هه‌ڵه‌بجه‌ و 88

هه‌ژێن

13ی ئایاری 2010


ئه‌مڕۆ یادی ٢٣ ساڵه‌ی ڕاپه‌ڕینه‌که‌ی ١٩٨٧ بوو و وه‌ك هه‌موو ساڵێك که‌وتمه‌وه‌ یادی ئه‌و هاوپۆڵ و هاوه‌ڵ و هاوڕێیانه‌ی که‌ له‌و ڕۆژانه‌دا سه‌رقاڵی کار و خه‌بات بووین. هه‌روا وه‌ك هه‌موو ساڵێك که‌وتمه‌ گه‌ڕان به‌ناو ئینته‌رنێتدا، به‌و هیوایه‌ی یاداوه‌ری یا نامه‌یه‌کی هاوپۆلانی ئه‌و ده‌مه‌ یا هاوخه‌باتانی ئه‌و ڕۆژگاره‌ له‌مه‌ڕ ڕاپه‌ڕینه‌که‌م به‌رچاو بکه‌وێت. داخه‌که‌م ئه‌و خۆزگه‌یه‌م وه‌ك ساڵانی ڕابوردوو ناکام مایه‌وه‌ و له‌بری ئه‌وه‌ کۆمه‌ڵێك بابه‌ت و وتوێژم به‌رچاوکه‌وتن، که‌ باس له‌وه‌ ده‌که‌ن، له‌و ڕۆژانه‌دا ڕێکخستنه‌ نهێنییه‌کانی ناو شار له‌و خۆپیشاندانه‌دا چالاك بوون. له‌ شوێنی خۆیدا له‌و باره‌وه‌ قسه‌ و یاداوه‌ری خۆمم له‌سه‌ر ئه‌و راپه‌ڕینه‌ له‌ یادی ١٣ ساڵه‌یدا له‌ ژماره‌ یه‌کی گۆڤاری فه‌رهه‌نگیکۆمه‌ڵایه‌تی دالیان ل٢٨دا له‌ژێر سه‌ردێڕی «چه‌خماخه‌ی شۆڕشی به‌رد»١ و هه‌روه‌ها له‌ یادی ٢١ ساڵه‌یدا وتارێكم له‌ژێر سه‌ردێڕی «ڕاپه‌ڕینی ١٣ی ئایاری ١٩٨٧ی هه‌ڵه‌بجه و مێژوویه‌کی به‌ ئه‌نقه‌ست له‌بیرکراو»٢ وتارێکی ترم وه‌ك به‌شێك له‌ زنجیره‌ یاداوه‌رییه‌کانی گەشتی دووەم بۆ کوردستان له‌ژێر سەردێڕی گەشتێك بۆ بیرەوەریستان/ هەلەبجە نووسیوه‌ و له‌و باره‌وه‌ قسه‌ی خۆمم کردووه‌ و وه‌ڵامی ئه‌و که‌سانه‌م داوه‌ته‌وه‌، که‌ ده‌خوازن مێژووی ئه‌و ڕاپه‌ڕینه‌ بشێوێنن و بیکه‌نه‌ که‌شکۆڵی پڕ تاوانی ئه‌و پارتانه‌وه‌ که‌ له‌و ڕۆژگاره‌دا دژی ڕاپه‌ڕینه‌که‌ بوون و ئاماده‌ی هاوکاری جه‌ماوه‌ری ڕاپه‌ڕیوه‌ی هه‌له‌بجه‌ نه‌بوون، نه‌ك هه‌ر ئه‌مه‌، به‌ڵکو وانه‌یان له‌و ڕاپه‌ڕینه‌ وه‌رنه‌گرت و نه‌یانتوانی بیکه‌نه‌ سه‌رمه‌شقی شێوازێکی نوێ له‌ خه‌بات بۆ ڕاپه‌ڕینی سه‌رتاسه‌ری و به‌رده‌وام، به‌ڵکو بوونه‌ به‌رله‌شکری سوپای پاسداران و چه‌خماخه‌ی شۆڕشی جه‌ماوه‌رییان خامۆش کرد و زه‌مینه‌یان بۆ تاقیکردنه‌وه‌ی چه‌که‌ کۆمه‌ڵکوژه‌کان له‌سه‌ر ده‌ستی دیکتاتۆره‌که‌ی عروبه‌ که‌ ساڵێك له‌وه‌به‌ر گه‌ڕه‌کێکی گه‌وره‌ و شۆرشگێڕی ئه‌و شاره‌ی وێران کردبوو، له‌بار کرد.

بابه‌تێکی تر که‌ زۆرتر سه‌رنجی ڕاکێشام و بووه‌ هه‌وێنی ئه‌م چه‌ند دێره‌، پاگەندەی ده‌رهێنانی فێلمێکه‌ (نه‌ك فلیمێك وه‌ك زۆرێك له‌ نووسه‌رانی کوردی باشوور ده‌نووسن) به‌نێوی (88) له‌سه‌ر کیمیابارانی شاری هه‌ڵه‌بجه‌. سه‌ره‌تا پێویسته‌ ئه‌وه‌ بڵێم که‌ وشه‌ی هه‌ڵه‌بجه‌ له‌ ئاستی نێونه‌ته‌وه‌یدا هێنده‌ ناسراوه‌، که‌ بۆ زۆربه‌ی مرۆڤه‌کانی ئه‌م سه‌رزه‌مینه‌ وه‌ك هێرۆشیما و ناکازاکی یابان و گێرنیکای ئیسپانیا ناسراوه‌ و هیچ پێویستی به‌ کۆد و پێناسه‌ نییه‌. هه‌روه‌ها ئه‌گه‌ر ژماره‌ یا کۆدی (88) مه‌به‌ست له‌ ساڵی ١٩٨٨ بێت، ئه‌وا دیسانه‌وه‌ نه‌زانییه‌کی زۆری پێوه‌ دیاره‌ و له‌ دونیای ڕۆژئاوادا که‌ به‌نیازین سه‌رنجیان راکێشین، ساڵ وا نانووسرێت و ژماره‌ (88) کۆده‌ بۆ ناشرینترین دیارده‌ی سه‌ده‌ی بیسته‌م و هه‌ڵگیرسێنه‌ری پۊڕکاره‌ساتترین جه‌نگی جیهانی!


