دەقی گفتوگۆیەك کە هاوڕێیەکی سەکۆی ئەنارکیستانی کوردستان لەتەك هاوڕێ سامان، ئەندامی (SAC – https://www.sac.se/en) سوید و چالاکڤانی ڕێکخراوی (ship to Gaza – http://shiptogaza.se) بۆ تێکشکاندنی ئابلۆقەی ئابووری چوار ساڵەی دەوڵەتی ئیسرائیل لەسەر شاری غەززە، کە یەکێك بوو لە دەستگیرکراوانی سەر کەشتییەکە و چوار ڕۆژ لە زینداندا دەستبەسەر بوو، هەروەها لەم دوایانەدا دوابەدوای خۆپیشاندان و ناڕەزایەتییەکانی یۆنان، وەك ئەندامی شاندێکی ڕێکخراوەکەیان، بە مەبەستی هاریکاری و پشتیوانی چووە وڵاتی یۆنان.
بە مەبەستی ڕۆشنایی خستنەسەر ڕووداوەکانی لێدانی کەشتییەکانی تیكشکانی ئابڵۆقەی ئابووری لەسەر غەززە و خۆپیشاندان و مانگرتنە بەردەوامەکانی یۆنان وەك زیندووترین ڕووداوەکانی ئەم ساڵە، کە بە داخەوە بەپێی پێویست لە نەتوانراوە لە تۆڕی سانسووری ماسمیدیای کوردستان، تێپەڕێنرێن و دیوی راستەقینەی ڕووداوە و ئامانجی جەماوەری نارازی بە خەڵکی بەشمەینەت لە کوردستان و ناوچەکە بگەیێنرێت. بۆ ئەم مەبەستە گفتوگۆیەکی کراوە لەتەك هاوڕێ سامان وەك چالاك و بینەری ڕاستەخۆی ڕووداوەکان، دەتوانێت، راستەخۆ وەڵامی زۆرێك لە گومان و پرسیارەکانمان بداتەوە، هیوادارین وەلام بە سەرنج و داخوازی خوێنەرانی (سەکۆ) بداتەوە.
سهرهتا، ئهگهر بکرێت لهمهڕ ڕێکخراوێك که تێیدا چالاکن، شێوەی کارکردن و ڕێکخراوبوون و خهباتی بۆ خوێنهرانی کورد چ له وڵاتی سوێد و چ له کوردستان بدوێیت؟
ئەم کاتەتان باش، زۆر خۆشحاڵم بەوەی کە بتوانم لەسەرچالاکییەکانەی خۆم نەختێك شت بڵێم، بەتایبەتی چوونم بۆ غەززە لەو کەشتییەدا.
لە بارەی پرسیارهکانەوە، بەرای من هەموویان دەچنەوە ناو یەك، لەبەر ئەوە هەوڵ دەدەم وەڵامەکانم وابدەمەوە، کە بتوانم جیایان بکەمەوە بۆ ئەوەی ئێوە و خوێنەران بە باشی لێم بگەن. سەرەتا دەمەوێت بە باسکردنی ئەو ڕێکخراوە دەستپێبکەم، کە تیایدا بۆ بەڕیخستنی ئەو کەشتییە بۆ غەززە بەشداری و کارم کرد. وەك خۆتان دەزانن، چوار ساڵ لەوەوبەر دەوڵەتی ئیسرائیل یەکلایەنە لە لای خۆیەوە ئەو ئابڵۆقەیەی لەسەر شاری غەززە دانا، ئەو ئابلۆقەیە خۆی لە خۆیدا دژی یاسا نێونەتەوەییەکانە. ئیسرائیل لە خۆڕهەلاتی ناوەڕاستدا نەك تەنیا وەك دەوڵەت بەڵکو وەك هێزێکی دڕندەش شەقاوانە لە خۆرهەڵاتی ناوەڕاستدا ڕۆڵی خۆی دەبینێت. هەروەها دەوڵەتانی جیهان بەگشتی لە ئاست ئەو دڕندەیی و شەقاوەتییەی دەوڵەتی ئیسرائیل بێدەنگن. لە پاییزی ٢٠٠٨ لەتەك هاوەڵێکمدا باسی ئەوەمان کرد، کە بۆ تێكشکاندنی ئەو ئابڵۆقەیە شتێك بکەین. بەتایبەت ئەوەی کە دەوڵەتی سوید و دەوڵەتانی ئەوروپای تر زۆر بێدەنگن و هیچ لەسەر ئەو پرسە ناڵین، کە دەوڵەتی ئیسرائیل بەو ئابڵۆقەیە یەك ملیۆن و نیو خەڵکی خستووەتە زیندانەوە و ژیانی لێ کردوون بە دۆزەخ. لەبەرئەوە بڕیارمان دا شتێك بکەین، بۆ ئەوەی ئەو ئابڵۆقەیە بشکێنین.
