دەسەلاتداران تیرۆرمان دەکەن و دەسەلاتخوازان سەرمایەگوزاری ڕامیاریی لەسەر دەکەن!

دەسەلاتداران تیرۆرمان دەکەن و دەسەلاتخوازان سەرمایەگوزاری ڕامیاریی لەسەر دەکەن!

لە ١٩ ساڵی رابورددوودا لەتەك دەرکەوتنی هەر ڕۆژەی ناکۆکی بەرژەوەندی بەرهەلستکارانی دوێنێ و دسەلاتدارانی ئەمڕۆ لەتەك خواست و خەونەکانی خەڵکی ئازادیخواز و یەکسانیخواز و دادپەروەرخواز و فراوانبوونەوەی کەلینی نێوان ڕیزەکانی خەڵك و پێشەنگانی ناسیونالیزمی کورد، دەسەلاتدارانی بۆرژوازی کورد بۆ سڵەماندنەوە و پەرتەوازەکردنی ڕیزی نارازییانی کۆمەڵگە، ڕێگەی جۆراوجۆری گرتووەتە بەر و بۆ ئەوەش شوێنپێی هاوچینە بەعسییەکانیان هەڵگرتووەتەوە و ڕۆژانە چالاکانی بواری مافە سەرەتاییەکانی تاك و خوازیارانی ئازادی و بەرهەڵستکارانی گەندەڵی لە زیندانەکان دەئاخنن و لە کۆڵان و بەردەم خوێندنگە و شوێنەکانی کاردا دەڕفێنن و تیرۆر و بێسەروشوێن دەکەن.

ئەمە سروشتیترین کاردانەوەی بۆرژوازی کوردە وەك هاوچینەکانی لە ولاتانی دەوروبەر و کیشوەرەکانی تردا، ئەوەی کە سروشتی نییە، ئەوەیە نارازییان دەستەوداوێنی سەقامگیرکردنی یاسا و دەسەڵاتێکن، کە بێجگە لە پاراستنی سەروەری و مشەخۆری سەرمایەداران و دەسەلاتداران هیچ ئامانجێکی چین و توێژە بندەست و چەوساوەکانی کۆمەڵگە ناگرێتە خۆی. هۆکاری ئەمەش قۆستنەوەی ناڕەزایەتی و خۆشباوەڕی خەڵکە لەلایەن هێزە ناسیونالیست و چەپە دەسەڵاتخوازەکانەوە بۆ بە ئامانجگەیشتنی خۆیان، کە گەیستنە سەر کورسییەکانی پارلەمان و دەسەلاتداری و بەرکەوتنی بەشی زیاتر لە تالانی سامانی کۆمەڵگە و مشەخۆری بەرهەمی کار و زەحمەتی چینە چەوساوەکانی کۆمەڵگەیە.

ئێمە وەك ئازادیخوازان (ئەنارکیستان)ی کوردستان، هاوکاتی بەرپەرچدانەوەی شێواندن و پیلانە گڵاوەکانی دەسەلاتی بۆرژوازی کورد لە کەیسی گیانبەختکردوو (سەردەشت عوسمان)، سەرمایەگوزاری پارت و گروپە ڕامیارییە دەسەڵاتخوازەکان لە ناڕەزایەتی خەڵكی ئازادیخواز بەرامبەر بەو تاوانە، ڕسوا دەکەین و پێمانوایە، کە تەنیا ڕێگە بۆ سەپاندنی ئازادی و کێشانە دادگەی تاوانباران، هەستانی چین و توێژە بندەست و نارازییەکانی کۆمەڵگە بە پێکهێنانی کۆمیتە و ئەنجومەنە خۆجێییە دەستبەجێکان و جیاکردنەوەی ڕیزی جەماوەرە لە هێزە ڕامیارییە دەسەڵاتخوازەکان و دەستبردنە بۆ مانگرتنی گشتی و خوجێیی، کۆبوونەوەی جەماوەری و کۆڕی مۆزیکی و چالاکی شانۆیی گەڕۆك و خۆپیشاندان و ڕێپێوانی بەردەوامی ڕۆژانە و هەفتانەی شار و شارۆچکەکان و داگیرکردنی شەقامە سەرەکی و فەرمانگە و دەسەلاتە خۆجێی و ناوەندییەکانی وەك پارلەمان و زۆر شتی گونجاوی تر…

ئێمە وەك دەستەیەك لە نارازییانی کۆمەڵگەی کوردستان و بەشێك لە خەباتکاران و ئازادیخوازانی کوردستان و ناوچەکە، نە خۆمان بە ڕابەری خەڵك دەزانین و نە کەسیش بە رابەری خۆمان و خەڵك پەسەند دەکەین، بەڵکو بڕوامان بە زیندووکردنەوەی گیانی خۆچالاکی و خۆبڕیاردان و خۆهەنگاونان و هەستانەوەیە لە تاکەکانی کۆمەڵگەی کوردستاندا و هەوڵدان بۆ گێڕانەوەی سامان و بەرهەمەکان بۆ کۆمەڵگە و بەرهەمهێنەرانیان، جێگیرکردنی ئازادی و یەکسانی و دادپەروەری تاکەکان بە وێرانکردنی تەختی سەروەری چینە داراکان و هاوچینە ناوچەییەکانیان و پارێزەرە جیهانییەکانیان …

زیندوو بێت یادی بەکر عەلی ، نەزیر عومەر، فەرهاد فەرەج، شاپور ، قابیل ، سۆرام مامە حەمە و سەردەشت عوسمان و گشت گیانبەختکردووانی ڕێی ئازادی و یەکسانی و دادپەروەری کۆمەڵایەتی

بڕوخێت دەسەڵات و سەروەری چینە مشەخۆرەکان

ڕسوایی بۆ ئەو پارت و هێزە رامیارییانەی کە سەرمایەگوزاری ڕامیاریی بەسەر تیرۆری هاوچینەکانمانەوە دەکەن

بەرەو کۆمەڵگەیەکی بێچین و چەوسانەوە

سەکۆی ئەنارکیستانی کوردستان

21.09.2010

Leave a Reply