27.06.2009
ئه‌گه‌ر ئه‌و ڕسته‌یه‌ی سه‌ره‌وه، ورد بکه‌ینه‌وه، ئه‌وا ده‌کاته هه‌ڵبژاردنی خراپ له خراپتر، که له هه‌موو بارێک‌دا درێژه‌دانه به ته‌مه‌نی خراپی و گه‌نده‌ڵبوونی کۆمه‌ڵگه و مانه‌وه‌ی سه‌روه‌ری مرۆڤ به‌سه‌ر مرۆڤه‌وه، که هیچ کات هاوتای گۆڕان نییه و ده‌بێته له‌باربه‌ری بزاڤه گۆڕانخوازه‌کان. هه‌ر بۆیه ناوه‌نده جیهانییه‌کانی سه‌رمایه‌داری سالانه سه‌دان و هه‌زاران ملیۆن له ڕاکێشی لاوان و ناڕازیان بۆ ده‌نگدان و خۆشباوه‌ڕی به‌م ده‌سه‌لاتخواز و به‌و ده‌سه‌لاتخواز، خه‌رج ده‌که‌ن. هه‌روه‌ها ئه‌گه‌ر ده‌نگدان و هه‌ڵبژاردنی ڕیفۆرمیسته‌کان و ته‌نانه‌ت خۆهه‌ڵبژاردنی ئه‌وانه‌ش که خۆیان به شوانه‌ی چه‌وساوان ده‌زانن، بیتوانییانه شتێك له به‌رژه‌وه‌ندی ژێرده‌ستانی کۆمه‌ڵگه بگۆڕێت، لانیکه‌م ده‌بوو هه‌نووکه له دونیادا مرۆڤی بێ سه‌رپه‌نا، مرۆڤی برسی، مرۆڤی ئاواره و ژنانی پله سێ و چوار، منالانی کارگه‌ر ، زیندانه‌کان و مافیا و کارخانه‌کانی چه‌کسازی بوونیان نه‌بووایه، که‌چی ده‌بینین به پێچه‌وانه‌وه له سه‌ده‌ی بیست و یه‌کدا له سایه‌ی بازار–ئازادی نیئۆلیبراله‌کاندا کۆیلایه‌تی ژنان و منالان سه‌ری هه‌ڵداوه‌ته‌وه، با خوێنه‌رانی هێژا سه‌رنجی کۆیله جوتیارانی به‌رازیل، کۆیله ژنانی ئۆروپای خۆرهه‌ڵاتی، کۆیله منالانی سرلانکا و ئه‌ندونیزیا و په‌ره‌سه‌ندنه‌وه‌ی ئاپارتاید و ڕاسیزم و شۆڤێنیزم له‌چاو سه‌ده‌ی بیست، بده‌ن!
هه‌رچه‌نده هه‌ڵوێستی ئه‌نارکیسته‌کان له‌مه‌ڕ ده‌نگدان و هه‌ڵبژاردن له سیستمی چینایه‌تیدا ئاشکرا و ڕوونه، به‌ڵام له‌ته‌ك ئه‌وه‌شدا وه‌ك ئه‌وه‌ی که ده‌سه‌ڵاتخوازان — هه‌ر له چه‌په‌وه تا راست، له سیکیولاریستهوه تا ئایینی، له کۆنه‌پارێزه‌وه تا ڕیفۆرمیست، له پاوانخوازه‌وه تا نیئۆلیبرال— ده‌که‌ونه هه‌ڵا و به‌ناوی به‌رژه‌وه‌ندی نه‌ته‌وه‌یی، گشتی و چینایه‌تییه‌وه ڕه‌وایه‌تی به سه‌روه‌ری چینایه‌تییان ده‌ده‌ن، ئێمه‌ش به پێویست و گونجاوی ده‌زانین که‌مپه‌ینی دژی ده‌نگدان و دژی چوونه‌پای هه‌ڵبژاردنی ده‌سه‌لاتخوازان، به‌ڕێبخه‌ین و مشه‌خۆران و سه‌رکوتگه‌رانی پشت دێوجامه‌ی به‌رژه‌وه‌ندی نه‌ته‌وه‌یی و نیشتمانی و چینایه‌تی و ده‌سکه‌لایی نوێنه‌رانی ناوپارلهمان و پابه‌ندی و گوێرایهڵییان بۆ یاساکانی سه‌روه‌ری چینایه‌تی، بۆ تاکی چین و توێژه ژێرده‌ست و چه‌وساوه‌کانی کۆمه‌ڵگه بخه‌ینه ڕوو. هه‌روا به‌و جۆره‌ی ئه‌وان ئه‌و مافه به‌خۆیان ده‌ده‌ن، جه‌ماوه‌ر له ژێر ناوی جۆراوجۆر و به پاگه‌نده‌ی بێبنه‌مای زۆروزهبهدهندهوه، فریو بده‌ن، لە بەرامبەردا ئێمه‌ش به ئه‌رکی سه‌ر شانی خۆمانی ده‌زانین، که په‌رده له‌سه‌ر ئامانجه نامرۆییه‌کانی پشتپه‌رده‌ی دێوجامه‌کانی هه‌ڵبژاردن و پارله‌مان و فه‌رمانڕه‌وایی گه‌لی (دێمۆکراسی) بۆ هاوچینه‌کانمان لا بده‌ین و بۆ خۆبیرکردنه‌وه و خۆبڕیاردان و خۆبه‌ڕێوه‌بردن و خۆبه‌رهه‌مهێنان وخۆ دابه‌شکردن له ده‌ره‌وه‌ی بازیچهکانی نوێنه‌رایه‌تی و سه‌روه‌ری چینه دارا‌کان، بانگەوازیان بکەین.
