زاهیر باهیر
له‌نده‌ن، 30ی ئاوگوستی 2010
ماوه‌یه‌ك لهمهوپێش (تاهیر ساڵح شه‌ریف)، له كورته نووسینێكیدا له ژێر سه‌ردێڕی“كۆمۆنیسته‌كانی دوو سه‌ده له قوربانییه‌وه بۆ جه‌لاد” بابه‌تێكی بڵاوكرده‌وه. له‌و بابه‌ته‌دا په‌نجه‌ی بۆ پرسێکی گه‌لێك گرنگ و گه‌وره ڕاكێشاوە، كه زۆربه‌ی زۆری ڕێكخراوه و پارته ماركسیسته‌كان و ” كۆمونیسته‌كان“ی سه‌رده‌م خۆیانی لێده‌پارێزن. ئه‌و له‌و كورته نووسینه‌یدا ڕاستگۆیانه ئه‌وه‌ی وتووه؛ پرسێك، كه ئه‌و له‌سه‌ری دواوه، نه له بابه‌تێكی ئاوادا و نه به‌ته‌نها له توانای ئه‌ودا هه‌یه، كه یه‌كاڵای بكاته‌وه. ئه‌وه پرسیارێكی زۆر جددیه و وه‌ڵامه‌كه‌شی وائاسان و ئاسایی نییه، كه به یه‌كێك و دووان و ده، وه‌ڵام بدرێته‌وه، به‌ڵكو ئه‌و كاره پێویستی به ده‌زگه‌یه‌كی توێژه‌ره‌وه و لێكؤڵه‌ره‌وه هه‌یه، كه ئه‌مه‌ش پێویستی به پاره و كه‌سانێكی شاره‌زای مێشككراوه‌ی زۆر هه‌یه، كه شته مێژوویه‌كان و دۆكۆمێنته‌كان له‌سه‌ر باری ئابووری و ڕامیاری و كۆمه‌ڵایه‌تی ئه‌و کۆمه‌ڵگه‌یانه‌دا كۆبكه‌نه‌وه و به وردی لێیانبكۆڵنه‌وه و دواتر هه‌مووی به‌یه‌كه‌وه به تیئۆری به‌ناو شۆڕشگێڕانه و تاكتیك و ئامانجی پارته ماركسیست– كۆمونیسته‌كانی ئه‌و سه‌رده‌مه‌وه، گرێبده‌نه‌وه، ئا له‌وێوه ڕه‌نگه بتوانن په‌ی به وه‌ڵامی ئه‌و پرسه به‌رن.
به‌ڵام ئه‌مه‌ش، ئه‌وه ناگه‌یه‌نێت، كه تا ئه‌و ده‌زگه‌یه دروست ده‌بێت و ده‌كه‌وێته كردنی ئیشێكی جیددی ئاوا، كه‌سی تر نابێت ورته‌ی لێوه بێت. بۆیه ئه‌ركی سه‌ر شانی هه‌موو سوشیالیستێکه له‌و باره‌وه بنووسێت و وتووێژی له‌سه‌ر بكات. هه‌ر به‌و شێوه‌یه منیش له‌م كورتهنووسینهدا له پاڵ ئه‌وه‌ی (تاهیر ساڵح شه‌ریف)دا سه‌رنجی خۆم ئه‌ده‌م و به‌هیوام كه‌سانی تریش بۆیان بلوێت، كه درێژه به‌و پرسە بده‌ن یا هیچ نه‌بێت مشت‌ومڕێك له نێوانماندا دروست بكات. له هه‌مان كاتیش‌دا داوا له خوێنه‌رانی هێژا ده‌كه‌م، گه‌ر هه‌ستیان بهڕایهكی جیاواز له‌وه‌ی تاهیر ساڵح شه‌ریف كرد، به هیوام وا لێیتێنه‌گه‌ن، كه ڕایه‌که‌ی من، بۆ وه‌ڵامی نووسینه‌كه‌ی ئه‌و و له ڕه‌دی ئه‌ودایه، به‌ڵكو بۆ ده‌ربڕینی ڕای خۆمه و هیچی تر.
به‌ڕای من دوو پرسی گرنگ لێره‌دا هه‌ن؛ هه‌ر كات ئێمه بمانه‌وێت پرسیاری ئه‌وه بكه‌ین، كه بۆ سه‌رئه‌نجامی بزووتنه‌وه شۆڕشگێڕه‌كانی سه‌ده‌ی پێشووی كرێكاران و كۆمونیسته‌كان به‌وه گه‌یشتن، كه له بری بنیاتنانی کۆمهڵگهیهكی سوشیالیستی یا كۆمونیستی دروست بكه‌ن، نه‌ك هه‌ر ئه‌وه نه‌كرا، بگره ناو و ناوبانگی سوشیالیزم و کۆمونیزمیشیان وا له‌به‌رچاوی خه‌ڵك خست، تا ئه‌و ڕاده‌یه‌ی كه حه‌وت په‌ڵه‌یان به‌پشتی دوژمنهكانیشیان دا، ئه‌مه جگه له‌وه‌ی كه خه‌باتكردن بۆ به‌دیهێنانی ئه‌و ئامانجه‌ش له ئه‌مڕۆدا زۆر گرانتر له‌سه‌ر كرێكاران و خه‌ڵكانی سۆشیالیست كه‌وتۆته‌وه.
ئه‌و دوو پرسەش، یه‌كه‌میان پرسی پارته، پارتی ده‌سته‌بژێر (نخبه) و شۆڕشگێر و چه‌كدار به تیئۆری شۆڕشگێڕانه‌ی ماركس و لینین. دووهه‌میان پرسی قۆناغی تێپه‌ڕبوونی کۆمه‌ڵگه‌ی سۆشیالیستی به‌ره‌و کۆمه‌ڵگه‌ی کۆمونیستی له سایه و ڕابه‌رایه‌تی دیكتاتۆریی پڕۆلیتاریادا.
