ڕێکخراوی هونه‌رمه‌ندان وه‌ك ڕێکخراوه‌کانی تر، ئه‌گه‌ر پاشکۆی پارته‌کانیش نه‌بێت، هێشتا شوێنی هونه‌رمه‌ندانی سه‌ربه‌خۆ و ئازادئه‌ندێشی تێدا نابێته‌وه
له 18ی سێپتێمبه‌ردا ڕێکخراوی هونه‌رمه‌ندانی کوردستان (ڕه‌ک) ڕاگه‌یاندنێکی بڵاوکردووه‌ته‌وه، که تێیدا گله‌یی له باڵێکی ڕێکخراوه‌که ده‌کات و له‌و رێیه‌وه ده‌یه‌وێت بڵێت، ئه‌گه‌ر ئه‌و باڵه (یه‌کێتی هونه‌رمه‌ندانی پێشوو) وه‌ك باڵی (سه‌ندیکای هونه‌رمه‌ندانی پێشوو) کاری بکردایه، ئه‌وا (ڕه‌ک) باشتر ده‌بوو و ده‌یتوانی ڕێکخراوی هونه‌رمه‌ندان بێت.
به‌ڵام بۆ هه‌ر هونه‌رمه‌ندێك و که‌سێكی سه‌ربه‌خۆ و ئازادئه‌ندێش ئاشکرایه، که گرێکوێره‌ی گرفته‌که له‌وێوه سه‌رچاوه‌ی نه‌گرتووه، که فلانه باڵ هێشتا خۆی هه‌ڵنه‌وه‌شاندووه‌ته‌وه یا سه‌رۆکه‌که‌ی چۆن ڕه‌فتار ده‌کات، به‌ڵکو له‌وێوه سه‌رچاوه ده‌گرێت، که خودی (ڕه‌ک) وه‌ك ڕێکخراوه به‌ناو جه‌ماوه‌رییه‌کانی تری کوردستان؛ هه‌م پاشکۆی پارته‌کان و ده‌سه‌لاته و له‌سه‌ر بنه‌مای ڕێکخستن و پابه‌ندی ئایدیۆلۆژی دروستبووه، هه‌م پێکهاته‌ی قوچکه‌یی (هه‌ره‌می) هه‌یه و هه‌میشه دارده‌ستی پارته‌کان و پارێزه‌ری پله‌وپایه‌ی کۆمه‌ڵه که‌سێك ده‌مێنێته‌وه. به‌م جۆره نه جێگه‌ی هونه‌رمه‌ندانی سه‌ربه‌خۆ و ئازادئه‌ندێشی تێدا ده‌بێته‌وه، نه ده‌توانێت ڕێگریی له هه‌لپه‌رستی و باڵاده‌ستی دیکتاتۆرانه‌ی ده‌سته‌بژێرێکی پارتیی (حزبی) و گوێله‌مستی ده‌سه‌لات بکات. چونکه میکانیزم و پله‌به‌ندی و کارکردی ڕێکخراوه‌ی قوچکه‌یی هه‌رده‌م گه‌نده‌ڵی و ده‌سته‌بژێریی و لادان و بادان و زاڵبوونی رامیاریی پاشکۆیی پارت و ده‌سه‌ڵات به‌رهه‌مده‌هێنێت و دروستده‌کاته‌وه.