ئه‌گه‌رچی بۆ تاکی ناهوشیاری خواره‌وه‌ی کۆمه‌ڵگه، ده‌نگدان به هه‌لێك و ڕێگه‌یه‌ك بۆ ده‌ربرینی حه‌ز و ئاره‌زووه‌کانیان له‌به‌رچاو ده‌گرێت، به‌ڵام مێژووی کۆمه‌ڵگه‌ی چینایه‌تی و مێژووی گشتی‌بوونی ده‌نگدانه‌کان له لانکه‌کانی پارله‌مان و دێمۆکراسیدا تا ده‌گاته هه‌ڵبژاردنه‌کانی 18 ساڵی رابووردوو لە کوردستان و عیراق، ئه‌وه‌یان نیشانداوه، که ده‌نگدان و خۆ هه‌ڵبژاردن ئامرازێك و ڕێگه‌یه‌ك نیین بۆ باشترکردنی ژیان و به‌ڕێوه‌بردنی کۆمه‌ڵگه، به‌ڵکو به‌پێچه‌وانه‌وه وه‌ك ده‌بینین ئامرازێكن بۆ سه‌پاندنی ویستی چینه‌کانی سه‌ره‌وه به‌سه‌ر چینه‌کانی خواره‌وه‌دا و ڕۆژانه لێره‌و له‌وێ له کۆمه‌ڵگه ئۆروپی و ئهمهریکییهکانەوە بیگرە تا ده‌گاته کۆمه‌ڵگه ئاسیایی و ئه‌فریکییه‌کان به‌ناوی نوێنه‌رانی ڕه‌وایی وه‌رگرتوو له ده‌نگدانی چه‌ند ساڵ جارییه‌وه، هەوڵ دەدەن ڕه‌وایه‌تی به‌و ڕیفۆرمانه بده‌ن، که پێداویستی سه‌رمایه‌گوزاری سه‌رمایه‌دارانی نێوخۆیی و ده‌ره‌کی و چۆنییه‌تی به‌ده‌ستهێنانی سوودی مشهخۆرکراوی ڕه‌نجی خه‌ڵکی چه‌وساوه‌ن.
ئه‌گه‌ر به وردی سه‌رنجی پاگه‌نده و پلاتفۆری ئه‌وانه‌ی که خۆیان به سه‌ربه‌خۆ و جیا لیست ده‌که‌ن و په‌یامی ڕیفۆرم به‌رزده‌که‌نه‌وه بده‌ین، ئه‌وا ده‌بینین، به‌ڵێنه‌کانیان له ئازادکردنی بازار و ده‌سه‌لات له ده‌ستی پارتێك یا سه‌رکرده‌یه‌که‌وه بۆ خۆیان وه‌ك نوێنه‌رانی کۆمپانیا مشه‌خۆره‌کان، به‌و لاوه‌تر ناچن. ئه‌مه‌ش شتێکی ئاساییه و به‌شێکه له شه‌ڕی نێوان سه‌رمایه‌داران و یه‌کلاییکردنه‌وه و پچڕاندنی پشکی زیاتر و هه‌ر که‌سه هه‌وڵ ده‌دات، بازاری چه‌وسانه‌وه‌ی ئێمه بۆ خۆی داگیر بکات. به واتایه‌کی تر ئه‌م شه‌ڕه به هه‌ر لایه‌کدا بکه‌وێت، هیچ له باری ژیان و گوزه‌رانی ڕۆژانه‌ی کرێکاران، جوتیاران، فه‌رمانبه‌ران، مامۆستایان، خوێندکاران، خانه‌نشینان و که‌مئه‌ندامان و منداڵان و ..تد ناگۆرێت، به‌ڵکو ده‌ستی ده‌ستی کردنە به گوزه‌ران و به‌ڕێوه‌بردنی کاروباری ڕۆژانه‌مان له نێوان ئه‌م مشه‌خۆر و ئه‌و مشه‌خۆردا، بۆ ئه‌وه‌ی فره‌تر نه‌بوونی جیاوازی له نێوان ده‌سه‌ڵاتداران و ئۆپۆزسیۆنی ده‌سه‌ڵاتخوازدا ده‌رکه‌وێت، له خواره‌وه هه‌وڵ ده‌ده‌م سه‌رخه‌تی جیاوازییه ڕواڵهتییهکانیان بخه‌مه به‌رتیشکی ڕۆشنایی ئه‌زموونه مێژوویه‌کان.
