زاهیر باهیر
له‌نده‌ن،٢٩/١/٢٠١١
ڕکوكینه‌ی خه‌ڵكی ئاسایی میسر و به‌گژداچوونه‌وه‌ی فه‌رمانڕه‌وایی داموده‌سته‌ی موباره‌ك، كه له ئێستادا بووه‌ته ڕاپه‌ڕینێكی سه‌رتاسه‌ری و سه‌رتاپای ١١ به‌شی میسری له سه‌رجه‌می 28 به‌شه‌که‌ی زۆر به خه‌ستی گرتۆته‌وه . له زۆربه‌ی زۆری شاره سه‌ره‌كیه‌كانی میسر، له‌وانه قاهیره و ئه‌سكه‌نده‌ریه و ئیسماعیلیه و سویس و شاره‌کانی تر، شه‌قامه‌كانیان جمه‌یان دێت له ناڕه‌زاییان و خۆپیشانده‌ران. له قاهیره خه‌ڵكی به ڕووی قه‌ده‌خه‌بوونی هاتوچۆدا ده‌وه‌ستێته‌وه و کار گه‌یشتووه‌ته ئه‌و ڕاده‌یه‌ی، كه هێزی پۆلیس له گێڕانه‌وه‌ی ئاسایش و بڵاوه‌پێكردنی خۆپیشانده‌راندا شکستی هێناوه و ناچاربوون ئه‌و كاره به هێزی سه‌ربازی بسپێرن. ئه‌مه‌ی كه ڕاپه‌ڕیوانی میسری ده‌یكه‌ین، ڕاپه‌ڕین و جه‌نگێكی ئاسایی نییه، بۆیه هه‌موو ده‌سه‌ڵاتدارانی وڵاتانی ئه‌وروپای خۆراوا و ئه‌مه‌ریكا و كه‌نه‌دا و تا ته‌نانه‌ت یابان و (چین)یشی به‌خۆوه خهریکكردووه و تا ڕاده‌یه‌ك نیگه‌رانن و به پێی تێپه‌ڕبوونی ڕوداوه‌كان ئامۆژگاری موباره‌ك ده‌كه‌ن. چونکه كارێكی ئاسان نییه، (حوسنی موباره‌ك)یش وه‌كو (بن عه‌لی) تونس بنه‌وبارگه‌ی بپێچێته‌وه هه‌ڵبێت.
میسر كه‌ڵه وڵاتی نه‌ته‌وه‌ی عه‌ره‌به و ژماره‌ی دانیشتووانیشی (٨٠) ملیۆن که‌سه، که سه‌رژمێری له هه‌موو وڵاتانی تری عه‌ره‌بی زیاتره، نیوه‌ی ئه‌و هه‌شتا ملیۆنه‌ش خه‌ڵكانی گه‌نجن و نیوه‌ی ئه‌و خه‌ڵكه گه‌نجه‌ش بێكارن. له‌لایه‌كی تریشه‌وه میسر جێگه‌یه‌كی ستراتیجی گرنگی هه‌یه و یه‌كێكیشه له هاوسه‌نگه‌ر و دۆسته نزیكه‌كانی ئهمهریكاو ساڵانه (١٠٥) ملیارد دۆلار یارمه‌تی له ئه‌مه‌ریكا وه‌رده‌گرێت. هه‌روه‌ها دۆستێكی نزیكی (ئیسرائیل)هو یه‌كه‌م وڵاتی عه‌ره‌بیش بوو، كه دۆستایه‌تی له‌ته‌كدا گرێدا.
