من وەک فێرکارێک دەمێنم و تۆش زیندانەوان!

زووس، یەزدانی یەزدانان فەرمانیدا تاکو پرۆمتەی سەرپێچیگەر زیندانیبکەن، بەو جۆرە بوو بەسەرهاتی من و تۆ لەوێوە دەستیپێکرد.
تۆ بوویت بە میراتگری زیندانەوانەکانی زووس تاکو ڕۆژانە ببیت بە پاسەوانی نەوەیەک لە دریژبوونەوەی خۆرەتاو و ڕۆشنیی و بۆ من و تۆ زیندان دوو واتای جیای پەیداکرد. دوو کەس لە پشت دوو دیوی دیوار، دەرگەیەکی ئاسنین و ڕۆژنەیەکی گچکە لەنێو ئەو، تۆ لە دەرەوەی بەندگە و من لەنێوی.
باشتر دەبێت، کە یەکدی باشتر بناسین.
من فێرکار … نا نا.…
من فێریاری سەمەدی بیهرەنگی‘م، ئەوەی کە (ئەلدوز و قەلەڕەشان) و (ماسییە ڕەشە گچکەکە)ی نووسی، بۆ ئەوەی هەمووان فێری بزووتن بکات. ئەو دەناسیت؟ دەزانم کە ئەو ناناسیت.
من فێریاری خانعەلی‘م، ئەو فێرکارەی کە ئێمەی فێرکردین چۆن لەسەر تەختە ڕەشەی پۆلەکەی خۆمان خۆر نیگاربکێشین، بۆ ئەوەی ڕۆشنایی ئەو شەمشەمەکوێران ڕاوبنێت.
دەزانی ئەو کێ بوو؟
من هاوکاری بەهمەنی عیزەتی‘م، پیاوێک کە هەمیشە لە ئەو بۆنی باران دەهات و مرۆڤێک کە هێشتا خەڵکی کرماشان و دێهاتەکانی لەتەک یەکەمین پاییزە باران ئەویان بیردێتەوە، ئەرێ بەراست دەزانی ئەو کێ بوو؟ دەزانم کە نازانی.[٢]
منی فێرکار، لە فێریارەکانی خۆم خەندە و پرسیارکردن بۆ من بە میرات ماوە.
ئێستا کە تۆ منت ناسی، تۆش لە بارەی خۆت بە من بڵێ، هاوکارەکانی تۆ کێ بوون،لە چ کەسێکەوە توندوتیژی و نەفرەتت بۆ تۆ بە میرات ماوە، زنجیرەکانی دەست و پێی تۆ لە کێوە بەجێماون؟ لە سیاچاڵەکانی زوحاکەوە؟
تۆش لە بارەی خۆت بڵێ، تۆ کێیت؟ من بە دەسبەند و زنجیر و شەلاق و دیوارە پتەوەکانی ٢٠٩، بە چاوە ئەلەکترۆنییەکانی زیندان، بە دەرگە پتەوەکانی مەترسێنە، ئیدی ئەو شتانە هیچ ترسێک لەنێو ناخی من دروستناکەن. توڕە مەبە، هاوار مەکە، بە مشتەکۆڵە بەسەر دڵی من مەکێشە، کە لەبەر چی سەری خۆم بەرز ڕادەگرم، بەسەرهاتی مشتەکۆڵەی تۆ و سەری ژنە زیندانییەکە لەنێو بیرەوەری من ماوە.
لە من مەدە، کە بۆ چی گۆرانی دەبێژم، من کوردم، پێشینانی من ئەوینداریی خۆیان، دەردەکانی خۆیان، تێکۆشان خۆیان و بوونی خۆیان لەنێو گۆرانی و سروودەکان بۆ من بە یادگاریی بەجێهێشتووە. من دەبێت بێژم و تۆ ببیستی. تۆ دەبێت لە گۆرانییەکەی من گوێڕادێری، من دەزانم کە ئەوە تۆ ئازاردەدات.
من بەر کوتەکان مەدە، کە لەکاتی ڕێکردن دەنگی پێیەکانی من دێت، ئاخر دایکم منی فێرکردووە، بە هەنگاوەکانی خۆم لەتەک زەمین قسەبکەم، نێوان من و زەمین، پەیمانێک هەیە و پەیوەندییەک کە من زەمین پڕ لە جوانیی و خەندە بکەم. دەی کەواتەتۆ بهێڵە با ڕێبکەم، بهێڵە با ئەو دەنگی پێی من ببیستێت، بهێڵە زەمین بزانێت، کە هێشتا من زیندوو و هیوادار ماوم.
