هەژێن
سەرنجداندنێکی ڕەخنەیی له پەرتووکۆکەی “نیگایەك لە ئێستا و خەونێك بۆ سبەی”ی مه‌ریوان وریا، ئاراس فه‌تاح، به‌ختیار عه‌لی، ڕێبین هه‌ردی/ بەشی نۆزده‌هه‌م
٤ – ڕۆشنبیرو سیاسەت:
نووسه‌ران له به‌شه‌کانی پێشوودا باس له ناکارایی و بێتوانایی ده‌سته‌بژێری ڕامیار ده‌که‌ن و هاوکاتیش قسە لە “ئێمه“ییبوونی دەستەبژێری ڕامیار ده‌که‌ن، که لێره‌دا بۆ چاوبەستی خەڵك بە خۆیان ڕامیارییبونی ده‌سته‌بژێره‌که‌یان ڕه‌تده‌که‌نه‌وه و له ده‌ره‌وه‌ی بازنه‌ی ڕامیاریبوون دایده‌نێن. به‌ڵام که‌توار پێچه‌وانه‌ی ئه‌وه‌ی کە ئەم دەستەبژێرە پاگەندەی دەکات، دەخاتەڕوو، چونکه ده‌سته‌بژێری ڕامیاری ده‌سه‌ڵاتدار توانیویه‌تی لایه‌نی که‌م ده‌سته‌بژێری ڕۆشنبیری ده‌سه‌ڵاتخوازی کورد بکێشێته بازنه‌ی یا نێو وتاری “ئێمه“، به‌جۆرێك که نووسه‌ران هه‌میشه “ئێمه” بۆ پاوان‌کردنی تاك بۆ ناو بازنه ملکه‌چه‌کانی ده‌سه‌ڵات و ملدان به هه‌میشه‌ییبوونی بانگده‌که‌ن. ئەگەر دەستەبژێری ڕامیار بەو جۆرەی ئەوان پاگەندەی دەکەن،هیچ لە باردا نەبوو و ناکارا بووایە، ئەوا نەیدەتوانی له ماوەی ١٨ ساڵی ڕابوردوودا زۆرێك له ئه‌وانه‌ی که ڕۆژگارێك پورتوبۆڵە وردەگیرییان لە دەسەڵات دەکرد، وا بە ئاسانی بەڕامیارییەکانی ڕام بکات و له بازنه‌ی “ئێمه“ییبوونی خۆی(دەسەڵات)دا کۆیان بکاته‌وه!
نووسه‌ران جارێك به “کورد” قسه ده‌که‌ن و جارێك به “ئێمه” قسه ده‌که‌ن، ده‌کرێت بزانین “ئێمه” کێن؟ ئایا هه‌موو مرۆڤه ناهه‌رێمییەکان یا ئه‌وانه‌ی ده‌ره‌وه‌ی بازنه‌ی کوردبوون ده‌گرێته‌وه؟ ئایا “ئێمه” مه‌به‌ست له سه‌رجه‌می کورده یا له ده‌سته‌بژێری ده‌سه‌ڵاتخوازی کورد؟
له سه‌راپای ئه‌م په‌رتووکه‌دا، ڕاناوی “ئێمه” شوێنی تاکی له‌ق کردووه، له بری ئەو (تاك) قسه ده‌کات، له بری ئەو بیر ده‌کاته‌وه و له بری ئەو بڕیار ده‌دات. ئه‌مه پوختی چییه‌تی ناسیونالیزمه، که وه‌ك ئایدیۆلۆجیای ده‌سه‌ڵاتی سه‌راپاگیری بۆرجوازی به‌نێوی نه‌ته‌وه قسه ده‌کات و له پراکتیکدا له بری هاندانی تاك بۆ گێڕانه‌وه و به‌ده‌ستهێنانه‌وه‌ی ویست و توانا و خواسته‌کانی، له بری هاندانی بۆ چالاک‌بوون و بزووتنی خۆمۆتۆڕی، که‌چی هه‌موو ویست و توانایه‌کی لێ ده‌سێنێته‌وه و ده‌یکاته پاشڕه‌و و ملکه‌چی ده‌سته‌بژێریێکی تر، که بڕیاره نوێنه‌رایه‌تی بکات، ئه‌مه‌ش پێویستی به “ئێمه” ناسیونالیست، “ژیرانی” و “خوێندەوار” و “زانا“ هه‌یه.