(88)، ژماره‌ (8) هێمایه‌ بۆ پیتی هه‌شته‌می ئه‌لفابێتی ئاڵمانی و زمانه‌ ڕێنووس لاتینییه‌کان، که‌ پیتی (H)یه‌ و دووباره‌ی ده‌کاته‌ دروشمی نیئۆنازییه‌کان که‌ (88) و ده‌کاته‌ سڵاو هیتله‌ر یا سڵاو له‌ هیتله‌ر (Heil Hittler)، که‌ هێما و کۆدی هه‌ر دژه‌ مرۆڤێکی نازییه‌ له‌ ئه‌مه‌ریکای باکووره‌وه‌ تا کوردستان، که‌ خه‌ریکه‌ لەوێش ناسیونالیزمی کوردیش به‌ره‌و باوانی نازیزم ملده‌نێت. چه‌ند جار چاپدانه‌وه‌ی په‌رتووکه‌ یاساخه‌که‌ی هیتله‌ر له‌ کوردستان و نووسین و کێشانی هێمای خاچی شکاو- الصليب المعقوف (The swastika ) له‌سه‌ر دیواران، هێمایه‌كن بۆ ئه‌و په‌ره‌سه‌ندنه‌ و به‌رای من ئه‌مه‌ش سه‌لمێنه‌ری ئه‌وه‌یه‌، که‌ « ناسیونالیزمی گه‌شه‌کردوو، سه‌ری له‌ شۆڤێنیزم و نیشتمانپه‌روه‌ری گه‌شه‌کردوو، سه‌ری له‌ راسیزمه‌وه‌ ده‌رده‌چێت»!

پرسیار ئه‌وه‌یه‌ چی وا له‌ ده‌رهێنه‌ری ئه‌و فیلمه‌ ده‌کات، هه‌ڵه‌بجه‌، که‌ سیمبوله‌ بۆ کیمیاباران و سیمبول بۆ ڕاپه‌ڕین، شێوازێکی نوێ له‌ خه‌بات لە کوردستان لەو کاتەدا، که‌ پشتکردن بوو له‌ بزاڤی چه‌کداری و سه‌نگه‌ربه‌ستنی سه‌رشه‌قامه‌کان، لەبری ناوی خودی ئەو شارە، ده‌سته‌وداوێنی ژماره‌یه‌کی بێپاشبنه‌ما له‌ کۆمه‌ڵگه‌ی کوردستاندا و بەهه‌ڵه‌ی ناوبرنی ساڵی کاره‌ساتێك. ئه‌مه‌ بێجگه‌ له‌وه‌ی که‌ بۆ خه‌ڵکی هه‌ڵه‌بجه‌ و ئه‌وانه‌ی که‌ یاداوه‌ر و خه‌مخۆری ئه‌و شاره‌ن و له‌ بیره‌وه‌ری مرۆڤایه‌تیدا ڕێکه‌وتی ١٦ی ئازار فره‌تر واتا به‌خشه‌ تا ساڵی ١٩٨٨.


لێره‌دا به‌ مافی خۆمی دەزانم، وه‌ك قوربانییه‌کی کیمیاباران و وه‌ك دانیشتوویه‌کی ئه‌و شاره‌ له‌و ڕۆژه‌دا که‌ زۆرێك له‌ هاوپۆل و هاوکۆڵان و هاوگه‌ڕه‌ك و هاوشاری و هاوه‌ڵان و خزمان و ئازیزان و ته‌نانه‌ت نووسین و یاداوه‌رییه‌کانم گیانیان له‌ده‌ست داوه‌، له‌ ده‌رهێنه‌ر بپرسم، چی هانیدای بۆ بەکاربردنی هێمایه‌ك، که‌ هێمایه‌ بۆ (هیتله‌ری ئاڵمانی) براگه‌وره‌ی دیکتاتۆره‌که‌ی عروبه‌؟ ئایا له‌ نه‌زانییه‌وه‌یه‌ یا له‌ زانینه‌وه‌یە و به‌مه‌به‌سته‌وه‌ ئه‌م هێمایه‌ به‌کار ده‌هێنێت و ئاگایه‌ که‌ هێماش ده‌بێت بۆ هیتله‌ره‌ داهاتووه‌کانی کوردستان؟!


هاوکاتی چاوه‌ڕوانیم بۆ وه‌لام یا پێداچوونه‌وه‌ی ده‌رهێنه‌ر به‌ ناوی به‌رهه‌مه‌که‌یدا، چاوه‌ڕوانی له‌ خه‌ڵکی هه‌ڵه‌بجه‌ و نووسه‌رانی ئازادیخواز هه‌یه‌، که‌ له‌م باره‌وه‌ هه‌ڵوێست وه‌ربگرن.


یادی گیانبه‌ختکردووانی ڕاپه‌ڕینی ١٣ی ئایاری ١٩٨٧ و ١٦ی ئازاری ١٩٨٨ و ١٦ی ئازاری ٢٠٠٦ شاد و به‌ڕێز


ڕسوایی بۆ ئه‌وانه‌ی هه‌ڵه‌بجه‌یان کرده‌ دیاری بۆ ده‌وڵه‌تی خواکانی ئێران و تاقیگه‌ی چه‌که‌ کۆمه‌ڵکوژییه‌کانی دیکتاتۆره‌که‌ی ڕژێمی بۆرژوازی به‌عس و هاوکارانی و هاوبیرانی




١. http://issuu.com/jilemo-dalian/docs/d1

٢. http://klawrojna.com/index.php?option=com_content&view=article&id=13770&catid=15&Itemid=32


٣. http://klawrojna.com/index.php?option=com_content&view=article&id=14023&catid=20&Itemid=36

وتووێژ و ده‌نگی مانگرتن له‌ نێوانی کرێکارانی هێڵی ئاسمانی بریتانی و بەڕێوەبەرایەتیدا به‌رده‌وامه‌

پاش ئه‌وه‌ی که دووشه‌ممه‌ی ڕابوردوو١٧ی ئایاری ٢٠١٠ به‌ بڕیاری دادگە مانگرتنی ٢٠ ڕۆژه‌ی کرێکارانی هێڵی ئاسمانی بریتانی، که‌ بڕیار بوو ڕۆژی 3 شه‌ممه‌ ، ١٨ی ئایاری ٢٠١٠ ده‌ستپێبکات، ڕاگیر. لەبەرامبەردا سەندیکای کرێکاران بڕیاری دا، که‌ داوای پێذاچوونەوەی بڕیاره‌که‌ی دادگە بکات، بۆیه‌ ڕۆژی سێشه‌ممه‌ ، ١٨ی ئایاری ٢٠١٠ کێشه‌که‌یان کێشایەوە ناو دادگە و دادگەش که‌ له‌ سێ دادوه‌ریبەناوبانگی بریتانی لیژنه‌یه‌کیان پێکهێنا و بڕیاریان دا به‌ بڕیارەکەی دادوه‌رانی پێشوودا بچنه‌وه‌، که‌ مانگرتنه‌که‌ی یاساخ کردبوو.

