RSS Feed

دەقی گفتوگۆیەك کە هاوڕێیەکی سەکۆی ئەنارکیستانی کوردستان لەتەك هاوڕێ سامان، ئەندامی (SAC – https://www.sac.se/en) سوید

Posted on Wednesday, November 17, 2010 in دیمانە - گفتوگۆ - دیالۆگ - وتووێژ

بەشی دووەم

میدیای ده‌وله‌تی ئیسرائیل و هاوپه‌یمانانی، هۆرکاری په‌لاماردانی که‌شتییه‌که‌یان بۆ سنووربه‌زاندن و هه‌بوونی چه‌کدار و چه‌ك و ته‌قه‌مه‌نی له‌ که‌شتییه‌که‌دا گێڕایه‌وه‌، ئایا وه‌ها شتگه‌لێك له‌ ئارادا بوون؟

وەك وتم، ئەو چالاکییەی ئێمە کردمان لەبەر ئەوەی کە پەیوەندی بە دەولەت و بە پارت و بە ئایینەوە نەبوو، کارێك کە بەو جۆرە ئەنجام بدرێت، دەبیتە مەترسی لە دەوڵەتی ئیسرائیل و هێزە راستڕەوەکانی دونیا، وەکو وتم ئەوانە وەلامی تایبەتی خۆیان بۆ چالاکی وەها هەیە. یا بە تیرۆریست یا بە نەتەوەچی و یا ئیسلامی، ئەو شتانە نامۆ نین، لە یەکەم ڕۆژەوە دەوڵەتی ئیسرائیل و میدیاکانی جیهان، چالاکییەکەی ئێمەیان دایە بەر تۆمەت. لە بەرامبەردا ئەوەی من دەیزانم و دەتوانم بیڵێم، بە هیچ جۆرێك چەك و یا شتی مەترسیدار لەسەر ئەو کەشتییە نەبوو. لەبەر ئەوەی کە ئێمە لە یۆنان دەرچووین، وەکو هەموو کەشتییەکی تر، پۆلیسی یۆنانی و گومرگی یۆنانی هاتنە ناو کەشتییەکە و هەموو شتێك ئاسایی بوو و هیچ شتێکی مەترسیداری تێدا نەبوو، هیچ شتێکی تێدا نەبوو کە بتوانن بڵێن نایاساییە و دەستی بەسەردا بگرن. لەبەر ئەوە نامەیان داینێ، کە ئەم کەشتییە یاساییە و بارەکەشتی یاساییە و ئەو خەڵکانەی کە لەسەر کەشتییەکەن، کەسانی ئاسایین و هەموویان گوزەرنامە (پاسپۆرت)یان هەیە و کەسییان ناویان لە لیستی ڕێکخراوە تێرۆریستەکان و لەو جۆرەدا نییە. بەلام وەك لە سەرەتادا وتم ئەو تۆمەتانە بۆ فریودانی خەڵك بەکار دەبەن. بەو جۆرە دەیکەنە چالاکییەکی تێرۆریست و وا نیشاندەدەن، کە بێجگە لە هاریکاری تیرۆریزم، هیچ ئامانجێکی تری نەبووە.

کاتێك کە دەستیان بەسەر کەشتییەکەدا گرت، ئێمەیان برد بۆ زیندان و لە ژێر لێکۆڵینەوە و تێهەڵداندا داوای ئەوەیان لێ دەکردین، کە دەبێت واژۆی ئەوە بکەین، کە ئێمە نایاسایی چووینەتە ئیسرائیل. من چوار ڕٶژ لە زینداندا بووم، بەهیچ شێوەیەك نەچوومە ژێر ئەو داوایە و وتم من بۆ غەززە هاتووم و ئێوە منتان فڕاندووە و بۆ ئێرەتان هێناوم. چونکە مەرجەکەیان ئەوە بوو، ئەگەر واژۆ لەسەر ئەو کاخەزە بکەی، ئەوا یەکسەر لە زیندان دەرتدەکەین. بۆیە چوار ڕۆژ ماینەوە و لەو بڕوایەدام تاکە هۆی بەردانی ئێمە، ئەوە بوو، کە فشارێك زۆر گەورە لەسەر دەولەتی ئیسرائیل دروست بوو، بەوەی کە ئەو پرسە بووە هۆی دروستبوونی خۆپیشاندانی گەورە لە سەرتاسەری دونیادا، کە بۆ ئیسرائیل زۆر باش نەبوو، لەبەر ئەوە تا زوو ئێمەی بەربدایە، بۆ خۆیان باشتر بوو، ئیتر بەو جۆرە ناچار وتیان گرفت نییە، ئەگەر لەسەر کاخەزەکەش نەنووسیت، بڕۆ لە کوێوە هاتووی بڕۆڕەوە بۆ ئەوێ.

