هەژێن
سەرنجداندنێکی ڕەخنەیی له پەرتووکۆکەی “نیگایەك لە ئێستا و خەونێك بۆ سبەی”ی مه‌ریوان وریا، ئاراس فه‌تاح، به‌ختیار عه‌لی، ڕێبین هه‌ردی/ بەشی بیست‌وحه‌وته‌م (دوابه‌ش)
مێژووی سیاسی ئێمه پێمانده‌ڵێت پێشمه‌رگه‌ی حیزب هه‌میشه پێشمه‌رگه‌ی حیزبه‌و ئۆتۆماتیکی نابێت به پێشمه‌رگه‌ی کورد. ل٩٤
نه‌ك ته‌نیا مێژووی ڕامیاریی بزاڤه به‌رهه‌ڵستکاره نه‌ته‌وه‌ییه‌کانی کورد، به‌ڵکو هی ته‌واوی دونیاش سه‌لمێنه‌ری ئه‌و ڕاستییه‌ن، به‌ڵام به‌و ناڕۆشنییه‌ی نووسه‌ران نا. چونکه چه‌کدارانی پارت، هه‌موو کات ده‌توانن ببنه پارێزه‌ری ئه‌و نه‌ته‌وه و نیشتمانه‌ی نووسه‌ران مه‌به‌ستیانه و ده‌توانن ببنه هی کورد به‌و جۆره‌ی که نووسه‌ران مه‌به‌ستیان له کورد (ده‌سه‌ڵاتی بۆرجوازی) کورده! به‌ڵام هیچ کات ناتوانن ببن به چەکداری کورد، چونکه زۆرینه‌ی کورد خه‌ڵکی سته‌مدیده‌ن و خه‌ڵکی سته‌مدیده‌ش بیه‌وێت و نه‌یه‌وێت، ئه‌گه‌ر خوازیاری ئازادی و یه‌کسانی و دادپه‌روه‌ری بێت، ئه‌وا خۆبه‌خۆ و به‌خۆی ئه‌و هوشیارییه به‌ده‌ست ده‌هێنێت، که پێویسته دژی هه‌موو جۆره‌کانی سه‌روه‌ری بێت، هێزێکیش که ده‌توانێت پارێزه‌ری خه‌ڵك بێت، ناتوانێت هاوکات کوته‌کی ده‌ستی سه‌روه‌ران بێت، ئیتر ئه‌و سه‌روه‌رییه ده‌سه‌ڵاتێکی چه‌ته‌یی، پارتیی بێت یا ده‌وڵه‌تی، هیچ لە کڕۆکه دژه‌خه‌ڵکییه‌که‌ی ناگۆڕێت.
هێزی خه‌ڵکی به‌شێکه له خه‌ڵك و ناتوانێت له سه‌رووی خه‌ڵکه‌وه بێت و کوته‌کی به‌رزکراوه و ڕاگیراوی سه‌روو خه‌ڵك بێت. هێزی پارێزه‌ری خه‌ڵکی، له هه‌ره‌وه‌زی و کۆمون و ئه‌نجومه‌ن و ڕێکخراوه خه‌باتکاره پیشه‌یی و جه‌ماوه‌رییه‌کانی خه‌ڵکدا په‌روه‌رده ده‌بێت و پێك دێت. هه‌ر هێزێك له ده‌ره‌وه‌ی ئه‌و یه‌کگرتنه ئازادانه‌وه پێکهاتبێت، هێزی سه‌رکوتگه‌ربووه و پارێزگاری له دوژمنانی خه‌ڵکی ئازادیخواز کردووه، هه‌رواش هه‌ر به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تییه‌کیش بۆ کۆمه‌ڵگه، که له ده‌ره‌وه‌ی پێکهاتنی ئازادانه‌ی کۆمه‌ڵایه‌تیی و سه‌رووی ویستی تاکه‌وه سه‌ری هه‌ڵدابێت، ئامرازی سه‌رکوتی ویست و خواسته کۆمه‌ڵایه‌تییه‌کان و ئاراسته ئازادیخوازانه‌کانی کۆمه‌ڵگه بووه و ده‌بێت.