پێنووس و کاخەز لە من یاساخ مەکە، دەخوازم بۆ زارۆکانی سەرزەمینی خۆم لایە لایە بهۆنمەوە، لێوانلێو لە هیوا، پڕ لە چیرۆکەکانی سەمەد و ژیانی ئەو، پڕ لە خانعەلی و ئارەزووەکانی، لە عیزەتی و فێریارانی، دەخوازم بنووسم، دەخوازم لەتەک خەڵک قسەبکەم، لەنێو ناخی بەندگەکەی خۆمەوە، لێرەوە، تێدەگەی چی دەڵێم؟ دەزانم تۆ فێرکراویت بەرانبەر ڕۆشنایی و جوانییەکان و هزر و بیرکردنەوە ڕکت هەبێت.
بەڵام مەترسە وەرە نێو بەندگەکەی من، لەسەر خوانە گچکە و شڕەکەی من میوان بە، ببینە چۆن هەموو شەوێک من فێریارەکانی خۆم میواندارییدەکەم، چۆن بۆ ئەوان چیرۆک دەگێڕمەوە، بەڵام تۆ مۆڵەتت نییە ببینی، تۆ مۆڵەتت نییە ببیستیت، تۆ پێویستە ئەویندار بیت، ببیت بە مرۆڤ، دەبێت لە ئەم دیوی دەرگەکە بیت، تاکو تێبگەیت، کە من چی دەبێژم.
تۆ من تەماشابکە تاکو بزانی جیاوازی من و تۆ چییە، من هەموو ڕۆژێک لەسەر دیواری بەندگەکەی خۆم دەستانی دڵدارەکەم، چاوە جوانەکانی ئەو نیگاردەکێشم، پەنجەکانی ئەو لەنێو دەستی خۆم دەگرم و گەرمیی ژیان لەنێو دەستەکانی و چاوەڕوانیی و شەیدایی لەنێو چاوانی ئەو دەخوێنمەوە، بەڵام تۆ هەموو ڕۆژێک بە کوتەکەکەی دەستی خۆت پەنجە نووساوەکانی سەر دیوار دەشکێنیت، چاوانی چاوەڕوانیی دەردەهێنیت و دیوارەکە ڕەش دەکەیتەوە.
دونیای تۆ هەمیشە تاریکیی و زیندان دەبێت و “هەستی ڕۆشنایی” تۆ ئازاردەدات، چەند مانگێکە من دیتنی ئاسمانێکی پڕ ئەستێرە چاوەڕوانییدەکەم.
لەتەک ئەستێرە یاخییەکان کە لەنێو تاریکایی لەم سەری ئاسمان بۆ ئەو سەری ئاسمان بکشێن و بە ڕۆشنایی سینگی تاریکیی شەقبکەن. بەڵام تۆ ساڵانێکە لەنێو تاریکیی دەژیت، شەوی تۆ بەبێ ئەستێرەیە، دەزانی ئاسمانی بێ ئەستێرە چ واتایەکی هەیە؟ ئاسمانی هەمیشە شەو واتای چییە؟
ئەم جارە کە بۆ بەنگەی ٢٠٩ گەڕامەوە، وەرە نێو بەندگەکەی من، من بۆ تۆ کۆمەڵێک ئارەزووم هەن، نەک لە ڕەنگی نزاکانی تۆ کە سەراپا ئاگرن و ترس لە دۆزەخ، ئارەزووەکانی من پڕن لە هیوا و خەندە و ئەوین. وەرە ناو بەندگەکەی من، تاکو نهێنیی دوا خەندەی عیزەتی لەبەردەم سێدارە بە تۆ بڵێم، دەزانم کە دووبارە دەبمەوە بەندی بەندگەی ٢٠٩، لە بارێک کە تۆ بە سەراپای بوونی پڕ کینەی خۆتەوە بەسەر من دەگوڕێنیت و هێشتا دڵی من بۆ تۆ و دونیایەکی هیچ کە لە دەوری تۆ دروستکراوە، دەسووتێت. من دەگەڕێمەوە لە بارێک کە فێرکارم و هێشتا خەندەی مناڵانی نیشتمانی خۆم لەسەر لێوەکانی من ماوە.