جیایی ده‌سه‌ڵاتی پارت و میرایەتی: ئه‌م پاگه‌نده بۆ خۆی فره‌تر له گاڵته و قۆشمه‌وه نزیکه تا لە ده‌ربڕینێکی رامیاریی ئاوهزپهسهندەوە. چونکه له سیستمی پارله‌مانیدا ئه‌وه پارت و که‌سایه‌تی کارێزماکراون، که بۆ ده‌سه‌لاتداری هه‌ڵده‌بژێردرێن، ئه‌وه پارته ده‌سه‌ڵات ده‌گرێته ده‌ست، ئه‌گه‌ر پارتیش نه‌بێت و فیلۆسۆفان و ڕۆشنبیران و ڕۆژنامه‌گه‌ران و پرۆفیسۆرانی دانشگەکان و زاناکانیش دسه‌ڵات بگرنه ده‌ست، هیچ له‌و بنه‌مایه ناگۆڕێت، که کۆمه‌ڵگه له‌سه‌ر بنه‌مای سه‌روه‌ری که‌مایه‌تییه‌ك و ژێرده‌سته‌یی زۆرینه‌یه‌ك راده‌گیرێت، هیچ له‌وه ناگۆریت که دزینی ڕه‌نجی چینه‌کانی خواره‌وه، ئه‌وانه‌ی له سه‌ره‌وه ناومان هێنان، به‌ناوی خاوه‌ندارێتی ڕه‌واوه، پیرۆز و دروست داده‌نرێت، هیچ له‌وه ناگۆڕێت، که وه‌ك وڵاته ئۆروپییه‌کان به پێجه‌وانه‌ی خواستی ده‌نگده‌رانه‌وه جه‌نگه نیوده‌وڵه‌تی و ناوچه‌یی و میلیشیاییه‌کان به ده‌نگدانی نوێنه‌رانی هه‌ڵبژێردراو له پارلهمانهکاندا هه‌ڵده‌گیرسێنن؛ نموونه جه‌نگه‌کانی که‌نداو، جه‌نگ یوگوسلاڤیا و ئەفگانستان .. تد. ئایا فه‌رمانی ته‌قه‌کردن له خۆپیشاندان له‌لایه‌ن پێشمه‌رگه‌یه‌که‌وه بدرێت یا فیلۆسۆفێکه‌وه هیچ له ناوه‌ڕۆکی مرۆڤکوژی فه‌رمانه‌که و ویسته‌که ده‌گۆڕێت؟ ئایا سه‌رۆکی میری و هه‌رێم پاله‌وانه ئه‌فسانییه‌کان و هۆنه‌ره ههستناسکهکان بن یا سه‌رۆکی باندێکی مافیایی هیج له‌وه ده‌گۆڕێت، که ده‌وڵه‌ت و میری ئامرازی ده‌سه‌تی چینێکن به‌سه‌ر چینه‌کانی تردا؟
ئێمه لایه‌نگری هه‌رچی که‌مکردنه‌وه‌ی ده‌سه‌ڵاتی میری، پارت، سه‌رۆك، مزگه‌وت، له‌شکر و پۆلیسین، لایه‌نگری لۆکاڵیکردنهوهی بڕیاردان و جێبه‌جێکردن و به‌ڕێوه‌بردنین، به‌ڵام پێ له‌سه‌ر ئه‌وه داده‌گرین که پله و ڕێوشوێنی کۆمه‌ڵایه‌تی، ئازایه‌تی و جوانی و رابوردووی پاك و هه‌ژاری هیچ پارله‌مانتارێك و هیچ ده‌سه‌ڵاتدارێك هیچ له چهوسێنهربوونی و سهروخهڵکیبوونی ناگۆڕێت! هه‌ر بۆیه داخوازی جیاکردنه‌وه‌ی پارتایه‌تی و میرایه‌تی له سیستمی چینایه‌تیدا، هه‌م درۆیه و هه‌م هیچ له ڕه‌وایه‌تی سه‌روه‌ری کۆمه‌ڵه مشهخۆڕێك به‌ناوی نوێنه‌رانی خه‌ڵکه‌وه ناگۆرێت! هەر لەبەر ئەمەشە، کە لە بری هەڵبژاردنی خراپ لە خراپتر، بایکۆتی دەنگدان دەکەین و خوازیاری هەڵمەتی کۆوەبوون و ڕێکخراوبوون و پێكهێنانی ڕێکخراوە لۆکاڵییە جەماوەرییەکانین!
ده‌ستکۆتاکردنی پارت له بازاردا: ئه‌وه‌ی که کۆمه‌ڵگه به ده‌شت و ته‌پۆڵکه و کارگه و ئه‌له‌کتریك و ئاو و که‌له‌پور و شه‌قام و فێرگهکانییهوه، به ڕێگه‌ی تایبه‌تیکردن و فرۆشتنی له‌لایه‌ن میرایه‌تی پارت و کرینه‌وه‌ی له‌لایه‌ن کۆمپانیاکانی پارته‌وه تاڵان و برۆ کراوه، که‌س نییه نه‌یزانێت. ئه‌مه‌ش ته‌نیا تایبه‌تمه‌ندی چه‌ته‌گه‌ری ده‌سه‌ڵاتدارانی پارتی و یه‌کێتی نییه و خوێنه‌ری به‌ڕێز ده‌توانێت سه‌رنجی ئه‌فریکای باشوور و ئه‌مه‌ریکای لاتین و خواروو و خۆرهه‌ڵاتی ئاسیا بدات، ده‌بینێت که ئه‌وه چه‌ته‌گه‌ری بازار–ئازادی نیئۆلیبرالیزمه و شه‌ڕی به‌ناو ڕیفۆرمخوازانیش له‌سه‌ر لێسه‌ندنه‌وه و دواتر گشتیکردنهوه و گهلیکردنهوهی گرد و ده‌شت و کارخانه و ناوه‌نده خزمه‌تگوزارییه‌کان و فێرگه و مۆزه‌خانه‌کان نییه، بەڵکو شه‌ڕی ئه‌وان له‌سه‌ر پچڕاندنی به‌شێکه له‌و تاڵانییه بۆ مشۆخۆرهکانێك که داوای پشکهدزی ده‌که‌ن. ئه‌وان ده‌یانه‌وێت سه‌رمایه‌گوزاری و تاپۆکردنی کارخانه و شه‌قام و گرده‌کان بۆ ده‌سه‌ڵاتدارانی پارته زله‌کان نه‌بێت، به‌ڵکو هه‌موو خوازیارێکی پشکهدزی و مشهخۆڕێك مافی به‌ده‌سهێنانی ئه‌و تاڵانییه‌ی هه‌بێت، مافی سه‌رمایه‌گوزاری له‌سه‌ر خوان و سه‌رمێزی پۆله‌کان و سه‌ر قه‌ره‌وێله‌ی نه‌خۆشخانه‌کانیان هه‌بێت. ئه‌وه‌ی هه‌رای بۆ ده‌کرێت و به‌ناوی به‌رژه‌وه‌ندی خه‌ڵکییه‌وه شه‌ڕی له‌سه‌ر ده‌کرێت، شه‌ڕی زالووه هه‌ڵئاوساوه‌کانی مشه‌خۆری 18 ساڵه‌یه و ئه‌وڕۆکه به یاسای کێبرکێ و پاشقوڵ له‌یه‌كگرتنی بازار، هه‌وڵی دابه‌شکردنی ده‌سه‌ڵاتیان ده‌ده‌ن. شەڕی دەسەڵاتخوازان و دەسەڵاتداران لەتەك شەڕی دژەدەسەڵاتان و دەسەڵات لەیەك جیاوازن. شەڕی ئەوان بۆ هاوپشكبوونیانە لەتەك دەسەڵاتداران لە تاڵان و دزینی ڕەنجی ئێمەدا، شەڕی ئێمە بۆ سەندنەوەی داهات و بەروبووم و گرد و کارخانه و ده‌شته‌کان و شه‌قامه‌کان و فێرگه و نه‌خۆشخانه دزراوەکانی وڵاتە لە دەسەڵاتداران و دەسەڵاتوخوازان!