دادگە نه‌یتوانی یا ڕاستتر نه‌یانویست که‌ یه‌کسه‌ر یا هه‌ر ئه‌و ڕۆژه‌ بڕیار بده‌ن، بۆیه‌ ‌ به‌ سەندیکای کرێکارانیان وت ڕۆژی پێنجشه‌ممه‌ ، ٢٠ی ئایاری ٢٠١٠ بڕیاری تیەکجارەکی ده‌ده‌ن و کێشه‌که‌ یه‌کلایی ده‌که‌نه‌وه‌. ئەوەی کە دادوه‌رە تازەکان یه‌کسه‌رە ئه‌و‌ بڕیاره‌یان نه‌دا، له‌به‌ر ئه‌وه‌ بوو، که‌ بزانن له‌م دوو سێ رۆژه‌دا پرسەکه‌ چۆن ده‌نگ ده‌داته‌وه‌ و کاردانه‌وه‌ی بڕیارەکەی پێشتریش، که‌ مانگرتنه‌که‌ی یاساخ کردبوو ، چۆنه‌ و‌ چۆن ده‌شکێته‌وه. شایانی باسه‌ که‌ ئه‌وه‌ بڵێین، له‌و‌ دوو ڕۆژه‌دا به‌ ئاشکرا له‌لایه‌ن‌ هه‌ندێك نووسه‌ری چه‌پ و سۆشیالیست و خه‌ڵکانی سەندیکاییه‌وه‌ زۆر له‌سه‌ر ئه‌وه‌ وترا و هه‌ڵبه‌ته‌ له‌لایه‌ن ڕامیاره‌کانیشه‌وه‌ به‌ نهێنی زۆری له‌سه‌ر باسکراوه‌ و کێشه‌که‌ کوڵکوشی کراوه‌ته‌وه‌. له‌وه‌ ماوه‌یه‌دا ئه‌م کێشه‌یه‌ ده‌نگێکی زۆری دایه‌وه‌ و له‌سه‌ر بڕیاره‌که‌ زۆریش سەرکۆنە و‌ سه‌رزه‌نشتی دادگە کرا ، تا کار گه‌یشته‌ ئه‌و ڕاده‌یه‌ی که‌ له‌لایه‌ن نووسه‌رێکی سوشیالیسته‌وه‌ به‌ ناوی شێمس میله‌ن، له ڕۆژنامه‌ی گاردیاندا ئه‌وه‌ وترا، که‌ له‌مه‌ولا کرێكاران به‌ناچاری ده‌بێت واز له‌ شێوازی ده‌نگدان بێنن و که‌ کێشه‌که‌ هاته‌ پێشه‌وه‌ ده‌بێت ده‌ست له‌ ئیش و کار هه‌ڵگرن و هه‌موو بێنه‌ ده‌ره‌وه‌.

سه‌رئه‌نجام ڕۆژی پێنجشه‌ممه‌ ، ٢٠ی ئایاری ٢٠١٠ هاتوو له‌ ده‌وروبه‌ری کاتژێر١٧:٣٠ده‌مه‌و ئێواره‌دا، لیژنه‌ی دادوه‌ران، بڕیاریان دا، که‌ بڕیاره‌که‌ی پێشتر هه‌ڵوه‌شێننه‌وه‌ و لەبه‌ر ئەوه‌ی که‌ مانگرتنی کرێکره‌کان یاساییه‌ و ده‌توانن مانگرتنه‌که‌یان ده‌ست پێبکه‌ن. شایانی باسه‌ که‌ ئه‌مه‌ جاری دووهه‌م بوو‌ له‌وەتەی سەری ساڵه‌وه‌، که‌ دادگە مانگرتنی ئه‌م به‌شه‌ی کرێکارانی قه‌ده‌خه‌ کردووە و هه‌روه‌ها له‌ مانگی ئەپڕیلیشدا مانگرتنی کرێکارانی هێڵی شه‌مه‌نه‌فه‌ره‌کانی بریتانیای قه‌ده‌غه‌کرد. له‌ ساڵی پاره‌وه‌ تا ئێستا ئه‌مه‌ شه‌شه‌مین جاره‌ که‌ دادگە مانگرتنی به‌شه ‌جیاجیاکانی کرێکاران له‌ بریتانیادا قه‌ده‌خه‌ده‌کات. له‌ کاتێکدا که‌ له‌ هه‌ر هه‌موویاندا کرێکاران به‌ ڕێژه‌یه‌کی یه‌کجار زۆر و به‌شێوه‌یه‌کی دیمۆکراتییانه‌ ده‌نگیان بۆ مانگرتن داوه‌، که‌ چی به‌ یه‌ک یا دوو دادوه‌ر ئه‌م بڕیاره‌ هه‌ڵده‌وه‌شێته‌وه‌. لێره‌دا دیمۆکراسیش دوا چۆڕه دێت. به‌ڵام له‌ کاتێکدا که‌ ده‌نگدانی هه‌ڵبژاردنە گشتییه‌کان له‌ بریتانیادا ناگاته‌ له‌ ٧٠% ، بۆ نموونه‌ ده‌نگدانی هه‌ڵبژاردنی ئه‌م دواییه‌ په‌ڕله‌مانی بریتانی که‌ ڕۆژی ٦ی ئایاری ٢٠١٠ بوو، هەژماری دەنگدەران و بەشداریگەران ته‌نیا به‌ ڕێژه‌ی ٦٥% بوو ، که‌چی بەهیچ دادگە و دادوەرێك ناتوانرێت هه‌ڵبوه‌شێته‌وه‌، بە بیانووی ئەەی خه‌ڵکی به‌ پرۆسه‌ی دیمۆکراتییانه‌ ده‌نگی داوه‌“. بەڵام لە دەنگدانەکانی کڕیکاراندا بۆ مانگرتنەکانیان، کە دێمۆکراترین و فرەترین هەژماریش بەشدارییان تێدا بکەن، بە ئاسانی داوەرێك یا چەند دادوەر بریاری بەر پێگرتنی دەردەکەن. ئیتر بەمجۆرەیە، کە ئه‌م مڵۆزمانه‌ به‌ ناوی ئێمه‌وه‌ ده‌بنه‌ بکوژ و ببڕ ته‌نانه‌ت له‌ وڵاتانی وه‌کو عێراق و ئه‌فگانستانیشدا، خه‌ڵک له‌سەر کار ده‌رده‌که‌ن، ئیش که‌مده‌که‌نه‌وه‌ ، باج زیادده‌که‌ن، خزمه‌تگوزارییه‌کان له‌ خه‌ڵک ده‌بڕن، پاره‌ی‌ قوتابخانه‌ و زانکۆ و خه‌سته‌خانه‌ و شاره‌وانییه‌کان و بیمه‌کان که‌م ده‌که‌نه‌وه، سه‌ربه‌ستیه‌کانمان لێده‌ستێننه‌وه‌. ئه‌مه‌یه‌ جوانی و ڕه‌وایه‌تی دیمۆکراتیه‌ته‌که‌یان

ئێستا کرێکارانی هێڵی ئاسمانی بڕیاریا ن داوه‌‌، که‌ ڕۆژه‌ی دووشه‌ممه‌ی داهاتوو، ٢٤ی ئایاری ٢٠١٠ بۆ ماوه‌ی١٥ ڕۆژ ده‌ست به‌ مانگرتنەکەیان بکه‌ن، ئەوەش به‌ ٣ جار، که‌ هه‌ر له‌ نێوانی جارێکیاندا واته‌ ٥ ڕۆژدا، ٢٤ کاتژێر بچنه‌وه‌ سه‌رکار. له‌و لاشه‌وه‌ تا ئه‌م ساته‌ی که‌ ئه‌م هه‌واڵه‌ بڵاو ده‌کرێته‌وه‌‌ سەندیکا و بەڕێوەبەرایەتی له‌ وتووێژدان، خۆ ئەگه‌ر وتووێژه‌که‌یان بچێته‌ پێشه‌وه‌، ئه‌وا مانگرتنه‌که‌ ڕاده‌گیرێت.

