هەژێن
سەرنجداندنێکی ڕەخنەیی له پەرتووکۆکەی “نیگایەك لە ئێستا و خەونێك بۆ سبەی”ی مه‌ریوان وریا، ئاراس فه‌تاح، به‌ختیار عه‌لی، ڕێبین هه‌ردی
بەشی چوارەم
به‌ڵکو بۆئه‌وه‌یه به‌شدارییه‌ک بکه‌ین له دۆزینه‌وه‌ی چاره‌سه‌ری هێمنانه‌و دیموکراسیانه بۆ ئه‌و قه‌یرانه گه‌وره‌یه‌ی ئه‌زموونی حوکمڕانی له هه‌رێمدا تووشیبووه. ل٩
چاره‌سه‌ری هێمنانه کامه‌یه و مه‌به‌ست له چییه؟ به‌رداشتی من له‌و شێوه گۆڕانه، که نووسه‌ران ده‌یخوازن و له سه‌رده‌می هه‌ڵبژاردنه‌کاندا کاریان بۆ کرد و ئه‌م به‌رنامه‌یان بۆ داڕشت، گۆڕانە له سه‌ره‌وه و به لوتف و به‌زه‌یی ڕامکارانی ڕێفۆرمخواز و فیلۆسۆفانی مرۆڤدۆست، نەك گۆڕانێك کە دواجار دەبێتە گۆڕانی کۆمەڵایەتی و ڕزگاربوونی کۆمەلگە.
ئه‌گه‌ر به کورتی ڕۆڵ و کارکردی ئه‌م نووسه‌رانه دیاری بکه‌ین، ده‌کاته دڵنه‌رمکردنی ده‌سه‌ڵاتداران و له خه‌و ڕاچڵه‌کاندنیان یا هاندانی خه‌ڵك بووه بۆ ده‌نگدان به لیستێك. ئایا نووسه‌رانی ده‌سه‌ڵاتیش که به فه‌رمی ئه‌وه پیشه‌یانه، بێجگه له‌مه هیچیتریان کردووه؟
“دێمۆکراسییانه” کامه‌یه و تکایه نموونه‌یه‌کی خوازراو؟ کامه دێمۆکراسی و له‌سه‌ر ده‌ست و کارکردی کێ؟ ئه‌و دێمۆکراسییه پشت به کامه شێواز و میکانیزم ده‌به‌ستێت، تاکو فیلته‌ر بۆ سه‌رهه‌ڵنه‌دانه‌وه یا په‌روه‌رده‌کردنی دزێکیدروست بکات؟
کامە چارەسەر، چاره‌سه‌ری قه‌یرانێك، که ئه‌زموونی فه‌رمانڕه‌وایی له هه‌رێمی کوردستاندا تووشیبووه، یا هاوخه‌باتی و هاوسه‌نگه‌ری قوربانیانی ئه‌و فه‌رمانڕه‌واییه بۆ چارەسەری گرفتەکانیان؟نووسه‌ران ئەوە ده‌رك ناکه‌ن یا خۆیان له‌وه لاده‌ده‌ن، که قه‌یرانه‌کانی ده‌سه‌ڵات له‌و ساته‌وه ده‌ستپێده‌که‌ن، که جه‌ماوه‌ری سته‌مدیده‌ی ژێرده‌ست به‌ئاگادێت و له خه‌بات و به‌ره‌نگاری ڕۆژانه‌دا هوشیار ده‌بێته‌وه! ئه‌گینا ده‌سه‌ڵاتی بۆرجوازی کورد له‌چاو سه‌ره‌تای دامه‌زراندن و جێکه‌وته‌بوونی، تۆکمه‌تر و دێمۆکراسییتره (مەبەست دێمۆکراسییەکە کە نووسەران دەیخوازن، دێمۆکراسی نوێنەرایەتی)! بۆ نموونه له سه‌ره‌تای ڕاپه‌ڕیندا ژنیان به به‌رنامه و ده‌سته‌ی تێرۆریستی خۆیان ڕه‌شه‌کوژی ده‌کرد، به‌ڵام ئێستا به باوك و برا و سه‌رۆکهۆز و ئیمامی ئایینی، له ئایاری ١٩٩٢دا به ناوبژی و فشاری ئه‌مه‌ریکا ملیان به فیفتی فیفتی یه‌کتردا و ده‌نگی ئه‌وانیتریان دزی، له ئیستادا مل به چوونی ئۆپۆزسیۆن ده‌ده‌ن و ده‌سه‌ڵاتیان پێده‌به‌خشن و بواری