له ئاژاوه‌نانه‌وه بۆ گفتوگۆی ده‌سه‌ڵات و پارته ئۆپۆزسیۆنه‌کان و هاوپشتی په‌نانه‌کی خۆراوا له دیکتاتۆر
دوێنێ پاش ئه‌وه‌ی که سوارگهلێك به وشتر و ئه‌سپه‌وه دڕیان به کۆبوونه‌وه‌ی نارازییان دا و که‌وتنه تێکدان، ئاژاوه که‌وته نێوان خه‌ڵکه‌که، پاش ئه‌وه‌ی که جه‌ماوه‌ری یه‌ك ملیۆنی مه‌یدانی ئازادی قسه‌کانی دیکتاتۆریان به هه‌ند وه‌رنه‌گرت، به‌کرێگیراوانی پێشتر ئاماهکراوی ڕژێم له پۆشاکی سڤیلیدا، که‌وتنه لێدانی ئازادیخوازان و سوپا که جێگه‌ی پۆلیسیشی گرتووه‌ته‌وه، هیچ هه‌ڵوێستێکی نیشان نه‌دا و ئه‌م بێههڵویستییه نیشانی دا، که پیلانێکی هه‌مه‌لایه‌نه‌ی ده‌سه‌ڵاتداران و نۆکه‌رانی له ئارادایه و سوپاش که تا ڕۆژی 01ی فیبریوه‌ری نزیکی خۆی له به‌ره‌ی جه‌ماوه‌ر نیشان ده‌دا، به‌و بێده‌نگییه هاوده‌ستی خۆی له‌ته‌ك دیکتاتۆر و سیخوره‌کانی خسته‌ڕوو و به‌هۆی به‌رده‌وامی پێکددانه‌کان هه‌ژمارێکی زۆر کوژران و سه‌دان برینداریش له هه‌ردوولا.
ئه‌مڕۆ پاش ئه‌وه‌ی پیلاگێری ده‌سه‌لات و داروده‌سته‌که‌ی له ئاژاوه‌کانی دوێنێدا ده‌رکه‌وت و زۆرێك له بینه‌رانی بیانی گه‌واهی ئه‌وه ده‌ده‌ن و هه‌روه‌ها له‌و ئاژاوه‌دا ژماره‌یه‌ك ڕۆژنامه‌گه‌ر و هه‌واڵێری بیانی که‌وتنه به‌ر هێرش لێدان، قسه‌گه‌رانی ده‌سه‌لات رایانگه‌یاند که له‌ته‌ك 12 گروپی ئۆپۆزسیۆن له گفتوگۆدان، که ئه‌مه‌ش جارێکی دیکه نیشانی ده‌داته‌وه، که ئه‌وه‌ی به ئۆپۆزسیۆنی فه‌رمی و پارته رامیاره‌کان ناسراون، هه‌میشه سهرهداوگهلیکی شاراوه به ده‌سه‌ڵاته‌وه ده‌یانبه‌ستێته‌وه و کاتێك که بزانن جڵه‌وی جه‌ماوه‌ر و ڕووداوه‌کان له ده‌ستییان ده‌رده‌چیت، پێ ده‌که‌نه که‌وشه پاژنه ئاسنینه‌کانی ده‌سه‌ڵات و له تیاچوون رزگاری ده‌که‌ن.
هاوکات میدیای خۆراوا خه‌ریکی ترساندنی خه‌ڵکه به‌وه‌ی که چاوه‌ڕوان ده‌کرێت نوێژی ڕۆژی هه‌ینی 04ی فێبریوه‌ری، ببێته هۆی ئاژاوه‌یه‌کی گه‌وره، ئه‌مه به‌شێکه له‌و شێواندنانه‌ی که ده‌سه‌ڵاتدارانی خۆراوا له رێی ماسمیدیاوه، مێشکی پێ ژاراوی ده‌که‌ن و ده‌یانه‌وێت خه‌ڵکی ئازادیخواز له ئه‌وروپا له هه‌ستان به هاوپشتی و فشارخستنه سه‌ر سه‌فاره‌تخانه‌کان و کونسولییهکانی ده‌وڵه‌تی میسر و ولاتانی دیکه‌ی دیکتاتۆر، بگێڕنه دواوه، له لایه‌کی دیکه‌وه، ئه‌گه‌ر پێویست به پیلانێکی له‌و جۆره هه‌بوو، پێشتر زه‌مینه‌که‌یان له هۆشی خه‌ڵکدا ئاماده کردبێت.