ڕوخانی ڕژێمی موباره‌ك، گه‌ر بۆ ئه‌وروپاو ئه‌مه‌ریكا كاره‌سات نه‌بێت، ئه‌وا بێگومان سه‌رئێشه‌یه‌كی گه‌وره‌یان تووشده‌كات، ئه‌وه‌ش له‌به‌ر ئه‌م هۆیانه:
یه‌كه‌م: شه‌پۆلی ناڕه‌زایی و خۆپیشاندان و ڕاپه‌ڕین به‌دڵنیاییه‌وه وڵاته‌كانی دراوسێی میسر و ناوچه‌كه‌ش ده‌گرێته‌وه، وه‌ك ده‌بینین هه‌ر له ئێستاوه، له یه‌مه‌ن و ئوردن خۆپێشاندان ده‌ستیپێكردووه، گه‌رچی ئه‌مه له ئێستادا به ژماره و سه‌نگێكی سووكه‌وه ڕووده‌دات، له (سوریه)ش له ئه‌وڕۆکه‌وه چاودێری و به‌ربه‌ستی زیاتر خراوه‌ته سه‌ر گه‌ڕانی ئینته‌رنێت و په‌یوه‌ندی ئیمهیل و فه‌یسبووك و تویته‌ر، كه ئه‌مه‌ش سه‌ره‌نجامه‌كه‌ی به‌خێر ناگه‌ڕێته‌وه بۆیان.
دووهه‌م: كاردانه‌وه‌یه‌كی ڕامیاریی و ئابووریی گه‌لێك خراپ له‌سه‌ر ئه‌مه‌ریكا و وڵاتانی ئه‌وروپای خۆراوا داده‌نێت. له ڕووی ڕامیاریه‌وه ئه‌وه‌یه، كه ئه‌مه‌یكا هه‌میشه ده‌یه‌وێت ده‌وڵه‌تێك یا ده‌سه‌ڵاتدارێكی دۆستی هه‌بێت، زیاتر له‌وه‌ی كه ده‌وڵه‌تێك یا ده‌سه‌ڵاتێكی “دیمۆكراتی” بیێت، واته فره‌تر دۆستایه‌تی له‌به‌رچاو ده‌گرێت تاکو ئه‌و دیمۆكراتییهی، كه بنی زمان و سه‌ری زمانیان بانگهێشه‌ی بۆ ده‌كه‌ن. ئه‌وه‌ش شتێكی چاوه‌ڕوانكراوه، كه هه‌ر كه‌س له هه‌ر وڵاتێکی عه‌ره‌بیدا ده‌سه‌ڵات بگرێته‌ده‌ست، له‌چاو فه‌رمانڕه‌وایانی ئێستا، كه‌متر دۆستی ئه‌مه‌ریكا و ئیسرائیل ده‌بێت. (ئیسررائیل)یش به پێی ڕۆڵی خۆی ڕووبه‌ڕووی بارودۆخێكی خراپی ڕامیاریی و ئابووری ده‌بێته‌وه، له‌وه‌ی كه ئێستا تێیدایه. هه‌روه‌ها له ڕووی ئابورییه‌وه ئه‌م بارودۆخه تازه‌یه‌ی، كه هڵداوه و په‌ره‌ده‌سێنێت، به به‌رزبوونه‌وه‌ی نرخی نه‌وت، كاردانه‌وه‌یه‌كی ڕاسته‌وخۆی له‌سه بازاڕی ئهمهریكاو ئه‌وروپا ده‌بێت، كه ئه‌میش به ڕۆڵی خۆی نرخی هاتووچۆ و سوته‌مه‌نی و كاركردنی كارخانه‌كان به‌رز ده‌كاته‌وه، به‌وپێیه‌ش وا ده‌كات، كه نرخی كاڵاش به هه‌موو چه‌شنه‌كانییه‌وه به‌رزبێته‌وه.هه‌ر ئه‌مه‌ش ده‌بێته هۆی زیاتربوونی بێكاری و كهچبوونی خه‌زێنه‌ی ده‌وڵه‌ت، به هۆی كه‌مبوونه‌وه‌ی باج، ئه‌مه‌ش له‌سه‌ر كه‌مكردنه‌وه‌ی بیمه‌كان و كه‌مكردنه‌وه‌ی کۆمه‌کی کۆمه‌ڵایه‌تی (سۆشیال)ی خه‌ڵك و كرێی خانوو و گه‌لێك شتی دیکه‌یش ڕه‌نگ ده‌داته‌وه. به‌كورتی ئه‌و قه‌یرانه ئابوورییه‌ی، كه له ٢٠٠٨وه جیهان به‌گشتی و ئه‌مه‌ریكا و وڵاتانی ئه‌وروپی به‌تایبه‌تی تێیكه‌وتون خه‌ستتر ده‌كاته‌وه، هه‌ر له‌به‌ر ئه‌وه‌ش داهاتووش له‌م وڵاتانه‌شدا ڕوون نابێت.