پارت و پارتی شؤڕشگێڕ: پێكهاته‌یه‌كی قوچکه‌یی (هه‌ره‌می)یه كه له خوێنده‌واران و ده‌سته‌بژێران پێكهاتوه و پێكدێت، كه گوایه ئه‌وانه زیاتر و زووتر هه‌ست به بیروباوه‌ڕی كۆمونیستی و سۆشیالیستی ده‌كه‌ن و هه‌ر له‌به‌ر ئه‌مه‌ش هه‌ر ئه‌وانن، كه ئه‌و هۆشمه‌ندییه ده‌گوێزنه‌وه بۆ ناو خودی پڕۆلیتایا و باقی خه‌ڵكانی زه‌حمه‌تكێش و ڕه‌نجده‌ر و پارت ئه‌و تاكتیك و پرده‌یه، كه تاكه‌كانی نێوه‌ندی كرێكاران و زه‌حمه‌تكێشان له بێهۆشی و نووستووییهوه به‌ره‌و تاكێكی هۆشمه‌ند ده‌بات و به به‌رژه‌وه‌ندییه چینایه‌تیه‌كه‌ی ئاشنای ده‌کات، هه‌ر به‌و شێوه‌یه‌ش سه‌ره‌نجام کۆمه‌ڵگه له سۆشیالیسیزمهوه به‌ره‌و کۆمونیزم ده‌گوێزێته‌وه. ئه‌و ده‌سته‌بژێره له‌سه‌ر بناخه‌ی ڕامیارییه‌كی یه‌كگرتوو و ئایدیۆلۆژیا، هه‌بوونی یه‌ك پڕؤگرام و یه‌ك ستراتیجی، به‌ندكردن و داگیركردنی سه‌ربه‌ستی خودی تاكه‌كان و ئه‌ندامه‌كان، گوێنه‌دان پێیان و كاركردن له‌سه‌ر له‌باربردنی داهێنان و شاره‌زایی و لێهاتوویی ئه‌ندام و تاكه‌كانی و به‌ستنه‌وه‌یان به دیسپلینێكی توند و یه‌کانگیر و گرێدانه‌وه‌ی شانه‌كانی خواره‌وه‌ی پارت به سه‌ره‌وه و ملكه‌چی و سهرنهویكردنی هه‌مووان بۆ كۆمیته‌ی ناوه‌ندی و كۆمیته‌ی ناوه‌ندیش بۆ سكرتێر و سكرتێریش بۆ سه‌رۆكی پارت. سه‌پاندنی یه‌ك زمان و یه‌ك قسه‌وباس به‌سه‌ر دۆست و ئه‌ندامانی پارتدا و په‌روه‌رده‌كردنیان به‌گیانی سیكتاریستی و له قاڵبدانی ئاوه‌ز و هۆش و مێشكیان و یهخسیركردنیان، نه‌كا له ئایدیا و چوارچێوه‌ی پارت ده‌ربچن، به‌كورتییه‌كه‌ی وه‌كو منداڵانی چكۆله‌ی ناوخێزان مامه‌ڵه‌یان له‌ته‌کدا ده‌كرێت و به په‌روه‌رده‌كردنیان و گوێڕایهڵكردنیان و ده‌سته‌مۆكردنیان تاوه‌کو بیر له هه‌لی به‌زاندنی سنووری خێزانه‌که‌ی پارت نه‌كه‌نه‌وه. له‌لایه‌كی تریشه‌وه خۆ به‌ڕاست زانین و توندڕه‌وی و نکۆڵیكردن، پێداگرتن له موشتومڕ و لێدواندا له‌سه‌ر ئه‌وه‌ی، كه ڕاستی و ڕاستییه‌كان هه‌میشه و بێچه‌ندوچوون له‌لای ئه‌وانن، هه‌موو ئه‌مانه تایبه‌تمه‌ندی تاكه‌كان و ئه‌ندامه‌كانی پارتن.
ئه‌وه‌ی كه له لای پارت و ئه‌ندامه‌كانی فه‌رامۆش ده‌كرێت و له لایان پێشنیار نییه، داخوازییه كۆمه‌ڵایه‌تییه‌كانی خه‌ڵك و پێداویستییه‌كانی ژیانیانن. ئه‌وه‌ی لای ئه‌وان گرنگه، یه‌كگرتنه له‌سه‌ر بناخه‌ی ئایدیۆلۆژیا، تیئۆری شۆڕشگێڕانه، دروستكردنی ده‌وڵه‌تی كرێكاری، كۆمونیستی ، سۆشیالیستی ، پڕۆلیتاری و دیمۆكراسی ….. له‌م چه‌شنه. پارتییه‌كان (حزبییه‌کان) به‌رنامه‌ی ڕامیارییان هه‌یه ، ئه‌ویش به‌دیهێنانی ده‌سه‌ڵاتی ڕامیارییه له بیناكردنی ده‌وڵه‌تێكدا، له‌و چه‌شنه‌ی كه ناوم هێنا، بۆ گه‌یشتن به ئامانجه ڕامیارییهكانیان و ستراتێجییان. پارتییه‌كان یا ڕامیاران كار له‌سه‌ر گۆڕانی کۆمه‌ڵگه ناكه‌ن، بگره زۆرجار ده‌یانه‌وێت گۆڕان ڕاگرن، خۆ ئه‌گه‌ر گۆڕانێكی بچوكیش بێت، ئه‌وه ده‌بێت به‌پێی به‌رنامه‌ی داڕێژراوی ئه‌وان بێت ، ئه‌وان گۆڕان له سیسته‌می ڕامیاریی یا ده‌سه‌ڵاتدارێتیدا ده‌كه‌ن، نه‌ك له سیسته‌می کۆمه‌ڵایه‌تی و ژیان و ژیاری خه‌ڵكیدا.