خۆکاندیدکردنی که‌سانی ئاساییش بۆ پله‌ی سه‌رۆکایه‌تی (خوایه‌تی) هه‌رێم ده‌ده‌ن، له ساڵی ١٩٩٣دا (نه‌زیر عومه‌ر– ئارام)یان به په‌رمێز سوتاند و له ده‌ره‌وه‌ی شارۆچکه‌ی سمێڵ فڕێیاندا، له ئێستادا گوله به ناوده‌می ڕه‌خنه‌گرانیانه‌وه ده‌نێن و له موسڵ فڕێیان ده‌ده‌ن. ئایا ده‌سه‌ڵاتێکی ئاوا، قه‌یرانی فه‌رمانڕه‌وایی زیاتر یا که‌متر ده‌بێت؟ به‌ڵام ئه‌وه‌ی که نووسه‌ران نێوی ده‌نێن “قه‌یرانی فه‌رمانڕه‌وایی و له ساڵیادی ( ٢٠٠٦) کیمیابارانیدا له سه‌رکوتی ڕاپه‌ڕینه‌وه‌ی خه‌ڵکی هه‌ڵه‌بجه‌دا به قه‌یرانی مۆراڵی نێویان ده‌برد، قه‌یرانی پاگەنده‌ی فڕیوده‌رانه‌یه و خودی نووسه‌رانیش ئه‌وه‌تا خه‌ریکی په‌ڕوپینه‌کردنی ئه‌وه‌ن، که جارێکی جه‌ماوه‌ری ناڕازی به‌لایه‌کی تردا به‌رن و ناکۆکییه‌کان و سته‌مه‌کان و هه‌ڵاواردنه‌کان، نادادوه‌رییه‌کانی بۆرجوازی بۆ ئه‌م سه‌رتیپی نەخوێنەدوار و ئه‌و ئه‌ندماپارله‌مانی ناپسپۆڕ ده‌گێرنه‌وه. ئه‌وان ده‌یانه‌وێت ئه‌وه بشارنه‌وه، که هه‌ر قه‌یرانێکی ڕامیاریی و ئابووریی و سه‌ربازیی سیسته‌مه جیهانییه‌که خۆبه‌خۆ به‌پێی ڕێوشوێن و کارایی ده‌سه‌ڵاته ناوچه‌ییه‌کان به‌سه‌ر فه‌رمانڕه‌واییه‌کاندا ده‌شکێته‌وه، ئیتر ئه‌و فه‌رمانڕه‌وایانه فیلۆسۆف بن یا چه‌ته و ڕێگر!
ته‌نیا دووباره‌کردنه‌وه یاخود تۆمارکردنی هه‌ڵویستی مێژوویی نییه له ساته‌وه‌ختێکی قه‌یراناویدا، به‌ڵکو به‌شداریکردنه له بینین‌و یارمه‌تیدانی یه‌کدی له تێگه‌یشتنی راستییه‌کان؛ هه‌وڵه بۆ گیڕانه‌وه‌ی ڕێز بۆ ده‌وری ڕۆشنبیر وه‌ک بینه‌ر، وه‌ک ناونه‌ر، وه‌ک بکه‌رێکی راسته‌خۆو به‌شدار له دروستکردنی هوشیاری گشتیدا، وه‌ک بکه‌رێکی ناراسته‌خۆش له دیاریکردنی چاره‌نوسی وڵاته‌که‌یدا ل٩
دیسانه‌وه شیوه‌نی هه‌ریسه‌که دێته‌وه پێشه‌وه‌ی شانۆ و په‌رده له‌سه‌ر ئه‌وه لاده‌دات، که نووسه‌ران خوازیاری چین! باشه ئه‌وه زانیمان “ڕۆشنبیر”ی بینه‌ر چییه، ئه‌ی ده‌کرێت بزانین، “ڕۆشنبیران”ی ناونه‌ر چییه؟ لێره‌دا ته‌نیا یه‌ك ئه‌گه‌ر هه‌یه بۆ واتابه‌خشین؛ ناونانی کێشه و گرفت و قه‌یرانه‌کان به‌و جۆره‌ی که له به‌رژه‌وه‌ندی ڕۆشنبیران و ده‌سه‌لاتدایه، که ده‌کاته‌وه به‌لاڕێدابردنی خه‌ڵك له که‌تواری شته‌کان. پاشان ده‌کرێت له “دروستکردنی هوشیاری” تێبگه‌یێنرێن؟ مه‌گه‌ر هوشیاری که‌ره‌سته و ئامێره تا دروست بکرێت؟