ئه‌مه‌رێكا و بریتانیا سه‌رقاڵ و خه‌ریکی ڕاوێژكردنن له‌سه‌ر ئه‌م بارودۆخه تازه‌ی، كه له ناوچه‌كه‌دا ڕووده‌دات، بۆیه هه‌ردوو لاشیان هه‌مان بۆچوونیان هه‌یه و هه‌مان شت له‌به‌رده‌م مایكرۆفۆنه‌كاندا ده‌ڵێن، به‌ڵام ته‌نیا وشه و ڕسهتهكان ده‌گۆڕن، هاوکات له ژێریشه‌وه خۆزگه‌ی تهمهندریژی بۆ فهرمانڕهایانی ئێستا ده‌خوازن و له پاڵیشیدا پلان و كڵێشه‌ی هه‌نگاوی ئاینده بۆ موباره‌ك و هه‌موو ئه‌وانه‌شی به‌ده‌ردی موباره‌ك ده‌چن، داده‌ڕێژن.
ئۆباما، دوێنی شه‌و له‌سه‌ر ته‌له‌فزیۆن وتی “كاتێك سه‌رۆك موباره‌ك ئه‌م شه‌و گوتاری خۆی بۆ خه‌ڵكی میسری ده‌دات، به‌ڵێنی دیمۆكراسی باشتر و هه‌لی گه‌وره‌تری ئابوورییانه ده‌دات … . من پێم وت، ئه‌و له قسه‌کانی به‌رپرسیاره، هه‌نگاوێكی كۆنكرێتانه ده‌نێت و كارێكی سه‌رومڕ له به‌جێگه‌یاندنیدا به‌ڵێنه‌كانی ده‌كات. توندوتیژی دادی خه‌م و په‌ژاره‌ی خه‌ڵكانی میسر نادات، هه‌روه‌ها سه‌ركوتكردنی ده‌نگ و ئایدیایان بڵاوه‌یان پێ ناكات. ئه‌وه‌ی كه له ئێستادا له ناسینی مافی خه‌ڵكه‌كه‌یدا پێویسته، هاویشتننی هه‌نگاوی ڕاست و دروسته، ڕودانی دایه‌لۆگێكی واتاداره له نێوان میری و هاونیشتمانییهكانیدا، هه‌روه‌ها ئاوه‌ڵاکردنی ڕێگه‌یه‌كه بۆ گۆڕانی ڕامیاریانه، كه له داهاتوودا به‌ره‌و ئازادییه‌كی زیاتر له پال دادپه‌روه‌ری كۆمه‌ڵایه‌تیدا بۆ خه‌ڵكانی میسری ده‌بات“. هه‌ر پاش ئه‌وه‌ی، كه ئۆبامه قسه‌ی له‌گه‌ڵ موباره‌ك كرد، (موباره‌ك)یش یه‌كسه‌ر سه‌رتاپای حكومه‌ته‌كه‌ی هه‌ڵوه‌شانده‌وه و به‌ڵێنی دانانی حكومه‌تێكی تری دا، بۆ ئه‌مڕۆ، گوایه حكومه‌تی تازه له‌چاو ئه‌وه‌ی پێشتر، باشتر له بارودۆخی خه‌ڵك تێده‌گات، وه‌كو ئه‌وه‌ی که هۆکاری هه‌موو كێشه‌كان له میسردا، شالیارهكان بن، نه‌ك خودی خۆی و سیسته‌مه‌كه‌ی و ئه‌مه‌ریكا و دۆسته‌كانی تری.