جا ئه‌گه‌ر تایبه‌تمه‌ندی و پێكهاته و تاكتیك و ئامانجی پارت ئه‌مانه بێت، واته گۆڕانكاری له‌لای ئه‌و له چڵه‌پۆپه‌وه بێت، له ده‌ستبه‌سه‌رداگرتنی ده‌وڵه‌تدا بێت، ئیدی چۆن كه‌لێنی نێوان پارت، سه‌ركرده‌كانی پارت، كه له هه‌مان كاتدا سه‌ركرده و جڵه‌وگری ده‌وڵه‌تن له‌ته‌ك باقییه‌كه‌ی تری کۆمه‌ڵگه له فراوان بووندا نابێت؟ ئه‌مه‌ش له‌به‌ر ئه‌وه‌ی، که ئه‌وان له ئاوازێك ده‌خوێنن و ئێمه‌ش له ئاوازێكی تر، ئه‌وان سه‌رنج له پێویستی بازاڕ و په‌رتووکه زهردههڵگهڕاوهكان و به‌رژه‌وه‌ندی تایبه‌تی خۆیان ده‌ده‌ن و له‌وه‌وه به‌رنامه بۆ ئێمه‌ی “مێگه‌ل” داده‌نێن. هه‌رچی ئێمه‌شه سه‌رنج له پێداویستییه‌كانی ژیانمان ده‌دین، كه چیمان بۆ خۆمان و مندلانمان پێویسته؛ فێرگه و دایه‌نگه و زانكۆ و خه‌سته‌خانه‌ی خۆڕایی و به‌كارهێنانی سه‌رجه‌م خزمه‌تگوزارییه‌كانی تر به‌بێ مه‌رجی هه‌بوونی بڕه‌پاره‌یه‌ك، هاوڕای هه‌بوونی سه‌رپه‌نا و كارێكی گونجا و ئاره‌زوومه‌ندانه، هه‌بوونی هه‌لی ئاوه‌ڵا له‌به‌رده‌مماندا بۆ گه‌یشتن به ئامانج و داهاتوومان، بۆ ڕێز لێگرتن و ڕێزداریمان، بۆ سه‌ربه‌ستی و ئازادیمان.
ئه‌وان سنووری وڵات و پیرۆزی نه‌ته‌وه و ده‌وڵه‌ت و یاسا شه‌كاوه‌یی ئاڵاكه‌ی [پیرۆزی سه‌رمایه و ده‌سه‌ڵاتی سه‌رمایه و ئاڵای سه‌روه‌ری سه‌رمایه له‌ژێر ئه‌و ناوانه‌دا] لایان گرنگه، ئێمه‌ش پێداویستییه‌كانی ژیانمان. ئه‌وان ده‌یانه‌وێت بڕیاره چاره‌نووسسازه‌كان له بری ئێمه بده‌ن و له سه‌رووی ئێمه‌وه به‌بێ پرسپێكردنمان و به‌بێ ڕاوهرگرتنمان، گوایه ئه‌وان ده‌زانن، که ئێمه چیمان پێویسته و هه‌روه‌ها ده‌وڵه‌تی كۆمونیستی یا پڕۆلیتاری و كرێكاریش چی پێویسته، تاكو ئه‌م ده‌وڵه‌ته له‌سه‌ر پێی خۆی ڕاوه‌ستێت و بتوانێت له به‌رامبه‌ر دوژمنه‌كانیدا خۆی ڕابگرێت، بۆیه لای ئه‌وان زۆر گرنگه، كه كۆنترۆڵی ئێمه بكه‌ن و بۆ ئامانجی خۆیان به‌كارمان بهێنن.
هه‌ر به‌و پێیه‌ش شورا كرێكارییه‌كان له كارگه‌كاندا، له كۆمپانیاكاندا، له كێڵگه كشتوكاڵیه‌كاندا له سه‌رجه‌می شوینه پیشه‌سازییه‌كاندا، له ژێر ڕكێف و چه‌پۆکی ده‌وڵه‌تی پڕۆلیتاری و كۆمونیستی و سۆشیالیستیدا، كاریگه‌ریان نییه و نامێنێت. چونكه شوراکان له به‌رهه‌مهێنان و شێوازی به‌رهه‌مهێنان و ماوه‌ی كاركردن و هه‌لومه‌رجی كاركردن و پلانی شوێنی كاركردندا خاوه‌نی بڕیار نین و ئه‌وان كۆنترۆڵی به‌هه‌مهێنان ناكه‌ن. هه‌ر به‌و شێوه‌یه‌ش ڕۆڵێك له دابه‌شكردنی به‌رهه‌مدا نابینن. ئه‌وان وه‌كو كۆیله‌ی کۆمهڵگهیهكی “سڤیلی” نه‌ك كۆیله‌ی کۆمه‌ڵگه‌ی كۆیلایه‌تی كارده‌كه‌ن، ئه‌وان بۆ زیاده به‌رهه‌مێنان و بۆ به‌رهه‌مهێنانی جۆری كاڵایه‌كی باش به‌كارده‌هێنرێن و ده‌چه‌وسێنرێنه‌وه، نه‌ك بۆ پێویستی خۆیان و سه‌رجه‌می کۆمه‌ڵگه، به‌ڵكو بۆ بازاڕ و كێبڕكێی ناو بازاڕ، بۆ سود و قازانج.