بۆچی دادگە بڕیاری یاساییکردنی مانگرتنه‌که‌ی دا؟

ئه‌وی ڕاستی بێت زۆر له‌سه‌ر ئه‌مه‌ ده‌وترێت، لەم جۆرە بۆچوونانە: دادگە و دادوه‌ره‌کان ئاوەزیان پێداهاته‌وه‌” ، ”ئه‌مه‌ وڵاتێکی دیمۆکراتییه‌ و کرێکاران مافی مانگرتنیان هه‌یه‌”، “دادگە هه‌ڵه‌ بوو، چونکه‌ پرۆسه‌ی ده‌نگدانی کرێکاره‌کان بێ فرتوفێڵ بوو“…….هتد

به‌ڵام له‌ ڕاستیدا بڕیاری یاساییکردنی مانگرتنه‌که‌ له‌به‌ر ئه‌وانه‌ی سه‌ره‌وه‌ نه‌بوو، به‌ڵکو له‌به‌ر هێڵانه‌وه‌ی پێستی نیقابه‌ و نه‌ڕوشانی ڕێز و شکۆی سیسته‌مه‌که‌ و دوای ئه‌مه‌ش هه‌تا ئه‌گه‌ر کرێکاران له‌سه‌ر مانگرتنه‌که‌یان به‌رده‌وام بن، به‌ڵام که‌ له‌ کاتێکدا پشتگیری ته‌واوی سەندیکای ناوەندییان نییه‌ و پرۆسه‌ی چالاکییه‌که‌شیان دووره‌ له‌وه‌ی که‌ کارایی هه‌بێت، وه‌کو چۆن کاری ڕاسته‌وخۆ (Direct Action) له‌ بوارێکی ته‌سکتر و کۆمه‌ڵه‌ خه‌ڵکێکی که‌متره‌وه‌، کارایی خۆی داده‌نێت به‌ زوویش ته‌شه‌نه‌ ده‌کات.

سەندیکا وه‌کو ده‌زگەیه‌کی خزمه‌تکه‌ری سیسته‌مه‌که‌، کۆنترۆڵی ته‌واوی کرێکاران ده‌کا و له‌و په‌ڕی چالاکییه‌که‌یدا کە هه‌ڵگری رامیاری نه‌شیش بسووتێت و نه‌ که‌باب”ە، بۆ سیستەمەکە مانه‌وه‌ی زۆر باشتره‌ و خزمه‌تی باشتری ده‌کات،هەر لەبەر ئەوە ناوێرن تەواو پەڕوپاڵی لێ بکەنه‌وه‌ و دەەلاتی لێبسێننەوە و ڕێوشوێن و شکۆی لای کرێکاران نه‌مێنێت.

دوای ئه‌مه‌ش کرێکاران سه‌ر ئه‌نجام باوه‌ڕیان به‌ سەندیکایە و ڕۆڵی سەندیکا له‌ وتووێژ له‌تەك بەڕێوەبەرایەتیدا نامێنێت و خاوه‌نکار وه‌کو جارانی پێشتر ده‌یان دات به‌ دادگە و دادگەش مانگرتنه‌کانیان یاساخ ده‌کات. سه‌رئه‌نجام کرێکاران دەستەمۆکراویان له‌لایه‌ن سەندیکاوه‌ ده‌پچڕێت و ڕێگه‌ی کاری ڕاسته‌وخۆ ده‌گرنه‌ به‌ر و به‌ داگیرکردنی شوێنی کار و ئیش، به‌ ده‌ستگیرکرنی به‌ڕێوه‌به‌ر و خاونکارەکان، هه‌ڕه‌شه‌کردن به‌ تێکدان و تێشکانی کۆمیته‌ر و که‌ره‌سه‌کانی سه‌رکار و سیسته‌می کارکردنه‌که‌، به‌ڕێوه‌بردنی ئه‌و شوێنی کاره‌ بۆ به‌رژه‌‌وندی خۆیان و سه‌رجه‌می کۆمیونیتییه‌که‌، گه‌لێکی تر دەشکێتەوە. به‌مه‌ی که‌ ده‌یکه‌ن، نه‌ک هه‌ر له‌ ڕووی خاوه‌نکار و سەندیکاکه‌ی خۆیان و داگەشدا هه‌ڵده‌گه‌ڕینه‌وه‌ و تەنانەت سه‌رجه‌می یاسای ئه‌نتی سەندیکا، که‌ له‌سه‌ر ده‌ستی کۆنه‌ سه‌رۆکشالیارانی بریتانی (مارگرێت تاچه‌ر) دا، له‌ هه‌شتاکاندا‌ هاته‌ کایه‌وه‌، به‌ به‌کرده‌وه‌ هه‌ڵده‌وه‌شێنرێته‌وه‌.

ئا له‌به‌ر ئه‌مه‌ بوو، که‌ دادگە ئه‌م بڕیاره‌ی دوایی دا و هه‌ر بۆیه‌ش هه‌ر ڕۆژی یه‌کەم واته‌ سێشه‌ممه‌ بڕیاری نه‌دا و چاوەڕوانی کرد و گوێی هه‌ڵخست، تاکو بزانێت باشترین بڕیار له‌ خزمه‌تی سیسته‌مەکەی ئێستادا چییه‌

به‌ره‌و ئه‌ناركیزم

نووسینی: ئێریکۆ مالاتێستا

و. لە فارسییەوە: هەژێن

باوه‌ڕی گشتی ئه‌وه‌یه‌، له‌بەر ئەوەی كه‌ ئێمه‌ خۆمان به‌ شۆڕشگێڕ نێو ده‌به‌ین، چاوه‌ڕوانی ئه‌وه‌مان هه‌بێت كه‌ ئه‌ناركیزم به‌ یه‌ك لێدان به‌دی بێت؛ لێدان وه‌ك سه‌ره‌نجامی ده‌ستبه‌جێی یاخیبوون، كه‌ به‌ توندوتیژییه‌وه‌ هێرش بۆ هه‌رچییه‌ك كه‌ هه‌یه‌ ده‌بات و به‌ پێکهاتەی كه‌تواری تازه‌ جێگه‌ی ده‌گرێته‌وه‌. راستییه‌كه‌ی ئه‌وه‌یه‌ كه‌ ئه‌م تێڕوانینه‌ تەنانەت له‌ نێو هه‌ندێك هاوڕێیاندا كه‌ شۆڕش به‌ وه‌ها شێوازێك ده‌رك ده‌كه‌ن، بوونی نییه‌.