بۆ ئەو مەبەستە ڕێکخراوێکمان پێكهێنا و ناومان نا (ship to Gaza – http://shiptogaza.se)، ڕێکخراوەکە، ڕێکخراوێکی مرۆڤدۆستانەیە، کە ئامانجێکی ڕامیاریی هەیە، ئەو تاکە ئامانجەش تێكشکانی ئەو ئابڵۆقەی ئابوورییەیە. ڕێکخراوەکەمان لەسەر ئەو شێوەیەی کە پێی دەڵێن (Grassroot) پێکهێنا و کار و هەوڵوکۆششێکی زۆری پێویست بوو، تا ئەو ڕێکخراوەمان پێکهێنا و لە هەموو شارەکانی (سوید)دا چالاکان کەوتنە جموجوڵ بۆ ئەم ڕێکخراوە. ساڵێکی پێچوو تاکو لەتەك هاوڕێیان لە یۆنان توانیمان ئەو کەشتییە بکڕین و بەرەو غەززە بۆ تێكشکانی ئابڵۆقەکە بکەوینە ڕێ. پێنج ڕێکخراوی تر لە تورکیە و لە ئەوروپا و بەگشتی ڕێکخراوی نێونەتەوەیی ئامادەبوون وەك بەرەیەك پێکەوە چەند کەشتییەك بەرەو غەززە بنێرین. هەمووان لەسەر ئەوە رێککەوتن، کە تەنیا مەبەستی ئەم گەشتە شکاندنی ئەو ئابڵۆقەیە بێت. وەکو خۆتان ئاگادارن لە کۆتایی مانگی ئایاری ٢٠٠٩دا بەرەو غەززە کەوتینەڕێ، لە ناوەراستی دەریای سپیدا کە لە سنووری ئاویی نێونەتەوەییدا بووین، دەوڵەتی ئیسرائیل وەك هەموو کاتێك دڕندەیی خۆی نیشاندا و بەو هێزە سەربازییە گەورەوە پەلاماری کەشتییەکانی ئێمەی دا. دەستی بەسەر هەمووماندا گرت، ٩ کەسی لێکوشتین، ٤٠ – ٥٠ کەسی بریندار کرد و ئەوانیترمانی بەرەو زیندان بۆ تێهەڵدان و زیندانیکردن برد. ئەوانەی لەناو کەشتییەکاندا بووین وەك هاوڕێ هەمووان سویدی، یۆنانی، هۆڵەندی، ئیتاڵی، هەمووان پێکەوە وەك هاوڕێ دەست لەناو دەستی یەکتردا، بێترس و سڵەمینەوە بەو چالاکییە هەستاین.