ئه‌م دۆخی نه‌بوونی به‌ده‌زگاییکردنه بۆ ئۆرگانه‌کانی ئاساییش‌و پۆلیس‌و وه‌زاره‌تی‌و دارایی‌و دادیش هه‌ر راسته. ل٩٤
نووسەران پاشقول له نووسه‌رانی دیکە ده‌گرن و له ئه‌فراندنی ئه‌فسانه‌دا پێشیان ده‌ده‌نه‌وه، که‌م نین نووسه‌رانێك که له خۆشباوه‌ڕییه‌وه باس له سه‌روه‌ری یاسا و ده‌سه‌ڵاتی یاسا و نه‌بوونی یاسا له هه‌رێمی کوردستاندا ده‌که‌ن، به‌ڵام ئه‌مان باس له ده‌زگاییکردنی ده‌زگه‌کان ده‌که‌ن! ئه‌گه‌ر پۆلیس و ئاسایش و هه‌واڵگری و زانیاری و پاراستن و هێزه تایبه‌تییه‌کان ده‌زگه‌یی نین، ئەدی چین؟ ئه‌گه‌ر فه‌رمانگه و کارگێڕییه‌کانی هه‌رێمی کوردستان بیرۆکراتی نین، ئه‌ی چین؟ ئه‌گه‌ر شالیارگه‌ی دارایی و داد (نه‌ك وه‌زاره‌تی دارایی و دادیش) ده‌زگه‌یان نییه و له ده‌زگه پێكنه‌هاتوون، ئه‌دی چین؟
من پێچه‌وانه‌ی ئه‌م بۆچوونه شته‌کان ده‌بینم، چونکه پارته بۆرجوازییه‌کانی کورد له شاخیش ده‌زگه‌ی تایبه‌تی داراییان هه‌بووه و پێچه‌وانه‌ی خه‌ڵکه ڕه‌شوڕووته‌که که به خه‌یاڵی خۆیان بۆ ئازادی جه‌نگیون، پارته‌کان و سه‌رانیان وه‌ك ده‌سه‌ڵات و سه‌روه‌رانی داهاتوو کاریان ده‌کرد و ئازادیخوازانیان ڕاودەنان و لە ناوچەکانی ژێر دەسەڵاتی خۆیان دەریان دەکردن!
نووسه‌ران له ڕسته‌ی دواتردا خۆیان، پێچەوانەی ئەم پاگەندەیان، دان به ده‌زگه‌ییبوونی ئه‌و باڵانه‌ی ده‌سه‌ڵاتی بۆرجوازی ده‌نێن.
له‌کاتێکدا په‌رله‌مانی کوردستان ماوه‌ی چه‌ندین ساڵه بێ بوونی ده‌ستووری هه‌میشه‌یی هه‌رێمی کوردستان کارده‌کات، ل٩٥
ئه‌وه‌ی که هه‌رێمی کوردستان ده‌ستووری هه‌میشه‌یی نه‌بووه، بۆ ئه‌وه ده‌گه‌ڕێته‌وه، که وێڕای هاوته‌ریبی ده‌سه‌ڵاتی ینک و پ‌د‌ک له‌ته‌ك ده‌سه‌ڵاتی به‌عسدا، هه‌رێم له ساڵی ١٩٩١–٢٠٠٣ وه‌ك ئێستا به‌شێك بووه له عیراق و هاوکات وه‌ك ده‌زانین چه‌ندین په‌یوه‌ندی و مامه‌ڵه‌ی جۆراوجۆر له‌نێوان ده‌سه‌ڵاته ته‌ریبه‌کاندا هه‌بووه، هه‌ر له پێشله‌شکرییه‌وه بگره تا ڕێکه‌وتنی بازرگانی و شتی تریش، بۆیه نه‌بوونی ده‌ستوور زۆر له ڕاستییه‌وه دووره. چونکه له ساڵی ١٩٩١–٢٠٠٣ له هه‌رێمی به ڕواڵه‌ت دابڕاو و پارێزراوی کوردستاندا له فێرگه‌وه بیگره تا زیندان، به پێی یاساکانی به‌عس و ده‌ستووری ڕژێمی بەعس و عیراق کاریان کردووه، وابزانم نموونه‌هێنانه‌وه پێویست ناکات.
هه‌روه‌ها له پاش ڕوخانی ده‌سوتاقمه‌که‌ی (سه‌دام)یشه‌وه هه‌موو ئاڵوگۆڕێك کە له چوارچێوه‌ی عیراقدا ڕوویداوە و ده‌دات، بەشێکە لە ئاڵوگۆری سەرەکی لە سیستەم و دەسەڵاتی ناوەندیدا. که‌واته هه‌رێمی کوردستان له هه‌ردوو باره‌که‌دا له سایه‌ی ده‌ستووره‌کانی عیراقدا کاری کردووه و ده‌کات و دەستووری هەبووە و هەیەتی. ئیتر نازانم ئەم شێوەنە خەڵەتێنەرە بۆ دەستووری هەرێم، ده‌ستوورێك که بڕیاره کۆیله‌تی تاکی ژێرده‌سته‌ی کورد بۆ سه‌روه‌رانی کورد مسۆگه‌ر بکات، لە پای چییە؟
ئه‌وه‌ی که ده‌سه‌ڵاتداران یاسای زۆروبۆر ده‌رده‌که‌ن، بۆ مرۆڤی که‌تواربین و وردبین ئاشکرایه، که لێکدانه‌وه‌ی یاساکانی عیراقن و شتێکی ناکۆك بە یاسای عیراقی فێدرال–ئیسلامی و فێدرال–ناسیونالیستی ئەنجام نەداوە و ناشتوانن ئەنجام بدەن، چونکە پێکهاتەی دەسەڵاتی بۆرجوازیی عیراق لەسەر بنەمای خێڵەکی و ئایینیی و نەتەوەیی، تەواوگەری نەخشە ئابوورییەکانی بازارئازاد و پلانە ڕامیارییەکانی نیئۆلیبراڵیزمه و دێمۆکراسییە جەنگییەکەی ئەمەریکا و هاوپەیماناییەتی و له‌م ناوچه‌دا پێویستییان به وه‌ها مۆدێلێك هه‌یه.
که‌چی به‌رده‌وام یاسای گرنگ له‌سه‌ر یاسا به زۆر ده‌رده‌کرێن،زۆرجاریش بێئه‌وه‌ی بخرێته به‌رده‌م گفتوگۆی ڕاسته‌وخۆو جیدی کۆمه‌ڵانی خه‌ڵکه‌وه. ل٩٥
جارێکی دیکە نووسه‌ران، ده‌سته‌بژێری “ڕۆشنبیران” و ڕامیاران له‌ته‌ك خه‌ڵك یه‌کسان ده‌که‌نه‌وه، ئه‌گینا له سایه‌ی ده‌سه‌ڵاتی بۆرجوازیدا له هیچ کوێیه‌کی دونیادا یاساکان و ده‌ستوور ناخرێنه به‌رده‌م گفتوگۆی ڕاسته‌وخۆی خه‌ڵك و بڕیاردانی ڕاسته‌خۆی خه‌ڵك، تا دێمۆکراتی [بە دیاریهێنراوی دەم موشەکە ژیرەکانی ئەمەریکا]ی کوردستان بەو کارە هەڵسێت یا ڕۆژێك بیخاتە بەرنامەیەوە. به‌لکو ده‌سته‌بژێرێکی دیاریکراو و هاوخوانی مشه‌خۆران له‌و کارانه‌دا بواری به‌شدارییان هه‌یه. لە سیستەمی پارلەمانیدا هیچ شتێك [بێجگە لە هەلبژاردنی خراپ لەناو خراپترین] ناخرێتە بەردەم گفتوگۆ و هه‌ڵبژاردنی ڕاستەخۆی خەڵك. گفتوگۆی ڕاستەوخۆی کۆمەڵانی خەڵك لە سایەی سیستەمی نوێنەرایەتیدا بوختانە بۆ دێمۆکراسی بۆرجوازی!
