و. له ئینگلیزییه‌وه*: هه‌ژێن
تایبه‌تیکردن دژ به خه‌ڵکه
تایبه‌تیکردن پرسێکه که ڕاسته‌وخۆ زیان و کارایی له‌سه‌ر ژیان و گوزەرانی چینی کارگه‌ر داده‌نێت. له سه‌روبه‌ری هه‌ر هه‌ڵبژاردنێکدا، له‌لایه‌ن ڕامیارکارانهوه سه‌ردانی ده‌کرێین و به‌ڵێنی هه‌موو شتێکمان پێده‌ده‌ن. پاش هه‌ڵبژاردن، وه‌ك جاران ده‌یان هه‌زار له کارگه‌ر و که‌سانی هه‌ژار ڕووبه‌ڕووی ده‌رکردن و دابڕان و وابه‌سته‌یی خاوه‌ندارێتی ده‌بنه‌وه. ئه‌م باره ناله‌باره راسته‌وخۆ به پرۆسه‌ی تایبه‌تیکردنه‌وه په‌یوه‌سته. تایبه‌تیکردن پرۆسه‌ی گێڕانه‌وه‌ی خزمه‌تگوزارییه‌کانی میری و کۆمپانییه‌کانی میرییه بۆ بواری چالاکی به‌ده‌ستهێنانی سوود. ئه‌مه به واتای کۆمه‌ڵێك شت دێت:
- کاری که‌م و کرێی نزم، له‌گه‌ڵ خزمه‌تگوزاری که‌متر.
- لێسه‌ندنه‌وه‌ی ده‌ستکه‌وته‌کان.
- به‌رزبوونه‌وه‌ی نرخی خزمه‌تگوزارییه‌کان.
- له‌سه‌رکار ده‌رکردن و که‌مکردنه‌وه و وابه‌سته‌یی ئه‌گه‌ر موچه‌مان دواخرا.
تایبه‌تیکردن واته سوود که‌ڵه‌که‌کردن له برسیکردن
به‌مجۆره، بۆ نموونه، نرخی کاره‌با زیاد ده‌کرێت، له‌به‌ر ئه‌وه‌ی (ESKOM) ده‌یه‌وێت پاره‌ی فره‌تر به‌ده‌ست بێنێت و قه‌ره‌بووی قه‌رزه‌کانی بکاته‌وه. ئه‌مه له‌به‌ر ئه‌وه ده‌کرێت، تاوه‌کو کۆمپانییه‌که سوودی زیاتر به‌ده‌ست بێنێت. هه‌روه‌ها بۆ ئه‌وه‌ی که کۆمپانییه‌که له بازاردا سه‌رنجڕاکێشتر بێت: (کۆنگره‌ی نیشتمانی ئه‌فریکا ANC & SACP) و شالیاری میری (Jeff Radebe) به‌ڵێنی فرۆشتنی DENEL، ESKOM، TELKOM و SPOORNET ی له کۆتایی 2002دا به کۆمپانیا گه‌وره‌کان داوه. Radebe هیواداره که کۆمپانیا گه‌وره‌کان له باشوری ئه‌فریکا، کۆمپانیاگه‌لی وه‌ک Anglo-American و Sanlam و کۆمپانیاگه‌لی سهروودهریایی وه‌ك Suez-Lyonnaise ئه‌م کۆمپانیانه بکرن.
خاوه‌ندارێتی میری ئه‌ڵته‌رناتیڤ نییه
له ڕاستیدا به کرده‌وه جیاوازییه‌کی که‌تواری نییه، کاتێك ئه‌م کۆمپانیانه به موڵکی میری بمێننه‌وه یا ببنه هی کۆمپانیا گه‌وره‌کان. گرفتی بنه‌ڕه‌تی لێره‌دایه: که سوکانی میری به‌ده‌ست ANC یه‌وه بۆ ئه‌وه‌ی کۆمپانیا میرییه‌کان و خزمه‌تگوزارییه میرییه‌کان بکه‌نه سه‌رچاوه‌ی سوود که‌ڵه‌که‌کردن. ESKOM سه‌د له سه‌د مولکی میرییه. له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا به خۆی له Soweto له مانگێدا 15،000 که‌سی که‌مکرده‌وه -ده‌رکرد-. میری له Servcon دا هاوبه‌شه، ئه‌و کۆمپانییه‌ی که له که‌ناری ڕۆژهه‌ڵاتی هه‌ره‌شه‌ی ده‌رکردن له کارگه‌ران ده‌کات. له سه‌دا حه‌فتای TELKOM موڵکی میرییه، که له پینج ساڵی رابوردوودا له سه‌دا سی (30%) نرخی ته‌له‌فۆنکردنی به‌رزکرده‌وه. شته‌که ساده‌یه. کاتێك که ئێمه دژی تایبه‌تیکردنه‌وه ده‌وه‌ستینه‌وه، پێمان وانییه که موڵکایه‌تی میری بۆ ئه‌م کۆمپانی و خزمه‌تگوزارییانه چاره‌سه‌ر بێت. به پێچه‌وانه‌وه، به هیچ شێوه‌یه‌ك چیتر جیاوازییه‌کی وا له نێوان خاوه‌ندارێتی میری کۆمپانیاکان و خاوه‌ندارێتی تایبه‌تی کۆمپانیاکاندا نییه. هه‌ردووکیان له سروشیاندا سوود هانده‌ریانه و دژی کارگه‌ر و دژی یهکێتییهکانن. ئه‌مه ئه‌وه ده‌گه‌یێنێت، که هاوکات خه‌باتمان، خه‌باته دژی ههردوولایە؛ کۆمپانییه گه‌وره‌کان و میری.