فێرکاری سزادراو بە سێدارە، فەرزادی کەمانگەر
بەندگەی نەخۆشانی (عفونی| ئیلتیهابی) زیندانی ڕەجایی شاری کەرەج
وەرگێڕان لە فارسی: هەژێن
١٧ی ئایاری ٢٠١٠
________________________________________
١. بە پێچەوانەی لێکۆڵەرەکان، کە لەسەر ئەوەی من لەنێو بابەتی (نامەی) بەندگەی ٢٠٩، ئەوانم بە خێو ناوبردبوو، دڕندانە کەوتنە کوتەکاریی و جنێودان و سووکایەتیکردن بە من، ئەم جارە چەند کەسێک لە پاسەوانانی بەندگەی ٢٠٩ منیان ئازارنەدا.
٢. بەهمەنی عیزەتی فێرکاریک بوو، کە لە سەرەتای شۆڕش(مەبەست شۆڕشی ١٩٧٩ی ئێرانە – و. کوردیی) لە سێدارە درا، هێشتا خەڵکی دێهاتەکانی کرماشان و کامیاران یاداوەریی زۆریان لەبارەی ئەو هەیە، دەڵێن لە کاتی لەسێدارەدران لە وەڵامی بەرپرسان کە لە ئەو دەپرسن: لە مردن ناترسێیت؟ بە خەندەوە گوتویەتی: ئەگەر مردن پیاوە، با بۆ لای من بێت، تاکو من توند توند ئەو لە ئامێز بگرم.
* سەمەد بیهرەنگی : فێڕکار، چیرۆکنووس و وەرگێڕ و لێکۆڵەری فۆلکلۆری ئازەربایجانی. ٣١ی ئۆگوستی ١٩٦٨ لە تەمەنی ٢٩ لەلایەن کارمەندانی دەوڵەتی ئێران [پاشایەتی موحەمەد ڕەزاشا] لەنێو ئاو خنکێندرا.
سەمەد بیهرەنگی دانەری ئەلفابێتی ئازەری بوو، کە دەوڵەتی پاشایی لە ئەو پێشوازیدەکات، بەلام ئەو ئامادەی چاپکردنی پەڕتووکەکەی نابێت و هۆکاری ئامادەنەبوونەکەی بە براکەی دەڵێت “ئەگەر من ئەوە پەسەندبکەم، دەبێت لاپەڕەکانی سەرەتای پەڕتووکەکەم بۆ پێداهەڵدانی شا و شابانوو تەرخانبکەم”
** بەهمەن عیزەتی : شۆڕشگەر و فێرکاری یەکێک لە فێرگەکانی کامیاران، پاش ئەوەی لە دەوروبەری (پاوە) لەلایەن چەکدارانی کۆماری ئیسلامی ئێران دەستگیردەکرێت و کۆمەڵێک لە خەڵکی پاوە بۆ لای ئەیەتوڵڵا خاڵخاڵی دەچن و داخوازی لەسێدارەنەدان و ئازادکردنی بەهمەن عیزەتی دەبن، خاڵخاڵی وەک نوێنەری حزباللەی تازە بەدەسەڵاتگەییشتوو، فەرمانی لەسێدارەدانی ئەو دەردەکات و ڕۆژی
٢١ی ئۆگوستی ١٩٧٩ لەتەک هەشت هاوڕێی خۆی لە هەمان شوێنی بەرەنگاریکردنی پاسداران، گوللەباراندەکرێت.
*** خانعەلی : ئەبولحەسەن خانعەلی، فێرکاری ٢٩ ساڵەی وانەکانی فیلۆسۆفیی و زمانی عەرەبی لەنێو کۆبوونەوەی ناڕەزایەتیی فێراکاران لە مەیدانی بەهارستان بە گوللەی پۆلیسێک دەکوژرێت.
**** ناڕەزایەتی بەرانەر زیندانیکردن و سزای لەسێدارەدانی (فەرزاد کەمانگەر) کۆمەڵگەی کوردنشین و سنوورەکانی ئێران تێدەپەڕاند و لەنێو وێرانەکانی جەنگی سی ساڵەی ئەفغانستان، لە کابووڵ دەیان ئازادیخواز دژی بڕیار و ملهوڕییەکانی کۆماری ئیسلامیی ئێران خۆنیشانداندەکەن.