وهك دهزانن، له پاش سهرههڵدانی قهیرانی ئابووریی وهك کزی بازار و تێکشکانی بانکهکان، دهوڵهتهکانی ئهوروپا بۆ خۆڕزگارکردن لهو قهیرانه، یهك به دوای یهکدا دهستیانداوهته کۆمهڵێك ڕیفۆرم له بهرژهوهندی خاوهنکار و بانکدارهکان بههۆی کهمکردنهوهی کرێی کار، زیادکردنهوهی ماوهی ڕۆژانهکار، کهمکردنهوهی پشووی ساڵانه و موچهی خانهشینی و خزمهتگوزارییه کۆمهڵایهتییهکان و بیمهکان، تۆ ئەم پرسە چۆن دەبینی؟
سەرهەڵدانی قەیرانی ئابووری و کزی بازار و تێکشکانی بانکەکان، من بڕوام بە قەیرانی ئابووری نییە. قەیرانی ئابووری سەرمایەدارەکان بەخۆیان دروستی دەکەن. بۆچی خۆیان دروستی دەکەن، تەنیا مەبەستیان ئەوەیە، بۆ لێدانی کرێکار، بۆ لاوازکردنی کرێکار، بۆ تێکشکاندنی ڕێکخراوی کرێکار، بۆ کەمکردنەوەی مافەکانی لە هەموو بوارێکدا، موچەی کەم بکاتەوە، زیاتر دەستەمۆی بکات. سەرمایەداران خۆیان هەر ١٠ ت ١٥ ساڵ جارێك ئەم قەیرانانە دروست دەکەن. ئەگینا لە راستیدا قەیرانی ئابووری نییە. سەرمایەدارەکان، بانکدارەکان خۆیان چاک دەزانن، بە دروستکردنی ئەو قەیرانانە، خۆیان زیاتر بەهێز دەبن، سوود و پارەی زیاتر دەچێتە قاسەکانیانەوە. وەك وتم بەخۆیان ناوبەناو ئەم شتە دروست دەکەن. ئەگەر سەیر بکەی، لە هەشتاکان، لە نەوەدەکانی سەدەی رابوردوودا دروستیان کرد، لە پاش دوو هەزاریش دروستیان کرد، دە ساڵی تریش هەمان شت دروست دەکەنەوە. هەمووشتێك لەپێناو لێدانی کرێکاردایە، بۆ ئەەی کرێکار زیاتر لاواز بکەن.
ڕادهی ڕێکخراوبوونی گشتی خهڵکی سوید چهنده، ههژماری ئهندامانی ڕێکخراوهکهی ئێوه چهنده و ڕێژهی ئهندامهتی و ڕێکخراوبوونی پهنابهران و کرێکارانی کۆچهر له سهندیکا و ڕێکخراوهکانی تردا چهنده؟
من لە سوید لە ڕێکخراوێکدا کار دەکەم، کە پێی دەڵێن ڕێکخراوی سەندیکالیستەکان(SAC)، سەندیکایەکی سەربەخۆیە و هیچ پەیوەندییەکی بە سۆشیال-دێمۆکراتەکان و بە دەوڵەتەوە نییە، وەكو ڕێکخراوە سەندیکالیستەکانی تری دونیا. ماوەی ٢٥ ساڵێکە من لەم ڕێکخراوەدا کار دەکەم، چالاکییەکی زۆریشم تێدا ئەنجامداوە، تەمەنی ئەم ڕێکخراوە لە سوید دا ١٠٠ ساڵە و لە ساڵی ١٩١٠دا پێکهێنراوە. هەژماری ئەندامانی ئێستای ڕێکخراوەکە لە سەرتاسەری (سوید)دا نزیکەی ٨ هەزار ئەندامە. زیاتر کارەکانی ئەم ڕێکخراوە کاری سەندیکاییە، لەتەك ئەوەشدا چالاکی ئەندامانی ئەم سەندیکایە لە گروپی ئەنارکیست و ئۆتۆنۆمدا بەرچاوە. ئەم سەندیکایە تەنیا رێکخراوێکیشە، کە کرێکارانی کۆچەر، ئەوانەی بەڵگە و مۆڵەتنامەیان نییە، ئەوانەی کە پێیاندەوترێت (paperless). ڕێکدەخات و دەتوانن لەم سەندیکایەدا ببنە ئەندام. ئێستا ئەم بەشەی ڕێکخراوەکەمان بەشێکی زۆر گەورەیە و زۆر چالاکە (میلیتانتە)، پەیگیرییەکی زۆر لەسەر ئەو کرێکارانە دەکرێت، کە بەڵگەنامە (مۆڵەتی یاسایی)یان نییە. چونکە سەرمایەدارەکان زیاتر ئەم کرێکارانە بەکار دەبەن، لەبەر ئەوەی کە هیچ مافێکیان نییە و لە دەرەوەی یاسان. تەنیا ئەوەی کە پشتیوانی ئەم کرێکارانە دەکات، سەندیکاکەی ئێمەیە و شەڕ و کێشمەکیشێکی زۆریشیان لەسەر دەکەین.