لای نووسه‌ران ئه‌ڵته‌رناتیڤی سته‌م و ده‌سه‌ڵاتی سه‌رووخه‌ڵکی و نوێنه‌رایه‌تی پارله‌مانی، هیچ کات خۆوه‌ستانه‌وه‌ی تاك وەك پێکهێنەری بزاڤە کۆمەلایەتییەکان به‌رامبه‌ر سته‌م و ده‌سه‌ڵات و ڕه‌تکردنه‌وه‌ی نوێنه‌رایه‌تی نییه، به‌ڵکو گواستنه‌وه‌ی سەنگه‌ره له شوانەیی ده‌سته‌بژێرێکه‌وه بۆ شوانەیی یه‌کێکی تر، هه‌ر ئه‌وه‌ی له هه‌شتاکانی سه‌ده‌ی ڕابوردوودا تاکی کورد گیرۆده‌ی بوو و نه‌یدتوانی له‌و بازنه‌دا ده‌ربچێت، که له (ینک)ه‌وه بۆ (پ‌د‌ک) و له (پدك)ه‌وه بۆ (حسک) و به‌و جۆره ..تد. هەنووکەش لە بری پرسیارکردن و سەرنجدان لە کرۆکی لاری و چەوتییەکانی سیستەمەکە، تاکی ناڕازی بۆ خۆشباوەڕبوون بە گردێکی دیکه و لیستێکی دیکه و بە ئۆپۆزسیۆنێکی دەدیکه‌ی سەڵاتخواز، بانگەواز دەکەن و خەریکی ڕاهێنان و گۆشکردنی نەوەیەکن لە کەسانی متمانە بەخۆنەبوو و گوێڕایەڵ و چاوەڕوانی شوانەیی ئەم و ئەو. ئەمە هەموو ئامانجێکی ئەوانە، کە بە ختووکەدانی هەستی ناهوشیارانەی نەتەوەچییەتی و نیشتتمان هەمووانی و دەسەڵاتی باش، دەیانەوێت بۆ ماوەیەکی زۆر خەڵك لە چاوەڕوانی هاتنی موحەمەدی مەهدیدا ڕابگرن
تا ئێستا ترس لە دەسەڵات لای ژمارەیەکی گەورە لە ڕۆشنبیران هەیە، بەوەشدا نوخبەی دەسەڵاتدار ته‌واوی سامانی نه‌ته‌وه‌یی به موڵکی خۆی ده‌زانێت، ته‌واوی کۆمه‌ڵگاش وەک شانەیەکی حیزبی سەیردەکات، ئه‌وا وه‌ک فه‌رمانبه‌رو ڕه‌عیه‌ت مامه‌ڵه‌ی ڕۆشنبیره نزیکه‌کانی خۆی ده‌کات. ل٥٦
ئه‌وه‌ی که لای زۆریه‌نه‌یه‌ك له ڕۆشنبیران ترس له ده‌سه‌ڵات هه‌بێت، جێگه‌ی خۆشبینیییه، به‌پێچه‌وانه‌ی هه‌وڵه‌کانی ڕامکردنه‌وه‌ی ڕۆشنبیرانی سه‌ربه‌خۆ بۆ ده‌سه‌ڵات. چونکە بوونی ترس لە ده‌سه‌ڵات، نیشانەی دووبەرەیی دەسەڵات و “ڕۆشنبیر” و لە دەرەوەی دەسەڵاتبوونی “ڕۆشنبیر“ە. به‌ڵام ڕاستییه‌که‌ی ئه‌و ڕێژه زۆره له ڕۆشنبیری سه‌ربه‌خۆ له کوردستاندا بوونی نییه، چونکه زۆرێك له‌وانه‌ی له ده‌ره‌وه‌ی بازنه‌ی ده‌سه‌ڵات واقیان وڕماوه، هێشتاکه له بازنه‌ی وتاری “ئێمه“ی