سه‌رجه‌می ڕێكخراوه پیشه‌یی و جه‌ماوه‌رییه‌كانی تریش، له‌وانه سه‌ندیكاكان، یه‌كێتییه‌كانی ئافره‌تان و قوتابیان و بێكاران و كه‌مئه‌ندامان، لیژانهكانی وه‌کو هه‌ره‌وه‌زی و باوكان و دایكان سه‌رپه‌رشتیاران، ئه‌نجومه‌ن و كۆمیته‌كانی ناو گوند و گه‌ڕه‌ك و شار و شارۆچكه و..تد گه‌لێكی تر له‌م به‌زم و ڕه‌زم و گاڵتهجارییانهی كه پێمان ده‌كه‌ن، هه‌ر هه‌موی ده‌بێت له‌ته‌ك ده‌نگ و ئاوازی پارت و ده‌وڵه‌تدا بڕوات، به‌موزیك و گۆرانی ئه‌وان سه‌ما بكات، ده‌بێت ببێته پاشكۆی ئه‌وان و پراكتیزهگهری ڕامیاری نه‌گریسی ئه‌وان بێت. ئه‌مه‌ی كه من په‌نجه‌م بۆ ڕ‌اكێشا، ده‌توانرێت به ده‌یان په‌رتووکی له‌سه‌ر بنوسرێت و هێشتا هه‌ر ته‌واویش نه‌بێت.
من له‌و بڕوایه‌دام که گیروگرفته‌كه لێره‌وه ده‌ست پێده‌كات، بناخه‌ی بیناكردنی سه‌رمایه‌داری وه‌كو سیسته‌مێكی پته‌و و یه‌كگرتووی ئاماده له شۆرینه‌وه‌ی مێشك و هۆشی خه‌ڵكدا و به‌هێزكردنی و ڕێگه‌خۆشكردن بۆ زیاتر قوڵبوونه‌وه‌ی كێشه چینایه‌تی و كۆمه‌ڵایه‌تییه‌كان لێره‌وه ده‌ستپێده‌كات، هه‌ر بۆیه‌ش سه‌ره‌نجامه‌كه‌شی خێر نابێت.
گه‌ر بگه‌ینه ئه‌م سه‌رئه‌نجامه، ئه‌وا ده‌بێت هه‌نگاوی یه‌كه‌ممان خۆپاراستن و دژایه‌تیكردنی پارت و پارتییه‌كان و ڕامکارهكان بێت، ئایدیایان پوچ بكه‌ینه‌وه، ڕێڕه‌و و پلانیان هه‌ڵوه‌شێنینه‌وه، ئه‌وه ڕوونبكه‌ینه‌وه، كه ئه‌وه‌ی ئه‌وان خه‌ریکن ده‌یكه‌ن، ته‌نها بۆ به‌رژه‌وندی تایبه‌تی خۆیان و زیاتر جێگیركردنی سیسته‌می سه‌رمایه‌دارییه.
ئه‌ی كه‌واته پێویسته چی بكه‌ین؟ بیگومان پێویستمان به پێکهاته‌یه‌ك، چوارچێوه‌یه‌ك هه‌یه كه خۆمانی تێدا كۆبكه‌ینه‌وه و له نێویدا تێكۆشان و خه‌باتمان ئاراسته بكه‌ین، له هه‌مان كاتیش‌دا ئه‌وه گه‌ره‌نتی ئه‌وه‌مان بداتێ، كه ئه‌م پێکهاته‌یه ته‌شه‌نه نه‌كات و نه‌بێت به ڕێكخراوێك یا پارتێكی ڕامیاریی، که ته‌نیا ئامانجی جێگۆڕکێ و دهستگۆڕکێ بێت ده‌سه‌ڵاتدا.
من وه‌كو پێشتریش له چه‌ند نووسینێكی ترمدا، باسم له كرۆكی ئه‌مه كردووه و باوه‌ڕی ته‌واو پته‌ویشم پێی هه‌یه، كه ته‌نها ڕێگه‌یه‌ك بۆ ڕزگاركردنی ئێمه له كۆتی سه‌رمایه‌داری و گه‌یاندمان به کۆمه‌ڵگه‌ی سوشیالیستی (ئه‌ناركیستی)، هه‌ره‌وه‌زییانه كاركردنمانه، یه‌كگرتن و یهكبوونمانه له‌سه‌ر پێداویسته‌كانی ژیانمان، له‌سه‌ر ڕزگاركردنی مرۆڤ و سه‌رفرازی یه‌كجاره‌كی، نه‌ك له‌سه‌ر بیروباوه‌ڕ. ئه‌مانه‌ش به‌دروستكردنی لیژنه و كۆمیته و ڕێکخراوه‌ی جه‌ماوه‌ری جیاجیا له‌سه‌ر ئاستی شوێنه‌کانی كار و ژیان [ ئیدی كارگه و كۆمپانیا بێت یا کێڵگه‌ی كشتوكاڵی بێت، له‌سه‌ر ئاستی قوتابخانه‌كان و زانكۆكان و خه‌سته‌خانه‌كان شوێنه‌كانی تری خزمه‌تگوزاری وه‌كو شاره‌وانی و سه‌رجه‌می فه‌رمانگه و شوێنی كاروباره كۆمه‌ڵایه‌تییه‌كان] بۆ خۆشكردنی گوزه‌رانمان، بۆ به‌دیهێنانی ئامانجه‌كانمان له بچوكترین پێداویستی ژیانمانه‌وه بگره تا ده‌گاته پاراستنی ژینگه و ئاژه‌ڵ و سه‌رچاوه‌کانی ژیان. له‌هه‌مان كاتدا ده‌توانین بۆ به‌ره‌نگاری ئه‌و كێشانه‌ی كه ڕوبه‌ڕومان ده‌بنه‌وه، به هه‌زاره‌ها لیژنه و كۆمیته دروست بكه‌ین، به‌بێ ئه‌وه‌ی كه كه‌سێك سه‌رۆك و كه‌سێكیش له خواره‌وه بێت. چونكه ئه‌م كۆمیتانه له‌سه‌ر بناخه‌ی بیروباوه‌ڕ و به‌رژه‌وندی که‌سیی تاکهكان دروست نابن و له کایه‌کانی ڕامیاری و ڕامکاریکردنهوه دوورن، هه‌موو كه‌س سه‌ره‌ڕای ده‌نگ و ڕه‌نگ و ته‌مه‌نی جیاجیا و بیروباوه‌ڕی جیا و ئاینی جیا و نه‌ژادی جیا، نه‌ته‌وه‌ی جیا، ده‌توانێت له كۆبوونه‌وه‌ی كۆمیته‌كاندا به‌شدار بێت و كار بكات و به‌ته‌واوی به ڕا و بۆچون و ده‌نگی خۆیه‌وه چالاکی بكات. هیچ جۆره گوشارێك له‌سه‌ر كه‌سه‌كانی ناو كۆمیتیهكان نابێت و نییه، بۆیه هه‌ركه‌س به‌پێی خواست و توانای خۆی یارمه‌تی دارایی و مه‌عنه‌وی كۆمێتیهكه ده‌دات، هه‌ر به‌و پێیه‌ش به‌شداری چالاكییه‌كان ده‌كات. هه‌موو تاكێكیش له هه‌ر كۆمیتیهكدا ده‌توانێت به‌بێ هیچ مه‌رجێك له چه‌ندین كۆمیته‌ی تردا كار بكات و چالاكی خۆی بنوێنێت. له هه‌موو كۆبونه‌وه‌یه‌كی كۆمێتهكانیشدا، كارگێڕی كۆمێتیهكه كه سه‌رپه‌رشتی ته‌نها ئه‌و دانیشتنه ده‌كات و هیچی تر، ده‌گۆڕێت و هه‌موو كه‌س ده‌توانێت، ئه‌و ڕؤڵه له ئه‌ستۆ بگرێت و بگێڕێت.
