕێكخستنی هێزی سه‌ربازی و پۆلیسی دایه ده‌ستیان، هاوکات به به‌كارهێنانی پڕوپاگه‌نده‌یه‌كی زۆر دژی ئه‌نجومه‌نه‌کان (شوراكان)، هه‌وڵی لاوازكردن و له كه‌ڵكخستنیان ده‌دان، ده‌ستبه‌سه‌را گرتنی ته‌لار و بنكه‌كانیان، داواكردن له‌و ڕێكخراوانه‌ی كه دروست بوو بوون، تا ناونووسی خۆیان له لای به‌ره‌ی کوردستانی بكه‌ن و بۆ خۆپیشاندان و كۆبوونه‌وه و چالاکی جه‌ماوه‌ری ده‌بێت داوای مۆڵه‌ت بكه‌ن. به یارمه‌تی ئه‌مه‌ریكا و بریتانیا و ولاتانی تری ئه‌وروپا، به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تی نوێی هه‌رێمی كوردستان به هاتنی ساڵی 1992 به‌ره‌و به‌هێزی و سه‌قامگیری ده‌ڕۆیشت و تاڕاده‌یه‌كی زۆر هه‌موو شوێنه‌كان له‌ژێر كۆنترۆڵی ئه‌واندا بوون. یه‌كه‌م هه‌ڵبژاردن بۆ په‌ڕله‌مانی میریی هه‌رێم له مانگی ئایاری 1992 كرا، به‌ڵام ساخته‌كاریه‌كی زۆری تێدا كرا و هه‌ردوو پارته گه‌وره‌كه‌ی کوردستان؛ یه‌كێتی نیشتمانی کوردستان و پارتی دێمۆكراتی كوردستان له نێوانی خۆیاندا، له‌سه‌ر ئه‌وه‌ی كه هه‌ردوو لایان هه‌ڵبژارنده‌كه‌یان برۆته‌وه، به‌رێژه‌ی په‌نجا به په‌نجا ڕێككه‌وتن و به‌و شێوه‌یه په‌رله‌مانی خۆیانیان لێقوتكرده‌وه. له ساڵی 1994 دا دوای ئه‌وه‌ی كه هه‌رێمی کوردستان به‌ته‌واوه‌تی خۆی گرت، دوای ئه‌وه كاتی شه‌ڕی ناوخۆ له نێوانی یه‌كێتی نیشتمانی و پارتی دێمۆكراتی کوردستاندا له‌سه‌ر پاره و ده‌سه‌ڵات و پاوانگه‌ری گه‌یشت، ئه‌م شه‌ڕه تا ساڵی 1998 درێژه‌ی كێشا و له ژێر هه‌ڕه‌شه‌ی ئه‌مه‌ریكادا وه‌ستا.
بێگومان له تێشكانی بزوتنه‌ه‌وه‌ی خه‌ڵكه‌كه و ڕاپه‌ڕینه‌كه‌یاندا هۆکاری تریش هه‌بوون. له‌وانه‌ش ده‌ستێوه‌ردانی ڕێكخراوه چه‌په‌كان له شوراكان، به چه‌شنێكی جیاواز له هێزه نه‌یاره‌كانی تر كه‌متر نه‌بوو له‌و مه‌تر‌سییه‌ی كه ئه‌و هێزه نه‌یارانه له سه‌ر ئه‌نجومه‌نه‌کان (شوراكان) هه‌یان بوو. ململانێی چه‌په‌کان له نێوانی خۆیاندا بۆ كۆنترۆڵكردنی خه‌ڵك و لافلێدان به‌و ده‌ستكه‌وتانه‌ی كه خه‌ڵك له ڕاپه‌ڕیندا به‌ده‌ستی هێنابوون، زۆر به زیانبه‌خش بوون به بزوتنه‌وه‌ی خه‌ڵك و لاوازكردنی. هه‌موو ئه‌م ڕێكخراوه چه‌پانه شادومان بوون به قوربانیدان به ڕاپه‌ڕین و ده‌ستكه‌وته‌كانی بۆ ئامانجه ڕامیاریه‌كانیان.