خاوه‌ندارێتی میری ناکاته سۆشیالیزم
پێویسته ئه‌وه‌ش بڵێین که موڵکایه‌تی میری کۆمپانیاکان هیچ په‌یوه‌ندی به سۆشیالیزمه‌وه نییه. له مێژوودا هه‌ندێك له کۆمپانیا زیاتر دژه کارگه‌ره‌کان موڵکی میری بوون. بۆ ئانارشیسته شۆڕشگێڕه‌کان پرسه‌که روونه: سۆشیالیزم واته خۆبه‌ڕێوه‌به‌ری؛ خۆبه‌ڕێوه‌به‌ری ته‌واو پێچه‌وانه‌ی کۆنترۆڵی ده‌وڵه‌تییه؛ هه‌روه‌ها کۆنترۆڵی سه‌رکوتگه‌رانه‌ی ده‌وڵه‌تی له هیچ بارێک‌دا ناتوانرێت به خۆبه‌ڕێوه‌به‌رایه‌تی کارگه‌ران بچوێنرێت، له‌به‌ر ئه‌وه ئێمه دژی تایبه‌تیکردن نین، که میریمان خۆش بوێ و ترسی ئه‌وه‌مان هه‌بێت که به هۆی تایبه‌تیکردنه‌وه ده‌سه‌لاتی له‌ده‌سه‌ت بدات. ئێمه ڕکمان له میری ده‌بێته‌وه، لەبەر ئه‌وه‌یە دەمانەوێت ڕاستگۆ بین. هۆی ڕاسته‌قینه‌ی دژایه‌تیمان بۆ تایبه‌تیکردن له‌به‌ر ئه‌وه‌یه که زیان به چینی کارگه‌ر ده‌گه‌یێنێت. که ئه‌مه له هۆیه‌کی پێویست زیاتره.
بۆچی تایبه‌تیکردنه‌وه ڕووده‌دات؟
تایبه‌تیکردن له‌به‌ر ئه‌وه ڕووده‌دات که کۆمپانییه گه‌وره‌کان له سه‌رتاسه‌ری جیهاندا ڕووبه‌ڕووی قه‌یرانێکی ئابوری ده‌بنه‌وه. ئه‌م قه‌یرانه ئابورییه هاوشێوه‌ی ته‌مبه‌ڵییه (داته‌پین)ه گه‌وره‌که‌ی ده‌هه‌ی سییه -1930یه‌کانه-. ئه‌مجاره ته‌مبه‌ڵی به‌هێز شێوه‌ی خاو بزووتن به‌خۆوه ده‌گرێت: له شه‌سته‌کانه‌وه داته‌پینی ئابوری درێژماوه له ئاستی جیهانیدا له ئارادایه، ئه‌وه‌ی که له 1973وه زیاتر به‌رچاوکه‌وت. ئێمه هێشتاکه له قه‌یراندا ده‌ژین. کۆمپانیا گه‌وره‌کان له هه‌وڵی ئه‌وه‌دان که چینی کارگه‌ر باجی ئه‌م ئه‌م قه‌یرانه له‌ڕێی پیاده‌کردنی سیاسه‌ته‌کانی نیئۆلیبرالیزم؛ له‌وانه تایبه‌تیکردن و بێسه‌ره‌و- به‌ره‌ییه‌وه casualisation، بده‌ن. به واتایه‌کی تر، سیاسه‌تی دژه کارگه‌ری وه‌ك تایبه‌تیکردن بۆ ئه‌وه‌یە کرێیکار (هه‌قده‌ست) و ئاستی ژیانی چینی کارگه‌ر به‌مه‌به‌ستی به‌رزکردنه‌وه‌ی سوودی کۆمپانییه گه‌وره‌کان، دابه‌زێنێت. ئه‌مه ئه‌وه ده‌گه‌یێنێت که هۆی ئاراسته‌کردنی ئه‌م ڕامیارییانە چه‌ند ڕامیارکارێکی گه‌نده‌ڵ یا به‌رێوه‌به‌رێکی که‌مته‌رخه‌م نین: به‌ڵکو ناوه‌ڕۆکی ئه‌م سیاسه‌تانه دڵڕه‌قی و گیانی شه‌ڕه‌نگێزانه‌ی سه‌رمایه‌داری مۆدێرنه. له‌به‌ر ئه‌وه، خه‌باتی ئێمه دژی تایبه‌تیکردن، خه‌باته دژی خودی سه‌رمایه‌داری، خه‌باته دژی سیسته‌می سوود که‌ڵه‌که‌کردن له ڕێی کاری هه‌رزان، که‌مکردنه‌وه‌ی پێداویستی و خزمه‌تگوزارییه‌کان، په‌یوه‌ندی نادیموکراتانهی به‌رهه‌مهێنان، شه‌ڕ و ڕاسیزم.