ئه‌م ده‌مارگیرییه‌ ڕوونی ده‌كاته‌وه‌، كه‌ بۆچی ئه‌م هەندێك لە نه‌یاره‌ ڕاستگۆکان، پێیانوایە كه‌ ئه‌ناركیزم شتێكی نه‌لواوه‌؛ هه‌روه‌ها ئاواش ڕوونی ده‌كاته‌وه‌، كه‌ بۆچی هه‌ندێك له‌ هاوڕێیان، له‌ بارودۆخی هه‌نووكه‌یی مۆڕاڵی خه‌ڵكی بێزارن و له‌ بارێكدا كه‌ ئه‌ناركیزم توانای نییه‌ به‌م زووانه‌ ڕوو بدات، ئه‌وان له‌ نێوان په‌یگیرییه‌كی هزریی توندڕه‌وانه‌، كه‌ ئه‌وان له‌ بینینی كه‌تواری ژیاندا كوێر ده‌كات و هه‌لپه‌رستییه‌ك كه‌ ده‌بێته‌ هۆی ئه‌وه‌ی له‌ كاردا له‌بیر بكه‌ن، كه‌ ئه‌ناركیستن و ده‌بێت بۆ ئه‌ناركیزم تێبكۆشن، له‌مبه‌ر و ئه‌وبه‌ردان.

Continue reading به‌ره‌و ئه‌ناركیزم

لوبنان: مانگرتنی گشتی به‌هۆی به‌رزبوونه‌وه‌ی نرخی به‌نزینه‌وه‌

لوبنان: مانگرتنی گشتی به‌هۆی به‌رزبوونه‌وه‌ی نرخی به‌نزینه‌وه‌

یه‌کێتی گشتی کرێکارانی لوبنان ئه‌مڕۆ له‌ وه‌ستانی جوله‌ له‌ سه‌راپای ناوچه‌کانی لوبناندا سه‌رکه‌وتوو بوو، هه‌ستا به‌ به‌ڕێخستنی مانگرتنێکی گشتی وه‌ك ئاگادارکردنه‌وه‌ی میرایه‌تی یه‌کێتی نێستمانی، که‌ سه‌عد ئه‌لحه‌ریری سه‌رۆکایه‌ی ده‌کات، یه‌که‌م به‌رهه‌ڵستییه‌ که‌ بۆ چاره‌سه‌ری قه‌یرانه‌کانی باری گوزه‌ران له‌ وڵاتدا ڕووبه‌ڕووی ده‌بێته‌وه‌. یه‌کێتی گشتی کرێکاران هه‌ڕه‌شه‌ی ڕاگه‌یاندنی مانگرتنی گشتی کراوه‌ی له‌ مانگی جونی داهاتوودا کرد، ئه‌گه‌ر میری داواکارییه‌کانی توێژه‌ گه‌وره‌کانی چینی کرێکاری پشتگوێ بخات.


مانگرتنه‌که‌ که‌ره‌سته‌ی سووته‌مه‌نی کرده‌ دروشمی بزووتنه‌وه‌که‌ی پاش نرخی گاڵۆنێك به‌نزین (20 لیتری) بۆ نزیکه‌ی 23 دۆلاری ئه‌مه‌ریکی به‌رزبووه‌وه‌. یه‌کێتی هاتوچۆی گشتی ئامێره‌کان و باسه‌کان و ئۆتۆمه‌بێله‌کانی کرێ و ئوتوبوسه‌کانی وه‌ك ئامرازێك بۆ داخستنی گشت ڕێگه‌ سه‌ره‌کییه‌کان له‌ گشت پارێزگه‌کاندا به‌کار برد، به‌و جۆره‌ فه‌رمانبه‌ران نه‌یانتوانی بگه‌نه‌ شوێنی کاره‌کانیان.


که‌رتی په‌روه‌ردوفێربوونی فه‌رمی سه‌ره‌تایی و ناوه‌ندی و دانشگه‌یی به‌ مانگرتنه‌که‌وه‌ په‌یوه‌ست بوو، ده‌رگه‌ی فێرگه‌کان داخرا و زیاتر له‌ ملیۆنێك فێریار له‌ ماڵه‌وه‌ مانه‌وه‌. که‌رته‌ کرێکاری و پیشه‌یی و دامه‌زراوه‌ گشتییه‌کان و له‌نگه‌رگه‌کان به‌ شێوه‌یه‌کی سیمبولی به‌شدارییان تێدا کرد. کار بۆ ماوه‌ی یه‌ك کاتژێر ڕاوه‌ستا، که‌ هاوپشتی بزووتنی یه‌کێتی گشتی کرێکاران و سه‌ندیکاکانی گواستنه‌وه‌ی وشکانی و مامۆستایانی خانه‌نینی په‌روه‌رده‌وإیربوونی فه‌رمی له‌ خۆگرتبوو.


نارازییان له‌ گشت توێژه‌کان، بزاڤێکی ناڕه‌زایه‌تی سه‌ره‌کییان له‌سه‌ر کێڵگه‌ی کورنیش، که‌ به‌ شاده‌ماری سه‌ره‌کی گواستنه‌وه‌ له‌نێوان گه‌ڕه‌که‌کانی به‌یروتی پایته‌خت به‌ڕێخست، بووه‌ هۆی داخستنی گشت ڕێگه‌وبانه‌کان که‌ به‌ره‌و کورنیش دێن. هه‌روه‌ها ڕێپێوانیکی کرێکاری گه‌وره‌ له‌ کێڵگه‌که‌وه‌ به‌ره‌و شه‌قامی مارالیاس به‌ڕێکه‌وت و به‌ره‌و ناوچه‌ پیشه‌سازییه‌کان و کۆشکه‌ میرییه‌کان ده‌چوو، ئه‌گه‌ر خۆتێقورتانی سه‌رکرده‌ ڕامیارییه‌ بالاکان نه‌بووایه‌، که‌ به‌لینی پێڕاگه‌ییشتنی داواکارییه‌کانیان دا. که‌ بووه‌ هۆی ئه‌وه‌ی سه‌رۆکی یه‌کێتی گشتی کرێکاران غه‌سان غه‌صن داوای ڕاگرتنی ڕێپێوانه‌که‌ بکات و وتارێك بدات و به‌ڵێنی مانگرتنی گشتی گه‌وره‌تر له‌ 17ی جونی داهاتوودا بدات.