ئێمه له خۆمانه‌وه بڕیاری پێش کاتەکی به‌سه‌ر که‌س و سه‌ره‌نجامی گاره‌گاری هیچ یەك لە کۆمه‌ڵه ده‌سه‌ڵاتخوازه‌کان ناده‌ین و که‌س له خۆمانه‌وه سزاوار به چاره‌نووسی ناکه‌ین، ئێمه مێژوو ده‌خوێنه‌وه، ئه‌وه‌ی ئه‌مرۆ له کوردستان ڕووده‌دا نزیکه‌ی نیوه ده‌هه‌یه‌ك له‌مه‌وبه‌ر له ئه‌فریکای باشووری ڕووی دا، ده‌هه‌یه‌ك له‌مه‌وبه‌ر له ئه‌مه‌ریکای باشووری ڕوویدا و پیشکه‌وتن و دواکه‌وتنی ڕووداوه‌کان به دوورونزیکی له ڕه‌شه‌بای نیئۆلیبرالیمهوه به‌ستراوه. کوردستان و عیراق، وه‌ك کۆمه‌ڵگه‌یه‌کی مرۆیی ژێرچه‌پۆکی سیستمی چینایه‌تی بۆرژواکان، ناتوانن له تاڵانگهرییهکانی بازار–ئازادی نیئۆلیبرالیزم به‌ده‌ر بن. ئەوەی خوازیاری بازار–ئازادی نیئۆلیبرالیزمە، کەواتە خوازیاری گەندەڵی و تاڵانگەری و مشەخۆری و هەرکەسە بۆ خۆیەتی، ئەگەر نا بێجگە لە خەبات و وەستانەوە دژی ئەو ڕەشەباییە، هیچ هەڵبژێرێکی ترمان لەبەردەمدا نییە، ئەویش له‌م ساته‌دا دەنگنەدانە بە نیئۆلیبراڵەکان و بە پارلەمانەکەیان، بە سەروەری چینایەتییان!
ئێمه نه لایه‌نگری بازاری پاوانکراوی میرایه‌تی پارتین و نه لایه‌نگری بازار–ئازادی نیئۆلیبراله‌کان، چونکه له هه‌ردوو باردا بازار جێگه‌ی ساخکردنه‌وه‌ی ڕه‌نجی دزراوی به‌رهه‌مهێنه‌ران و تالانبردنی داهاتی کۆمه‌ڵگه‌یه. ئێمه نه لایه‌نگری خاوه‌ندارێتی پارتیی، دهولهتیین نه لایه‌نگری خاوه‌ندارێتی تاکه سهرمایهدارهکانین، دژی هه‌موو جۆره خاوه‌ندارییه‌تییه‌کی تایبه‌تین، له‌به‌ر ئه‌وه‌ی که به‌بێ مشه‌خۆری ڕه‌نجی که‌سانی دی و دزی داهاتی کۆمه‌ڵگه، خاوه‌ندارێتی تایبه‌ت سه‌رهه‌ڵنادات و سه‌رمایه به‌بێ که‌له‌که‌بوونی ڕهنجنی دزراوی ئێمه له گیرفانی که‌مایه‌تییه‌کی مشه‌خۆردا، وه‌ك به‌فری به‌هاران ده‌توێته‌وه! ئه‌وانه‌ی که شه‌ڕه ده‌نوکی خۆیان له‌سه‌ر چۆنیه‌تی دابه‌شکردنی داهاتی تالانکراوی کۆمه‌ڵگه، له‌ژێر نێوی به‌رژه‌وه‌ندی گشتی و نه‌ته‌وه‌یی و نیشتمانی چی و چیتردا ده‌ڕازێننه‌وه، سبه‌ی له سیبه‌ری ده‌سه‌لاتی خواییانه‌ی ئه‌واندا ده‌نگده‌رانی خۆشباوه‌ڕی ئه‌وڕۆ – ئه‌گه‌ر هوشیاری به‌ده‌ستنه‌هێنن و ئه‌زموون وه‌رنه‌گرن– ئه‌وا ده‌ڵێن خۆزگه به کفندزی پێشوو، هه‌روه‌ك که‌سانێکی ناهوشیار له ئه‌مه‌ریکای لاتین، له ئێران و له عیراقدا خۆزگه به هه‌رزانی سه‌رده‌می دیکتاتۆره‌کان ده‌خوازن!