له خشته‌بردن و فڕوفێڵی هه‌ڵبژاردنه‌کان
ئێمه ئانارشیسته شۆڕشگێڕه‌کان هه‌ڵبژاردنه‌کان به له‌خشته‌بردن ده‌زانین. نه‌ك له‌به‌ر ئه‌وه‌ی که دیاریکراون، به‌ڵکو له‌به‌ر ئه‌وه‌ی که هه‌ڵبژاردنه‌کان دیموکراسیانه نین. هیچکات ڕامیارکاره‌کان له هیچ خاڵێکدا ڕه‌زامه‌ندی جه‌ماوه‌رییان بۆ پیاده‌کردنی تایبه‌تیکردن پێنه‌دراوه. هیچکات له هیچ خاڵێکدا ڕامیارکاره‌کان مافی ئه‌وه‌یان پێنه‌دراوه له‌سه‌ر خوانی ئێمه قه‌له‌و بن، ده‌رمان که‌ن و دامان بڕن، مافمان بخۆن و ڕوناکیمان ببڕن. ڕۆشنه، که میری خزمه‌تی خه‌ڵک ناکات. خزمه‌تی کۆمپانییه گه‌وره‌کان و دهوڵهندان ده‌کات. ئه‌مانه به به‌ڵگه‌وه سه‌لماون که هه‌موو میرییه‌کان له جیهاندا سیاسه‌ته‌کانی نیئۆلیبرالیزم پیاده ده‌که‌ن و له هیچ بارێک‌دا نوێنه‌رایه‌تی چینی کارگه‌ر ناکه‌ن. پێویست نییه ئێمه به‌شداری له‌م سیسته‌مه بۆگه‌نه‌دا، له‌م مافیا ڕامیارییه‌دا بکه‌ین. خاوه‌نکار و ڕامیار‌کاران ده‌ستیان تێکه‌ڵه، ده‌وڵه‌تمه‌ندان سه‌روه‌ری هه‌ژارانن.
چینی کارگه‌ر ده‌بێت کۆمەڵگە بەڕێوەبەرێت
له‌به‌ر ئه‌وه مافی خۆمانه دژایه‌تی میری بکه‌ین و بیگۆڕین به سیسته‌مێكی نوێ، که خزمه‌تی خه‌ڵکی بکات. پێویسته سیسته‌می کارگه‌ران و ئه‌نجومه‌نه کۆمه‌ڵایه‌تییه‌کان بێت، که له‌سه‌ر بنه‌مای هه‌ڵبژاردنی ڕاسته‌وخۆی نوێنه‌ران داده‌مه‌زرێت. له بری هه‌ڵبژاردنی پێنج ساڵ جارێکی ڕامیارە درۆزنه‌کان، پێویسته مافی ئه‌وه‌مان هه‌بێت، ده‌ستبه‌جێ نوێنه‌رانی ناکارا و گه‌نده‌ڵ له نوێنه‌رایه‌تی بخه‌ین. له‌بری ئه‌وه‌ی هه‌موو بڕیاردانه‌کان به که‌سانێك به‌نێوی شاره‌زایان بسپێرین، پێویسته مافی ئه‌وه‌مان هه‌بێت، به‌پێی لوان له‌و بڕیاردانانهدا به‌شداری بکه‌ین، که کاراییان له‌سه‌رمان هه‌یه. پێویسته مافی کۆنترۆڵکردنی شوێنه‌کانی کارکردن، ئه‌نجومه‌نه‌کان (شاره‌وانییه‌کان) و فێرگهکانمان هه‌بێت. ئایا ئه‌مه ده‌کرێت (کرده‌نییه)؟ به‌ڵێ، مێژوو ئهزمونهگهلی کۆنترۆڵکردنی کارگه‌ری و به‌ڕێوه‌بردنی دیموکراسییانهتری کۆمه‌ڵگه له‌لایه‌ن چینی کارگه‌ره‌وه نیشانی داوه؛ له‌وانه کۆمۆنه‌ی پاریس، شۆڕشی ئه‌سپانیا، ئه‌نجومه‌نه کۆمه‌ڵایه‌تییه‌کانی هه‌نگاریا 1956، یا ده‌سه‌لاتی گه‌لی هه‌شتاکانی سه‌ده‌ی ڕابوردوو له باشووری ئه‌فریکا. پێویسته چینی کارگه‌ر ده‌ست به‌سه‌ر ئامرازه‌کانی به‌رهه‌مهێناندا بۆ به‌رژه‌وه‌ندی کۆمەڵگە، بگرێت.