ئاساییه که ده‌سته‌بژێر وه‌ها له هوشیاری بدوێت، چونکه خودی خۆبژارکردن له‌ناو خه‌ڵکدا و خۆده‌سته‌کردن له‌م پارت و له‌و بانددا، له‌سه‌ر ئه‌و بنه‌ما لیڵ و نامرۆییه وه‌ستاوه. هوشیاری نه پۆشاکه تا ده‌سه‌ڵات لای“ڕۆشنبیران” به دوورینی بدات، نه که‌ره‌سته‌یه تا له ده‌ره‌وه‌ی خۆمان به‌رهه‌مبهێنرێت. هوشیاری به‌رهه‌می کار و چالاکی خودی مرۆڤ (تاك)ه له ژیانی ڕۆژانه و کارایی ڕووداوه‌کان و ڕووبه‌ڕووبوونه‌وه‌یان له‌لایه‌ن تاکه‌وه به‌پێی پێداویستی و هه‌وڵی مانه‌وه. چونکه هیچ “ڕۆشنبیر” و ڕامیارێك تا ئێستا نه‌یتوانیوه پێش ڕووداو بکه‌وێت و له باره‌یه‌وه هوشیاریمان بداتێ، به‌ڵکو هه‌موو پێسبینیییه‌ك به ئه‌زموونی چه‌ند باره‌وه‌بوو پشتئه‌ستووره و به‌س. بۆیه هوشیاری مرۆڤ له ده‌ره‌وه‌ی خودی مرۆڤه‌وه نییه و پێویستی به هیچ په‌یامهێنه‌رێك نییه. وه‌ها تێڕوانیێك بۆ هوشیاری له خۆڵەپۆته‌ی ئایدیالیزمدا چینە دەکات، که دروستبوون و ڕێنوێنی مرۆڤ، بۆ پێش ماده کەوتنی هوشیاری واته خودا، ده‌گێڕێته‌وه و نوێنەرانی هوشیاری “ڕۆشنبیران” لەسەر زەوی هەمان پلەوپایە بە خۆیان دەدەن. به‌ڵام هه‌م ئه‌زموونی مرۆڤ و هه‌م تاقیکاری له‌سه‌ر زۆرێك له ئاژه‌ڵه خزمه‌نزیکه‌کانی مرۆڤ، ئه‌وه‌ی نیشانداوه، که هوشیاری به‌رهه‌می تاقیکردنه‌وه و وانه‌وه‌رگرتنه له ئه‌زموونه تێپه‌ڕێنراوه‌کان. هه‌روه‌ك چۆن مناڵێك بەر لە سووتان ناتوانێت لە واتای ئازاری سووتان بگات، ئاواش نووسه‌ران له ١٨ ساڵی ڕابوردوودا بەبێ تێپەڕکردنی ١٨ ساڵ ئەزموون، نه‌یانده‌توانی وه‌ها مانیفێستێك بۆ ڕزگارکردنی بۆرجوازی کورد لە قەیران، به‌رهه‌مبهێنن!
ئه‌وه‌ی ئێمه لێره‌دا ده‌یخه‌ینه ڕوو پرۆگرامی سیاسی نییه، چونکه ئێمه نه‌حیزبین‌و نه سیاسه‌ت ده‌که‌ین، به‌ڵکو ئه‌وه‌ی ئێمه ده‌یکه‌ین پێداگرتنه‌وه‌یه له‌سه‌ر ئه‌و ڕۆڵه ئه‌خڵاقی‌و فیکرییه‌ی که پێمانوایه ده‌بێت ڕۆشنبیرانی کورد هه‌یانبێت، … ل٩
ڕاسته ئێوه‌ی نووسه‌ران له پارتێکدا نین یا ئاشکرا نین، به‌ڵام به دڵنیاییەوە خه‌ریکی ڕامیاریکردنن. چونکه ڕامیاریکردن ته‌نیا کاری پارتیی نییه، به‌ڵکو ڕامیاریکردن به واتای لێزانانە کایه‌کردن بۆ گۆڕینی بارودۆخێكی ڕامیاریی، ئابووری و کۆمه‌لایه‌تی. هه‌روه‌ها مرۆڤی ناڕامیار بوونی نییه، ته‌نانه‌ت ئه‌وانه‌ش که له کۆمه‌ڵگه و کاروباره‌کانی گۆشه‌گیری ده‌که‌ن. مرۆڤ له کۆمه‌ڵگه‌دا بوونه‌وه‌رێکی ڕامیاره، یا له بازنه‌ی ڕامیاری که‌سانی تردا سه‌رگه‌ردان ده‌سووڕێته‌وه یا به‌خۆی خه‌ریکی تێكشکاندنی بازنه ڕامیارییه جێگیره‌کانه.