وهك دهزانین، دهوڵهتانی ئهوروپی و ڕێکخراوهکانی خاوهنکاران و کۆمپانییهکان لهسهرتاسهری دونیادا جۆرێك هاریکاری و هاوههنگاوییان ههیه، بهتایبهت له یهکێتی ئهوروپادا، ئایا لهسهر ئاستی ڕێکخراوه کرێکاری و جهماوهرییهکان له ئهوروپادا وهها نزیکبوونهوه و هاریکاری و هاوخهباتییهك تا چهنده هاتووهته ئارا؟
ئەوەی پێی دەڵێن یەکێتی ئەوروپا یەکێکە لەو پێکهاتانە لەو ڕێکخستنانە کە بۆ زیاتر تێکشکاندنی کرێکار، بۆ زیاتر لەیەکنزیکبوونەوەی خۆیان دروستیان کردوون، بۆ خێراتر و ئاسانتر هاتووچۆکردنی پارە بە زووترین کات، گواستنەوەی سەرمایە لە شوێنێکەوە بۆ شوێنێکی تر، بەبێ ئەوەی گومرگ بدەن و بەبێ ئەوەی شتێك ڕێگرییان لێ بکات، بۆ ئەوە ئەم یەکێتی ئەوروپایان دروستکردووە. هەروەها لە پێناو بەهێزکردنی دەسەڵاتی خۆیان ئەمەیان دروستکردووە. بە بۆچوونی من، ئەوەی کە کرێکاری ئەوروپای لەیەکتر نزیك کردبێتەوە، نەخێر، بە بڕوای من کرێکاری ئەوروپا نەك لە باری لەیەك نزیبوونەوەدا نییە، بەلکو تووشی بارێکی بەرگری یا پارێزگاری بووە. کرێکاری ئەوروپا ئەو شەڕانەی کە دەیانکات، هەموو بۆ بەرگرتنە لە سەندنەوەی ئەو مافانەی کە هەنووکە هەیەتی. کرێکاری ئەوروپا لە ئێستادا شەڕەکانی بۆ ئەوە نین، کە داوای مافی زیاتر بکات، بۆ سەلماندنی خۆی وەك چێنێك نییە، بەکورتی هەموو جموجوڵەکان و بزووتنەوەکانی هەن، بزووتنەوەکانی بزووتنەوەی پارێزگارین، کە پارێزگاری لەو شتانە دەکەن، کە هەیەتی و پێشتر بەدەستیهێناون. تووشی باری وەها بووە، کە زۆر لاوازی کردووە و تاکو کرێکار بەوە نەگات، کە بیر لە شتی تازەکانی سبەینێ بکاتەوە و سبەینێ داوای چی بکات، هەروا بە لاوازی دەمێنێتەوە. خۆتان باش دەزانن، کە یۆنان یەکێکە لەو شوێنانەی کە کرێکار زۆر چالاك و جەنگاوەرە تێیدا، زۆر دژی سەرمایەدارەکان دەوەستێتەوە. ئەوەی کە من لەتەکیان دانیشتوم و قسەم لەتەکدا کردوون، ئەوانیش کارەکەیان تەنیا پارێزگاریکردنە لەو مافانەی کە ئێستا هەیانن، لەوە زیاتر ناتوانن تێپەڕن. من ئەو بۆچوونەم بۆیان هەبوو، بۆ ئەوەی بتوانی زیاتر بەهێز بیت و پەلامار بدەیت، دەبێت داوای مافی زیاتر بکەیت. ئیتر لە یۆنان بێت یا لە فەرەنسە و شوێنەکانی تر، جموجۆلەکانی کرێکاران لە ئیستادا بۆ ئەو مافانەیە کە ئێستادا هەیانە، نایانەوێت لێیان کەم بکەنەوە و لێیان بستێننەوە، هیچی تازەیان نییە کە داوای بکەن و بەسەر سەرمایەداراندا بیسەپێنن.