ئامانجه‌کانمان
ئامانجی سه‌ره‌کیمان هه‌ڵوه‌شاندنه‌وه‌ی تایبه‌تیکردن و کۆتاییهێنانه به سیسته‌می سه‌رمایه‌داری، که هۆی سه‌رهه‌ڵدانی گرفته‌که‌یه. ئامانجمان بۆ کارگه‌ران و ئه‌نجومه‌نه کۆمه‌ڵایه‌تییه‌کان، ده‌ستبه‌سه‌رداگرتنی ڕاسته‌وخۆی کۆمپانیا و خزمه‌تگوزارییه‌کانی میری و کۆمپانی خزمه‌تگوزارییه تایبهتییهکانە. کاری ڕاسته‌وخۆ (Direct Action) تەنیا ڕێگەچارە و شێوازی تێکۆشانە نه‌ك هه‌ڵبژاردن. ئێمه ئامانجمان هه‌ره‌وه‌زیکردنی کۆمپانیاکانه، ده‌ستبه‌سه‌رداگرتنیان و خستنه‌ژێر به‌ڕێوه‌بەرایەتی کارگه‌ری و کۆنترۆڵی ئه‌نجومه‌نه کۆمه‌لایه‌تییه‌کان و خۆبه‌ڕێوه‌به‌رایه‌تییان له‌ڕێگه‌ی هه‌ڵسورانی شۆڕشگێڕانه‌وه.
سه‌رکه‌وتوو بێت چینی کارگه‌ر. ژیانمان باشتر ده‌بێت، کاتێك که ده‌وڵه‌مه‌نده‌کان بڕوخێنرێن
داخوازییه‌کانمان
- ئێمه خوازیاری به‌هێزکردنی کرده‌ی Khanyisa** ی به‌رده‌وامین؛ چینی کارگه‌ر ده‌بێت کاروباره‌کان به‌ده‌سته‌وه بگرێت و هه‌ر دابڕان و وه‌ستانێك به‌رپه‌رچ بداته‌وه.
- ئێمهخوازیاری بایکۆتکردنی (به‌شداری نه‌کردن)ی خه‌ڵکانی کارگەرین له بژاردنی خزمه‌تگوزارییه‌کاندا، ده‌بێت میری خه‌رجیان له ئه‌ستۆ بگرێ و خۆرایی بن.
- ئێمه خوازیاری ئه‌وه‌ین کارگه‌ران و ئه‌نجومه‌نه‌کان هێزی نه‌رێکردنی –ڤیتۆکردنی- هه‌موو بڕیاره په‌یوه‌سته‌کان له‌لایه‌ن کۆمپانیا و ناوه‌نده خزمه‌تکارییه‌کانی میرییه‌وه، بن.
- ئێمه خوازیاری ڕاگرتنی هه‌موو که‌مکردنه‌وه، لێگرتنه‌وه، ته‌نگ پێههڵچنینێکین له ڕێگه‌ی سهختگرتنهکانی شوێنکارەوە.