با باسی یاسا نه‌که‌ین، ته‌نیا پرسیار له شتێکی کاتی و هه‌ڵخه‌ڵه‌تێنه‌رانه بکه‌ین، که به‌رنامه‌ی هه‌ڵبژاردنه، ئایا ئه‌و ئۆپۆزسیۆنه‌ی که نووسه‌ران ده‌یانویست خه‌ڵکی پێ خۆشخه‌یاڵ بکه‌ن، به‌رنامه و دروشم و پاگه‌نده‌کانی، که به داواکاری خه‌ڵکی ده‌زانین، خسته به‌رده‌م لێکۆڵینه‌وه و بڕیاردانی ده‌نگپێده‌رانیانه‌وه نه‌ك هه‌موو کۆمه‌ڵگه‌ی کوردستان؟ ئیتر ئه‌م خۆشباوه‌ڕکردنه به ده‌سه‌ڵاتی بۆرجوازی و له‌توانادابوونی ده‌سه‌ڵاتی باش له پای چییه؟
دوا وشه
وه‌ک له سه‌ره‌تای ئه‌م نووسینه‌دا ئاماژه‌مان پێ‌کرد ئه‌م هه‌وڵه‌ی ئێمه هه‌وڵی داڕشتنی به‌رنامه‌یه‌کی سیاسی کۆنکرێت نییه، به‌ڵکو پێشنیارکردنی جیهانبینییه‌کی سیاسییه. ل١٠٠
به پێچه‌وانه‌ی ئه‌وه‌ی نووسه‌ران پاگه‌نده‌ی ده‌که‌ن، ئه‌وه‌ی ئه‌وان له په‌رتووکۆکه‌که‌یاندا پێشنیاریانکردووه، نه‌ك ته‌نیا به‌رنامه‌یه‌که له چوارچێوه‌ی جیهانبینی نیئۆلیبراڵیزمدا، به‌ڵکو واوه‌تر له‌وه به‌رنامه‌یه‌کی پاگه‌نده‌یی کاتیی هه‌ڵبژاردنه و به‌س.
نووسه‌ران له به‌شێکی تری جیهانبینییه ڕامیارییه‌که‌یاندا باس له ناڕامیارییبوون و ڕامیارینه‌کردنی خۆیان ده‌که‌ن. ئایا ده‌کرێت و ئاوه‌زپه‌سه‌ندی ده‌کات، که که‌سانێك ڕامیار نه‌بن و ڕامیاری نه‌که‌ن، که‌چی خه‌رێکی داڕشتنی جیهانبینی ڕامیاریی بن؟!
ئەگەر پاگەندەکەی ئەوان دروست بێت و بە گریمانە لێیان وەربگرین، ئەوا داڕشتنی جیهانبینییەکی ڕامیاریی لەلایەن کەسانی ناڕامیار و دوور لە ڕامیارییەوە لە کاری ئەو جادوگەرە دەچێت، کە لە تەرسەقول چوکلێت دروست دەکات!