ئایا له‌ ناوخۆی ئیسرائیل و فه‌له‌ستین هیچ هاریاکاری و هاوخه‌باتییه‌ك بۆ پشتیوانی ئێوه‌ هه‌بوو یا سه‌ریهه‌ڵدا؟

ئێمە پێشتر لە ناوەوەی ئیسرائیل پەیوەندیمان بە چەپەکانەوە هەبوو، بە چەپەکانی ئیسرائیل، چەپەکانی فەلەستین، کە ئەوانیش پشتیوانییەکی ئەو چالاکییەی ئێمەیان دەکرد. بڕیاریش وابوو، ئەگەر بگەیشتینایەتە فەلەستین، دەمودەست بەوان دەگەیشتین و لەتەك ئەواندا گفتوگۆمان دەکرد. چونکە هەموو کۆششەکەی ئێمە بۆ ئەوە نەبوو، کە بچینە ئەوێ و دەسەلاتدارانی فەلەستین و غەززە، دەوڵەتمەندان ببینین. بە هیچ جۆرێك بەتەمانەبووین ئەوان ببینین، دەمانویست لەتەك ئەو ڕیکخراوە چەپانەی کە لە غەززە هەن، لەتەکیان دانیشین و قسە بکەین. هەروەها ئەوانەش لە ئیسرائیل کە پەیوەندیمان لەتەکیان هەبوو، لە دەرەوەی زیندانەکە خۆپیشاندانێکی گەورەیان بەرپاکرد. پاش دوو هەفتە، پاش ئەوەی ئێمە گەیشتینەوە جێی خۆمان، لە تەلئەبیب خۆپیشاندانێکی گەورەیان دژی ئەو کارانەی بەرامبەر ئێمە کرابوون، هەڵخڕاند.

له‌م دوایانه‌دا وه‌ك ئه‌ندامی شاندێك به‌ره‌و وڵاتی یۆنان چوون، ئامانج له‌و سه‌ردانییه‌ چی بوو، تا چه‌نده‌ توانی کارا بێت؟

وەك پێشتر وتم، چوونەکەمان بۆ یۆنان، بۆ تێگەیشتن و بۆ هاوپشتی ئەو تێکۆشانەی کە ئەوان لەوێ دەیکەن، بزانین چی دەکەن. وەك پێشتر وتم، بۆچوونی من وابوو، بۆ بەهێزکردنی ئەم تێکۆشانەی چینی کرێکار لە یۆنان، پێویستە داواکارییەکان، داواکاری تازە بن، تەنیا پارێزگاری لە مافە کۆنەکان نەبێت، ئەوەی تەمەنی خانەنشینی زیاد دەکەن و موچە کەم دەکەنەوە. بەڵێ من لەتەك ئەوەدام دەبێت خەبات بۆ هێشتنەوەی ئەمانە بکرێت، بەڵام لە هەمان کاتدا پێویستە مەرجی تازەشت هەبێت، هەر بەوەوە نەوەستی، کە داوای شتە کۆنەکان بکەیتەوە. دەبێت بڵیت نەك تەنیا ئەوە، ئەمەشمان دەوێت.