ناسیونالیزم ده‌ربازنه‌بوون و هێشتاکه به چاویلکه‌ی به‌رژه‌وه‌ندی هاوبه‌شی چین و توێژه کۆمه‌ڵایه‌تییه نایه‌کسانه‌کان له‌ژێر عه‌بای نه‌ته‌وه‌په‌رستی و دواجار خه‌ونی ده‌سه‌ڵاتی باشه‌وه چاوه‌ڕێین و لێره و له‌وێ ورده‌گیری له‌م شالیار و له‌و سه‌رۆك و له‌م کارگێڕ و له‌و ڕۆژنامه ده‌گرن و که‌فوکوڵی هه‌ڵچوونیان داده‌مرکێنێته‌وه. ئه‌وان له ده‌سه‌ڵات ناترسن، به‌ڵکو چاوه‌ڕێی ده‌سه‌ڵاتی باشن، ئه‌وه‌ی که ته‌نیا ده‌توانین به وڕێنه‌ی ناو ئه‌فسانه‌کان نێوی به‌رین، “ده‌سه‌ڵاتی باش“!
وه‌ك پێشتر وتم ئه‌وه‌ی ده‌سته‌بژێرێکی ده‌سه‌ڵاتدار سامانی نه‌ته‌وه‌یی به‌هی خۆی بزانێت، ئاسایی‌ترین شته، چونکه کاتێك که باوه‌ڕمان به نوێنه‌رایه‌تی هه‌بوو، ئاساییشه، که مل به ده‌سه‌ڵاتی ده‌سته‌بژێرێك بده‌ین و سامانی کۆمەڵگە چەپاوڵگه‌رانه بخاتە ژێر ڕکێفییەوە، که پاگه‌نده‌ی ئه‌و نوێنه‌رایه‌تییه ده‌کات. ئه‌مه کڕۆکی بیری نه‌ته‌وه‌په‌رستییه و هه‌ر ئه‌وه‌ش زه‌مینه‌ی مۆنۆپۆڵکردنی ده‌سه‌ڵات و تاڵان‌کردنی سامان و داهاتی کۆمەڵگە له‌لایه‌ن بۆرجوازییه‌وه خۆش ده‌کات، که ناسیونالیزم وه‌ك ئایدیۆلۆجیاییه‌ك بۆی ده‌بێته په‌یژه‌ی سه‌رکه‌وتن به‌ره‌و ئه‌و ده‌سه‌ڵاته.
ئیتر له وه‌ها بارێک‌دا ساده‌ترین و سه‌ره‌تاییترین شت، ڕه‌عیه‌تبوون و فه‌رمانبه‌ربوونی ڕۆشنبیران و نووسه‌رانی ناسیونالیسته. چونکه کاتێك که ڕۆشنبیری و نووسین ببنه ئامرازی به‌ده‌ستهێنانی موچه‌ی تایبه‌ت و که‌ره‌سته‌ی ئاڵوگۆڕپێکراو له‌ته‌ك دراو، نووسه‌ربوون و ڕۆشنبیربوون ده‌که‌ونه خانه‌ی خوڵامبوون و میرزایه‌تی به‌رده‌رگه و خوار دیواخانه‌کانی پارت و ده‌سه‌ڵات. کاتێك نووسین و ڕۆشنبیری ده‌بنه ئامرازی به‌ده‌ستهێنانی پارچه زه‌وی و داهات، ئیتر ناکۆکییه‌ك له نێوان ئه‌و ڕۆشنبیر و نووسه‌رانه و ده‌سه‌ڵات نامێنیت و گێڕانه‌وه‌ی خه‌ڵك بۆ بازنه‌کانی خۆشباوه‌ڕبوون به به‌رژه‌وه‌ندی نه‌ته‌وه‌یی هاوبه‌ش و ده‌سه‌ڵاتی باش، ده‌بنه ئامانجی نووسین و ڕۆشگه‌ری “ڕۆشنبیران“!