ده‌ستکۆتاکردنی پارت له زانکۆکان‌دا: پێش هه‌موو شت پێویسته ئه‌وه بڵێم، که خودی زانست له سایه‌ی سیستمی چینایه‌تیدا چه‌کێکه بۆ گیلکردن و فریودانی خه‌ڵك، ئامرازێکه بۆ په‌روه‌رده‌کردنی خه‌ڵكی کۆیله و کۆیله‌گه‌ر، ده‌سته‌مۆ و دهستهمۆگهر. دانشگهکانیش هه‌مان وانه‌ی ڕه‌وایه‌تی سه‌روه‌ری به خوێندکاران ده‌ده‌ن، که پارت به ئه‌ندامانی و جه‌نه‌ڕاڵ به سه‌ربازه‌کانی و به‌ڕێوه‌به‌ر به فهرامهنبهرهکانی ده‌یدات. ئه‌وڕۆکه له سه‌ده‌ی بیست و یه‌کدا ژماره‌ی دانشگه ئازاده‌کان به په‌نجه‌کانی ده‌ست دهژمێردڕێن و ئه‌وانه‌ش به هه‌وڵی که‌سانی دژه‌ده‌سه‌ڵات لێره‌و له‌وێ له‌سه‌ر بنه‌مای ڕێکخستنێکی تر و فێرکارییه‌کی تر، به‌ڕێوه‌ده‌برین و ڕیگری زۆریشیان بۆ ده‌کرێت. له سایه‌ی ناوهندیبوونهوهی ده‌سه‌ڵاته‌کان له ده‌وڵه‌تی بۆرژوازیدا، وێرای پاگه‌نده ڕواڵهتییهکانیان، له هه‌موو سه‌رده‌مه‌کانی تری سه‌روه‌ری چینایه‌تی مرۆڤه‌کان و کایه ڕۆشنبیرییه‌کان ژێرچهپۆکترن و ناوه‌نده پشتپردهییه جیهانییه‌کانی سیستمه‌که ئاراسته‌یان دیاری ده‌که‌ن، ئه‌وڕۆ له دانشگهکاندا زانست و دانش وه‌ك کاڵا به‌پێی داخوازی سیستمه‌که په‌ره‌یان پێ ده‌درێت و دهخێرێنه بازاره‌وه، دانشگه‌کان خه‌ریکه ده‌بنه بازاڕی خستنه‌ڕووی مۆدێله په‌سه‌نده‌کانی سه‌رمایه‌داری.
ئێمه وێڕای پێخۆش‌بوون و داخوازبوونی ده‌ستکۆتاکردنی کۆمیته پارتییه‌کان و جه‌نراڵه‌کانی میرین له بواری خوێندن و په‌روه‌رده‌دا و خوازیاری جیاکردنه‌وه‌ی دانشگه و مه‌ڵبه‌نده پارتییهکانین، هاوکاتیش خوازیاری ده‌ستکۆتاکردنی میرایهتین له‌و بوارانه‌دا و خوازیاری هه‌رچی زووتر ئازادکردنی خوێندن و په‌روه‌رده‌ین له داوی ئه‌فسانه‌کانی ئایین و ناسیونالیزم و ڕه‌وایه‌تی سیستمی بۆرژوازی. پێمان وایه به‌ڵگه‌ی زیندووش هه‌یه، که لایه‌نگرانی ئازادی –ته‌راتێنی– کۆمپانیاکان له سه‌ر سفره‌ی هه‌ژاران، له لیبڕاڵترین سات و باری نیئۆلیبرالیزمدا دژی ئازادی–بیرکردنه‌وه و زانست و دانشی مرۆدۆستین! بۆیه له باشترین باردا ئه‌وانه‌ی که نێوی ڕیفۆرم و ڕیفۆرمیان له پاوانگه‌ری پارته‌کاندا له خۆیان ناوه، هه‌رچۆن ئامانجیان له جیاکردنه‌وه‌ی پارت و میرایه‌تی و ئازادکردنی بازار له چنگ پارته‌کان له پێناو خۆشگوزه‌رانکردنی خه‌ڵکی برسی و ژیان نامسۆگه‌ر نییه، هه‌رواش پاگه‌نده‌ی ده‌رکێشانی دانشگه‌کان له ژێر ڕکێفی پارته‌کاندا بۆ کردنییه‌تی به به‌شیك له بازار–ئازادی–نیئۆلیبرالیزم و ده‌بێت خوێندکارانی کوردستان له سایه‌ی نیئۆلیبرالیزمدا بۆ به‌ده‌ستهێنانی خه‌رجی وه‌رگرتن و خوێندنیان له دانشگه به‌ناو ئازاده‌کانی به‌ره‌ی ڕیفۆرمدا، ڕوو له لهشفرۆشگه و بانده تریاکفرۆشهکان بنێن!