غه‌صن له‌ وتاره‌که‌یدا رایگه‌یاند که‌ یه‌کێتی کرێکاران نه‌خشه‌ی بۆ بزاڤی ناڕه‌زایه‌تی و مانگرتنی شۆڤێران ڏاڕشتووه‌. هه‌روه‌ها وتی «ئه‌مڕۆ به‌شێك بوو له‌ نه‌خشه‌که‌، ئه‌وه‌ی ده‌ستنیشان کرد که‌ ڕێکه‌وتی 17ی جونی ڕۆژی بزووتنی گشتییه‌». داوای له‌ ده‌وڵه‌ت کرد بۆ وه‌ڵامدانه‌وه‌ به‌ داخوازییه‌کانی شۆڤێران، به‌نیشاندانی ئه‌وه‌ی که‌ ده‌وڵه‌ت ده‌زانیت ئۆتۆمه‌بێله‌ سه‌رپێچیگه‌ر و ژماره‌ درۆینه‌کان له‌ کوێ ده‌سوڕێنه‌وه‌ و ته‌نیا ئه‌وه‌ی له‌سه‌ره‌ که‌ سنوورێك بۆ ئه‌وه‌ دابنێت، به‌ پێداگرییه‌وه‌ وتی تا به‌دیهێنانی داواکارییه‌کان له‌سه‌ر بزاڤه‌که‌مان به‌رده‌وام ده‌بین.

هه‌روه‌ها غصن ئه‌وه‌ی خسته‌ڕوو، که‌ خۆپیشاندانه‌که‌ به‌ هۆی داخستنی ڕێگه‌کانی به‌ره‌و ریاض الصلح و ناوچه‌ی کۆشکه‌کانی میری له‌لایه‌ن هێزه‌کانی ئاساییشه‌وه‌، ڕاوه‌ستێنرا.


سەرچاوەی هەواڵ:           http://www.hadath.net/ArticleDetail.aspx?id=9009


یۆنان: ڕاگه‌یاندنی مانگرتنی 24 کاتژێری

یۆنان: ڕاگه‌یاندنی مانگرتنی 24 کاتژێری

مانگرتنی گشتی کرێکاران و فه‌رمانبه‌ران و خوێندکاران له‌ یۆنان

پاش شه‌پۆلێك له‌ خۆپیشاندان و مانگرتن دژ به‌ ڕێکه‌وتنه‌کانی ده‌وڵه‌تی یۆنان و سندووقی دراوی نێوده‌وڵه‌تی و یه‌کێتی ئه‌وروپا و ملدانی ده‌سه‌ڵاتدارانی ئه‌و وڵاته‌ به‌ مه‌رجه‌کانی ئه‌و دوو لایه‌نه‌ له‌ قه‌یرانه‌که‌دا، که‌ به‌ سه‌ندنه‌وه‌ی زۆرێك له‌ ده‌ستکه‌وته‌ کرێکاری و کۆمه‌ڵایه‌تییه‌کانی چین و توێژه‌ که‌مده‌رامه‌ته‌کانی کۆمه‌ڵگه‌ و هاوکات ده‌ستبلاوکردنی سه‌رمایه‌داران له‌ چه‌وساندنه‌وه‌ و به‌هره‌کێشی له‌ راده‌به‌ده‌ری کرێکاران و زه‌حمه‌تکێسانی ئه‌و وڵاته‌ به‌ پێوه‌ره‌کانی بازارد ئازاد و سندووقی دراوی نێوده‌وه‌تی، که‌ سه‌ره‌نجام ڕۆچوونی ئه‌و وڵاته‌یه‌ به‌ لیته‌ی قه‌رز و ملکه‌ی بۆ هێزه‌ ده‌ره‌کییه‌کان و ده‌وڵه‌مه‌ندکردنی ده‌وڵه‌مه‌ندان و هه‌ژارکردنی هه‌ژاران کۆتایی دێت.

مانگرتنی  گشتی سه‌رتاسه‌ری یۆنان، هاوکات له‌ته‌ك خۆپیشاندانی به‌رفراوان

ئه‌مڕۆ له‌سه‌ر بانگه‌وازی یه‌کێتییه‌کان له‌ سه‌رتاسه‌ری وڵاتی یۆناندا ده‌ست به‌ مانگرتنی سه‌رتاسه‌ری بۆ ماوه‌ی 24 کاتژێر و هه‌ڵخڕانی گه‌وره‌ترین خۆپیشاندانی دریژماوه‌ له‌ سه‌ره‌تای قه‌یرانه‌که‌وه‌ تا هه‌نووکه‌، بێوێنه‌ بووه‌.

مانگرتنی گشتی کرێکاران و فه‌رمانبه‌ران و خوێندکاران له‌ یۆنان

ڕۆمانیا: ناڕەزایەتییەکان دژی دانانی پرۆگرامی لێگرتنەوە (تقشف) لە چوونەسەرەوەدان، بڕیاری مانگرتنی گشتی دراوە

ڕۆمانیا: ناڕەزایەتییەکان دژی دانانی پرۆگرامی لێگرتنەوە (تقشف) لە چوونەسەرەوەدان، بڕیاری مانگرتنی گشتی دراوە

ئامادەکردنی: جانگۆ، ١٩ی مای٢٠١٠

ئەمڕۆ له‌ چەند به‌شیکی پایتەختی ڕۆمانیا،بوخارست 50.000 خۆپیشانده‌ر به‌رامبه‌ر جێبه‌جێکردنی پرۆگرامی دڕندانه‌ی لێگرتنه‌وه‌ که‌ هه‌نووکه‌ میرایه‌تی ڕۆمانی ده‌ستی به‌ جێبه‌جێکردنی کردووه‌، خۆپیشاندانیان. هاوکاتی ئه‌وه‌، یه‌کێتییه‌کان هه‌ڕه‌شه‌ی مانگرتنی گشییان کرد له‌ ڕێکه‌وتی 31ی ئایاری 2010دا.

خۆپیشاندانه‌که‌ یه‌کێکه‌ له‌ چالاکییه‌ هه‌ره‌ گه‌وره‌کان له‌ پاش ڕوخانی میرایه‌تی چاوشیسکۆ له‌ ساڵی 1989دا، هه‌روه‌ها دوابه‌دوای چه‌ندین خۆپیشاندانی دژی پرۆگرامی تایبه‌تیکردنی که‌رته‌ گشتییه‌کان له‌ پایته‌ختی ئه‌و ولاته‌دا دیت. له‌ ئه‌نجامی خۆپیساندانه‌که‌ هاتوچۆ وه‌ستا بوو، لێپرسراوێکی بالای میریی به‌ئاو ته‌ڕکرا و به‌ به‌رد په‌لاماری شالیارگه‌ی فه‌رمی ئابووریی درا و Marcel Hoara له‌ ناچاریدا به‌هامرایی پۆلیس له‌ شوێنه‌که‌ دوورخرایه‌وه‌، له‌به‌ر ئه‌وه‌ی له‌لایه‌ن خۆپیشانده‌رانه‌وه‌ له‌سه‌ر ڕێگه‌ی ده‌رچوونی له‌ دێباته‌یه‌کی ته‌له‌فزیۆنیدا ، بۆته‌ی بۆ دانرابووه‌وه.