له‌ به‌رامبه‌ر ئه‌و بۆچوونه‌دا، دژه‌بۆچوونێکی تر هه‌یه‌، که‌ ناچارکردنی ئه‌و وڵاته‌یه‌ به‌ فرۆشتنی کۆمه‌ڵێك دوورگه‌ به‌ ناوه‌نده‌ جیهانییه‌ قه‌رزده‌ره‌کانی وه‌ک سندوقی دراوی نیوده‌وڵه‌تی و بانکی جیهانی و تایبه‌تیکردنیان، ئه‌مه‌ تا چه‌نده‌ په‌سه‌ند ده‌کرێت و ڕیفۆرمەکانی ئه‌م دوایانه‌ چه‌نده‌ لای نارازیان ڕۆشنن؟

وەك پێشتر وتم، من بڕوام بەم قەیرانە ئابوورییە نییە، کە لە ڕاستیدابوونی هەبێت، قەیرانی ئابووریی سەرمائەدارەکان بەخۆیان دروستی دەکەن، وەك وتم بۆ لێدانی کرێکار جا ئیتر لە یۆنان بێت یا لە فەرەنسە و سوید بێت، ئەم لێدانە بۆ لاوازکردنی کرێکارە. بۆ فرۆشتنی ئەو کەرتانەیە کە هێشتا لەژێر دەستی دەوڵەتدا وەك کەرتی گشتی ماونەتەوە بە کۆمپانیاکان و تایبەتیکردنیانە. ئەم ڕەوتە لە سەرتاسەری جیهاندا بەڕێوەیە بۆ نموونە لە عیراق و کورستان، ئەوەی کە ئاو و کارەبایان خستووەتە ژێر ڕکێفی کەرتی تایبەتی (ئەوەی پێی دەوترێت کۆمپانیای ئەهلی). یەکێکە لە ڕێگەکان بۆ لێدانی چینی کرێکار، چونکە بۆ نموونە کارەبا و ئاو و خەستەخانە بەهرەمەندبوون لێیان ماف و پێداویستی سەرەتایی خەڵکن، نابێت سوودیان لێوە بەدەستبهێنرێت و کاری بەڕێوەبەرایەتی کۆمەڵگەیە کە دەبێت ئەو شتانە بەڕێوە بەرێت. بەڵام سەرمایەدارانی جیهان ئەمەیان ناوێت و دەیانەوێت لە هەموو شتێك و سەرچاوەیەکەوە سوود و قازانج بەدەستبهێنن. سندوقی دروای نێودەوڵەتی و بانکی جیهانی بۆ تایبەتیکردنەوەی خزمەتگوزاری و کەرتە دەوڵەتییەکان، مەرج و بیانووەکانیان بەسەر دەوڵەتاندا دەسەپێنن. ئەمەش تەنیا بە مەبەست و بۆ بەدەستهێنانی پارە و سوودە و بەس. وەك وتم بۆ نموونە ئێستا لە کوردستاندا کارەبا وایان لێکردوو و بە تایبەتیکردنیشی نرخەکەی زۆر بەرزبووەتەوە و هاوار و ناڕەزایەتی خەڵكیش لە دەستیان بەرز بووەتەوە. لە ئەمەریکای لاتین ئاویان وا لێکردووە، ئاو بە پارەیەکی زۆرە، ئەمەش بۆ کۆمپانیایەکی فەرەنسی دەگەرێتەوە، کە ئاوی لە دەولەتەکان کڕیوە و دەیەوێت زۆرترین قازانجی لێوە بەدەستبهێنێت. هەر لەبەرئەوە، ئەوەی ئێوە باسی دەکەن واتە فرۆشتنی دوورگەکان، تووشی سەرسوڕمانم ناکات. چونکە دەیانەوێت هەموو شتێك بخەنە خزمەت پارەپەیداکردنەوە و لە سەرتاسەری جیهاندا دەیانەوت ئەو شتانە تایبەتی بکەنەوە، هەر لە نەخۆشخانە و فێرگەوە بیگرە تا دوا شت، ئەو هێرشە هێڕشێکی جیهانییە بۆ سەر کرێکاران.