ئه‌گه‌ر کورتی بکه‌مه‌وه، ده‌بێت بڵێم، جیاکردنه‌وه‌ی ده‌سه‌ڵاته‌کان و جیاکردنه‌وه‌ی پارت و میری، پارت و دانشگه و پارت و بازار، هیچ نییه جگه له په‌رده‌پۆشکردنی که‌موکوڕییه‌کانی بازار–ئازادی نیئۆلیبراڵه‌کان، هیچ نییه بێجگه له خۆشباوهڕکردنهوهی خه‌ڵکی ناڕازای به ته‌بایی سیستمی چینایه‌تی له‌ته‌ك ویست و ئازادی و ژیانی مرۆیی تاکه‌کانی کۆمه‌ڵ. به بروای ئێمه ژیان و ئازادی و سه‌ربه‌خۆیی له ده‌وه‌ری سیستمی چینایه‌تیدایه، له کۆمه‌ڵگه ئازادهکاندایه که خاوه‌ندارێتی تایبه‌تی و سه‌روه‌رییه‌که‌ی شتێکی زیاده‌ن و له نێو پێداویستییه‌کانی ژیانی ئازادانه و یه‌کسانانه‌ی مرۆڤه‌کاندا جێیان نابێته‌وه. وه‌ها کۆمه‌ڵگه‌یه‌ك هه‌ر ئێستا و له ده‌روونی ئه‌م سیسته‌مه دژه‌مرۆییه‌وه ده‌توانرێت هه‌نگاو به‌هه‌نگاو پایه‌کانی له بواری ئابووری، ڕامیاری، په‌روه‌رده و یه‌کگرتنی هاوپشتیانهدا داڕێژین و یه‌که‌م هه‌نگاومان به‌شدارینه‌کردنی ده‌نگدانه‌کان بێت و له بری ئه‌وه ده‌ست به کۆبوونه‌وه گشتی و جه‌ماوه‌رییه‌کانی خۆمان، پێكهێنانی ڕێکخراوه گه‌لیی و جه‌ماوه‌رییه‌کانی خۆمان، ده‌ست به ئاڵووێری ئازادانه و به‌شکردنی خۆویستانه و گه‌لکاری خۆبه‌خشانه بکه‌ین، خشت به‌خشت ئه‌م سیستمه هه‌ڵبوه‌شێنینه‌وه و له‌جێیدا خۆبه‌رێوه‌به‌رایه‌تی هه‌ره‌وه‌زییه ئازاده‌کان و گهلکارییه خۆبه‌خشه‌کان و یه‌کێتی و فیدراتیڤی ئه‌نجومه‌نه جه‌ماوه‌رییه‌کان له گونده‌کان، له گه‌ڕه‌که‌کان و له کارخانه و فه‌رمانگه و خوێندنگه و خزمه‌تگوزارییه‌کاندا له ئاستی ناوچه‌یی، هه‌رێمی سه‌رتاسه‌ری تا ده‌گاته ئاسته کیشوه‌ری و نانه‌ته‌وه‌ییه‌کان، له‌سه‌ر بنه‌مای پێكهاتنی ئازادانه و خۆویستانه له‌سه‌ر خاوه‌ندارێتی هاوبه‌ش و گشتی پایهڕیژی بکه‌ین.
ئێمه ده‌ڵێن “نا” بۆ ده‌نگدان و چوونه‌پای هه‌ڵبژاردن، له‌به‌ر ئه‌وه نا، که فلانمان ناوێت و فیسارمان ده‌وێت یا ده‌مانه‌وێت خۆمان جێگه‌یان بگرینه‌وه، به‌ڵکو له‌به‌ر ئه‌وه‌ی که دژی نوێنه‌رایه‌تین ته‌نانه‌ت ئه‌گه‌ر هه‌ژارترین و ده‌ستپاکترین که‌سیش نوێنهریمان بکات، چونکه سیستمی نوێنه‌رایه‌تی له‌سه‌ر بنه‌مای به‌رته‌ریدان به که‌سانێك به‌پێی پله و ڕێوشوێنی کۆمه‌ڵایه‌تیان و گوێرایهکردنی که‌سانێکی تر و دهسهمۆکردنیان دامه‌زراوه. ئێمه له‌به‌ر ئه‌وه دژی لیستی ڕیفۆرم یا چه‌په‌کان یا پارته ده‌سه‌ڵاتداره‌کان نین، که رابوودوویان پاکه یا پیسه، پرۆفێشنالن یا نهشارزا، به‌عسی بوون یا پێشمه‌رگه، دزبوون یا ده‌ستپاك، ئێمه هه‌موو مرۆڤه‌کان به‌پێی ڕێوشوێنی ئه‌مڕۆیان، بیرکردنه‌وه و بریاری ئه‌مڕۆیان، ئامانج و پێشناره‌کانی ئه‌مڕۆیان هه‌لده‌سه‌نگێنن، نه‌ك له‌سه‌ر ناو و ناوبانگی پێشینه و رابوردوویان. که‌سانی نوێنه‌ر هه‌ر که‌س هه‌بن و هه‌چی هه‌بن و له هه‌ر پارتێك بن و هه‌ر به‌رنامه‌یه‌کیان هه‌بێت، کهسانیكن که ده‌خوازن خۆیان له سه‌رووی خه‌ڵکه‌وه ببینن و پێیان وایه راستی و ژیری و هۆشمه‌ندی ته‌نیا لای ئه‌وانه و که‌سانی تر سزاوار به گوێڕایه‌ڵی و فه‌رمانبه‌رین، که‌سه‌کانی تر سزاواز به برسیه‌تی و په‌ست ژیان و ناهوشیار مانه‌وه‌ن، ئه‌وان خۆیان به نوێنه‌ری خوا –خوای ئاسمانه‌کان، خوای سه‌رزه‌مین و ده‌سه‌ڵات، خوای دانشگه‌کان– ده‌زانن. به‌ڵام بۆ که‌سانی ئازادئه‌ندێش ئه‌وانه کۆمه‌ڵه مشه‌خۆڕێکی ناپێویست و مرۆانهی بیری مرۆڤایه‌تین، ئه‌وان کارنه‌که‌ری مشه‌خۆرن، تهوهزهڵانیکی جادووگه‌رن، ئه‌وان مه‌لاو شێخ و جادووبازهکانی مۆدێرنه و پۆستمۆدێرنه‌ن، پارته‌کانیشیان خیڵی سه‌رده‌من، خێڵێك که ئه‌ندامی ده‌سته‌مۆ و نابینا و ده‌مارگیر په‌روه‌رده ده‌که‌ن.