ده‌زانین ره‌نگه له‌سه‌ر ئه‌م تێڕوانینانه بۆ جاری چه‌نده‌هه‌م بکه‌وینه‌وه به‌ر هێرشی ناوزڕاندن‌و یه‌خوینکردن‌و ته‌شهیری ده‌زگای راگه‌یاندنی حیزبی ل١٠٠
به‌پێچه‌وانه‌ی چاوه‌ڕوانی و خۆقەبەقه‌به‌کردن، کاره‌که‌یان نه‌بووه جێی سه‌رنج و قسه‌وباسی نووسه‌ران و “ڕۆشنبیران“، هه‌رواش نه‌بووه جێی تانه و ته‌شه‌ری ده‌سه‌ڵاتداران و پارته‌کان. چونکە یەکەم بە پێچەوانەی ئەوەی کە خۆیان پاگەندەی دەکەن، ئەوان بەرنامەیەکی ڕیکلامی سەردەمی هەڵبژاردنیان داڕشتووە و ئامانجەکەی لەخشتەبردنی خەڵکی بندەست و نۆژەنکردنەوەی خۆشباوەڕییە بە نەتەوەچییەتی و نیشتمان–هەمووانی و چاوەڕوانڕاگرتنی خەڵکی چەوساوە بە هاتنی میریی باش و ڕامیاری دڵسۆز و خۆشگوزەرانی لە سایەی “بەڕێوەبەرانی کاروبارە ئابوورییە سەرەکییەکان“دا. وه‌ها هه‌وڵێك هیچ ناکۆکی له‌ته‌ك ستراتیژی بۆرجوازی ده‌سه‌ڵاتدار نییه و تۆکمه‌گه‌ریه‌تی.
هیوادارین ئه‌م هاواره‌ی ئێمه وه‌ک زۆری دی نه‌بێته هاواری ناو بیابانێکی چۆڵ‌و هۆڵ‌و کاکی به‌کاکی. ل١٠١
لێره‌دا من دڵنیایان ده‌که‌مه‌وه، که له‌به‌ر دوو هۆ نا‌ئومێد نه‌بن، یه‌که‌م، به‌رنامه‌که‌یان له کاتی خۆیدا بۆ قوتارکردنی بۆرجوازی له ڕكوکینه‌ی سته‌ملێکراوانی نه‌خوێنده‌وار، له‌لایه‌ن هه‌مان ده‌سه‌ڵاتدارانی ئێستاوه سوودی لێ وه‌رده‌گیردرێت. دووه‌م، ئه‌وان ئایدیای ئازادیخوازی و یه‌کسانیخوازی و دادپه‌روه‌ریخوازییان پێشنیار نه‌کردووه، تاکو تابوو بکرێت. به‌ڵکو ئه‌وان به مامه‌خه‌مه‌ییه‌وه به ده‌سه‌ڵاتداران ده‌ڵێن بۆ پاراستنی سه‌روه‌ری و ده‌سه‌ڵاتی چینایه‌تیتان، پێویسته له ژێر دێوجامه‌ی نه‌ته‌وه و نیشتمان و دێمۆکراسیدا ئه‌م کارانه بکه‌ن، ئه‌گینا ڕۆژێك دێته پێش، که “مێگه‌ل” و “نه‌خوێنده‌وار“ [خۆیان واتەنی] وه‌ك ده‌سه‌ڵاته‌که‌ی سه‌دام ڕاپێچتان ده‌که‌ن و “خۆتان قوربانی یەکەم دەبن“!
ئه‌گه‌ر له کۆتاییدا په‌یام و ورده‌گیری نووسه‌ران له دوو ڕسته‌دا کورت بکه‌مه‌وه، ئه‌وا ده‌یانه‌وێت بڵێن: میرایەتی ئێستا ده‌سته‌بژێرێکی لادێی و شاخی به‌ڕێوه‌ی ده‌به‌ن و پێویسته بگه‌ڕێنرێته‌وه ده‌ستی “ڕۆشنبیرانی” شار، واته “ژیران“ و “خوێنده‌واران“. ئه‌مه سه‌راپای په‌یام و ڕه‌خنه‌که‌یانه لە ١٨ ساڵ مشەخۆری و تاڵان‌کردنی کەرتە دەوڵەتییەکان لەلایەن ده‌سه‌لاتداران و کۆمپانیاکانیانه‌وه. تەنیا ئایدیایەك کە تازە خستوویانەتە ناو میدیای کوردی ئایدیای “نایەکسانی ڕەوا” و “نایەکسانی یاسایی“یە، کە ئەمەی دواییان هەردەم لە کۆمەڵگە چینایەتییەکاندا ئامادە بووە و هەیە، تەنیا جیاوازی ئەوەیە، کە هەردەم دەسەڵاتداران ئەو نایەکسانییەکان پیادەکردووە و ڕامیارەکان بۆ مانەوە و هەمیشەییکردنی تاکی چەوساوەیان پێ خۆشباوەڕکردووە. بەڵام بڕواناکەم و تا ئەو جێییەی کە من شارەزاییم هەبێت، کەس وێرابێتی بەو بێپەردەییە قسە لە ڕەوایەتیدان و یاساییکردنه‌وه‌ی نایەکسانی بکات!