A las barricadas: بۆچوونتان له‌سه‌ر ئه‌وه‌ی که پێی ده‌وترێت شۆڕشی ئێران چییه؟ ئایا بۆی هه‌یه له‌و خه‌باتی ڕیفۆرمیستییه‌وه، بزاڤێکی ئه‌نارکیستی په‌یگیر سه‌رهه‌ڵبدات؟
سه‌كۆ: بۆئێمه ڕه‌نگه واقیعیانه نه‌بێت سه‌باره‌ت به‌م ناڕه‌زایی و تێڕژانه سه‌رشۊقامییه‌ی خه‌ڵكی له‌وێ، گه‌شبین بین تاكو پێشبینی ئه‌وه بكه‌ین، كه بزوتنه‌وه‌یه‌كی ئه‌ناركیستی لێوه ده‌خه‌مڵێت. به‌ڵام پێش ئه‌وه‌ی ئه‌م سه‌رئه‌نجامه وه‌رگرین، پێویسته وه‌بیری خۆمان بێنینه‌وه، كه سیای ئه‌مه‌ریکی و ڕۆژئاوا ئایه‌توڵا خومه‌ینی و پارته‌كه‌یان هێنایه سه‌ر ته‌ختی ده‌سه‌ڵات، به‌ڵام به ناچاری. ده‌ڵێین به‌ناچاری، چونكه زۆربه‌ی خه‌ڵكی ئێران له‌سه‌ر شه‌قامه‌کان بوون و به‌شداریان له ڕاپه‌ڕیندا ده‌كرد، هه‌ر له به‌ر ئه‌وه ئه‌مه‌ریكا و ڕۆژئاوا له‌به‌رده‌م دوو هه‌ڵبژێردا بوون: ئایه‌توڵا خومه‌ینی یا پاوه‌ر و ده‌سه‌ڵاتی خه‌ڵك. به‌واتایه‌كی تر ئه‌وان له نێوانی دوو دوژمن‌دا بوون : دوژمنێكی بچوك و کاتیی یاخود دوژمنێكی سه‌ره‌كی و مه‌ترسیدار، ئه‌وان دوژمنی یه‌كه‌میان هه‌ڵبژارد و ئه‌ویان پێ‌باش بوو، له هه‌مان كاتیش‌دا وایان هه‌ستده‌كرد، كه كۆنترۆڵ و ده‌سته‌مۆكردنی مه‌لاكان و ده‌وڵه‌ته‌كه‌یان ئاسانتره، كه ده‌یانزانی له جه‌نگێكی درێژ خایه‌ن له‌ته‌ك عیراق دا ئێران ماندوو ده‌بێت. ئه‌وان ده‌زانن، كه جه‌نگ باشترین چه‌كێكه بۆ لاوازكردنی بزووتنه‌وه‌ی جه‌ماوه‌ری له پاڵ لاوازكردنی هه‌ردوو ڕژێم كه له جه‌نگدا به‌شداریان كردووه.
ئێستاش پاش 30 ساڵی ڕه‌به‌ق ئه‌مه‌ریكا نه‌یتوانی كارایه‌كی گه‌وره له‌سه‌ر ڕژێم دابنێ و ئه‌وه‌ی كه هه‌ر له سه‌ره‌تاوه ده‌یویست به‌ده‌ستی بهێنێت. له هه‌مان كاتیش‌دا خه‌ڵكی له‌وه زیاتری نه پێ قه‌بوڵ ده‌كرا و نه‌پێ هه‌ڵده‌گیرا، چونكه ژیانی خه‌ڵك چ له ڕووی ڕامیارییه‌وه، چ له ڕووی ئابورییه‌وه به‌ره‌و باشتربوون نه‌ده‌ڕۆیشت و به‌دڵنیاییه‌وه له ڕووی ژیانی ئاسایی كۆمه‌ڵایه‌تیشه‌وه به‌ره‌و خراپتر چوو بوو، ئه‌مه جگه له‌وه‌ی كه نزیكه‌ی هه‌ر خێزانێك له ئێران‌دا یه‌كێك له خۆشه‌ویسته‌كانی له سه‌رده‌می جه‌نگی عیراق و ئێران‌دا له ده‌ست دابوو، كه 8 ساڵی خایاند.