سه‌ره‌نجام، به‌و پرسیارانه ده‌گه‌ین، که له هه‌ر گۆشه و که‌لێنێکی 18 ساڵی رابوردوودا خۆیان قوت کردووه‌ته‌وه:
18 ساڵه کۆمه‌ڵگه‌ی کوردستان بووه‌ته شه‌ڕگه‌ی میلیشیا ئیسلامییه‌کان و ئازادیخوازانی کۆمه‌ڵگه هاوار بۆ جیایی ئاین و به‌ڕێوه‌بردن ده‌که‌ن، که‌چی به‌ره‌ی ڕیفۆرم و دژه ڕیفۆرم له ئاستیدا چاوی نوقاندووه…
18 ساڵه تایبه‌تیکردن و تالانبردنی سامانی کۆمه‌لگه خوانی ژێرده‌ستان خاڵی ده‌کات، که‌چی به‌ره‌ی ڕیفۆرم باس له ئازادکردنی ئه‌و بازاره ده‌کات بۆ تالانگهرانی تر…
18 ساڵه خوێندکاران وه‌ك حوجره‌کانی سه‌ده‌کانی ناوه‌راست چاویان لێ سوور ده‌کرێته‌وه و خوازیاری ده‌ستکۆتاکردنی ئایینن له پهروهندهکردندا، که‌چی ئه‌وان نه‌خشه بۆ بازاریکردنی خوێندن ده‌کێشن …
18 ساڵه کۆمه‌ڵگه‌ی کوردستان کراوه‌ته قه‌سابخانه‌ی ژنان، یاسای چوارکۆیله په‌سه‌ند ده‌کرێت، که‌چی به‌ره‌ی ڕیفۆرم مێشێك میوانیان نییه و هه‌ر ژنکوژێك که له‌وبه‌ره‌وه بێت، ده‌یکه‌نه چاکسازیخواز…
18 ساڵه خۆیان و لایه‌نگرانیان گورگئاسا سهریانناوهته که‌لاکی کۆمه‌لگه، که‌چی باس له که‌می پشکی خۆیان ده‌که‌ن…
بۆ ئێمه و زۆرێك له که‌سانی سه‌ربه‌خۆ ئه‌وه ئاشکرا و ڕوونه، که ئه‌رکی لیستی ڕیفۆرم کێشکردنی دهنگنهدهرانه به ناوێکی تره‌وه بۆ ڕه‌وایه‌تیدان به چه‌وسانه‌وه و به‌هره‌کێشی، بۆ پایهدارمانهوهی ده‌سه‌ڵاتی مافیاکانی بازار–ئازاد. ئه‌گه‌ر لیستی ڕیفۆرم مه‌ترسی بۆ ده‌سه‌ڵات و بانده مافیاییه‌کانی هه‌بووایه، ئه‌وا ده‌سه‌ڵات بۆ به‌رگرتن پێیان، هه‌ڵبژاردنه‌کانی له کاتی خۆیدا ده‌کرد، تاوه‌کو بواری به‌رده‌مییان به‌رته‌سك بکاته‌وه، به‌ڵام ده‌سه‌لاتی بۆرژوازی کورد له هه‌رێمی کوردستاندا به دیتنی هاتنه‌خواره‌وه‌ی هه‌ژماری دنگده‌ران له هه‌ڵبژاردنه‌کانی ناوه‌ڕاست و خوارووی عیراقدا، زه‌نده‌قی چوو و هه‌م هه‌ڵبژاردنه‌کانی دواخستن و هه‌م ئه‌م لیسته‌ش ڕێکخرا – ده‌کرێت ئه‌مان خۆیان ڕێکیان نه‌خستبێت، به‌ڵام ئاساییه که ده‌وله‌تی بریتانی یا ئه‌مه‌ریکی باوك ئه‌م سیناریۆیه‌یان بۆ چیکردبن– بۆ ئه‌وه‌ی ڕێژه‌ی ده‌نگده‌ران به‌رنه سه‌ر و زۆریش ئاساییه پێش هه‌ڵبژاردن، سیناریۆی له‌وه‌ی له‌شکرکیشی ده‌سه‌لاتی ناوه‌ندی بۆ سه‌ر خانه‌قین و کێشه‌ی که‌رکووك زه‌ق بکه‌نه‌وه، تاوه‌کو ترس و دڵه‌راوکێ بخه‌نه ده‌روونی تاکی کورد و ناچار به ده‌نگدانی بکه‌ن! من پێداویستبوون و ئه‌رکی لیستی ڕیفۆرم لێره‌وه ده‌خوێنینه‌وه.