ئه‌گه‌ر سه‌رنجی ڕه‌وتی ڕووداوه‌کان بده‌ین و له کارکردی هه‌ردوو به‌ره له جیهاندا وردبینه‌وه، ئه‌وا به‌ره‌ی ده‌سه‌ڵات له سه‌رتاسه‌ری دونیادا به‌جۆرێك له جۆره‌کان خه‌ریکی هاوپشتی و راگرتنی دیکتاتۆره‌کانی باکووری ئه‌فه‌ریکا و خۆرهه‌ڵاتی ناوه‌راستن، به‌ڵام له به‌رامبه‌ردا ئازادیخوازان و خه‌ڵکی چه‌وساوه واقیان وڕماوه و به ترس و گومانه‌وه له وێنه‌کانی راپه‌ڕین ده‌ڕوانن. ئه‌مه نیسانه‌ی زاڵی ماسمیدیا و ئۆپۆزسیۆنی ده‌سه‌لاتخوازه به‌سه‌ر هۆشی جه‌ماوه‌ردا، ئه‌گینا هیچ بیانوویه‌ك نییه، بۆ گێڕانه‌وه‌مان له به‌شداری و سازدانی خۆپیشاندانی هاوپشتی و فشارخستنه سه‌ر بنکه‌کانی ده‌وڵه‌تی میسر له وڵاتان.
هه‌ر بێهنگییهك له به‌رامبه‌ر پیلانگێڕی ده‌وڵه‌تان بۆ خامۆشکردنی ڕاپه‌رین و به‌رگرتن به په‌ڕینه‌وه‌ی بۆ ولاتانی دیکه‌ی ناوچه‌که، هاوده‌ستی و هاوپشتییه له‌ته‌ك ده‌سه‌ڵاتداران. ڕزگارکردنی راپه‌ڕینی جه‌ماوه‌ری میسر له به‌رده‌م پیلانگێری ده‌وله‌تان، خۆبه‌خۆ بردنه‌پێشه‌وه‌ی خه‌باتی نێونه‌ته‌وه‌ییه به‌ره‌و کۆتاییهێنان به دیکتاتۆره‌کان و نزیککردنه‌وه‌ی دیکتاۆرهکانی لای خۆشمان له‌و مه‌رگه بێگه‌ڕانه‌وه‌یه.
ڕاپه‌ڕین له مه‌غریبه‌وه بۆ یه‌مه‌ن، هه‌مان داخوازی و په‌یامی چه‌وساوه‌کانی کوردستانی هه‌یه، هه‌مان داخوازی کرێکارانی به‌نگلادیش و هه‌مان خه‌ونی خه‌ڵکی ئازادیخوازی ئێرانی هه‌یه. هه‌روا که سه‌رکه‌وتنی ڕاپه‌رین له تونس، بۆ هاتنه‌مه‌یدانی راپه‌ڕیوانی جه‌زائیر و مه‌غریب و میسر ده‌گه‌ڕێته‌وه، سبه‌ینێش راپه‌ڕینی خه‌ڵکی کوردستان و عیراق و ئێرانیش، به‌بێ ئه‌و پشتیوانییه هه‌رێمیی و جیهانییه، ئه‌سته‌مه سه‌رکه‌وتن به‌ده‌ست بهێنێت، هه‌ر له‌به‌ر ئه‌وه هه‌ر جۆرێك له پشتیوانی له خه‌ڵکی ئازادیخوازی میسر له ئه‌وڕۆکه‌دا ، ده‌بێته مسۆگه‌رگه‌ری سه‌رکه‌وتنی بزاڤی خۆجێییه‌کانی خۆمان له ئه‌مڕۆ یا به‌یانی و داهاتوودا.
جارێکی دیکه ڕووداوه‌کان نیشانیان دایه‌وه، که ڕاپه‌ڕین وه‌ك سه‌ربه‌خۆترین شێوازی جه‌ماوه‌ری ڕوخاندنی دیکتاتۆره‌کان، زۆر له ده‌نگدان به‌م لیست و به‌و پیاوچاك کاراتره و ڕاپه‌ڕین ده‌نگ و خه‌باتی راسته‌وخۆی جه‌ماوه‌رییه و په‌رده له‌سه‌ر ناپێویستی مامۆستایه‌تی و رابه‌رایه‌تی رامیاران و پارته‌کان و ئۆپۆزسیۆنه فه‌رمییه‌کان لاده‌دات. راپه‌ڕین سه‌لماندییه‌وه، که ویست و هوشیاری جه‌ماوه‌ر له نه‌خشه‌ڕێژی ده‌سته‌بژێره‌کان و جوینه‌وه‌ی وته‌ی نێو په‌رتووکه تۆزلێنیشتوهکان کاراتره.