بەشی چوارەم:
“ئانارکیستهکان به راشکاوی رایدهگهیهنن که ئامانجیان : نه تێکشکاندنی بهرههمهێنانی سهرمایهداری ، نه بنیاتنانی دهوڵهتی حزب ، نه حکومهتی کرێکاری ، نه حکومهتی شوورایی و نه پیادهکردنی دهسهڵاتی سیاسی پڕۆلیتاریایه . ئهوان له یهک قسهدا ئهوه دهردهخهن که ئامانجیان : نه گۆڕینی دهوڵهتی دیکتاتۆرییه به دهوڵهتی دیموکراسی و نه گۆڕینی دهوڵهتی بۆرژوازییه به دهوڵهتی پڕۆلیتاری ، بهڵکو ئامانجیان لهناوبردنی دهوڵهته به ههموو چهشنهکانییهوه ، به دهوڵهتی پڕۆلیتاریاشهوه ، چونکه پڕۆلیتاریا پێویستی به سهروهرێتی له کۆمهڵدا نییه .“
لێرەدا نووسەر بێویژدانییەکی گەورە بەرامبەر ئەنارکییەکان دەکات و جارێکی تر تێکستەکانی ڕێکخراوێکی داخراوی مارکسیستی هاوسەنگەری خۆی دەکاتە هی ئەنارکییەکان! بەشبەحاڵی خۆم ئەگەر نەك هەموو ئەنارکییەکان، تەنانەت یەك ئەنارکی لە سەراپای مێژووی هزریی ئەنارکیدا هەبوو کە بە ڕاشكاوی و ناڕاشکاوی وتبێتی، نووسیبێتی، بیریشی لێکردبێتەوە و نیازیشی هەبووبێت کە ئامانجی تێكنەشکاندنی بەرهەمهێنانی سەرمایەداری بێت، ئەوا لەم ساتەوە من نەفرەت لە ئەنارکیزم دەکەم، هەوەك چۆن لە بۆلشەڤیزمی دەکەم، کە سەروەری چینایەتییان پاراست! دیسانەوە داوا لە نووسەر دەکەم، لە کوێدا دەتوانێت تاقە یەك ڕستە لە سەراپای ئەدەبیاتی ئەنارکیدا پەیدا بکات، کە پاڵپشتی ئەو بۆچوونەی بکات؟
بەڵام بە ڕاشکاوی دەلێین، دەوڵەت دەسکەلای هەر چین و پارتێك بێت، واتای بوونی پێداویستی سەرکوت و راگرتنی سەروەری دەگەیێنێت. لای ئەنارکییەکان سەرکوتگەر، سەرکوتگەرە چ کرێکار بێت یا بۆرژوا! چ ناسیونالیست بێت یا کۆمونیست! ئەگەر کۆتایی ئەو شۆڕشەی کە مارکسیستەکان پاگەندەی بۆ دەکەن، بە سۆشیالیزم دێت، ئیتر دەیانەوێت دەوڵەت بەسەر کێدا بکەن و کێ لەژێر سەرەنێزەی دیکتاتۆرییەکەیاندا ڕاگرن؛ کرێکاران یا بۆرجواکان؟ [8] ئەگەر بۆ ژێردەستەراگرتنی بۆرجواکانە، ئەوا خۆیان بەدرۆ دەخەنەوە و لە سۆشیالیزمدا بۆرجوا وەك کەسێکی مشەخۆر و دارای خاوەندارێتی کێڵگە و کارگەکان یا سیستەمێك دەبێت لە ئارادا نەمابێت. ئەگەر دەڵێن دەمێنێت، ئەوا قسەکردن لە سۆشیالیزم لە وەها کۆمەڵگەیەکدا، دەچێتە خانەی ئەفسانەبافییەوە. ئەگەر ئەم دوو ئەگەرش نەبن، ئەوا ئەگەری سێیەم قوتدەبێتەوە، ئەویش سەروەری و دیکتاتۆری کۆمونیستەکانە بەسەر کۆمەڵگە بەگشتی و چینە بەرهەمهێنەرەکان (کرێکاران و جوتیاران) بەتایبەتی، کە ژیان و بەردەوامی لەسەر شانیان دەوەستێت، ئەوەی کە بەکردەوە لە ماوەی ٧٠ ساڵی دەسەلاتی تاکپارتی و دیکتاتۆرییانەی بۆلشەڤیکەکاندا، لەسەر مژینی شیلەی ژیان و وردوخاشکردنی ئێسکەپەیکەری کرێکاران و جوتیاران، قەلای ئابووریی ناسیونالیستیی و تەلاری خەونە نەزۆکە وردەبۆرجوازییەکانیان هەڵچنی. خۆ ئەگەر ئەمەشیان نەبێت، ئەوا دوا ئەگەر تێکەڵکردنی ئابووری بەرنامەڕیژی ناوەندیی لەتەك بە فرەدەنگی ڕامیاریی (پلورالیزمی ڕامیاریی) و سیستەمی پارلەمانی دەمێنێتەوە.
من لە دەرکی وا لە سۆشیالیزم تووشی شۆك نابم، چونکە زۆرێك لە چەپەکانی کوردستان کە دەگەیشتنە وڵاتی سوید، پالیان لێدەدایەوە و دەیانوت خۆ ئەمە لەو سۆشیالیزمە زیاتر و باشترە، کە ئێمە دەیخوازین! Continue reading ئەنارکیزم، پەرتووکخانەی کوردی و سەرچاوەی ڕەخنەگرانی (4)