ئۆباما زۆر دیبلۆماسییانه قسه‌كانی كرد، زیاتر پی له‌سه‌ر هه‌ستان به ڕیفۆرم داگرت، خۆی له‌وه پاراست، كه داوای هه‌ڵبژاردنێكی نوێ یا دادوه‌رانه بكات، له ترسی ئه‌وه‌ی كه هه‌مان قسه به‌سه‌ر هاوپه‌یمانه‌کان و دۆسته‌كانی تری‌دا جێبه‌جێ بکرێت، له‌وانه ئیسرائیل و ئوردن و یه‌مه‌ن و هه‌تا (عیراق)یش.
هه‌ڵبه‌ته ئه‌مه‌ریكا و بریتانیا کارتێكی دیکه‌شیان به‌ده‌سته‌وه‌یه و به‌كاریشیان هێناوه،كه ئه‌ویش ناردنه‌وه‌ی (موحه‌مه‌د ئهلبهڕادی)یه، كه ڕۆڵی له به‌رده‌وامبووونی یاریه‌كه‌ی پێشووداههبێت، به‌ڵام له‌وه ده‌كات خه‌ڵكی ئه‌م پێشنیاره ڕه‌ت بكاته‌وه. كاتێك كه میدیای بریتانی چاوپێكه‌وتنی له‌ته‌ك هه‌ندێك له خۆپیشانده‌ران كرد، هه‌ندێكیان وتیا ن“پێویست ناكات ئهلبهڕادی بێت، خۆپیشاندان بكات، ئێمه ده‌مانه‌وێت شۆڕش و گۆڕانكارییه‌كان له خواره‌وه‌ڕا بن، به‌ڵام ئه‌و ده‌یه‌وێت گۆرانکارییه‌کان له سه‌ره‌وه ڕوو بده‌ن، با ئێمه ئه‌مه ته‌واو بكه‌ین، ئه‌ویش دواتر ده‌توانێت ڕۆڵی خۆی ببینێت“.
گه‌رچی میدیاکان له ئه‌وروپا ده‌یانه‌وێت، به‌وه‌ی كه گروپ و پارته توندڕه‌وه ئایینییه‌كان دێن و ده‌سه‌ڵات ده‌گرنه‌ده‌ست، خه‌ڵكی بترسێنن، به‌ڵام ئه‌م هه‌وڵانه هه‌مووی بۆ خزمه‌ت و مانه‌وه و پاراستنی ڕژێمی ئیستایه و زۆر له ڕاستییه‌وه دوورن، وه‌ك ده‌رکه‌وت له تونس پارته ئایینه‌كان ڕۆڵێكی ئه‌وتۆیان له ڕاپه‌ڕیندا نه‌بوو، هه‌روه‌ها سه‌نگێكی ئاواشیان نییه، كه نه‌ك هه‌ر به ته‌نیا جڵه‌وی ده‌سه‌ڵات بگرنه‌ده‌ست، بگره زۆربه‌ش نین. له (میسر)یشدا گه‌وره‌ترین پارتی ئایینی(اخوان المسلمین)ه، ئه‌وانیش له دوێنێوه، ٢٨/٠١/٢٠١١، دوای نوێژی هه‌ینی، بڕیاریان دا، كه له ڕاپه‌ڕینی خه‌ڵكیدا به‌شداری بكه‌ن.
ئه‌وه‌ی ئاشكرایه دروشمی خه‌ڵكی (نان و كار و ئازادی)یه، نه ئایینه و نه پیرۆزكردنی سه‌روه‌ری نه‌ته‌وه‌یی، ڕاسته خه‌ڵكێكی زۆر ئاڵای تونس و میسری هه‌ڵگرتووه، به‌ڵام ئه‌مه ته‌نیا چه‌كی خۆپاراستنیانه له هێڕشی دڕندانه‌ی پۆلیس و میدیای ئه‌وروپی و ئه‌مه‌ریكی. هه‌روه‌ها شایانی باسه، كه ڕاپه‌ڕیوان باشترین و ڕاستترین تاكتیكایان گرتووه‌ته‌به‌ر له به دۆستكردنی پۆلیس به گشت ی‌و هێزی سه‌ربازی به‌تایبه‌تی، به پێشكه‌شكردنی گوڵ و ئاو و خواردن و دایه‌لۆگکردن له‌ته‌كیاندا، كه به‌مه‌ش په‌یوه‌ندی و دۆستایه‌تی له نێوانیاندا دروستبووه و تا ئه‌م ساته‌ش، كه ئه‌م چه‌ند دێڕه‌ی تێدا ده‌نوسرێت، ئه‌وان بێلایه‌نن، ئه‌مه بێ له‌وه‌ی هه‌ندێكیان وازیانهێناوه و بوونه‌ته به‌شێك له ناڕه‌زایی ده‌ربڕان.