ڕێکخراوێك، که هه‌ر له سه‌ره‌تاوه له دوو پاشکۆی پارتیی و ده‌سه‌لات دروست بووبێت، ئاخۆ خه‌ریکی پاراستن و سه‌پاندنی داخوازی هونه‌رمه‌ندان به‌سه‌ر کێ و له کێ بێت؟ ڕێکخراوێك، که ئامانجی پارتییکردنی هونه‌رمه‌ندان و کوێرکردنه‌وه‌ی خه‌باتی جه‌ماوه‌ری و ده‌سته‌مۆکردنی سه‌ربه‌خۆیی و ئازادئه‌ندێشی هونه‌رمه‌ندان بێت، ده‌بێت کۆنگره و کاره‌کانی چی له پاشقوڵلێگرتن و خۆسه‌پاندنی ئه‌م باڵ و ئه‌و کۆمیته‌ی پارتیی بگۆڕێت؟
(ڕه‌ک) به‌پێی پێشینه و پێکهاته ڕێکخراوه‌ییه‌که‌ی، هیچ په‌یوه‌ندی به هونه‌رمه‌ندان و ئامانج و داخوازییه‌کانیانه‌وه نییه، به‌ڵکو ته‌نیا ده‌توانێت ڕۆڵی تۆڕی پارت و ده‌سه‌لات بۆ به‌رگرتن به هه‌ر هه‌وڵێکی سه‌ربه‌خۆ و جه‌ماوه‌رییانه‌ی هونه‌رمه‌ندان بگێڕێت و هونه‌رمه‌ندانێك، که ئه‌ندام و لایه‌نگری پارته‌کان نین، به ڕێگه‌یه‌کی پێچاوپێچدا بکاته‌وه پاشکۆی ڕامیارییه‌کانی ده‌سه‌لات و پارته ڕامیارییه‌کان و گوێرایه‌ڵی نێو دیواخانهکانی ده‌سه‌ڵات.
هونه‌رمه‌ندانێك، که خۆیان به سه‌ربه‌خۆ ده‌بینن و خوازیاری وه‌ها ڕێکخراوێكن، که ده‌ربڕی ئامانج و خه‌ون و داخوازییه‌کانی ئه‌وان بێت و خه‌ونی پێوه ده‌بینن، بۆ سه‌رهه‌ڵدانی ڕێکخراوێکی سه‌ربه‌خۆی هونه‌رمه‌ندان، خۆیان له‌به‌رده‌م ئه‌رکێکی جه‌ماوه‌ریی و مێژووییانه ده‌بیننه‌وه؛ ئه‌وه‌ش له هه‌نگاوی یه‌که‌مدا بایکۆتی کۆنگره‌یه و هه‌نگاوی دووه‌م چۆڵکردنی ڕیزه‌کانی وه‌ها ڕێکخراوێك، که بێجگه له یه‌کگرتنی به‌رژه‌وه‌ندی دوو پارت و ده‌سه‌ڵاته ناوچه‌ییه‌کانی شه‌ڕی ناوخۆ و به پارتییکردنی هونه‌رمه‌ندان، هیچ ئامانجێکی هونه‌ریی و جه‌ماوه‌ریی و پاراستنی ڕیزی سه‌ربه‌خۆی هونه‌رمه‌ندانی له پێش نییه و له‌باری پێکهاته‌ی ڕێکخراوه‌ییه‌وه، ته‌نیا لاسایی و کۆپیکردنه‌وه‌ی شانه‌یه‌کی پارتیی و فه‌رمانگه‌یه‌کی ده‌سه‌لاته و ته‌نیا په‌یوه‌ندییه‌ك که به ڕێکخراوبوونی جه‌ماوه‌ری توێژی هونه‌رمه‌دان و هونهرمهندییهوه هه‌یه‌تی، ئه‌وه‌یه هه‌وڵ بۆ به‌رگرتن به ڕێکخراوبوونی سه‌ربه‌خۆ و جه‌ماوه‌رییانه‌ی ئه‌م توێژه کۆمه‌ڵایه‌تییه هۆشیاره ده‌دات، که سه‌ربه‌خۆبوونی ده‌توانێت مه‌شخه‌ڵی هوشیاربوونه‌وه‌ی چین و توێژه کۆمه‌ڵایه‌تییه‌کانی تر بێت و له ڕێگه‌ی کاره هونه‌رییه‌کانه‌وه، خزمه‌تێکی گه‌وره و کارا به کۆمه‌ڵگه و داخوازییه گیانییه‌کانی تاکی کۆمه‌ڵگه بکات.
سه‌رکه‌وتوو بێت هه‌وڵ و تێکۆشانی هونه‌رمه‌ندانی سه‌ربه‌خۆ له‌پێناو به‌رگرتن به ده‌سته‌بژێریی و دهستبهسهرداگری که‌سانی هه‌لپه‌رست و پاشکۆی پارتان…