دوا وته، به‌داخه‌وه زۆرجار ناچار به دووباره‌کردنه‌وه و گه‌ڕانه‌وه بۆ سه‌ر بابه‌ته‌کان بووم، ئه‌ویش له‌به‌رئه‌وه‌ی که نووسه‌ران ئه‌و بابه‌تانه‌یان چه‌ندباره کردووه‌ته‌وه.هه‌روه‌ها له‌به‌ر که‌می کات و گیرۆده‌یی به کاروباری ڕۆژانه‌وه، به دڵنیاییه‌وه نه‌متوانیوه وه‌ك پێویست هه‌موو لایه‌نه‌کانی شی بکه‌مه‌وه. بۆیه هیوادارم له‌م ڕه‌خنه‌دا توانیبێتم پرسیار له‌سه‌ر ناڕۆشنییه‌کان دروست بکه‌م و سه‌رنجی خوێنه‌رانی هێژا بۆ گه‌ڕان به دوای وه‌ڵامه‌کاندا ڕابکێشم.
ئه‌گه‌ر خوێنه‌رانێکی ڕاهاتوو به مامۆستایی ده‌سته‌بژێره‌کان، چاوه‌ڕوانی وه‌لامێکی ئاماده‌کراو و له قوتونراو و گونجاوی هه‌موو سه‌رده‌مه‌کانیان له‌م سه‌رنجدانه ڕه‌خنه‌ییه هه‌بووبێت، ئه‌وا ناچارم بڵێم به‌داخه‌وه، ئه‌رکی ڕه‌خنه‌گری ئازادیخواز و شۆڕشگێڕ، پێشکه‌شکردنی وه‌ڵامه پێشتر ئاماده‌کراوه‌کان یا دووباره‌کردنه‌وه و گواستنه‌وه‌ی وته‌ی ناو ڕه‌فه‌ی په‌رتووکخانه‌کان نییه، به‌ڵکو خه‌ریککردنی خوێنه‌ره به گه‌ڕان به دوای وه‌ڵامه په‌یپێنه‌براوه‌کاندا. هه‌روه‌ها کۆمه‌ڵایه‌تییبوونه‌وه‌ی هه‌ر ئه‌ڵته‌رناتیڤێکی شۆڕشگڕانه، له گره‌وی زیندووکردنه‌وه‌ی ویست (ئیراده) و بڕوابه‌خۆبوونی تاکی ژێرده‌سته‌دایه، به‌وه‌ی تاکی ئازادئه‌ندێش پێویستی به شوانه(ڕابه‌ر) نییه و خۆی بیرگه‌ره‌وه و به‌خۆی بڕیارده‌ر و ته‌نیا خۆی پێشڕۊوی خۆیه‌تی و ڕێژه‌ی سه‌رکه‌وتن و تێکشکانی هه‌وڵه‌کانیش، به ئاستی هوشیاری و ئاماده‌یی شۆڕشگێڕانه‌ی تاکه چه‌وساوه‌کانه‌وه به‌نده. چونکه سه‌روه‌ری سیسته‌می جه‌نگ و برسیه‌تی و نایه‌کسانی و سه‌رکوت و هه‌ڵاوارن و ناداوه‌ری کۆمه‌ڵایه‌تی له‌سه‌ر ناهوشیاریی و ناده‌ربه‌ستی و بڕوابه‌خۆنه‌بوونی تاکی چین و توێژه ژێرده‌سته‌کان، وستاوه.
کۆتایی
بۆ خوێندنەوەی بەشەکانی تر کلیکی ئێرە بکە