ڕوداوه‌كانی ئه‌مڕۆ ئه‌وه نیشان ده‌ده‌ن، كه ژماره‌ی كوژراوان له سه‌رتاسه‌ری میسردا گه‌یشتووه‌ته(١٠٠) كه‌س و زیاتر له 1600 كه‌سیش ده‌ستگیر كراون، به‌ڵام سه‌ره‌ڕای ئه‌وه‌ش وره‌ی خه‌ڵكی زۆر به‌رزه و له‌سه‌ر به‌رده‌وامی كاره‌كه‌ی خۆیان به‌ده‌رپه‌ڕاندنی موباره‌ك و دهستو پێوه‌نده‌كه‌ی پهیگیرن. له زۆر شوێنیش‌دا ده‌ست به‌سه بنکه‌ی پۆلیسدا گیراوه، بارگه‌ی پارتی ده‌سه‌ڵادار ئاگری تێبه‌ردراوه و بنکه‌ی ته‌له‌فزیۆنی میسر له قاهیره له‌ته‌ك نووسینگه‌ی شالیارگه‌ی ناوخۆ له‌لایه‌ن ڕاپه‌ڕیوانه‌وه ده‌وره دراوه، گه‌رچی تانك و هێزێكی زۆری سه‌ربازی بۆ پاراستنیان له ده‌ره‌وه هێنراوه.
ڕوداوی ئه‌مڕۆی میسر، گه‌وره‌ترین ڕوداوی ئه‌م چه‌رخه‌یه، هه‌موو میدیا و لایه‌نه‌كانی دیکه‌ی ڕاگه‌یاندنی به وێبسایتهكانیشهوه به‌خۆیه‌وه خهریکكردووه. له كوردستانی ئێمه‌شدا، گه‌لێك كه‌س له‌سه‌ر ئه‌م ڕوداوه مێژوییه ده‌نووسن، هه‌روا که له‌سه‌ر تونس نووسرا، به‌دڵنیایه‌وه له ئێستادا سه‌راپای ڕوبه‌ری هه‌ندێك له سایته كوردیه‌كانیش ده‌گرێته‌وه، به‌تایبه‌ت له‌لایه‌ن نووسه‌ره بێشه‌رم و دووڕووه‌كانی (لیستی گۆڕان)ه‌وه، كه زۆر زوڵاڵانه گۆرانی به‌شان و باڵی ئه‌و ڕاپه‌ڕینه‌دا هه‌ڵده‌ده‌ن، وه‌ك ئه‌وه‌ی که خۆیان نه‌بووبن، هه‌مان ڕه‌وتی بزووتنه‌وه‌ی کۆمه‌ڵایه‌تییان له كوردوستاندا به قۆستنه‌وه‌ی ده‌نگی ناڕه‌زایی خه‌ڵكانی ئاسایی و گلاندنیان له بزووتنه‌وه‌یه‌كی ڕامیاری ته‌ریك و ڕواڵه‌تی “شیردا بۆ داپیردا“ی وه‌كو لیستی گۆڕان له‌ژێر سه‌ركردایه‌تی هه‌ندێك ڕامیاری هه‌لپه‌رست و سواودا وه‌ستاندبێت، كه به‌وه‌ش بێجگه لهخهساندنی خه‌ڵكی ناڕازی و تاساندنی ئاخ و خۆزگه‌یان و بێهیوا و ڕهشبینكردنیان، هیچی دیکه‌یان ئه‌نجام نه‌دا.