دواتر هه‌موو كۆمێتهکانی ناو گوند و گهڕهكهکانی شار، هه‌موویان به‌یه‌كه‌وه گرێده‌درێنه‌وه و له لێژنه‌یه‌كی گه‌وره‌تردا، كه به خولی كۆبوونه‌وه ده‌كه‌ن و نوێنه‌ری هه‌موو لیژنه خۆجێیه‌كانی تیایاندا به‌شدار ده‌بن و قسه‌باسی خۆیان ده‌كه‌ن، نوێنه‌ره‌كانیش هه‌روه‌ك سه‌رپه‌شتیگه‌رانی کۆبوونه‌وه‌کان به‌رده‌وام له گۆڕاندا ده‌بن.
ئه‌مه‌ی كه‌من ده‌یڵێم، له‌توانادا هه‌یه و كارێکی كردهییشه : بۆ نمونه گه‌ر ئێمه له گونداندا، له گهڕهكهکاندا ڕووبه‌ڕووی كێشیه‌ك بووینه‌وه، ئیدی ئه‌و كێشه‌یه هه‌رچییه‌ك بێت، ده‌توانین هه‌مووان به‌یه‌كه‌وه كار له‌سه‌ر چاره‌سه‌ری ئه‌و کێشە بكه‌ین. چونكه ئه‌وه گرنگ نییه، كه به‌رامبه‌ره‌که‌مان چییه و چۆن بیرده‌كاته‌وه و ته‌مه‌نی چه‌نده و ئایینی چییه و بیروباوه‌ڕی چییه و له كوێوه هاتوه و چ كاره‌یه، ئه‌وه‌ی كه گرنگه، كار له‌سه‌ر چاره‌سه‌ری كێشه‌که بكات، هه‌روا گرنگیش نییه تا چه‌ند دێته پێشه‌وه یا ڕۆڵی كاریگه‌ر ده‌بینێت یا نه.
گرنگ نییه ئه‌م كۆمیتانه چ ناوێكیان لێده‌نرێت. به‌ڵام هه‌ر هه‌موویان گروپێكی گوشاری ده‌بن و گوشار له‌سه‌ر ئه‌و لایه‌نانه داده‌نێن، كه جه‌مسه‌ره‌که‌ی تری كێشه‌كه یا دروستگه‌ری کێشه‌که‌ن. له قۆناخی یه‌كه‌مدا ئه‌م كۆمیتیانه به‌و ئامانجه كارده‌كه‌ن، كه بڕیاره‌كان سه‌باره‌ت به كاروباری كۆمیونێتیهكه، گونده‌كه، گه‌ڕه‌كه‌كه شاره‌كه له هه‌موو بواره‌كانی ژیانیاندا له‌لایه‌ن خودی خه‌ڵكه‌كه‌ی خۆیه‌وه بدرێن، واته سه‌ندنه‌وه‌ی بڕیاره‌كان له ده‌ست ڕامیارییه‌كان و به‌ڕێوه‌به‌رانی شوێنه‌كان و سه‌رۆكه‌كان.
ئه‌مه هه‌نگاوی یه‌كه‌م و بناخه‌ی كاركردنمان ده‌بێت، هه‌نگاوه گرنگه‌كانی دواتر له‌وێوه ده‌ست پێده‌كه‌ن و كاره‌كان به‌و شێوه‌یه ده‌ڕۆنه پێشه‌وه، پرنسپڵیشمان ئه‌مه‌یه: جیهانی (گڵۆباڵی) بیربكه‌ره‌وه و خۆجێیی (لۆكهڵی) چالاك به.
دیكتاتۆری پڕۆلیتاریا و ده‌وڵه‌تی پڕۆلیتاری: كێشه‌ی دووهه‌م، كه بووه‌ته هۆی شکست و نوچدانی بزووتنه‌وه‌ی كرێكاریی و كۆمونیستی باوه‌ڕبوون به ده‌وڵه‌ت و كردنییه‌تی به پردی په‌ڕینه‌وه له قۆناخی سه‌رمایه‌دارییه‌وه به‌ره‌و سوشیالیزم و دواتریش به‌ره‌و کۆمه‌ڵگه‌ی کۆمونیستی.