ئه‌م بارودۆخه ڕۆژ له‌دوای ڕۆژ به‌ره‌و خراپتربوون ده‌چوو و ژیانی خه‌ڵكیش به‌ره‌و خراپی ده‌ڕۆیشت، له كاتێكدا كه مه‌ترسی له‌وه ده‌كرا، كه ” کۆمه‌ڵگه‌ی نێو نه‌ته‌وه‌یی” ئابلوقه‌ی ئابووریان له‌سه‌ر دابنێت، به‌تایبه‌ت له كاتێكدا كه ڕژێمه گه‌وجه‌که‌یان ده‌یه‌وێت به‌ره‌و جه‌نگێكی درێژخایه‌نی تر بیانبات.
كه‌واته ده‌توانین بڵێین ئا له‌م بارودۆخه‌داخه‌ڵكی له ئێران‌دا به‌دووی هه‌ل و بیانوو یا ڕوودانی قه‌یرانێكدا ده‌گه‌ڕا، تا ده‌رگه‌یه‌كی به‌ڕوودا بكاته‌وه، كه له دژی ڕژێم بێنه سه‌ر شه‌قامه‌کان. ئێمه پێمانوایه، كه هه‌ڵبژاردن بۆ خه‌ڵكه‌كه بیانوویه‌كی زۆر باش بوو، به‌تایبه‌ت له كاتێكدا كه چه‌ند كه‌سێكی ده‌سه‌ڵاتدار به‌یارمه‌تی ئه‌مه‌ریكا و چه‌ند وڵاتێكی تری خۆراوا واده‌بینران، كه پشتگیری ئه‌و ناڕه‌زایانه ده‌كه‌ن. ناڕه‌زایییه‌كان خوێناوی بوون و به‌دڵنیانییه‌وه هه‌موو كه‌س سه‌ر به ” شۆڕشی سه‌وز” نه‌بوو، هه‌روه‌كو له سه‌ره‌وه وتمان زۆرربه‌ی خه‌ڵكی له ئێران به‌ته‌واوی له ڕژێم و له بارودۆخه‌كه بێزار بوو بوون و گۆڕان و گۆڕانكاریان ده‌ویست. خۆپیشاندانه‌كان و ناڕه‌زایه‌تییه‌كان له هه‌موو به‌شێكی کۆمه‌ڵگه‌كه‌دا سه‌ریان هه‌ڵدابوو. ئێمه پێمانوایه كه زۆربه‌ی هه‌ره زۆری ئه‌و ناڕه‌زایی و خۆپیشاندانانه په‌یوه‌ندیان به موسه‌وی و یاوه‌ره‌كانییه‌وه نه‌بووه و نییه. به‌ڵام له كاتێكدا كه ڕژێم زۆر دڕنده‌یه هه‌روكو له سه‌ركوتكردنی ناڕه‌زاییگه‌راندا بینیمان، بۆ خه‌ڵكی زۆر سه‌خت بوو، كه به سه‌ربه‌خۆ به‌بێ ئه‌وه‌ی خۆی په‌یوه‌ست بكات یا له‌ژێر چه‌ترێكی ئاوادا وه‌كو چه‌تره‌كه‌ی موسه‌وی پشتگیریگه‌رانی، بتوانن بێنه سه‌رشه‌قام و داوای گۆڕانی ڕژێم بکات. نارازییان ده‌یانه‌وێت، ناڕه‌زایی و ڕکوكینه‌ی خۆیان دژی ڕژێم له پاڵ خه‌ڵكانێكی گه‌لێك به‌ده‌سه‌ڵاتدا، كه به‌شێكن له خودی سیسته‌مه‌كه خۆی، بخه‌نه ڕوو، ئه‌وه‌ش له‌به‌ر دوو هۆ:
یه‌كه‌م: گه‌ر به‌جیا و بێ له خۆهه‌ڵكێشكردن له‌ته‌ك هێزه سه‌ره‌كییه‌كه‌ی ناڕه‌زاییكردنه‌وه ، ئه‌وا ڕووبه‌ڕووی دڕندانه‌ترین سه‌كوتكردن و داپڵۆسین ده‌بوونه‌وه، كه ده‌بووه هۆی کوشتوبڕێکی زۆر.