ئیشکردنێکی ڕاسته‌قینه بۆ ناساندنی کتێب له گۆڕێ نییه، میدیاکان که‌مترین کات ده‌به‌خشنه ڕۆشنبیران‌و هه‌موو که‌ناڵه‌کان به‌رنامه‌یه‌کی دیالۆگی فیکری ڕاسته‌قینه‌و زیندوویان تێدانییه. ل٥٧
با خوێنه‌ری وردبین و به سه‌رنج خۆی سه‌رنجی ئه‌م په‌ره‌گرافانه بدات و خۆی گرێکوێره‌ی ئه‌و گشته هێنان و بردنه بکاته‌وه، ئه‌وه خواستی گه‌ییشتن به ئاستی ڕامیاره‌کانه لای ئه‌م نووسه‌رانه، که جار جار له‌نێو په‌ره‌گرافه‌کاندا سه‌ره‌تاتکێیان له‌ته‌کدا ده‌کات.
پاش ئه‌م په‌ره‌گرافه ئیتر نووسه‌ران پێی لێڕاده‌کێشن و داخوازینامه‌یه‌ك به‌رزده‌که‌نه‌وه، که سه‌رتۆپ و بنتۆپی له داخوازی کۆمه‌ڵێك که‌س به‌ده‌ر نییه و ئه‌گه‌ر ئه‌م داخوازییانه له ١٨ ساڵی ڕابوردوودا جێبه‌جێ بکرایێن، ئیتر ئێستا ئێمه کاتی خۆمان به خوێندنه‌وه و ڕه‌خنه‌گیری له‌م ڕستانه به‌فێڕۆ نه‌ده‌دا.
نووسه‌ران ڕه‌خنه‌یه‌یان له لایه‌نداری ده‌زگه‌کانی ڕاگه‌یاندن بۆ سه‌رمایه‌داران و ده‌سه‌ڵات (پارت و میری) نییه، به‌ڵکو ورده‌گله‌یی له نه‌بوونی به‌رنامه‌ی تایبه‌ت به ده‌سته‌بژێره‌که‌یان ده‌که‌ن و خوازیاری پاگه‌نده‌ن بۆ په‌رتووکه‌کانیان. ئه‌وان له‌بیر ده‌که‌ن، له دونیای سه‌رمایه‌داریدا هه‌موو شتێك ده‌که‌وێته خزمه‌ت به‌ده‌ستهێنانی پاره و که‌ڵه‌که‌کردنی سه‌رمایه. هه‌ر به‌و پێیه‌ش ئاساییه و ده‌شبێت وابێت، که نووسه‌رانیش وه‌ك کۆمپانیاکان، له به‌رامبه‌ر پاگه‌نده‌کردن بۆ په‌رتووکه‌کانیان وه‌ك هه‌ر که‌ره‌سته‌یه‌کی تر، ده‌بێت پاره بده‌ن، واته به‌کرێگرتنی ئەو ده‌زگه ڕاگه‌یاندنە “سەربەخۆ“یانەی کە نووسەران خوزیارنن. چونکه ئه‌مه سروشتی سیسته‌می سه‌رمایه‌داری و پێکهاته‌کانییه‌تی نه‌ك ته‌نیا تایبه‌تمه‌ندی ده‌سه‌ڵاتی بۆرجوازی کورد!