ئه‌م ده‌سته‌واژه‌یه له (کارل ماركس)ه‌وه وه‌رگیراوه، كه له به‌رنامه‌ی (گۆتا) دا باسی لێوه كردووه و گوازراوه‌ته‌وه ناو خه‌باتی تیئۆری و كردەیی سه‌رجه‌می پارته سۆشیالدێمۆکراته‌کان* و دواتر کۆمونیسته‌کانی كۆن و نوێ ، که له‌سه‌ر ده‌ستی لێنین و ستالین و پاشڕه‌وانی دواتریشدا، ئه‌مه باشتر لێكدرایه‌وه و چه‌ندین وتار و په‌رتووكی له‌سه‌ر نوسراوه و دواتریش به كردەوه له ڕوسیا و له وڵاتانی تردا، كه پارته بۆلشهڤیکهكان ده‌سه‌ڵات و ده‌وڵه‌تیان به‌ده‌سته‌وه بوو، سه‌پینرا. ئه‌و ڕیزبه‌ندییه‌ی كه بۆ قۆناخه‌كانی کۆمه‌ڵگه‌ی مرۆیی كرا، گوایه به قۆناخی كۆمۆنه‌یی سه‌ره‌تایی و کۆیلایه‌تی و ده‌ره‌به‌گایه‌تی (فیووداڵی) و سه‌رمایه‌داری و سوشیالیستی و پاش ئه‌وانه، ئینجا کۆمونیزم دروست ده‌بێت. لێره‌دا ئه‌وها به‌سه‌ر خه‌ڵكید سه‌پێنرا، كه سوشیالیزم ته‌نها له‌سه‌ر ده‌ستی كرێكاران دروست ده‌بێت و بۆ ئه‌وه‌ش ده‌بێت کۆمه‌ڵگه به‌و قۆناخانه‌دا تێپه‌ڕێت و كرێكاران وه‌كو چینێك تهبهلور بكه‌ن و سه‌نگ و ده‌نگی خۆیان هه‌بێت و كێشه‌كه‌ش له‌نێوان ئه‌وان و سه‌رمایه‌داراندا توندوتیژ بێته‌وه، ئیتر کاتی شۆڕش دێت و كرێكاران ڕادهپڕن و ده‌وڵه‌ت ده‌گرنه‌ده‌ست و چینی سه‌رمایه‌دار له‌ناو ده‌به‌ن و ورده ورده به سۆشیالیزم ده‌مانگه‌یه‌نن، دواتریش به کۆمونیزم، هه‌ڵبه‌ته ئه‌م گشته تڕکهڵهکه، که به‌نێوی کرێکارانه‌وه هه‌ڵده‌چنرێت، پێویستی به پێشره‌وی پارتێك هه‌یه، که خۆی به نوێنه‌ری کرێکاران داده‌نێت و خودی کرێکاران له‌وه که‌متر ده‌بینێت، که به‌خۆیان بتوانن ڕزگارگه‌ری خۆیان بن؛ ئه‌مه‌ش ته‌نیا بۆ مسۆگه‌رکردنی ده‌سه‌ڵات و ده‌وله‌ت و دیکتاتۆری پارتیی ده‌سته‌بژێری ڕامیار و ڕۆشنبیری بۆلشهڤیست و (ئیست)ه‌کانی دواتری!
لێره‌وه ده‌بینین ئه‌و تیئۆرییه چه‌نده زیانی له سه‌رجه‌می خه‌باتی خه‌ڵكانی چه‌وساوه و بزوتنه‌وه‌كه‌یان داوه و به‌وه چه‌واشه‌ی كردوون که:
یه‌كه‌م، كێشه‌كه‌یان ته‌نها ته‌سك كردووه‌ته‌وه بۆ كهمایتیهكی كه‌می کۆمهڵگهكه، كه كرێكارانن، له كێشه‌ی سیسته‌مه‌كه له‌ته‌ك سه‌رجه‌می چین و توێژه كۆمه‌ڵایه‌تییه چه‌وساوه‌كانی تری کۆمه‌ڵگه، كه هه‌ر یه‌كه‌یان سه‌نگ و كاریگه‌ری سیسته‌مه‌كه‌ی له‌سه‌ره، که‌چی هه‌موو ئه‌م گروپانه فه‌رامۆشكراون. به‌كورتی كێشه‌كه له كێشه‌ی خه‌ڵكی و سیسته‌مه‌كه‌وه، كراوه به كێشه‌ی ته‌نها كرێكاران و سیسته‌مه‌كه.
دووهه‌م: كرێكاران كه خۆیان چینێكی پیشه‌یی نا ڕامیارین و داخوازییه‌كانیان ته‌نها ده‌بێت له بواری كرێ و به‌رهه‌مهێنان و دابه‌شكردن و هه‌لومه‌رجی سه‌ركار و ئه‌و كێشانه‌ی تر، كه خۆیان یا خێزانیان به‌ره‌وڕوویان ده‌بنه‌وه، پارتییه‌كان و ڕامیاره‌كان ئه‌وانیان كرده‌وه به ڕامیاریی و كردوونیان به مه‌قاشی ده‌ستیان و ده‌وڵه‌ت به‌ناوی ئه‌وانه‌وه دروست ده‌كه‌ن و گوایه بۆ ئه‌وانیشه، كه‌چی هه‌ر كاتێكیش که ناڕه‌زاییه‌ك ده‌رده‌بڕن، سه‌ركوتی خودی ئه‌وان و باقی توێژاڵه‌كانی تری کۆمه‌ڵگه‌ی پێده‌كه‌ن.