ئه‌و سوێندخواردنه ناپێویست و نابه‌جێییه بۆ بڕواپێهێنانی خوێنه‌ر، به‌وه‌ی که ڕامیاری ناکه‌ن و به‌رنامه‌که‌یان ڕامیاریی نییه، خوێنه‌ر به گێلزانینه، چۆن ده‌کرێت مانیفێستی ڕیفۆرمی ڕامیاری پێشنیار بکه‌یت و ڕامیار نه‌بیت و خه‌ریکی ڕامیاریکردن نه‌بیت؟ ئه‌مه سه‌لمێنه‌ری بۆچوونه‌که‌ی منه، که نووسه‌ران وه‌ك سه‌رانی بۆرجوازییان خه‌ریکی ڕامکردنن نه‌ك ڕامیاری. ئینجا لەسەر ئەو بنەمایەش ئه‌وه‌ی بیر له چاره‌سه‌ری ڕیشه‌یی کێشه و گرفته‌کان بکاته‌وه، هیچ کات ده‌سه‌ڵاتی بۆ گرنگ نییه و ئه‌وی خه‌می ڕزگارکردنی که‌شتی تێکشکاوی ده‌سه‌ڵات بێت و داوای به‌شداریکردنی ده‌سه‌ڵات بکات و پێناسه‌ی فریادڕه‌سی بۆ خۆی دیاری بکات، خه‌ریکی ڕامکردنی خەڵکە بۆ سەروەری چینێك.
ئایا ده‌کرێت نووسه‌ران بۆمان دیاری بکه‌ن؛ کامه‌یە ئەو مۆڕاڵ و هزرە، که لای نووسەران پێویسته پێوه‌ری ڕۆڵی “ڕۆشنبیران”ی هه‌تیمچه‌که‌ی کوردایه‌تی بێت؟ ئایا پێیانوایه که‌سی بێمۆڕاڵ و که‌سی بێهزر لە کۆمەڵگەدا په‌یدا ده‌بێت؟ به‌واتایه‌کی تر پێیانوایه نووسه‌رانی پارته‌کان بێمۆڕاڵ و بێهزرن؟ به چ ئاوه‌زپه‌سه‌ندی و لۆجیك و پێوه‌رێك؟
کەسی بێمۆڕاڵ تەنیا دەتوانێت مردوویەك بێت، لەوێدا کە بە مردن، کۆتایی بە کردار دێت، چونکە مۆڕاڵ لە بوون و کرداردا دەتوانێت بەرجەستە بێت. هەر بەو پێیەی کە مرۆڤ خاوەنی هزر و ئایدیلۆجیا و ڕێوشوێنی کۆمەڵایەتی جیاوازە، هەرواش خاوەنی مۆڕاڵی جیاوازە، بەڵام هیچ کات بێمۆڕاڵ نییە و بەجۆرێك لە جۆرەکان پەیڕەوگەری هزر و مۆڕالێکە و مۆڕالی جێکەوتووش لە کۆمەڵگەی چینایەتیدا، مۆڕاڵی چینی سەروەرە، چونکە مۆڕاڵ لە چەمکە چینایەتییەکان بەدەر نییە و وەك هەر دیاردەیەکی تری کۆمەڵایەتی، پابەند و ڕەنگدانەوەی ئاستی پەیوەندییە مرۆییەکانە. ئەوی مۆڕاڵی جێکەوتە بە کردەوە ڕەتبکاتەوە، هاوکات خەریکی جێخستنی مۆڕالێکی ترە، ئەوی خوازیاری مۆڕاڵی مرۆڤدۆستانە بێت، بێجگە لە دژایەتی مۆڕاڵی کۆنەپەرستانەی باوی سەروەران، ڕێگەیەکی تری بۆ نامێنێتەوە!