دووه‌م: دیسانه‌وه گه‌ر خۆیان به‌ته‌نیا ئه‌م ناڕه‌زاییه‌یان ده‌ربڕیایه وه‌كو گروپێكی سه‌ربه‌خۆ، ئه‌گه‌ری ئه‌وه هه‌بوو که مووسه‌وی و خه‌ڵكه ده‌سه‌ڵاتداره‌كه‌ی تر كه به‌شێكی به‌رچاو بوون له شه‌پۆلی ناڕه‌زایییه‌كه، له‌ته‌ك حكومه‌تدا پێكبێنه‌وه. ئه‌مه به پێی ئه‌وه‌ی كه ڕژێم و ئه‌و خه‌ڵكه ده‌سه‌ڵاتدارانه ڕووبه‌ڕووی مه‌ترسییه‌كی گه‌وره و په‌یگیر ده‌بوونه‌وه، كه سه‌رتاپای ڕژێمه‌كه و ڕامیارییه‌كه‌یان به‌ره‌و ڕووی ده‌بوونه‌وه، ده‌یتوانی ڕووبدات .
به‌هه‌رحاڵ ئێمه ڕامانوایه كه ئه‌م شه‌پۆلی ناڕه‌زاییه به‌رده‌وام ده‌بێت و به‌هێزتر ده‌بێت و به‌ره‌و پێشه‌وه ده‌ڕوات، كه ڕه‌نگه گۆڕانكارییه‌كی سه‌ره‌كی له ئێران‌دا له كۆتایی ئه‌م ساڵدا ڕوو بدات. هه‌روه‌ها ئێمه ئاگارداین، كه بزوتنه‌وه‌ی ئه‌ناركیزم له ئێران‌دا له په‌ره‌سه‌ندایه، به‌ڵام دڵنیانین، كه ئایا ده‌توانن خۆیان له ئاستی سه‌رتاسه‌ریدا ڕێبكخه‌ن و ئه‌وه به‌ده‌ستبهێنن كه ده‌مێكه خه‌باتی بۆده‌كه‌ن، هه‌روه‌ها هیچ وانه‌یه‌كیان له ڕابوردوو وه‌رگرتووه یا نه.