ئه‌وه‌ی نییه‌تی ببژێرێت، نابێت ببژێرێت
* وه‌ك هه‌موومان ده‌زانین پرۆسه‌ی تایبه‌تیکردن به ئاوه‌ڵاکردنی سنووره‌کانی کوردستان و عیراق له‌به‌ده‌م بازار ئازاد ( سیسته‌می ئابوری نیئۆلیبرالیزم)دا، نه‌ك ته‌نیا ڕه‌وشی تایبه‌تیکردنی خێراکردهوه و مه‌یدانی بۆ کۆمپانی ده‌ره‌کی خۆشکرد، که ئه‌مه‌ش پابه‌ندی ڕێکه‌وتنی دهسهلاتدانی ئه‌م ده‌ڤه‌ره‌یه له‌گه‌ڵ ناوه‌نده جیهانییه‌کانی وه‌ك بانکی نێوده‌وڵه‌تی و سندوقی دراوی نێوده‌وڵه‌تی و..تد و تایبه‌تیکردن یه‌کێکه له مه‌رجه یه‌که‌مه‌کانیان. به‌ڵکو شێوازی مافیایی و راوڕووتی بێوێنه‌ی وه‌ك تاپۆکردنی گشت ناوه‌نده‌کانی خزمه‌تگوزاری و که‌رته گشتییه‌کانی له‌سه‌ر پارته ده‌سه‌لاتداره‌کان له‌ڕێگه‌ی فێڵی یاساییه‌وه و به‌ناوکردنی ناوه‌ند و که‌رته‌کان به‌نێوی که‌سانی سه‌ر به پارت و کۆمپانیاگه‌لی ژێربه‌ژێر سه‌ربه پارت و دواجار گێڕانه‌وه‌یان بۆ ئه‌ندامانی خێزانه ده‌سه‌لاتداره‌کانی ناو پارتهڕامیارییهکان، هێنایه ئاراوه. له‌به‌ر ئه‌وه‌ی بارودۆخێك که ئه‌ورۆ له کوردستاندا له ئارادایه، هاوشێوه‌یه له‌گه‌ڵ بارودۆخی زۆربه‌ی ولاتانێك که به‌ر شاڵاوی تایبه‌تیکردن که‌وتوون، به‌تایبه‌ت دانیشتوانی باشووری ئه‌فریکا، که سالانێکی دوورودرێژ به‌ده‌ست هه‌لاواردنی نه‌ژادییه‌وه ناڵاندی و وه‌ك جه‌ماوه‌ری کوردستان پێیان وابوو، به کۆتایی سته‌مه نه‌ژادییه‌که و سپاردنی کاروباره‌کان به ده‌سه‌لاتدارانی خۆیی، ئیتر گشت ئازار و چه‌وسانه‌وه‌یان کۆیایی پێ دێت. به‌لام ئه‌مه هه‌روه‌ك له کوردستان بینیمان، پاش کۆتایی هاتنی سته‌مه نه‌ته‌وه‌ییه‌که نابێت، جڵه‌وی به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تی به ده‌سه‌ڵاتخوازانی خۆیی بسپێرینه‌وه. به‌ڵکوو پێویسته به‌خۆمان له ڕێگه‌ی خۆڕێکخستنی خۆمانه‌وه کۆمه‌ڵگه و کاروباره‌کانمان به‌ڕێوه‌به‌رین. ئه‌مه ئه‌و شته‌یه که ڕه‌شپێشته‌کانی باشوری ئه‌فریکا پێش ئێمه ڕووبه‌ڕووی بوونه‌وه. بۆیه منیش وه‌رگێڕانی ئه‌م نووسینه‌م به گونجاو زانی. به درێژایی مێژوو ئه‌زموونه‌کان نیشانیان داوه، که کۆتاییهێنان به هه‌لاواردنی نه‌ژادی، ڕه‌گه‌زی، نه‌ته‌وه‌یی، ئایینی هیچکات کۆتایی به سه‌رچاوه‌ی سته‌می مرۆڤ له مرۆڤ نییه، به‌ڵکو کۆتاییهێنان به چه‌وسانه‌وه‌ی مرۆڤ له لایه‌ن مرۆڤه‌وه به له‌ناوبردنی پایه و پێناو و هۆکاره‌کانی سه‌رهه‌ڵدانی چه‌وسانه‌وه؛ موڵکایه‌تی تایبه‌تی، کاریکرێگرته و سه‌روه‌ری چینایه‌تی، مرۆڤ ده‌توانێت بۆ هه‌میشه ئازاد بێت.
**Khanyisa وشه‌یه‌کی زولو (Zulu )ییه، که زمانێکی بەرفراوانە و زۆرێنەیەك ئاخاوتنی پێدەکەن، به واتای ڕوناکبوونهوهSpreading the light دێت.
سه‌رچاوه‌ی ئه‌م وتاره : ماڵپه‌ڕی ئانارشیسته شۆڕشگێڕه‌کانی باشوری ئه‌فریکا(زابالازا نێت)