کۆمه‌ڵگای کوردی ئه‌مڕۆ به تونێلێکی تاریک‌دا ده‌ڕوات که هه‌ڵه‌ی ژماره‌یه‌کی زۆر که‌م له خه‌ڵک دروستیانکردوه، که گوێ پێناده‌ن‌و کورتبینی کۆمه‌ڵێک سیاسی خوڵقاندووێتی ل٩
ئه‌وه‌ی ئه‌مڕۆ کۆمه‌ڵگه‌ی کوردستان به‌ده‌ستییه‌وه ده‌ناڵێنێت، له‌وه به‌ده‌ر نییه، که کۆمه‌ڵگه‌کانی ئه‌رژه‌نتین و ئه‌فریکای باشوور و تایله‌ند و کیرگستان و ..تد گیرۆده‌ی بوون و سه‌رچاوه‌که‌شی بۆ سیستەمەکە چینایه‌تییه جیهانییه‌که‌ی ده‌سه‌لاتداری بۆرجوازی ده‌گه‌ڕێته‌وه. ته‌نیا چاره‌سه‌ریش بۆ پاراستنی ده‌سه‌ڵات و قوتارکردنی لە قەیرانەکانی ئه‌وه‌یه، له‌و شوێنانه‌ی [کوردستان بە نموونە] که بزاڤه کۆمه‌ڵایه‌تییه‌کان ڕێکخراو نین، کوشت‌وبڕ و تێرۆر بەگەڕ بخرێت و له‌و شوێنانه‌ی [ ئه‌وروپا بە نموونە] کە تاك تاڕادەیەك لە ڕۆڵی ڕامیاران و سیستەمە جیهانییەکە هوشیاربووەتەوە و دێوجامەی نەتەوەگەرایی و ئایین کڕیاری کەمە، کارمه‌ند و شالیارەکان وەڵا بنرێن و کەسێکی دیکە شوێنیان بگرێتەوە، هەر ئەو کایەی کە نووسەران دەخوازن ڕۆڵی پێخەمبەربوونی بگێڕن!
ئه‌گه‌ر وانییه جیاوازی گه‌نده‌ڵی میری هه‌رێم و میری بریتانیا له چیدایه؟ ئه‌گه‌ر وانییه، بۆ پاش هه‌زاران ساڵ ده‌سه‌ڵاتی چینایه‌تی و چه‌ند سه‌ده سیستمی پارله‌مانی نوێنه‌رایه‌تی، هێشتاکه پارله‌مانێکی ناگه‌نده‌ڵ و ده‌سه‌ڵاتێکی ناگه‌نده‌ڵ و پارتێکی ناگه‌نده‌ڵ و سه‌رۆکێکی ناگه‌نده‌ڵ و دێمۆکراسییه‌کی ناگه‌نده‌ڵ و “ڕۆشنبیر”ی ناگه‌نده‌ڵ و ژورناڵێکی ناگه‌نده‌ڵ سه‌ریهه‌ڵنه‌داوه؟
پاش ئه‌م هه‌موو ئه‌زموونه لە دووبارە بوونەوەی بەدبەختییەکان، مه‌گه‌ر فیلۆسۆفانی جادووگه‌ری کوردستان، بتوانن له چاندنی دڕکوداڵی دێمۆکراسی سەروەران، گه‌نم و گه‌نمه‌شامی بۆ ژێروەران به‌رهه‌م بهێنن!