A las barricadas: ئه‌و سه‌رنجه لای ئێمه دروستبووه، که هه‌ندێك له بزاڤه کوردییه کۆمه‌ڵایه‌تییه‌کان هه‌رچی زیاتر و زیاتر له‌بری هاتنه‌وه له‌ته‌ك پارته ماویستییه‌کان، گروپه رامیارییه چه‌په‌کان و پراکتیکیان، به‌ره به‌ره به‌ره‌و ئه‌نارکیزم / خه‌باتی جه‌ماوه‌ری ده‌گۆڕدرێن. ئایا ئه‌مه وایه؟
سه‌كۆ: ئه‌مه ڕاستی تێدا هه‌یه. خه‌ڵكی لێیان بێزار بووه، له‌و ئه‌زموونه‌شه‌وه كه هه‌یانه ئه‌وه تێگه‌یشتوون، كه ئه‌و ڕێكخراوانه هه‌نووكه مایه‌پوچ بوون، به‌ڵام هه‌روه‌كو پێشتر له وه‌ڵامی پرسیاره‌كانی تردا وتومانه ، ئێمه بزووتنه‌وه‌ی ئه‌ناركیستیمان نه له کوردستاندا بینیوه و نه له عیراقیشدا. له‌كاتێكدا كه هه‌موو كه‌س بێزار بووه و گۆڕانكاری ده‌وێت، خه‌ڵكێكی زۆریش له بزوتنه‌وه‌یه‌كدا كه به ناوی “گۆڕان“ه‌وه‌یه، له ئێستادا خۆیان ڕێكخستووه، به‌ڵام هێشتا ئه‌م بزووتنه‌وه‌یه نه‌بووه‌ته ڕێكخراو و پارتێكی پته‌و. له ڕاستیشدا ئه‌مانیش جیاوازییه‌كی گه‌وره‌یان له‌ته‌ك ڕێكخراو و پارته كۆنه‌كاندا یا ئه‌وانه‌ی له ئێستادا نییه، كه میرایه‌تی هه‌رێمی کوردستان ده‌که‌ن. ئێمه باوه‌ڕمان وایه ئه‌مانیش وه‌كو ئه‌وانه‌ی پێش خۆیان، هه‌مان چاره‌نووسی تێشكان، چاوه‌ڕوانیان ده‌كات.
له به‌شی دووه‌می هه‌مان پرسیاردا: كه گوایه دواتر ئه‌م ڕێكخراوه سواوانه و چالاكییه سواوه‌كانیان به ڕه‌شه خه‌ڵكه‌كه و جۆره چالاكییه‌كی تری نوێ ده‌گۆڕه‌ێت؟ سه‌خته كه له وه‌ڵامی ئه‌مه‌دا له ئێستادا خۆشبین بیت. به‌ڵام ئێمه له‌وه دڵنیاین، كه له داهاتوویه‌كی نزیكدا ڕه‌شه خه‌ڵكه‌كه خۆیان ڕێكده‌خه‌ن، ڕه‌نگیشه هه‌ندێكیشیان له چه‌ند گروپێكی ئه‌نا‌ركیستیدا یا ئازادی سه‌ربه‌ستیخوازدا خۆیان ببیننه‌وه. بۆ زیاتر تیشكخستنه‌سه‌ر ئه‌م خاڵه، تكایه وه‌ڵامی پرسیاری داهاتووتاندا ببینن.
A las barricadas: پێتان وایه بۆچوونه ئه‌نارکییه‌کان به‌باشی له کوردستاندا په‌ره‌بسێنن؟ ئایا له‌وێنده‌رێ سونه‌تی کۆمونه‌یی نزیك له پراکتیکی ئه‌نارکییه‌وه هه‌ن؟ [له هه‌ندێك شوێن ئه‌م پرسانه هه‌بوون: کرۆپۆتکین له هاریکاری به‌رامبه‌رانه‌دا باسی لێوه‌کردوون؟
سه‌كۆ: به بڕوایه‌كی ته‌واوه ده‌ڵێین، بیر و ئایدیای ئه‌ناركیستی له کوردستان به‌ره‌و گه‌شه‌كردن و به‌ره‌و پێشه‌وه ده‌ڕوات، ئه‌مه‌ش له‌به‌ر ئه‌وه نییه، كه ئێمه باوه‌ڕمان به ئه‌ناركی و ئه‌ناركیزم هه‌یه، به‌ڵكو له‌به‌ر ئه‌وه‌ی كه ئه‌ناركیزم ڕیگه‌یه‌كی دروسته و له ئاینده‌یه‌كی نزیكدا ده‌بێته بزوتنه‌وه‌یه‌كی به‌هێز، چونكه:
یه‌كه‌م: هه‌موو ڕێگه كۆنه‌كانی تێكۆشان له شه‌ڕی گه‌ریلای ئاساییه‌وه تاكو ڕێگه‌ی ئابڕوچووی ده‌نگدان، بڕواكردنه سه‌ر چه‌شنه جیاوازه‌كانی ڕێكخراوه چه‌په‌كان و خۆشباوه‌ڕی به پارته ناشنالیسته‌کان هه‌ر له یه‌كێتی نیشتمانی و پارتی دیمۆكراتی کوردستان و پارتی شیوعی کوردستان و عیراقی و گشت گروپه جۆراوجۆره ئیسلامییه‌کان و پارته لیبراڵه‌كان، به‌بنبه‌ستگه‌یشتوون و به كرده‌وه نیشانیاندا، كه مایه‌پوچ بوون و ناتوانن خۆیان له به‌زین و تێشكانی ته‌واو قورتار بكه‌ن. چونكه ڕۆژ له دوای ڕۆژ له‌ناو خه‌ڵكه ئاسایی و ڕه‌شوڕوته‌كه‌دا متمانه و بڕوایان ده‌دۆڕێنن.