لە یۆنان بێجگه‌ له‌ خۆپیشاندان و مانگرتنی ناوبه‌ناو، چ جۆره‌ چالاکی و به‌رهه‌لستییه‌كی تر گیراوه‌ته‌به‌ر یا کاری له‌سه‌ر ده‌کرێت؟

ئەوەی کە دەتوانم لەمەڕ یۆنان بیڵێم، یۆنان یەکێکە لەو شوێنانەی کە مێژووی بەرگری، مێژوویەکی کۆن و گەرم و قۆڵی هەیە. یۆنان یەکێکە لەو دەوڵەتە ئەوروپییانەی کە لە کۆتایی ساڵانی شەستەکانی سەدەی رابوردوودا، بزووتنەوەی چەپ ئەوەندە تێیدا بەهێز بوو، کە سەرمایەدارەکان ناچار بوون (جونتا)یەك بێننە سەر دەسەڵات، کە بە هەموو شێوەیەك کاری بۆ تێکشکاندنی بزووتنەوەکە کرد. لەبەرئەوە مێژووی یۆنان، مێژوویەکی پڕ بەرگری و بەهێزە و تائێستاش ئەگەر لەتەك بەشەکانی تری ئەوروپا بەراوردی بکەین، چەپی یۆنان بەهیزتر و یەکگرتووترە. کاتێك کە من لەوێ بووم، لە چاوپێکەوتنی ئەو هاوڕێیانەدا هەستم بە یەکگرتووی و بەهێزی چەپی یۆنان کرد.

ئایا هیچ ئه‌ڵته‌رناتیڤێك له‌لایه‌ن بزاڤه‌ به‌رهه‌لستکاره‌کانه‌وه‌ کاری له‌سه‌ر ده‌کرێت، بۆ نموونه‌ کۆمونه‌ و هه‌ره‌وه‌زییه‌کان و ڕێکخستنی کۆمیته‌ و فیدراسیۆنه‌ سه‌رتاسه‌رییه‌کان؟

لەبارەی ئەڵتەرناتیڤی تر بۆ خۆڕێکخستن، شتێکی وام لێیان نەبینی. تەنیا کەناڵێك کە بۆ نواندنی هێز هەیانە، سەندیکاکان، زۆر بەهێزن، زۆر میلیتانتن، زۆر زۆر چەپن، بەهیچ جۆرێك (پاسۆک) کارایی لەسەریان نییە و بەهێزیی سەندیکاکان لە رووداوەکاندا ڕۆڵی خۆی دەبینێت، هەر ئەو بەهێزییەشە کە وایکردووە چەند ڕۆژ جارێك مانگرتنی گشتی دەست پێبکەن، کە هەموو شتێك لە کار دەکەوێت یا ئەوەی کە لە پڕ رایدەگەیێنن، کە شۆڤێری شەمەندەفەکانی ژێرزەوی ماندەگرن یا تاکسی و بەشەکانی تر.

ئەم چەکەیان هەیە و بەهێزی چەکەکەیان لەوەدایە، کە یەکگرتوون و ئەمەش هێزی ئەوەی داونەتێ، کە بتوانن ئەو مانگرتنەی کە دەیکەن، هەمووان بگرێتەوە. کەس ناڵێت من مان ناگرم، لەبەرئەوە هەرچی هەوڵدانە بۆ ماڵیکردنی بزووتنەوەکە لە یۆنان چ بە قامچی و چ بە نوقڵپیدان، دەیگرنەبەر. بە بڕوای من ئەگەر بتوانن ماڵی بکەن، ئەوا ماوەیەکی زۆری دەوێت. من بۆخۆم هیوایەکم بە یۆنانە کە ئەو بزووتنەوە و خەباتە لە ولاتانی تر ڕەنگ بداتەوە و بگاتە ولاتانی تری ئەوروپا. لەبەرئەوە ئەگەر لەتەك فەرەنسە بەراوردی بکەم، جیاوازییەکە ئەوەیە، کە بزووتنەوەکە لە یۆنان زۆر یەکگرتووتر و ڕێکخراوترە و ستراتیجێکیشیان هەیە. ئەوە نییە بڵێی بۆ ڕۆژێك دەیکەن، ئەوان بە ستراتیجی یا مان یا نەمان دەیکەن. لەو بروایەشدا نیم، وا زوو چەك دابنێن و بۆ نموونە ئەگەر لەتەك سوید دا بەراوردی بکەم، سوید ئەو مێژووەی نییە، خەلکی سوید زیاتر خەڵکی بێدەنگن، ئەوەی پێیدەڵن ئاشتیخواز، تاقەتی بۆڵەبۆڵ و شەڕ و مانگرتناین نییە، چونکە سوید ئەو مێژووە گەرموگوڕەی نییە، مێژووی بەرگری نییە، بۆ نموونە ئەوەی لە یۆناندا هەیە.