بۆ خوێندنه‌وه‌ی زیاتر له‌مه‌ڕ پێشینه‌ و هۆکاری خۆپیشاندان و بڕیاری مانگرتنی گشتی، تکایه‌ کلیکی ئه‌م به‌سته‌ره‌ی خواره‌وه‌ بکه‌ن:

http://libcom.org/news/romania-protests-against-austerity-measures-grow-general-strike-planned-19052010

تایلاند: شه‌ڕی ڕووبه‌ڕووبوونه‌وه‌ی كراسسووران و ده‌وڵه‌ت

دوێنێ 19ی ئایاری 2010 به‌ دوای بڕیاری ده‌وڵه‌ت بۆ گرتنه‌وه‌ی بازاری ناوه‌ندی پایته‌خت که‌ ناوه‌ندێکی گه‌شتیاری بوو و ماوه‌ی دوو مانگه‌ له‌لایه‌ن بزاڤی کراسسورانه‌وه‌ وه‌ك ناڕه‌زایه‌تی و فشار خستنه‌ سه‌ر میرایه‌تی فه‌رمانڕه‌وا بۆ ده‌ستله‌کار کێشانه‌وه‌ و هه‌ڵبژاردنی نوێ، که‌ داخوازی زۆرینه‌ی که‌نارنشینان و دێهاتنشینه‌کانی ئه‌و وڵاته‌یه‌،  هه‌رچه‌نده‌ قسه‌که‌رانی کراسسوران هه‌رده‌م پێیان له‌سه‌ر گفتوگۆ به‌ئاماده‌بوونی نه‌ته‌وه‌ یه‌کگرتووه‌کان له‌ته‌ك میرایه‌تی ئێستادا داده‌گرت، به‌ڵام ‌ ده‌وڵه‌ت به‌ تانک و چه‌کی قورس و له‌شکری سه‌ربازییه‌وه په‌لاماری ناوه‌نده‌ ده‌ستبه‌سه‌ردا گیراوه‌که‌ی دا و کردییه‌ به‌ره‌ی شه‌ڕ.

بازاری ناوه‌ندی بانکۆك پاش په‌لاماری سه‌ربازیی ده‌وڵه‌ت بۆ سه‌ر  کراسسوران

یه‌کێك له‌ بینه‌ران به‌ کامێراکانی راگه‌یاند که‌ دوو سیسته‌ر (په‌ره‌ستار) له‌کاتی هه‌وڵدان بۆ فریاگوزاری برینداربووانی ناو ناوه‌نده‌که‌ له‌لایه‌ن سه‌ربازه‌کانی میرییه‌وه‌ ته‌قه‌یان لێکرا و کوژران. هاوکات له‌ هه‌موو لایه‌کی وڵات و له‌ هه‌موو گه‌ره‌که‌کانی پایته‌ختدا شه‌ڕ و پێکدادان په‌ره‌ی سه‌ند و چه‌ندین ناوه‌ندی گرنگی ئابووری وه‌ك بانک و بازرگانی ئاگریان تێبه‌ردرا.

ئاگرتێبه‌ردانی باڵاخانه‌یه‌ك وه‌ك وه‌لامی هێرشه‌کانی ده‌وڵه‌ت بۆ  سه‌ر کراسسوران

دوو که‌س له‌ پێشه‌نگانی کراسسوران خۆیان به‌ده‌سته‌وه‌ دا و رایانگه‌یاند نایانه‌وێت چیتر له‌وه‌ زیاتر خوێن بڕژیت، کوژرا و بریندارێکی زۆر له‌ کراسسوران له‌ناو وێرانه‌ی ناوه‌نده‌ چۆڵکراوه‌که‌دا که‌وتوون. سه‌ربازان به‌بێ ده‌ستپاراستن ته‌قه‌ له‌ خۆپیسانده‌ران ده‌که‌ن. به‌لام لایه‌نگران خۆبه‌ده‌سته‌وه‌دانی  ئه‌و دوو که‌سه‌یان پێناخۆش بوو و نه‌فره‌ت و ناڕه‌زایه‌تییان ده‌ربڕی و‌ خوازیاری به‌ردوامی و خۆراگری بوون. سه‌ندندایه‌.

به‌رده‌وامی ناڕه‌زایه‌تییه‌کان هاوکاتی په‌لاماری ده‌وڵه‌ت بۆ سه‌ر  کراسسوران

ئه‌مڕۆ 20ی ئایاری 2010 ته‌واوی شه‌قام و کۆڵانه‌کانی پایته‌خت له‌لایه‌ن سه‌ربازانه‌وه‌ گیراون، به‌ڵام له‌وه‌ ناچێت ئه‌مه‌ بتوانێت به‌ر به‌ توڕه‌یی خه‌ڵك بگرێت و له‌ شوێنه‌کانی تر له‌ کڵپه‌سه‌ندایه‌ و نارازییان پێ له‌سه‌ر داخوازی ده‌ستله‌کارکێشانه‌وه‌ی سه‌رۆکشالیاران و میرایه‌تییه‌که‌ی داده‌گرن.

ئامادەکاری بۆ مانگرتنی گشتی لە هیندوستان بەرامبەر بە بەرزبوونەوەی نرخەکان

ئامادکردنی: سیڤن ١٧ی ئایار ٢٠١٠

یەکێتییە سەرەکییەکانی هیندوستان بانگەوازیان بۆ مانگرتنی گشتی سەرتاسەری لە سێپمتەمبەردا کرد و خوازیاری کۆمەڵێك داواکاری بوون، لەوانە چارەسەری بەرزبوونەوەی باری گوزەران و چاککردنی تۆڕی بیمە کۆمەڵایەتییەکان.

“هیندو” رایگەیاند کە گشت یەکێتییە سەرتاسەرییەکان بانگەوازی مانگرتنی سەرتاسەرییان داوە دژی ڕامیارییە ناوەندییەکانی لەمەڕ بەربوونەوەی نرخەکان و پرسی تری کرێکاران لەوانە پێشێلکارییەکانی یاسای کار ، Gurudas Dasgupta سکرتێری گشتی کۆنگرەی یەکێتییە کرێکارییەکانی هیندوستان (AITUC ) ئەم چوارشەممەیە دانی بەوەدا نا.

„ ١٥ی جولای ٢٠١٠ لە کۆنگرەی سەرتاسەر گشت یەکێتییە پیشەییە ناوەندییەکاندا بڕیار لەسەر کاتی دەستپێکردنی مانگرتنەکە دەدرێت، بەڵام ڕێکەوتی لەپێشچاوگیراوی مانگرتنەکە هەفتەی یەکەمی مانگی سێپتەمبەر دەبێت، بەرێز Dasgupta لە کۆنفرانسێکی ڕژنامەوانیدا ڕایگەیاند.

ئەمە یەکەمین جارە کە گشت یەکێتییە پیشەییەکان، لەوانە کۆنگرەی سەرتاسەری یەکێتییە کرێکارییەکانی هیندوستان (INTUC) و بهاراتیا مازدور سانغ (BMS)، پێکرا لەسەر راگەیاندنی مانگرتنی گشتی پێكهاتوون، بەپێی قسەکانی بەڕێز Dasgupta.