دووهه‌م: له كوردستاندا هه‌تا له عیراقیشدا زۆر مافی سه‌ره‌كی هه‌ن، كه له خۆراوای ئه‌وروپا، ئه‌مه‌ریكا، كه‌نه‌دا و وڵاتانی سكه‌ندناڤیدا به ده‌ست هێنراون، به‌ڵام له کوردستان یا له عیراقدا ئه‌و مافه سه‌ره‌تاییانه هێشتا داخوازی ڕۆژانه‌ی خه‌ڵكین. هه‌روه‌ها هه‌بوونی گه‌نده‌ڵی كه هه‌موو ئاسته‌كانی ده‌سگه کارگێڕییه‌کان و کۆمه‌ڵگه‌ی له‌بنه‌ڕه‌ته‌وه تاكو سه‌ری سه‌ره‌وه‌ی کۆمه‌ڵگه، كه په‌ڕله‌مانه‌که‌یه‌تی گرتۆته‌وه و ئێستاش ئه‌مه بووه‌ته پرسێكی سه‌ره‌كی وا، كه بووه‌ته خواستی یه‌كه‌می داخوازییه‌كانی خه‌ڵك كه خه‌باتی بۆ ده‌كه‌ن.
سێهه‌م: په‌یوه‌ندی نێوان تاكه‌كانی ناو کۆمه‌ڵگه له‌ناو خودی کۆمه‌ڵگه‌كه‌دا هێشتا به‌هێز و گه‌رموگوڕه، ئه‌مه‌ش ئه‌وه ئاسان ده‌كات، كه خه‌ڵكی بڕوای به‌یه‌كتر هه‌بێت و به هاوبه‌شی خه‌بات بكه‌ن و پێکه‌وه بۆ ئه‌و داخوازییانه تێبكۆشن.
A las barricadas: دوا پرسیار، ئه‌گه‌ر شتێك ماوه بیڵین، فه‌رموون؟
سه‌كۆ: ئێمه هه‌وڵ ده‌ده‌ین كه ئه‌وه‌ی له‌تواناماندا هه‌بێت، پێیهه‌ستین، له‌وانه نووسین و بڵاوکردنه‌وه له هه‌ر که‌ناڵێکه‌وه گونجاوبێت، ڕاگه‌یاندنی بیر و باوڕ و بۆچوونه‌کانمان له‌نێو کۆڕه‌کانی خه‌ڵکدا، به‌شداریکردن له سیمینا و کۆڕه‌کاندا، وه‌رگێڕانی تێكسته ئه‌ناركیستییه‌کان له زمانه‌کانی تره‌وه. هه‌روه‌ها گه‌یاندنی زانیاری به خه‌ڵكی له‌وێ و ئاگادارکردنه‌وه‌یان له‌و ڕووداوانه‌ی که له‌جیهاندا ڕووده‌ده‌ن.
Be the first to comment.