سێهه‌م: هه‌ر له‌ژێر ناوی ده‌وڵه‌تی پڕۆلیتاری و به‌رژه‌وندی پڕۆلیتاریدا ده‌بێت هه‌ر هه‌موو سهندیکاكان، یه‌كێتییه‌كان ، لیژنه‌کان و كۆمیته‌كان ببنه كلكی ده‌وڵه‌تی كرێكاری و ببنه خێڵی ئه‌شه‌وبیلا.
چوارهه‌م: كێشه‌كان له كێشه‌ی كۆمه‌ڵایه‌تییه‌وه، له كێشه‌ی بژێوی ژیانی خه‌ڵكه‌وه، كه زۆرینه‌ی خه‌ڵكه‌كه‌ی گرتووه‌ته‌وه، به كێشه‌ی ژینگه‌شه‌وه، كراونه‌ته کێشه‌ی ڕامیاری، پێمان ده‌ڵێن كه ئه‌مانه له ڕێگه‌ی به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تییه‌كی ڕامیارییه‌وه لابه‌لا ده‌كرێته‌وه، ئه‌مه له کاتێکدا ئێمه ده‌زانین، که ده‌وڵه‌ت له پێناوی گه‌شه‌دان به سه‌رمایه و بازرگانی چۆن دژایه‌تی ژینگه و كۆمۆنێتیهكان ده‌كات.
كاری ده‌وڵه‌ت بره‌وپێدان و پارێزگاریكردنه له به‌رهه‌مهێنان (چ سه‌ر به‌كه‌رتی ده‌وڵه‌تی بێت یا تایبه‌تی) و مانه‌وه و پارێزگاریكردنیشه له په‌یوه‌ندی و هۆیه‌كانی به‌رهه‌مهێنان و به‌رهه‌مهێنانی تایبه‌تی. كه‌واته ده‌وڵه‌ت هه‌میشه به هێڵێكی ته‌ریبی و دژ به كۆمۆنێتییهكه و ژینگه ده‌ڕوات و ناتوانێت هه‌نگاوێكی بنه‌ڕه‌تی له بنه‌بڕكردنی گیروگرفت و كێشه‌كاندا بنێت.
پێنجه‌م: دروستكردنی توێژاڵێكی بیرۆكرات، ته‌كنۆكرات و ئۆرۆستوكراتی كرێكارانه و كردنێتی به كه‌ڵه‌گا به‌سه‌ر باقییه‌كه‌ی تری کۆمه‌ڵگه‌وه.
شه‌شه‌م: ئه‌و جیاوازیانه‌ی كه توێژاڵه‌كانی ناو کۆمه‌ڵگه ڕووبه‌ڕووی بوونه‌ته‌وه و ده‌بنه‌وه، ئه‌و نایه‌كسانییه‌ی كه له نێوانیاندا هه‌یه، بێبه‌شبوونیان له‌و هه‌لانه‌ی كه پێویسته له‌به‌رده‌میاندا بڕه‌خسێن، كه ئه‌مه‌ش به ئاشكرا له جیاوازی ته‌مه‌نیان، توانای جه‌سته‌یی و كه‌مئه‌ندامییان و جێندهریاندا ده‌بینرێت، بۆ ئه‌مانه هه‌موویان چاره‌سه‌ری پارت و ڕامیاره‌كانی نێو پارت، به‌ستنه‌وه‌ی ئه‌م كێشانه‌یه به گرتنه‌ده‌ستی ده‌سه‌ڵات و بنیاتنانی ده‌وڵه‌تی كرێكاریی و سوشیالیستییهوه، بهرلێگرتنهوهیانه له دروستكردنی گروپ و كۆمیته‌ی بچووك و گه‌وره بۆ باشتركردنی كاروباریان و لابهلاكردنهوهی كێشه‌كانیان و خستنه‌ڕووی ئه‌ڵته‌رناتیڤی شۆڕشگێڕانه‌ی خۆیان.
پارت ئه‌و كێشانه به چه‌ند دێڕێك ده‌بڕێته‌وه، دڵنه‌واییان ده‌كات و ئه‌وه‌شیان دابینده‌كات، كه “هه‌موو ئه‌مانه ده‌ردراوی کۆمه‌ڵگه‌ی بورجوازی و سیسته‌می سه‌رمایه‌دارین، كه جڵه‌وی ده‌وڵه‌ت گیرایه ده‌ست، هه‌مووی چاره‌سه‌ر ده‌بێت. بۆیه ئێوه پێویسته گرفت و كێشه‌كانتان به تاكتیك و ئامانجی پارته‌وه گرێبده‌نه‌وه، خه‌باتی ئێوه له ده‌ره‌وه‌ی پارتدا ناتانگه‌یه‌نێته هیچ و بزووتنه‌وه‌كه‌ش لاواز ده‌كات، ئێوه ده‌بێت ببنه به‌شێك له پارت و له ناویدا خه‌باتی سه‌رومڕ بكه‌ن“، ئه‌مه ئامۆژگاری پارت و ڕامیارییهكانێتی و ئه‌وه‌ش چارهسهكهیانه.
بۆ له‌ناوچوونی چینه‌كان و بنیاتنانی کۆمهڵگهیهكی ناچینایه‌تی، كه له سایه‌ییدا نه سنوور و نه پاره و نه جۆره‌كانی جیاوازی و نه زوڵموزۆر و نه چه‌وساندنه‌وه نه‌مێنێت. گه‌ر ئێمه بمانه‌وێت ئه‌مه بكه‌ین، چۆن ده‌گه‌ینه ئه‌و ڕا و بۆچوونه‌ی كه ده‌وڵه‌ت بۆ ئه‌وه پێویسته، ئیدی گرنگ نییه ئه‌و ده‌وڵه‌ته ناوی چییه و كێ به‌ڕێوه‌ی ده‌یبات.