پاشان، “ڕۆشنبیران” کێن، که‌وا شایسته‌ی وه‌ها به‌رته‌ری(امتیاز)یه‌کی ڕامیاریی و ئابووریی و کۆمه‌ڵایه‌تی بن، که زۆرینه‌ی کۆمه‌ڵگه لێی بێبه‌شه؟ مەگەر بەرتەریدان هەر بەرتەری نییە، ئیتر بەرتەریدان بە ڕامیاران و پارتەکانیان بێت یا بە نووسەران و “ڕۆشنبیران“، ئەوە چی لە کرۆکە ناداوەرانی و نامرۆییانەکەی دەگۆڕێت؟ چی لەوە کەم دەکاتەوە، کە بەرتەری جۆرێکە لە تاڵان و گەندەڵی لە سامان و داهاتی کۆمەڵگە، کە بەری ڕەنج و کاری چینە زەحمەتکێش و بەرهەمهێنەرەکانە؟
له‌راستیدا ڕاستکردنه‌وه‌ی ئه‌م بارودۆخه به‌وه ده‌بێت که ترس له ژیانی ڕۆشنبیریمان بچێته ده‌ره‌رێ، له جێگای یاسای ڕۆژنامه‌گه‌ریی یاسایه‌ک درباره‌ی مافی کولتووری‌و مافی ڕۆشنبیران ده‌ربچێت که ڕۆشنبیران له دیناسۆره‌کانی ناو سیاسه‌ت‌و راگه‌یاندن بپارێزێت. ئیشی ڕۆشنبیران به کارێکی زیاد ته‌ماشانه‌کرێت که شایسته‌ی موچه‌که‌یان نییه، پشتگیریکردنی هونه‌رمه‌ندان‌و نوسه‌ران میکانیزمێکی شه‌فاف وه‌ربگرێت‌و له‌سروشتی ده‌ستگیرۆیکردن‌و یارمه‌تیدان‌و مه‌کره‌مه‌نواندن ده‌رچێت‌و شێوه‌یه‌کی قانونی راسته‌قینه‌و ڕوونی هه‌بێت. ل٥٧
ئه‌مه داوایە هاوترازی مفته‌خۆری ڕامیارانه به‌سه‌ر داهاتی کۆمه‌ڵگه‌وه، که‌سێك به کۆمه‌لێك پاڵپشتی دارایی و ڕامیاریی ده‌گاته پارله‌مان و له بری کارکردن و خزمه‌تکردن له بوارێکی کۆمه‌ڵایه‌تیدا، خۆی له‌وانه ده‌دزێته‌وه و چنگی له مشه‌خۆری له داهاتی خه‌ڵك گیرده‌کات و دواجار خانه‌نشینییه‌کی هه‌تاهه‌تایی به موچه‌ی شالیاری بۆ ده‌بڕدرێته‌وه. چونکه پێیانوایه ئه‌وان شایسته و خه‌ڵکی تریش شایسته‌ی مه‌مره‌ومه‌ژییه! نووسه‌رانی ئۆتۆریتەگەریش، که زۆربه‌ی کاتی که‌سانی ده‌ره‌وه‌ی بازنه‌ی خۆیان به ڕۆشنبیر نازانن و مه‌به‌ستییان له‌و واژه‌یه خۆیان و ده‌روێشه‌کانیانن، ده‌یانه‌وێت له‌و به‌رته‌رییه دارایی و ڕامیاریی و کۆمه‌ڵایه‌تییه به‌هره‌مه‌ند بن و شه‌ڕه ڕواڵه‌تییه‌که‌یان له‌ته‌ك ده‌سه‌ڵاتدارانی ئێستادا ته‌نیا ئه‌وه‌یه، که ده‌ڵێن ئێمه‌یش هیچمان له ئێوه که‌متر نییه و به‌ڵکو له ئێوه خوێنده‌وارتر و ڕۆشنبیرترین، بۆیه داوای یاسای تایبه‌تی ده‌که‌ن، هه‌روه‌ك ڕامکاران خانه‌نشینی و موچه و خه‌رجی تایبه‌تییان ده‌وێت. نووسه‌ران تا ئه‌وێنده‌رێ که گله‌یی و لۆمه‌یان له ده‌سه‌ڵاتدارانی ئێستا هه‌یه، ده‌خوازن شوێنیان پێ له‌ق بکه‌ن و خۆیان یا دڵخوازانیان شوێنیان بگرنه‌وه، پاگه‌نده‌ی خوازیاریی سیسته‌مێکی پارله‌مانی جیاواز له مۆدێلی وڵاته‌کانی ده‌وروبه‌ن و به‌بێ ناوهێنان داوای جۆریك له سیسته‌مه ئه‌وروپییه‌کان ده‌که‌ن، به‌ڵام کاتێك که دێنه سه‌ر گله‌یی له به‌ختی خۆیان وه‌ك ده‌سته‌بژێری “ڕۆشنبیر“، ئه‌وا ده‌خوازن به‌پێی ئه‌و سیسته‌مانه مامه‌ڵه‌یان له‌ته‌کدا بکرێت، که چه‌ند دێر پێشتر گله‌ییان ئاراسته ده‌که‌ن. ئه‌وان له‌لایه‌ك ده‌خوازن وه‌ك به هه‌مان سیسته‌می تاکپارتیی ده‌زگه‌کانی ڕاگه‌یاندن به‌رنامه‌ی تایبه‌ت و خۆڕایی بۆ ڕیکلامی په‌رتووکه‌کانیان و موچه‌ی مفتی ڕۆشنبیرانه‌یان له تاڵانگه‌ریی سامانی کۆمه‌ڵگه و به‌ری ڕه‌نجی تاكی چین و توێژه بنده‌سته‌کان بۆ دابین بکه‌ن، له‌ولاشه‌وه پاگه‌نده‌ی خوازیاریی ده‌ستکۆتاکردنی مفته‌خۆڕیی نووسه‌ران و ئه‌ندامانانی پارته‌کانن! من نازانم، ئایا له به‌هه‌شتی سیسته‌مه ئه‌وروپییه دڵخوازه‌که‌یاندا موچه‌ی ڕۆشنبیرانه هه‌یه یا نا؟ ئه‌گه‌ر نا، ئه‌دی کو ئه‌وان له پاڵ پاگه‌نده‌ی گۆڕانخوازییدا هه‌م خورمایان ده‌وێ و هه‌م کشمیش؟
نووسه‌ران که چه‌ند دێر له‌وه‌وپێش “ئێمه“یان بۆ گشت به‌کار ده‌برد، که‌چی له پڕێکدا داوای جیاکردنه‌وه‌یان وه‌ك ڕۆشنبیر له‌و “ئێمه“یه ده‌که‌ن و داوای یاسای تایبه‌ت بە “ئێمە“ی باڵای ناو “ئێمەی” خوارتر دەکەن؟ ئەمە سروشت و دیوی ڕاستەقینەی ناسیونالیزمە وەك ئایدیلۆجیای بۆرجوازی و دەسەڵاتەکەی، کە بەنێوی هەموو کۆمەڵگەوە قسە دەکات و خواست و مەرامەکانی له درۆپیرۆزەکان دەئاڵێنێت و بەو شێوە لەژێر ئەو دێوجامانەدا دەمێننەوە، تاکاتێك کە لەنێو ڕێزەکانی دەسەڵاتخوازاندا ناکۆکی و کیشمەکیش لەسەر چۆنیەتی بەشکردنی دەسەڵات و تاڵانی لەنێو خۆیاندا سەرهەڵدەدات و ئەو کات ئیتر لە دوو پەرەگرافدا، دوو “ئێمە“ی جیاواز قوت دەبنەوە.
به‌کوردی و کورتی، نووسه‌ران هه‌روه‌ك “لیستی کۆمپانیای وشه” و سه‌رانی ئەو کۆمپانیایە داوای به‌شی زیاتر له تاڵانی داهاتی کۆمه‌ڵگه ده‌که‌ن و وێرای داوای دابینکردنی مشه‌خۆرییان به‌سه‌ر داهاتی خه‌ڵکه‌وه، ده‌خوازن خه‌ڵکیش بۆ کڕینی په‌رتووك و به‌رهه‌مه‌کانیان هانبدرێن.
