جەماوەر و ئازادی لە بەرامبەر دەسەڵات و زۆرداریدا

هاوار

سڵاو ئازیزانم لە مەیدانی ئازادی

دەسەڵات بە زۆر سەپاوە و تەنیا بە زۆریش لەناو دەبرێت. بەڵام دەبێت ئەوە لەلامان ڕۆشن بێت، کە زۆر تەنیا تەقە و زیندان نییە، بەڵکو پێش هەموو شت کارایی ئابووری و ڕەهەندی کۆمەڵایەتیبوونەوەی زۆرە وەك پێداویستی پاراستنی کۆمەڵگەی نایەکسان. بۆیە زۆری جەماوەر ناتوانێت گارەگاری ئەندامپارلەمانەکانی لیستی-گۆڕان و تەقاندنەوەی چەند نارنجۆکێك بێت، بەڵکو لێدانە لە شادەماری زۆری دەسەڵات، کە ئابوورییە، ئەمەش مانگرتنی گشتی و خەباتی ئابووریی دەخوازێت، هەروا ڕێکخستنەوەی کۆمەڵگە لە ڕێکخراوەی ئازاد و سەربەخۆی جەماوەریی چین و توێژەکانیدا، کە ڕەهەندی کۆمەڵایەتیی دەسەڵات و زۆر لاواز و پوچەڵ دەکاتەوە. بۆیە تەنیا بە زۆری خەباتی ئابووریی و تێکشکاندنی کۆمەڵایەتیبوونی دەسەڵات، دەتوانین کۆتایی بە زۆرداری و ملکەچیی و نایەکسانی و ناداپەروەری بهینین..

وا یەکی ئایار بەرێوەیە و ڕۆڵی مانگرتنی سەرتاسەری جەماوەری و مانگرتنی کرێکاران یەکلاگەرەوەیە، شێوازێك لە خەبات، کە هیچ هێزێكی سەربازیی و پۆلیسی ناتوانێت بەری پێبگرێت…

جارێکی دیکە دەستتان دەگوشم و مێژووی  راستەقینەی ئەم ڕۆژانە، هەنگاوە پەیگیرانەکانی ئێوە دەینووسنەوە…

Leave a Reply