دوای ئه‌مه‌ش ئه‌گه‌ر ده‌وڵه‌ت ده‌وڵه‌تی پڕۆلیاتاریا بێت و کۆمه‌ڵگه کۆمه‌ڵگه‌ی سوشیالیستی بێت، ئیدی دیكتاتۆری بۆ كێ و به‌سه‌ر كێدا؟ گریمان ڕامیار و پارتییه‌كان پێمان ده‌ڵین، له‌به‌ر ئه‌وه‌ی كه بورجوازی هێشتا وه‌كو چین و هێزه‌كه‌ی هه‌ر ماوه و له‌ناو کۆمه‌ڵگه‌دا پێگه‌ی خۆی هه‌ر ماوه و هه‌یه‌تی، بۆ پاراستنی ده‌ستكه‌وته‌كان ده‌وڵه‌ت هه‌ر پێویسته. كه‌واته ئه‌و كاته بیانووی هه‌بوونی ده‌سگه‌ی سیخوڕی و پۆلیس و سه‌ربازی له پاڵ به‌نه‌دیخانه و داموده‌سگه‌ی داد و دادگه‌ری….هتد ، هه‌یه، سه‌رئه‌نجام كۆتاییه‌كه‌ی به‌وه دێت، كه توێژاڵێكی مشه‌خۆری باشیش دروستده‌بێت، كه هه‌موو بهرتهرییهكیان له‌ته‌ك سه‌ركرده و به‌ڕێوه‌به‌رانی ده‌وڵه‌تدا ده‌بێت، تا ئه‌و ڕاده‌یه‌ی كه كه‌لێنی نێوان پیاوه مشه‌خۆره‌كانی ده‌وڵه‌ت و باقی خه‌ڵكه‌كه‌ی تر زیاتر و فراوانتر ده‌بێت. ئه‌مه‌ش هانی خه‌ڵكی ده‌دات، كه ببنه ئۆپۆزیسیۆنی ده‌وڵه‌ته‌كه‌ی دیكتاتۆری پڕۆلیتاریا تا ده‌گاته ئه‌و ڕاده‌یه‌ی كه ئه‌مجاره‌ش ده‌بێت، بۆ کۆتایی به سته‌می ده‌وڵه‌تی تازه دروستبوو له نووكه‌وه ده‌ستپێبكه‌ینه‌وه.
با ئه‌وه‌شمان له بیر نه‌چێت، ورده ورده میكانیكی هه‌ڵسوڕاندنی پارت و كرۆكی پرنسپڵهكهی كه ملكه‌چبوونی كه‌مایه‌تییه بۆ زۆرایه‌تی، له ناو دیكتاتۆری پڕۆلیتاریای جڵه‌وگری ده‌وڵه‌تدا ده‌گۆڕیت بهملكهچكردنی زۆرایه‌تی له ئاستی ده‌سه‌لاتی كه‌مایه‌تیدا. چونكه گومان له‌وه‌دا نییه كه جڵهوگرانی ده‌سه‌ڵات و مشه‌خۆره‌كانی نه‌ك هه‌ر كه‌مایه‌تین، به‌ڵكو كهمایهتییهكی زۆر زۆر كه‌میشن.
به‌م جۆره گه‌ر به‌وردی بیر له میكانیزمی ده‌وڵه‌تی پڕۆلیتاری بكه‌ینه‌وه له‌ته‌ك هه‌بوونی ئه‌و هه‌موو داموده‌زگە بیرۆكراتییهی كه بۆ به‌ڕێوه‌بردن و پاراستنی ده‌وڵه‌ته‌كه درروست بوون و ده‌بن، زۆر به ئاسانی ده‌گه‌یته ئه‌و بڕوایه، كه ئه‌و بارودۆخه له بری نه‌هێشتنی كێشه و گیروگرفته‌کانی خه‌ڵكی سته‌مدیده و به‌شخوراو، قوڕه‌که خه‌ستر ده‌كاته‌وه.
ئه‌مه‌ی كه من ده‌یڵیم، لۆجیكه و ئه‌زموونه‌كانی سه‌ده‌ی ڕابوردووش سه‌لماندویه‌تی، كه پێداویستبوونی ده‌وڵه‌ت هیچ به‌ڵگه و پاڵپشتێکی ئاوه‌زگیری نییه و هیچ جۆره لۆجیکێكیش په‌سه‌ندی ئه‌وه ناكات و ئاشکراشه كه هه‌بوونی یا دروستكردنی ده‌وڵه‌ت جا له ژێر هه‌ر ناوێك‌دا بێت، به‌ربه‌ست و به‌رهه‌ڵسته له به‌رده‌م ئامانجی كۆتاییماندا، بۆیه ده‌بێت هه‌وڵدان و كاركردنمان نه‌ك هه‌ر بۆ دروستكردنی ده‌وڵه‌ت نه‌بێت، به‌ڵكو بۆ سڕینەوەی ئه‌و ده‌وڵه‌تانەش بێت، كه هەنووكە لە ئارادان.
* مه‌به‌ست له‌و پارته سۆشیالدێمۆکراتانهیه [باڵی چه‌پی سۆشیالدێمۆکراسییه، که له‌سه‌ر هێڵی بۆڵشه‌ڤیکی خۆیان له باڵی ڕاستی له ئه‌وروپا، که خوازیاری به‌شداری پارله‌مانی و بهرهبهرهگۆرینی سه‌رمایه‌داری به‌ره‌و سۆشیالیزم بوو، جیاکرده‌وه و ئاراسته‌ی تالپارتی و دیکتاتۆری پارتی پێشڕه‌ویان له‌ژێر نێوی پڕۆلیتاریا به په‌یڕه‌وی له بۆچوونه‌کانی لێنین بۆ سۆشیالیزم، گرته‌به‌ر]، که دواتر بۆ خۆجیاکردنه‌وه‌یان له باڵی راستی سۆشیالدێمۆکراسی، پاشگری «کۆمونیست»یان بۆخۆیان زیادکرد.