تاوانبارکردنی کۆمه‌ڵێك بۆ پاراستنی گشتیی سیسته‌مه‌که، لاسایی نموونه سواوه‌کانی ئه‌وروپایه؛ میدیای ئاڵمانی هه‌رچی وێنه‌ی ناشیرین و سێکسیستی هەبوو بۆ (ئه‌نجێلا مێرکل) سه‌رۆکشالیارانی ئه‌و وڵاته له‌پێش خۆکاندیدکردنیدا دروستی کرد و ته‌نانه‌ت پۆشاکی له‌شفرۆشیان له‌به‌ر کردەبەر، کێچێک نەبووە میوانی دەسەڵات، به‌ڵام کاتێك سه‌رۆککۆماری ئه‌و وڵاته له ساده‌ییه‌وه، ڕاستگۆیانه دان به هۆ ئامادەبوون و ڕۆڵی سوپای ئاڵمان له ئه‌فگانستان ده‌نێت، که ده‌یان ساڵه له یاسای بنه‌ڕه‌تی ئه‌و وڵاته‌دا داڕێژراوه و به‌فه‌رمی ناسراوه، ناڕاسته‌وخۆ ناچار به ده‌ستکێشانه‌وه‌ی بە ڕواڵەت خۆویستانه ده‌کرێت. یا کاتێك خۆپیشاندانێك دژی به‌شداری له شه‌ڕی کۆسۆڤۆ و ئه‌فگانستان و عیراق ده‌کرێت، چالاکانی خۆپیشاندانه‌کان بۆ چه‌ند ساڵ له زیندان ده‌مێننه‌وه! ئایا نووسه‌ران، خه‌ریکی دروستکردنی ئه‌و خۆشباوه‌ڕییه نین، که تاکه دەسەلاتدارەکان به گه‌نده‌ڵی تاوانبار بکرێن و سیسته‌مه‌که، که به‌خۆی سه‌رچاوه‌ی گه‌نده‌ڵییه، پارێزراو بێت؟
“ڕۆشنبیر”، ئه‌ی تاریکبیر کێیه؟ ئایا هه‌موو تاریبیرێك ناتوانێت و ناکرێت خۆی به “ڕۆشنبیر” بزانێت و به‌رامبه‌ره‌که‌ی به تاریکبیری تاوانبار بکات، به واتایه‌کی دیکە ناکرێت هه‌موو که‌سێك، که پاگه‌نده‌ی “ڕۆشنبیر”ی ده‌کات، لای به‌رامبه‌ره‌که‌ی تاریکبیر بێت؟ که‌واته ناتوانرێت له‌سه‌ر کێشی خوێنده‌وار و نه‌خوێنده‌وار، هه‌ندێك خۆیان بکه‌نه “ڕۆشنبیر” و هه‌رچی له ده‌ره‌وه‌ی خۆیان مایه‌وه، بیکه‌نه تاریکبیر. ده‌کرێت، ئه‌وه‌ی که بۆ من ڕۆشنبیریی بێت، بۆ که‌سانی دیکە تاریکبیری بێت. به‌م جۆره ویست و حه‌زی ئێمه ناتوانێت پێوه‌ری ڕۆشنبیریی بێت، به‌ڵکو ئه‌گه‌ر بڕیار بێت، ڕۆشنبیری، ماك و تایبه‌تمه‌ندی که‌سانێك بێت، که ده‌یانه‌ێت مرۆڤایه‌تی به‌ره‌و هه‌رچی زیاتر ئازادی و یه‌کسانی و دادپه‌روه‌ری و سه‌ربه‌ستی تاك هه‌نگاو بنێت، ئه‌وا هه‌موو ده‌سه‌لاتخوازێك چ سه‌رۆكێك بێت یا فیلۆسۆفێك ده‌چێته خانه‌ی تاریکبینی و کۆنه‌پارێزی و کۆنه‌په‌رستییه‌وه!
نووسه‌ری چییه و نووسەر کێیه؟ نووسه‌ری ئه‌رکێکی ویژدانییه، که باوه‌ڕێك هانده‌رییه‌تی. کاتێك که نووسه‌ری ده‌بێته پیشه‌ی موچه به‌ده‌ستهێنان، ئیتر جیاوازی پۆلیس و نووسه‌ر نامێنێت؛ پۆلیس به چه‌ك و کوته‌ك ناڕازییان سه‌رکوت ده‌کات، نووسه‌ریش به پێنووس و ده‌سته‌واژه‌کانی ناۊڕازییان فریو ده‌دات و هه‌ردووکیان ده‌بنه پارێزه‌ری یه‌ك سیسته‌م و یه‌ك ده‌سه‌ڵات، ده‌سه‌لاتی چینایه‌تی مشه‌خۆران و چه‌وسێنه‌ران، که بۆ مانه‌وه‌ی خۆی هه‌موو شتێك به کرێ ده‌گرێت، نه‌ك ته‌نیا نووسه‌ران و فیلۆسۆفان به‌ڵکو جادووگه‌ر و فاڵچییه‌کانیش ده‌توانن ئه‌و ڕۆشنبیرییه بڵاو بکه‌نه‌وه، که هه‌ندێك داوای ده‌سته‌بژێریی بۆ ده‌که‌ن!