بڕیار لەسەر بانگوازی مانگرتنی گشتی لە کۆبوونەوەی نوێنەرانی هەر ٨ یەکێتییە پیشەییە ناوەندییەکان بوو، کە INTUC سەرۆکایەتی دەکات، Dr. G. Sanjeeva Reddy ئەمەی بۆ زیادکرد.

هەروەها وتی: نیگەرانی لەمەر پرسگەللی وەك چوونەسەری نرخەکان، پێشێلی یاسای کار، بەفیڕۆدانی سەرمایەگوزاری لە بەشی گشتی (PSUs) و داواکردنی سندووقی نیشتمانی بۆ بیمە کۆمەڵایەتییەکان لە بەشی ناڕیکخراوی کۆمەڵگەدا، جێی قسەوباس بوون.

پرسی ئەوەی کە ئایا بالی یەکێتییە کرێکارییەکان INTUC لە مانگرتنەکەدا بەشدار دەبێت، کە خواستگەلەکانی چەند جار لەلایەن پارتی چەپەکانەوە پێشنیار کراون، بەڕێز Dasgupta ڕۆشنی کردەوە کە پرسی جۆراوجۆر لەوانە پێشێلی یاسای کار، لەدەستدانی کار و پێویستی بەردەوامی سەرمایەگوزاری لە بەشی ناریکخراودا داخوازی ئەندامانی یەکێتییە پیشەییەکان پێدەهێنن.

بەڕیز Dasgupta وتی، یەکێتییە پیشەییەکان ناچار بە هەڵگرتنی ئەم هەنگاوە بوون، پاش بێوەڵام مانەوەی چەند هەوڵەکانیان بۆ گەیاندنی نیگەرانییان بە سەرۆکشالیارانی هیندوستان مانمۆهان سینغ و شالیاری دارایی پراناب موخەرجی.

سه‌رچاوه‌ی هه‌واڵ: http://libcom.org/news/general-strike-india-planned-over-price-rises-17052010

تایلاند: شه‌ڕی ڕووبه‌ڕووبوونه‌وه‌ی كراسسووران و ده‌وڵه‌ت له‌ نزیکبوونه‌وه‌دایه‌

ناکۆکی نێوان ده‌وڵه‌تی تایلان دو کراسسوران گه‌یشتۆته‌ چرکه‌ ساتتێکی ترسناک و خوێناوی. شایانی باسه‌، له‌ ڕۆژه‌ی پێنجه‌شه‌مه‌ ،13.05.2010ه‌وه‌ زیاتر له‌ 51 که‌س کوژراون و ژماره‌یه‌کی زۆریش بریندار بوون. کراسسوران له‌Bangkok پایته‌ختی تایلاند له‌ ناوجه‌رگه‌ی شاردا له‌ بازاڕی سه‌ره‌کیدا، که‌ خه‌ڵکانی زۆر ده‌وڵه‌مه‌ند بازاڕی لێده‌که‌ن، له‌ ناوه‌ڕاستی مانگی ئازاره‌وه‌ ده‌ستیان به‌سه‌ر ئه‌و ناوه‌نده‌دا گرتووه‌ و کردوویانه‌ به‌ که‌مپێک بۆ خۆیان، که‌ ژماره‌یان زیاتر له‌ 5 هه‌زار که‌سه‌.


ئه‌وان ئاماده‌ن وتووێژ له‌ته‌ك ده‌وڵه‌ت بکه‌ن، به‌ڵام به‌ دوو مه‌رج : یه‌که‌میان، هێزی سه‌ربازی حکومه‌ت له‌ ناو شار بکشێته‌وه‌. دووهه‌م، نه‌ته‌وه‌یه‌کگرتووه‌کان بکه‌وه‌ێته‌ نێوانیانه‌وه‌، ئه‌گینا ده‌بێت سه‌رۆکشالیار ده‌ست له‌کار بکێشێته‌وه‌.


دوێنی شه‌و حکومه‌تی تایلاند ماوه‌ی تاکو کاتژێر 3 ی ئه‌مڕۆ 17.05.2010 به‌ کاتی Bangkok به‌ کراسسوران داوه‌، که‌ بڵاوه‌ی لێبکه‌ن و خۆیان بده‌نه‌ ده‌ستی ده‌وڵه‌ت، ئه‌گینا هێڕشیان ده‌کرێته‌ سه‌ریان و ده‌یانگرن. ئه‌گه‌رچی به‌سه‌ر کاتی دیاریکراودا تێپه‌ڕیوه، به‌ڵام‌ جارێ تائێستا هێڕش له‌لایه‌ن ده‌وڵه‌ته‌وه‌ ده‌ستی پێنه‌کردووه‌ ، له‌هه‌مان کاتیشدا کراسسوران ده‌ڵێن ئێمه‌ له‌بری چۆڵکردن و خۆبه‌ده‌سته‌وه‌دان، مردن هه‌ڵده‌بژێرین.

بریتانیا: داددگه‌ بڕیاری مانگرتنی کڕیاکارانی هێڵی ئاسمانی ڕه‌تده‌کاته‌وه‌

هه‌ر وه‌ك بڕیار بوو به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تی هێڵی ئاسمانی بریتانی نه‌یقابه‌ و کرێکارانی کێشایه‌ دادگه‌، ئه‌مڕۆ17.05.201 دادگه‌ش بڕیاری دا، له‌به‌رئه‌وه‌ی که‌ نه‌قابه‌ به‌ڕێکوپێکی دوای هه‌نگاوه‌کانی هه‌ڵبژاردن نه‌که‌وتووه‌، هه‌ر له‌به‌ر ئه‌وه‌ مانگرتنی کرێکاران یاسایی نییه‌ و ده‌بێت مانگرتنه‌که‌ نه‌که‌ن، ئه‌مه‌ش واته‌ کرێکاران به‌یانی 18.05.2010 ده‌بێت بگه‌ڕێنه‌وه‌ سه‌ر کار. به‌ڵام نه‌قابه‌ش بڕیاری داوه‌ که‌ به‌یانی 18.05.2010 دژی ئه‌و بڕیاره‌ی به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تی داوای پێداچوونه‌وه‌ بکات، هه‌رچه‌نده‌ ڕه‌نگه‌ نه‌یباته‌وه‌، هه‌ر بۆیه‌ به‌یانی زیاتر ئه‌و پرسه‌ ڕوون ده‌بێته‌وه‌، که‌ کرێکاران له‌سه‌ر کار به‌رده‌وام ده‌بن یان ده‌ست به‌ مانگرتن ده‌که‌ن.


له‌ولاشه‌وه‌ نه‌قابه‌ و به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تی به‌ ئاماده‌بوونی شالیاری نوێی هاتوچۆ و ڕێگه‌وبان و سه‌رۆکی نه‌قابه‌ی گشتی له‌ بریتانیا له‌سه‌ر لێدوان و مشتومڕ به‌رده‌وامن تاکو بگه‌نه‌ سه‌رئه‌نجامێك.

Blackblog to blog back