ئیشی ده‌وڵه‌ت نییه نوسه‌ران‌و هونه‌رمه‌ندان به‌خێوبکات، به‌ڵام ئیشێتی سامانی گه‌وره سه‌رفبکات بۆئه‌وه‌ی فه‌زایه‌ک بخولقێت تێیدا ڕێزی هونه‌رو ئه‌ده‌ب‌و زانست به‌جۆرێک به‌رزبێت ده‌زگا کولتوورییه‌کان‌و ڕۆشنبیره ئازاده‌کان بتوانن خۆیان خۆیان بژێنن، ل٥٨
ئه‌م په‌ره‌گرافه ئه‌وه‌مان به گوێدا ده‌دات، که نووسه‌ران و ڕۆشنبیران، له‌وه وه‌رسبوون مانگانه‌که‌یان له سه‌رتیپێکی “نه‌خوێنده‌وار” وه‌ربگرن، به‌ڵکو ده‌خوازن ناوه‌نده ڕۆشنبیرییه‌کان، خاوه‌نی به‌شه‌داهاتی خۆیان بن و بژێریاری موچه‌که‌یان کۆنه پێشمه‌رگه‌یه‌ك نه‌بێت، به‌ڵکو که‌سێکی ئه‌کادێمی بێت. ئه‌وان نه شه‌رم له‌وه ده‌که‌ن و نه ڕه‌تی ده‌که‌نه‌وه، که نووسه‌ری و ڕۆشنبیری سه‌رچاوه‌ی به‌ده‌ستهێنانی داهات بێت! ئیتر نازانم گله‌یی و ورده‌گیرییان له نووسه‌ره ئاشکرا‌کانی پارت و میری له پای چییه، مه‌گه‌ر ئه‌وانیش وه‌ك ئه‌مان نووسین و ڕۆشنبیرییان نه‌کردووه‌ته ئامرازی به‌ده‌ستهێنانی داهات و به‌رته‌ری زیاتر؟
ئه‌وان ده‌یانه‌وێت ئه‌وه په‌رده‌پۆش بکه‌ن، که کاتێك نووسین و ڕۆشنبیری بوونه ئامرازی به‌ده‌ستهێانی به‌رته‌ری، ئیتر شوناسی سه‌ربه‌خۆیی له‌ده‌ست ده‌ده‌ن و ده‌بنه دارده‌ستی ده‌سه‌ڵات و پێداویستییه‌کانی بازار و مامه‌ڵه‌گه‌ری؛ ده‌بنه به‌شێك له هونه‌ری خه‌ڵکفریودان و ده‌ڵاڵی بازار و ده‌سه‌ڵات. ئیتر ئه‌و موچه و به‌خشیشه چ ڕاسته‌وخۆ له پارت و ده‌سه‌ڵاته‌وه وه‌ربگرن یا ناڕاسته‌وخۆ له ناوه‌ندێکی “ڕۆشنبیریی” سه‌ربه‌ده‌سه‌لات، هیچ له کڕۆکی کرێگرته‌یی نووسه‌ران و ڕۆشنبیرانی ده‌سه‌ڵاتخواز و پاشکۆی ده‌سه‌ڵات ناگۆڕێت. چونکه به پاشکۆیی و ده‌سه‌ڵاتخوازیی نووسه‌ران، جیاوازی له نێوان پۆلیس و نووسه‌ر نامینێت و یه‌که‌م به کوته‌ك خه‌ڵك دارکاری ده‌کات و دووه‌م به ده‌سته‌واژه مێشکی خه‌ڵك ده‌شواته‌وه و سوکایه‌تی به ئازادی و ئازادیخوزان ده‌کات!