وهك چالاکڤانێکی بزاڤی دژه ئابلؤقه لهسهر غهزه و شارهکانی فهلهستین، ئایا کاری ڕێکخراوەکەتان لەوێدا کۆتایی هات یا بەنیازن تاکتیك و شێوازێکی تر بگرنەبەر؟
ئێمە لە خەباتماندا بۆ تێکشکاندنی ئەو ئابڵۆقەیە ئابوورییە هەر بەردەوامین و بەردەوام دەبین. بڕیارمانداوە بەهاری ساڵی داهاتوو، هەمیسان بە کۆمەلێك کەشتییەوە بە هەمان شێوە، ئەو چالاکییە ئەنجام بدەینەوە. چونکە ئامانجەکەمان ئەوەیە تاکو ئەو ئابڵۆقەیە بمێنێت، ئێمە هەر بە کەشتی بەردەوام دەڕۆینەوە. ئەو ئامانجەمان داوە بەگوێی ئیسرائیل و جیهانیشدا.
ماسمیدیا له دونیادا و بهتایبهت له کوردستان و ناوچهکهدا بهجۆرێك ئهو چالاکییهیان به خۆتێقورتاندنی تورکیه و کارایی ڕهوته ئیسلامی و ناسیونالیسته عهرهبهکان گرێدایهوه، ئهی تۆ وهك بهشدارێك چی دهڵێیت؟
ئەوە هیچ نامۆ نییە، کە ماسمیدیا و دەوڵەتانی دونیا وەك باڵە ڕاستڕەوەکانی دونیا، ئەو کار و چالاکییەی ئێمەیان خستە ژێر تۆمەتی ئیسلامچییەتی و نەتەوەچییەتی و کاری تیرۆریستی. ئەم شتانە بۆ باڵە ڕاستڕەوەکانی جیهان بووە بە وەلامی ئامادە و هەمیشەییان، هەر کاتێك شتێك دژی ڕامیارییەکانیان و ئامانجەکانی ئەوان بکرێت، دەیخەنە ڕیزی ئەو شتانە. پێش هەموو شتێك پێویستە ئەوە بڵێم، کە ئێمە بەخۆمان لە سوید، ئەو رێکخراوەی خۆمان دەتوانم پێی بڵێم ڕێکخراوی چەپ، هەرچەندە لە ناساندنەکەماندا ئەوە نییە، بەڵام هەموو ئەوانەی کە کاری تێدا دەکەن، هەموو چەپن، ڕێکخراوەکە سەربەخۆیە لە ئایین و پارت، ڕێکخراوێکی سەربەستە و پەیوەندی بەو لایەنانەوە نییە. وەك دەزانن هەر لە کوردستانەوە تا هەموو دونیا ئەو ڕێکخراوەیان خستە ڕیزی تیرۆریستانەوە. لەبەر ئەوە من دەتوانم لەلای خۆمەوە ئەوە بلێم و لەسەر ئەوەش دەوەستم، کە ئەو شتەی کە ئێمە کردمان، بەهیچ جۆرێك پەیوەندی نە بە ئایین و نە بە نەتەوە و نە بە پارتەوە نییە. لە ڕیزەکانیدا خەڵکی چەپ هەبوون، خەڵکی موسوڵمان هەبوون، خەڵکی جولەکە و خەڵکی مەسیحی و هیچ پەیوەندی بەو شتانەوە نییە، کە درانە پاڵ ڕێکخراوەکە. ئەوەی کە ئێوە دەڵێن لە ناوەندەکانی کوردستاندا ڕێکخراوەکە بە نەتەوەیی عەرەب و ئیسلامی لێكدرایەوە، بەلای منەوە شتێکی نامۆ نییە، چونکە وەك باڵە راستڕەوەکان و دەسەلاتدارەکانی دونیا، ئەوانیش دەبێت هەروا بڵێن.
بۆ بەشی دووەم