نزیکترین و زیندووترین به‌ڵگه و نموونه بۆ کارایی ده‌نگنه‌دان و راده‌ی پێویستی ده‌سه‌لاتداران به ده‌نگی خه‌ڵك بۆ ڕه‌وایه‌تیدان به تاوانه یاساییه‌کانیان؛ هه‌ڵبژاردنی نوێنه‌رانی پارله‌مانی یه‌کێتی ئۆروپا له سه‌ره‌تای ئه‌م مانگی جون دا، به‌شدارینه‌کردن و ده‌نگنه‌دانی خه‌ڵك له ئا‌ڵمانیا زیاتر له نیوه‌ی هه‌ژماری ئه‌وانه بوو، که مافی ده‌نگدانیان هه‌بوو. ئه‌مه پارته ڕامیارییه‌کانی ئه‌و ولاته‌ی ناچار به بیرکردنه‌وه له کارکردن بۆ سه‌پاندنی بڕیارێك، بۆ ئه‌وه‌ی خه‌ڵك ناچار به ده‌نگدان بکرێت، واته ئه‌و که‌سه‌ی ده‌نگ نه‌دا، ده‌بێت 50 یورۆ سزا بدرێت، هه‌رچه‌نده هێشتا وه‌ك به‌ندی یاسایی په‌سه‌ند نه‌کراوه، به‌ڵام ڕوخساری راسته‌قینه‌ی دێمۆکراسی پارله‌مانی و ئازادی تاك لای سه‌روه‌ران ده‌خاته ڕوو. نموونه‌یه‌کی تری سیناریۆکانی خهڵكة بۆ ده‌نگدان، وته‌ی ئاغای ڕازایی کۆنه سه‌رۆکی سوپای پاسدارانی ئێران، که ده‌ڵێت “ هه‌ڵبژرادنی ئێمه له دونیادا وێنه‌ی نه‌بوو، نه‌ك ڕێژه‌یه‌کی زۆر خه‌ڵك به‌شدارییان کرد، به‌ڵکو نه‌یاره‌کانیشمان له ده‌ره‌وه‌ی ئێران هاتنه پای ده‌نگدان”، ئه‌م ئه‌زموونه ده‌توانێت هه‌وڵ و پێداویستی لیستی به‌ناو (گۆڕان)یش ڕوون بکاته‌وه، که بێزاراةیکی زۆر و کۆنه چه‌په‌کان بۆی که‌وتوونه‌ته هه‌له‌که‌سه‌ما. ئه‌گه‌ر که‌سانیك پێییان وایه ئه‌مه سیناریۆ نییه بۆ راکێسانی ده‌نگی ده‌نگنه‌ده‌ران، ده‌توانن وه‌ڵامی ئه‌م پرسیاره بده‌نه‌وه: له کاتێکدا ده‌وله‌ته‌کان و سه‌رمایه‌داره‌کان ئاماده نین چه‌ند فلسێك بۆ موچه‌ی خه‌ڵك زیاد بکه‌ن و ئاماده نین بچنه‌پای ژینگه پارێزی و نه‌هێشتنی برسییه‌تی و ئایدز و نه‌خوێنده‌واری، که‌چی له جیهاندا ناوه‌ندێکی تایبه‌تی بۆ هاندانی گه‌نجان بۆ به‌شداری له کایه‌ی ده‌سه‌ڵات و ده‌نگدان هه‌یه و ساڵانه به‌ملیارد دۆلار له‌و وڵاتانه‌دا خه‌رج ده‌کات، که ڕێژه‌ی به‌شداری ده‌نگده‌ران به‌گشتی و گه‌نجان به‌تایبه‌تی له که‌مبووندایه! ئه‌مه بۆچی و له پێناو چی؟
دواجارا جێی خۆیه‌تی داوای وه‌ڵامی ئه‌م پرسیارانه له پاگه‌نده‌چییانی لیستی ڕیفۆرم بکرێت، ئایا ده‌کرێت بزانین ڕیفۆرم و ڕیفۆرمێك که ئه‌وان ده‌یخوازن بۆ ئێمه چی تێدایه؟ ده‌کرێت بزانین په‌یوه‌ندی داخوازییه‌کانی ئێمه و داخوازییه‌کانی ئه‌وان له ده‌سه‌لات چییه؟ ئه‌گه‌ر ده‌نگدان ده‌توانێت شتێك بگۆرێت، ئه‌ی نوێنه‌رانی خه‌ڵکی شهڕنهخواز و گوزهرانباشی بۆ ناتوانن بڕیاری جهنڕالهکان له‌م سه‌ر تا ئه‌و سه‌ری جیهان بگۆڕن؟
به کورتی، گۆڕان به‌رهه‌می هاتنه مه‌یدان و خهبارتی ڕۆژانه‌ی بزاڤه جه‌ماوه‌رییه‌کانه نه‌ك خواستی سهپهێنهرانهی باوێشکدهرانی ناو پارله‌مان! گۆران له خواره‌وه‌ڕا بۆ سه‌ره‌وه ڕووده‌دات، نه‌ك له بردنه‌وه‌ی لیستێکی ده‌سه‌ڵاتخواز. گۆرانێك که له سهرهوهڕوودهات یا بوونی نییه یا گۆرانی باری ئابووریی و رامیاریی و کۆمه‌ڵایه‌تیی کۆمه‌ڵگه‌یه له به‌رژه‌وه‌ندی چین و توێژه ده‌سه‌ڵاتداره‌کانه. به واتایه‌کی تر گۆران له سه‌ره‌وه کوده‌تای پارله‌مانییه و گۆرانێك که دروستی ده‌کات ناتوانێت له گۆڕینی ئه‌م مشه‌خۆر و ڕامکار به‌وی تر واوه‌تر بروات.
گۆرانێك که ئه‌وڕۆکه خه‌ڵکی ژێرده‌سته و چه‌وساوه‌ی کوردستان خوازیارییه‌تی ته‌نیا له‌سه‌ر ده‌ستی خودی تاکه ئازادیوازهکانی کۆمه‌ڵگه دێته دی؛ واته هه‌ڵوه‌شاندنه‌وه‌ی یاسای فره‌ژنی، دابینکردنی سه‌رپه‌نا بۆ لانه‌وازان، خزمه‌تگوزاری بۆ که‌مئه‌ندامان، گۆڕینی سیستمی په‌روه‌رده‌و فێربوون، ئاوه‌دانکردنه‌وه‌ی گونده‌کان، باشترکردنی ژیان و گوزه‌رانی ئه‌ندامانی کۆمه‌ڵگه، ته‌نیا له هاتنه‌مه‌یدان و ڕێکخراوبوون و خه‌باتی ڕاسته‌خۆی جه‌ماوه‌ری ژنان، لانه‌وازان، که‌مئه‌ندامان، بێسه‌رپه‌رشتان، خوێندکاران، جوتیاران و گوندنشینان، کرێکاران، ماموستایان، فه‌رمانبه‌ران و به‌شه‌کانی تری کۆمه‌ڵگه ڕوو ده‌دات، واته گۆران له خواره‌وه بۆ سه‌ره‌وه… .
* ئه‌م سه‌ردێڕه، وته‌ی نووسه‌ری ئه‌نارکیست (ئیما گۆڵدمان)ه.