لە کوردستان کاتێك کە لە وڵاتێك پارتێکی چەپ لە هەڵبژاردنەکاندا دەگاتە دەسەلات، کەم نین، ئەوانەی کە بەوە شاگەشکە دەبن، ئایا بەدەسەڵاتگەیشتنی (PASOK) لە یۆنان هیچی لە هێرشی سەرمایە بۆ سەر چین و توێژە بندەستەکانی کۆمەڵگە گۆڕیوە و کەمکردووەتەوە؟

ڕووداوەکانی دوو ساڵی ڕابوردوو و بە دەسەڵاتگەیشتنی پاسۆک (PASOK) و ئەوەی کە ئێوە دەڵێن لە کوردستان هەندێك لە چەپەکانی کوردستان بە هاتنەسەر دەسەڵاتی پاسۆک دڵیخۆشی خۆیان دەربڕی، نازانم چ جۆرە چەپێکەوە بەوە دڵخۆشە کە پاسۆک دەسەڵاتی وەرگرت. پاسۆک پارتێکە وەك پارتە سۆشیال-دێمۆکراتەکانی تر، هەموو مێژوویان هەر خەریکی خزمەتکردنی سەرمایەدارنی دونیا بوون، هەر خەریکی ماڵی و دەستەمۆکردنی کرێکاران بوون. ئەوەی دڵخۆشی دەردەبڕیت و چەپڵە لێدەدات، بەلای منەوە ئەوانە چەپ نین، ئەوانە خزمەتکاری سەرمایەدارەکانی دونیان.

هاوڕێ سامان، پێمان خۆشە دوا وتەت بۆ خوێنەران یا هەر شتێکی تر کە خۆت دەخوازیت بە خوێنەرانی بڵێیت.

دوا شت کە دەمەوێت پێی لەسەر دابگرمەوە، ئەوەی کە وتم کرێکاران داوای تازەیان نییە، داواکانیان تەنیا بەرگرین لە شتە کۆنەکان. لێرەدا دەمەوێت بە قسەیەکی کارل مارکس کۆتایی بە قسەکانم بهێنم، لەسەر شۆڕشی ١٨٤٨ دەڵێت “ بەراوردی ئەم شۆڕشە بەوانەی پێشوو، “ئەم شۆڕشە سروش لە داهاتووە وەردەگرێت“ من لەتەك ئەو قسەیەی (کارل مارکس)دام، شۆڕشەکە ببێت بە شۆڕشێکی وا کە نەك گۆرانکردن لەسەر لاکە کۆنەکان یا تازەکردنەوە لەسەر لاکە کۆنەکان، پێویستە لاکە کۆنەکان گۆڕبەگۆڕ بکرێن. لەسەر شتێکی تازە، دونیایەکی تازە بنیات بنرێت. ئەو شتانەی کە تا ئێستا ئەنجام دەدرێن، ئەوەی پێی دەوترێت “گۆران”، گۆڕان لەسەر لاکە کۆنەکان، لاکە کۆنەکە بە جلێکی تازەوە دێتە دەرەوە، لەبەرئەوە بۆ ئەوەی گۆرانکارییەکە ببێت بە گۆرانکارییەکی ڕاستەقینە، پێویستە لاکە کۆنەکان بخەیتە ژێر گڵەوە، لەسەر زەمینەی تازە، شتێکی تازە دروست بنیات بنرێت.

زۆر سوپاس بۆ ئێوە، هیوادارم وەلامەکانم جێی ڕەزامەندی خوێنەران بن و بەسوود بن. بەردەوام (سەکۆ ئەنارکیستانی کوردستان) دەخوێنمەوە، بە هاوڕێی خۆمتان دەزانم، هیوادارم ئەو خەباتەی ئێوە، کە خەباتی منیشە، سەرکەوتووتر بێت و هەروەها هیوادارم پێکەوە تێکۆشانمان بۆ گۆرانی ڕاستەقینەی ئەم دونیایە بەردەوام بێت.

Be the first to comment.

Leave a Reply

You must be logged in to post a comment.